زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک پەیوەندی جیهانی خۆی فراوانتر دەکات لەگەڵ زانکۆی ئەهلیە و کۆلێژی شاهانەی پزیشکانی نەشتەرگەری ئێرلەندی، لقی بەحرەین

شایان: وەک هەنگاوێکی گرنگ لە بەهێزکردنی هاوکاری نێوان زانکۆکان و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان، شاندێکی زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک سەردانی زانکۆکانی وڵاتی بەحرەینی کرد. ئەندامانی شاندەکە پێکهاتبوون لە بەڕێزان پ. ی. د. ادریس هادی صالح، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک و بەڕێز پ. د. سلطان ابو عرابی، سەرۆکی زانکۆ بە ئامانجی بەهێزکردنی هاوبەشی و هاوکاری زانستی بەشداری چەندین گفتوگۆی بەرهەمداریان کرد.

لە میانەی سەردانەکەدا شاندی زانکۆ سەردانی زانکۆی ئەهلییە یان کرد و لە لایەن بەڕێزان د. مەنسور ئەل ئالی، سەرۆکی زانکۆ و بەڕێز د. عەبدوڵڵا ئەل عەواج پێشوازییان لێکرا. گفتوگۆکان دەربارەی هاوکاری هاوبەشی زانستی بوون، لەوانە ئاڵوگۆڕی زانستی، کۆنفرانسی هاوبەش و وۆرک شۆپ. هەردوو زانکۆ گەیشتن بە ئەنجامی دڵخۆشکەر و بڕیاری هاوبەشی زانستی درا و واژۆیان لەسەر یەکەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کرد. ئەم ڕێککەوتنە یەکەمین ڕێککەوتنە لە جۆری خۆی لە نێوان زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک و زانکۆیەکی وڵاتی بەحرەین.

پ. د. سلطان ابو عرابی، بە ڕۆڵی گرنگی خۆی وەک سەرۆکی پێشووی یەکێتی کیمیاکارانی عەرەبی خەڵات کرا. لە میانی سەردانێکیدا بۆ یەکێتی کیمیاکارانی عەرەب ڕێزی لێگیرا و بە ئامادەبوونی ئەندامانی سەندیکای کیمیاسازان و کۆمەڵە قەڵغانی ڕێزلێنانی پێبەخشرا بەهۆی بەشدارییە بەردەوامەکانی لە بواری کیمیادا.

هەروەها بەمەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە بواری چاودێری تەندروستی، شاندی زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک سەردانی لقی بەحرەینی کۆلێژی شاهانەی پزیشکانی نەشتەرگەری ئێرلەندی کرد. شاندەکە ئاشنابوون بە کۆلێژەکە و بەشە پێشکەوتووەکانی لە بواری چاودێری تەندروستی و گفتوگۆیان کرد بۆ دانانی بناغەی هاوکاری پەروەردەیی و زانستی و توێژینەوەی پزیشکی لە داهاتوودا.