پێداگۆجی: ئەو ئاوەی کە پەروەردە بە زیندووی دەهێڵێتەوە

Author Photo

شەماڵ محمدامین احمد

مامۆستای یاریدەدەر

بەشی ئەندازیاری فرۆکەوانی

زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك – هەولێر

 

 

 

 

 

 

فێرخوازانی ئەمڕۆ لە جیهانێکدا گەورە دەبن کە بەهۆی زیرەکی دەستکرد و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری بە ئاسانی و گۆڕانکاری خێرای تەکنەلۆژیاوە دەجووڵێت. بەڵام هێشتا زۆرێک لە پۆلەکان ئەو شێوازانەی فێرکردن بەکاردەهێنن کە ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر بەکارهاتوون. ئەمەش پرسیارێکی گرنگ دەوروژێنێت: ئایا شێوازەکانی وانەوتنەوەمان ئەوەندە پێشکەوتوو و گونجاوە کە بتوانێت فێرخوازان بۆ جیهانی ئەمڕۆ ئامادە بکەن؟

زۆرێک لە فێرخوازان ئەزموونی ئەو پۆلانە دەکەن کە بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر بنەمای وانە درێژەکانە، کە مامۆستا بۆ زۆربەی کاتی وانەکە قسە دەکات و فێرخوازان دەرفەتی بەشداریکردنیان سنووردارە. لەم جۆرە پۆلانەدا ڕەنگە گفتوگۆیەکی کەم هەبێت و چالاکییە پراکتیکییەکان کەم بێت و چانسی پێویست نەبێت بۆ ئەوەی فێرخوازان بیرۆکەکان شی بکەنەوە، پرسیار بکەن، یان کێشە ڕاستەقینەکان چارەسەر بکەن. هەرچەندە ئەم شێوازە دەتوانێت بڕێکی زۆر زانیاری پێشکەش بکات، بەڵام هەمیشە یارمەتی فێرخوازان نادات کە ئارەزووی خۆیان و سەرقاڵبوون و پاڵنەریان هەبێت بۆ فێربوون. ئەمڕۆ دەتوانرێت لە ڕێگەی تەکنەلۆژیاوە دەستبەجێ زانیاری دەستبکەوێت، بۆیە فێرکردنی کاریگەر نابێت تەنها سەرنجی لەسەر گەیاندنی زانیاری بێت بەڵکو پێویستە چالاکانە فێرخواز لە پرۆسەی فێربووندا بەشداریێ بکات.

لێرەدایە کە پێداگۆجی ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت، پێداگۆجی تەنیا شێوازی فێرکردن نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە یارمەتیدانی فێرخوازانەوە هەیە بە شێوەیەکی مانادار و کاریگەر فێربن. لەبری ئەوەی تەنها سەرنجی لەسەر مامۆستا بێت (مامۆستا سەنتەر بێت)، پێداگۆجی پۆلێکی فێرخواز- سەنتەری دروست دەکات کە تێیدا فێرخوازان چالاکانە بەشداری دەکەن، پرسیار دەکەن، پێکەوە کاردەکەن، بەشێوەیەکی رەخنەگرانە بیردەکەنەوە و ئەوەی فێری دەبن جێبەجێی دەکەن. ئەمەش فێربوون سەرنجڕاکێشتر و چێژبەخشتر و کاریگەرتر دەکات، لە هەمان کاتدا یارمەتی فێرخوازان دەدات بۆ پەرەپێدانی ئەو زانیاری و لێهاتووییانەی کە پێویستیانە بۆ سەرکەوتن لە جیهانی ئەمڕۆدا کە بە خێرایی دەگۆڕێت.

پێداگۆجی تەنیا یارمەتیدانی قوتابیان نادات کە باشتر فێربن، بەڵکو یارمەتی مامۆستایانیش دەدات ببنە پەروەردەکارێکی باشتر. هانی مامۆستایان دەدات بەردەوام بن لە فێربوون و شێوازی وانەوتنەوەیان باشتر بکەن و بیرۆکەی نوێ تاقی بکەنەوە کە فێربوون باشتر و بەچێژتر و کاریگەرتر دەکات. مامۆستایان لەبری ئەوەی تەنها زانیاری بدەن، دەبنە ڕاهێنەر و ڕێبەر کە پشتگیری و هاندانی و ئیلهامبەخشی فێرخوازان دەکەن بۆ فێربوون چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوەی پۆل.

گەورەترین تەحەدای ئەمڕۆ کە ڕووبەڕووی پەروەردە دەبێتەوە چیتر “چی فێری دەکەین” نییە، بەڵکو “چۆن وانە دەڵێینەوە“. چیتر فێرخوازان تەنها وەک سەرچاوەی زانیاری پشت بە مامۆستایان نابەستن، پێویستییان بە پەروەردەکار هەیە کە بتوانن بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، داهێنان، هاوکاری، پەیوەندیکردن و خولیای فێربوونی تەواوی ژیانیان بچێنن. لە جیهانی ئەمڕۆدا کە خێرا دەگۆڕێت، پێداگۆجی تەنها بەشێکی زیادە نییە لە فێرکردندا بەلکو شتێکی بنەڕەتییە. هەموو پەروەردەکارێک پێویستە شێوازی کاریگەری فێربوون بەکاربهێنێت بۆ یارمەتیدانی فێرخوازان بۆ پەرەپێدانی ئەو زانیاری و لێهاتوویی و متمانەیەی کە بۆ داهاتوو پێویستیانە.

