سەرنجی فێرخواز و پرۆسەی پەروەردە و فێركردن

 

د. مستەفا زەنگنە

لەسەر مامۆستایە كەوا بكات سەرنجی فێرخواز بۆلای قسەكانی خۆی و جۆری بابەت رابكێشێت، تاوەكو بە وردی هەوڵبدات هەنگاو بە هەنگاو لە بابەتەكە بگات و بەشداری بكات. دیارە هاتنە دیی ئەم خاڵە گرنگە كارێكی ئاسان نیە و دەخوازێ خودی مامۆستاكە ئامادەكرابێ و شارەزاییەكی تەواوی لەم رووەوە هەبێت، گەرچی كۆمەڵێ لایەن و هەنگاو هەن دەبێ مامۆستاكان لێیان بەئاگا بن تاكو بتوانن ئەم ئامانجە گرنگە بپێكن لەوانە

ئامادەكردنی فێرخواز بۆ سەرنجدان، لە دوو خاڵ پێكدێت

ئامادەكردنی ناوەوە

ئامادەكردنی دەرەوە

مامۆستا رۆڵی بەرچاو دەبینێ بۆ ئامادەكردنی ناوەوەی فێرخواز و پەرەپێدان بە حەز و تواناكانی و ئاراستەكردنیان بە شێوەیەكی دروست. لەم رووەشەوە پێویستە وابكات فێرخواز هەست بە بەرپرسیارێتی بكات لە كۆی پرۆسەی خوێندنەكەیدا و رای بهێنێ كە گرنگترین هەڵبژێرێت. بەم هەوڵدانەش فێری پۆلێنكردن دەبێت. سەبارەت بە ئەركەكانی ماڵەوەش بەهەمان جۆرە

دیارە دروستكردنی كەش و هەوای گونجاو لەناو پۆلدا و هەستكردنی فێرخواز بەوەی كە جێی متمانە و بایەخ پێدانە، وادەكات كە فێرخواز خۆی پابەندی ژینگەی دروستی ناو پۆلی خوێندن بێت. هەروەها لەسەر مامۆستایە فێرخوازەكانی رابهێنێ كە هەموو بابەتێكی خوێندن ئامانجی كورت خایەن و درێژخایەنی هەیە، بۆ ئەوەی بزانێ كۆشش و هەنگاوەكانی بەرەو كوێ دەڕۆن. سەرەرای ئەمانە، پێویستە هەوڵی تەواو بدرێت بۆ ئەوەی فێرخواز لەناو پۆلدا هەست بە ئارامی دەروونی و ژیری بكات و دوور بێ لە هەڕەشە و تۆقاندن و ئەنجامی مانەوە و دەرنەچوون، لەگەڵ ئەمانەشدا گۆڕینی باری دانیشتن و كپ و كڕ بوون، گۆڕان بە خۆیەوە ببینێ و جووڵە و بەشداریكردن و پێكهێنانی گرووپ و كاری بە كۆمەڵ و جۆرێك لە وشەكانی دەستخۆشی و هاندان، كاریگەرییان دەبێ لەسەر دۆزینەوەی خود و لەبیركردنی شەرم و گۆشەگیری و تێكڕا ئارەزووی هاوكارییان لەلا دروست دەبێت. بۆ ئەوەی ئەم كۆشش و بەرچاوییانەی فێرخواز بە فیرۆ نەچن، و كارەكەی لەنێو گرووپدا ون نەبێ، ئەوا پێویست دەكات مامۆستا ناو و پاشكۆ و كۆششەكان و هەڵسووكەوت و خاڵی لاواز و بەهێزی یەكە بە یەكەی فێرخوازەكانی خۆی بزانێ. بۆ ئەوەی هەر یەكەیان هەست بەوە بكەن كە جێی بایەخ پێدانن و خاوەنی توانا و خەسڵەتی خۆیانن. شاراوە نییە كە دروستكردنی جۆرێك لە گفتوگۆ و دیالۆگ و راگۆڕینەوە بۆ چارەسەركردنی هەندێ گرفتی رۆژانە و كاركردن بۆ تێپەڕاندنیان خۆی لە خۆیدا خاڵێكی گرنگە بۆ بونیادنانی ناوەوەی فێرخواز. دیارە لەسەردەمی گلۆباڵیشدا هاتنە ناوەوەی تەكنەلۆجیا، دەبێ بەشێك بێت لە گرنگی پێدانی كۆی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن. ئەم لایەنانە گرنگن و هاوكارن بۆ ئەوەی مامۆستا بتوانێت هەنگاوە گرنگە كردارییەكانی سەرنج راكێشانی فێرخواز بەكار بهێنێ كە

گۆڕینی تۆنی دەنگ و بەكارهێنانی یەك جۆری دەبێتە هۆی بێزاری، بگرە هەندێك جار وا دەكات فێرخواز تووشی خەوە نوتكێ بكات، چونكە نە دەنگی نزم و نە دەنگی بەرز بە درێژایی ماوەی موحازەرەكان ناتوانن ببنە مایەی سەرنج راكێشانی فێرخواز و هاوبەشەكانی لە پرۆسەكەدا

