راستگۆبه لهگهڵ خۆت
ژیان بەردەوام لە گۆڕانکاریدایە، من وەکو نوسەرێک ساڵێک پێش ئێستا قوتابییهکی زانکۆ بووم، ئێستا بە دەرچوونم لە پرۆسەی قوتابی بوونم وەکو خوێندکارێکی بە کالۆریۆس تێکرای تێروانینم بۆ ژیان گۆڕاوە، تەنها ساڵێک پێش ئێستا ئەگەر کێشەێکی بچووک هەبوایە بە تێکرایی لەگەڵ هاو پۆلەکانمدا ئەمان ووت مامۆستا نازانێت وانەکەی بە شێوازێکی جوان بەرجەستە بکات لەگەڵ ئاستی تێگەیشتنی قوتابیەکاندا. ئێستا خۆم بووم بە مامۆستاێک لە زانکۆ دا. دەبینم بە تێروانین لە ژیانی رابردووی خۆمەوە کە کۆمەڵە هەڵەێکی زۆرم بەرامبەر مامۆستاکانی خۆم کردووە، رەنگە وەک خوێنەرێک کە هێشتا قوتابیت بپرسی چۆن؟ یان ئەوەتا ئێستا بیر ئەکەیتەوە کە تۆش بە هەمان شێوە وەکو من ئێستا لە هەڵەیا بیت؟ کۆمەڵێک ئاکاری سەیر ئەبینین لە نەوەی ئێستادا لە زانکۆكان، نموونەکان هێندە زۆرن کە نازانم لە کوێووە دەست پێبکەم. مۆبایل بووە بە کێشەیهکی هێندە گەورە کە ئەگەر هەر زەنگێک یان ئاگاداری بەرنامەیهک بێت قوتابی ناتوانێت خۆی لە کردنەوەی مۆبایلەکەی و بایەخدانی زیاتر بە مۆبایلەکەی لە دەرسەکەدا به دوور بگرێت، هەرچەندە رێسا و یاسای توند دژ بە بەکارهێنانی مۆبایل لە زانکۆکاندا دەگیرێتەبەر، بەڵام بەداخەوە ئاستی هۆشداری قوتابیان گرفتی سەرەکی کێشەکەیە. من زۆر سەرسامم بە رێژەی گومانکردنی قوتابیانی زانکۆ بەرامبەر بەو وانانەی کە دەیانخوێنن، یەکێک لە خاڵەکان ئەوەیە کە زۆر ئاساییە بەلای فێرخوازەوە بڵێت ئەم ماددانەی کە دەیانخوێنین زۆر بێ سوودن و هیچ بەهایهکیان بۆ ئێمه نیە! من لێرەدا ئەپرسم، ئەگەر کەسێک هێندە بە پەرۆشەوە پارەیهکی زۆر بدات تا ئەو بەشەی کە ئەیەوێ بیخوێنێ، چۆن دەکرێت گومانی ئەوەی هەبێت کە وانەکانی بێ هودەن یان ئەوەتا هەر ئەیەوێ شەهادەیهک بەدەست بێنێت و زانکۆ به چەند ساڵێکی پر لە خۆشی و کەیف و سەفاببینێ. قوتابی زانکۆ هاو مانایە لەگەڵ هیوای گەلێک، بەڵام کە ئەم وێنەیە بە شیوازێکی دیار ئەبینین و هەوڵ و کۆشش و تەقەلایهکی ئهوتۆش نابینرێ لەلایەن چینی قوتابیەوە، ئەگەین بەو ئەنجامەی کە بە داخەوە بە خۆمان بڵێن گەلێکی بێ هیوا. خاڵێکی تر کە حەز دەکەم ئاماژەی پێبکەم ئەوەیە کە قوتابی نازانێ چارەنووسی چییە لەو بەشەی کا هاتووە کۆششی تێدا دەکات. خوێنەری بەرێز ئایا دەکرێت بەرگ دوورێک بەرگێکی جوان دروست کات کە حەزی لە بەرگ دووری نەبێت؟ پزیشکێک چارەسەری نەخۆشی کوشندە بکات گهر هەوڵی زۆری نەدابێت؟ پارێزەرێک مافی تۆ بپارێزێ کە لە یاساکان باش شارەزانەبێت؟ تەلارسازێک دیزاینی ماڵەکەت دابنێ کە توانادار نەبێت؟ هەست دەکەم بەم نموونانە وێنەیهکی سەیر و خەمێکم لە دڵتدا چەقاندبێ. ببورە بەڵام ئەمە ئەبێت بە راستی گەڵێک کە قوتابیەکان نازانن بۆچی ئەخوێنن.
قوتابی ئازیز ئەگەر تۆ خوێنەری ئەم چەند دێرە پر خەمەی منی، ئەمەوێ ئەوە بزانی کە هیچ کەسێک بێ هیوا نەبووە لە داهاتووی تۆ. ئەوەی لەسەر تۆ پێویستە کە هەرگیز لە یادت نەچێ ئەوەیە کە رەنگە وەکو پزیشکێک ببیتە هۆکاری چارەسەری نەخۆشی منداڵێک و بە دایکە دڵ سوتاوەکەی شاد بکهیتەوە. یان مافی باوکێکی هەژار بستێنیەوە کە خەمی داهاتووی رۆڵەکەیەتی. یان وەکو وانەبێژێک نەوەیهكی کارامە بخەیتە خزمەتی گەل و نیشتیمانەکەت، بەڵام ئەم هەموو ئاواتە بە دی نایەت ئەگەر تۆ درک بەو ئەرکە مەزنە نەکەیت و واز لە بێ هۆشکەرەکانی ژیانت نەهێنی. ئەم چەند وشەیەم بۆتۆیە قوتابی ئازیز، سەیرێکی ژیانی خۆت کە بزانە چەند کەس ئەیەوێ تۆ بە سەر بەرزی ببینێت. خۆشترین و جوانترین سەربەرزی بۆ باوکێک ئەوەیە کە ئەبینێ ڕۆڵەکەی لەسەر پێکانی خۆی دەوهستێ. قوتابی ئازیز مەڵێ کە فێر نابیت یان وانەکانت زۆر قورس و سەختن کە تۆ لە ئاستیان دا نەبیت. زانکۆ بۆتۆ قۆناغێکە خۆتی تیادا پێ بگەێنی و ئەسپی خۆت تاودەی.
هەروەکو مامۆستا شێرکۆ بێکەس ئەڵێ “هەستە تێکۆشە تا خوێنت گەرمە” منیش ئەڵێم کۆڵنەدان نیشانەی ئینسانە بە تواناکانە.
لە مامۆستاێکەوە بۆ هیوای گەلێک.
Didar mihemed