پێداگۆجی مۆدێرن لە شەش مۆدیولی سەرەکی پێکدێت کە پێکەوە کاردەکەن بۆ باشترکردنی فێرکردن و فێربوون. ئەوان یارمەتی پەروەردەکاران دەدەن لە وانە تەقلیدییەکان تێپەڕن و پۆلێک دروست بکەن کە فێرخوازان چالاکانە بەشداری تێدا بکەن، ئالوگۆری بیرۆکەکان بکەن و چێژ لە پرۆسەی فێربوون وەربگرن. ئەم شەش مۆدیولە بریتین لە:

  • Information and Communication Technology (ICT)

تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندی(ICT)،  یەکێکە لە بەشە گرنگەکانی پێداگۆجیای مۆدێرن کە یارمەتی مامۆستایان دەدات کە تەکنەلۆژیا بەکاربهێنن بۆ ئەوەی وانەکان سەرنجڕاکێشتر بن، بیرۆکە سەختەکان بە ڕوونتر ڕوون بکەنەوە، و پەیوەندیکردن لەگەڵ فێرخوازان بە شێوەیەکی کاریگەرتر. ئەمڕۆ، کارامەیی دیجیتاڵی ئیختیاری نەماوە، بەڵکو شتێکی بنەڕەتین. بە بەکارهێنانی نەرمەکاڵای پەروەردەیی، پلاتفۆرمی ئۆنلاین، و ئامرازەکانی زیرەکی دەستکرد، مامۆستایان دەتوانن ئەزموونێکی فێرکاری کاریگەرتر دروست بکەن لە هەمان کاتدا یارمەتی فیرخوازان دەدەن بۆ بنیاتنانی ئەو کارامەیی دیجیتاڵییانەی کە بۆ خوێندن و پیشەی داهاتوو، پێویستیانە.

  • Student-Centered Learning

فێرخواز- سەنتەری، وانەوتنەوە دەگۆڕێت بۆ فێربوون بە کردنی فێرخوازان بە بەشداربووی چالاک نەک گوێگرێکی ناچالاک. لە ڕێگەی گفتوگۆ، هاوکاری، چارەسەرکردنی کێشە و چالاکییە کرداریەکان،کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە  فێرخوازان زیاتر سەرقاڵ و سەربەخۆ بن و متمانەیان بەخۆ هەبێت، هەر بۆیە  مامۆستایان لە کەسێک کە  تەنها زانیارییەکان دەگەیێنیت دەگۆڕدرێن بۆ رێگانیشاندەرو ئاسانکار بۆ فێربوون و پشتگیریکردنی فێرخوازان لە گەیشتن بە تواناکانیان.

  • Innovative Pedagogy and Assessment

پێداگۆجی و هەڵسەنگاندنی داهێنەرانە ئەوەمان بیردەخاتەوە کە هەڵسەنگاندن نابێت بە کوویز و هەڵسەنگاندنە تەقلیدییەکان و تاقیکردنەوەکانی نیوەی وەرز و  کۆتایی دەست پێبکات و کۆتایی پێبهێنێت. فێرخوازان شایەنی ئەوەن بزانن چی لێیان چاوەڕوان دەکرێت و چۆن کارەکانیان هەڵدەسەنگێندرێت، بە بەکارهێنانی پێوەری ڕوون، فیدباکێکی بەردەوام و شێوازی فێرکردنی داهێنەرانە، مامۆستایان دەتوانن هەڵسەنگاندنەکە دادپەروەرانەتر و شەفافتر و مانادارتر بکەن. هەروەها ئەم مۆدیولە هەڵسەنگاندنی فێربوون، هەڵسەنگاندن بۆ فێربوون، و هەڵسەنگاندن وەک فێربوون دەناسێنێت، کە هەر یەکیان گرنگیەکی تایبەتی هەیە لە پرۆسەی فێرکردنی مۆدێرن، وە هەروەها هەڵسەنگاندن دەکاتە ئامرازێک کە پشتگیری فێربوون دەکات لەبری ئەوەی تەنها پێوانەی نمرەکان بکات.