بەكارهێنانی فیت فیتە لەكاتی پێویستدا، یان زەنگێكی دەستی، بۆ راچڵەكاندن و هێنانەوەیان بۆ سەر خەتی پرۆسەی سەرنج راكێشان.بەكارهێنانی هۆیەكانی فێركردنی بینراو، وەكو وێنە، پۆستەرات و هاوشێوەكانیان، سەرنجی قوتابی كۆدەكاتەوە و لە پەرش و بڵاوی دووریان دەخاتەوە و دەبنە بەشێك لە پرۆسەی فێربوون

پێویستە مامۆستا لە سەرەتای دەسپێكردنی وانە گوتنەوەدا قسەیەكی نەستەق، یان پەندێك بخاتە روو كە لەگەڵ بابەتی ئەو رۆژەیدا بگونجێ

پێشكەشكردنی پرسیاری گرنگ و جەوهەری، رێگایەكی باشە بۆ سەرنج راكێشانی فێرخواز بۆ دۆزینەوە و بیستنی وەڵامی راست

مامۆستا دەتوانێ هەژماردنی پێچەوانە بەكاربێنێ، بۆ ئەوەی فێرخواز رابكێشێ بۆ كاتی دەسپێكردنی وانە و بابەتی ئەو رۆژە

هەندێ جار دەخوازێ مامۆستا روو لە تەختە رەش یان دیوار یان نەخشەی پۆلەكە بكات، بۆ ئەوەی سەرنجی فێرخوازان بۆ لای خۆی رابكێشێ

لەگەڵ ئەو هەموو هەنگاوانەی كاركردن بۆ راكێشانی سەرنجی فێرخواز، دەبێ ئەوە بزانین كە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن یاسا و رێسای بنەرەتی خۆی هەیە، كە بێ ئەم  بنەمایانەش ناتوانرێت ئامانجەكان وەكو پێویست بهێنرێنە دی، لەوانە

ئامادەباشی.. كاتێك پرۆسەی خوێندن روودەدات، كە فێرخواز ئامادەبێت بۆ ئەو وەرگرتنە، ئەگینا تا ئێوارێ باشترین رێگا و باشترین پرۆگرام، باشترین مامۆستا بیڵێتەوە، وەكو ئەوە وایە گوێزی بۆ بژمێری

یاسای پراكتیزەكردن.. هەرچەندە فێرخواز بتوانێ پراكتیزەی ئەو بابەتە بكات كە فێریان بووە، ئەوا ئەو بابەتە باشتر لە بیریدا جێگیر دەبێت و خۆیشی زیاتر حەزی لێ دەكات و لەبیری ناچێتەوە

یاسای پێشینەتر.. هەر شتێكی كە لە سەرەتاوە راست بوو، ئەوا ئەنجامەكانیشی راست دەبێت، پێچەوانەكەشی راستە، بۆیە دەبێ لە سەرەتاوە راستییەكان بە فێرخواز بوترێت و هەستیشی پێ بكات تا بزانێت ئەنجامێكی راستی دەسدەكەوێت

یاسای شوێنەوار بەجێهێشتن.. كەواتە كاریگەری دروستكردن لەلای فێرخواز ئەمەش لە رێگای بەستنەوەی بابەتەكانەوە دەبێت بە واقیع و بەشێك لە دەورووبەر

یاسای نوێگەری.. دوا بابەت كە فێرخواز وەریگرتووە دێتەوە بیری، باشتر وایە مامۆستاش وەبیری بێنێتەوە لە پێشەكی وانەكەدا ئاماژەی پێ بكرێت و بە شێوەیەكی پەیوەست گرێ بدرێت بەو بابەتە نوێیەی وەری دەگرێت، چونكە شتی نوێ سەرنجی قوتابی رادەكێشێ و فێری دەبێت و حەزی لێ دەكات

یاسای ورووژاندن.. پێویستە مامۆستا بابەتەكان لەكاتی پێویستدا بورووژێنێت، چونكە هەرچەند بابەتێك شوێن پەنجەی لەلای فێرخواز بمێنێت، ئەوا ئەگەری وەبیركەوتنەوەی زیاترە، بۆیە دەبێ مامۆستا ناوە ناوە ئەو وەبیرهێنانەوانە بورووژێنێت

كۆی ئەم خاڵانە و ئەم یاسایانە دەتوانن پرۆسەیەكی سەركەوتووی پەروەردە و فێركردن لە پۆلدا بخوڵقێنن، گەرچی دەبێ هەوڵ بدرێت پرۆسەی فێركردن بگۆڕدرێت بۆ پرۆسەی فێربوون، بەمەش فێرخواز خۆی دەبێتە بەشێكی گرنگی پرۆسەكە

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *