قوتابییان و سەرپەرشتیارانی کۆلێژی پزیشکیی ددان لە زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک سەردانی خانەی بێ سەرپەرشتانی کوڕان و کچان لە هەولێر دەکەن
سەردانەکە لە ٢٥ تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ لە لایەن راطرايةتى فيَرخوازان و کۆلێژی پزیشکیی ددان ڕێکخرابوو و ژمارەیەک قوتابی و مامۆستا و ستافی ئاکادیمی و کارگێڕیی کۆلێژ تێیدا بەشدار بوون. لە چوارچێوەی ئەم سەردانەدا، پشکنینی پزیشکیی ددان بۆ منداڵە بێ سەرپەرشتەکانی خانەی کوڕان و کچان ئەنجام درا و پڕۆسەی چارەسەری داهاتوویان بۆ دیاری کرا
هاوکات، فڵچەی ددان و هەویری ددان شوشتن بۆ سەرجەم منداڵەکان دابین کرا و لە وانەیەکی تایبەتدا هان دران بۆ ئەوەی پاکوخاوێنی دەم و ددانیان بپارێزن و ئەم کارە بکرێتە بەشێک لە کولتووری ژیانی ڕۆژانەیان
دوابەدوای ئەم سەردانە لە ٩ی تشرینی دووەم، منداڵانی خانەی بێ سەرپەرشتان گواسترانەوە کۆلێژی پزیشکیی ددان و چارەسەری کێشەکانی دەم و ددانیان بۆ کرا. ئەمەش بە پێی ئەو پلانە بوو کە پێشووتر لە کاتی سەردانیکردنی خانەکەدا، لە لایەن ستاف و مامۆستا و قوتابیانی کۆلێژی پزیشکیی ددان، داڕێژرابوو