لە رەگەوە بگۆڕێ – سۆز نەجمەدین محەمەد

سۆز نەجمەدین محەمەد

سۆز نەجمەدین محەمەد

سۆز نەجمەدین محەمەد
پۆلی 11ی زانستی
ئامادەیی (ژیار)ی پێشەنگ - هەولێر

تۆ کە ئەم پارچە بابەتە دەخوێنیتەوە، دەتوانی ببی بە هۆشیاردەری هەرزەکارێک، ئاگایی بدەیت لەچەند بابەتێک، من ئەو بابەتانە دووبارە ناکەمەوە کە زۆر دووبارەن، هەرچەندە بەهۆی باشییانەوە زۆر دووبارە دەکرێنەوە و ئێمەی هەرزەکاران پێیان وەڕەز دەبین.

وەک پەروەردەکارێک هەم بۆ خودی خۆت و چواردەورەکەشت هەوڵی چارەسەرکردنی کار و کێشەکان لە ڕەگەوە بدە، چونکە کارە رووکەشییەکان كە رووناكییان لەسەر لاچوو، رۆشناییان نامێنێت.


رەگ داکوتاوبە لەئاست (گۆڕانکاری، بوونیادنان، بەرەوپێشبردن). سووربە لەسەر بوونیادنانی خووی باش و وشیاری هاوسەنگیت بە، و وریابە، چونکە زۆر جار دەچێتە باری لاسەنگی، ئەوە بزانە کە هاوسەنگی ژمارەیەك چەمک و واتای هەیە و پێویستی بە دووپاتکردنەوەیە، هەموو كەسێك لە ژیاندا تووشی کێشە و گرفتی لەناكاو دەبێتەوە بێ ئەوەی پێی بزانێت، دەشێت لەو كاتەدا هاوسەنگی لەدەست بدات، ئەو حاڵەتی هاوسەنگی لەدەستدانە بۆ كێشە كت و پڕەكان ئاساییە، بەڵام گەر بێت و خێرا فریای نەکەون، ئەوا بەدوادەکەون و لە گەلێک بواری تردا دەبنە قوربانی.


تەواو هەوڵی خۆت بدە لە ئاست گۆڕانکارییەكاندا، چەمکی گۆڕانکاری لەچەند پەیڤێکی کەمدا خۆی دەبینێتەوە، ئەویش {گۆڕانكاری بژارە نیە، بەڵکو خۆی تاکە بژارەیە} ئێمە دەسەڵاتی هەڵبژاردنی ئەو شتانەمان نیە کە پەیوەندیی پیمانەوە هەیە بۆ نموونە:- کاتیک کە کەسێک بە‌هۆی زیادەڕۆیی و بەفیرۆدانی پارەوە قەرزیکی زۆری بەسەردا کەڵەکە دەبێت، تاکە بژارە کە فریای بکەوێت ئەوەیە کە گۆڕانکاری لە شێوازی پارە خەرجکردنەکەیدا بكات، ئەگینا بەندینخانە چاوەرێی دەکات…


کەواتە ئێمە ناتوانین چاوەڕوانی ئەنجامی چاک بین تاوەکو هەندێک لە خووەکانمان ڕاست نەکەینەوە، تۆ کە شەوانە منداڵەکەت وا ڕاهیناوە کە چیرۆکی بۆ بخوێنی، فێری ئەوەشی بکە کە دەبێت ددانەکانی بشوا و نزای پێشخەوتنیش بکات، تۆ کە ئارەزووی بونیادنانی خێزانێکی بەختەوەری بە دایک و باوکێکی خەمسارد و بێباک نایەتە بوون، تۆ کە دەتەوێت لە ژینگە و کۆمەڵگایەکی سەرکەوتوودا بیت، ئەوا دەبێت لە خۆت و خودی خۆتەوە دەست پێبکەیت تاوەکو دەبێتە بنچینەی سەرەکی بۆ گۆڕینی باری کۆمەڵگە، و لە کۆتاییدا ئەوەت بیربێت کە “گۆڕینی خود بەرەو باشتر لە راستیدا گۆڕینی سەرتاسەری جیهانە بەشێوەیەکی بچوککراو”.