  • Competence-Based Education (CBE)

خوێندن لەسەر بنەمای لێهاتوویی (CBE)، یارمەتی مامۆستایان دەدات فێری چۆنیەتی داڕشتنی وانە و کۆرسەکانیان بن کە تیشک بخاتە سەر ئەو زانیاری و لێهاتووییانەی کە پێویستە فێرخوازان بەدەستی بهێنن، وە هەروەها یارمەتی مامۆستایان دەدات  فێربن چۆن دەرئەنجامی فێربوونی ڕوون بنووسن، ناوەڕۆکی کۆرسەکە ڕێکبخەن، کرێدیتی ECTS دیاری بکەن لەسەر بنەمای ستانداردە نێودەوڵەتییەکان. هەروەها خوێندن لەسەر بنەمای لێهاتوویی (CBE)  گرنگی بە یارمەتیدانی قوتابیان دەدات بۆ بەدەستهێنانی دەرئەنجامی فێربوونی ڕوون لە ڕێگەی پەرەپێدانی سێ توخمە سەرەکییەکەی  لێهاتوویی کە بریتین لە زانین، کارامەیی ، و رەفتار، وە بە تێکەڵکردنی ئەم توخمە سەرەکیانە لە وانەوتنەوە و هەڵسەنگاندن، کوالیتی خوێندن باشتر دەبێت و ئەزموونی فێربوونی قوتابیان بەرز دەکاتەوە، و ئامادەیان دەکات بۆ سەرکەوتنی ئەکادیمی و پیشەیی.

  • Research and Development (R&D)

توێژینەوە و پەرەپێدان یەکێکە لە مؤدیولە زۆر پێوێست و گرنگەکانی پێداگۆجی کە هانی پەروەردەکاران دەدات نەک تەنها ببنە مامۆستا بەڵکو ببنە توێژەرێک کە بەردەوام پەرە بە زانستەکانیان دەدەن و بەشداریی کاریگەر لە بوارەکانیاندا دەکەن. ئەم مۆدیولە ئەو لێهاتووییانە بنیات دەنێت کە پێویستن بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی کوالیتی بەرز، نووسینی توێژینەوەی ئەکادیمی، و بڵاوکردنەوەی لە گۆڤارە بەناوبانگەکاندا لە هەمان کاتدا پاراستنی یەکپارچەیی ئەکادیمی و دوورکەوتنەوە لە گۆڤاری ساختە. هەروەها ئامرازو وێب سایت و زیرەکیە دەستکردە بەسوودەکانکە پەیوەستن بە توێژینەوە، و تەکنیکەکانی نووسینی ئەکادیمی دەناسێنێت، یارمەتی مامۆستایان دەدات توێژینەوەی بایەخدار بەرهەمبهێنن کە سوود بە هەردوولایەنی زانستی و کۆمەڵگەی ئەکادیمی دەگەیەنن.

  • Entrepreneurship Education (EduPreneurship)

پەروەردەی کارگێڕی  یاخود باشترە بلیێن خوێندن و پەروەردە لەسەر بنەمای بازاری کار و کارسازی کە بەشێکی گرنگە لە پێداگۆجیای مۆدێرن چونکە فێرخوازان بۆ ژیانی دەرەوەی پۆل ئامادە دەکات. مامۆستایان پێویستە لە کاتی ئامادەکردنی وانە و کۆرسەکانیان لەبەرچاوی بگرن بە سوود وەرگرتن لە  چالاکیی و بازاری کاری جیهانی ڕاستەقینە، کاری تیمی، داهێنان و چارەسەرکردنی کێشەکان. ئەم ڕێبازە یارمەتی فێرخوازان دەدات بۆ پەرەپێدانی سێ توخمە سەرەکیەکەی  لێهاتوویی : زانین، کارامەیی ، و رەفتار کە پێویستن بۆ سەرکەوتنی داهاتوو. هەروەها متمانە و بیرکردنەوەی کارگێڕی (كارسازی)  دروست دەکات، دەرچووان ئامادە دەکات نەک تەنها بۆ دۆزینەوەی هەلی کار بەڵکو بۆ ڕەخساندنی دەرفەت و دامەزراندنی کار و پیشەی تایبەت بە خۆیان و کاریگەری ئەرێنی لەسەر کۆمەڵگاکەیان.

لە کۆتاییدا، پرۆسەی فێرکردن و وانە ووتنەوە چیتر پەیوەندی بە گەیاندنی زانیاری زیاترەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە دروستکردنی ئەزموونی فێربوونی مانادارەوە هەیە کە هەموو توخمە سەرەکیەکانی کە باسمان کرد تێدا بەشداربن. لەگەڵ بەردەوامبوونی تەکنەلۆژیا لە گۆڕینی شێوازی فێربوونی فێرخوازان، پەروەردەکارانیش ( وانەبێژ و مامۆستایانی زانکۆ) دەبێت ئامادەبن شێوازی وانەوتنەوەیان بگۆڕن. پێداگۆجی ئەرکێکی زیادە نییە یان تەنیا بڕوانامەیەکی تری ڕاهێنان نییە بۆ کۆکردنەوە، بەڵکو شێوازێکی نوێیە بۆ بیرکردنەوە لە فێرکردن. بە جێبەجێکردنی بنەماکانی پێداگۆجیای مۆدێرن و شەش مۆدیولە سەرەکییەکەی، پەروەردەکاران دەتوانن پەرە بەو دەرچووانە بدەن کە نەک تەنها شارەزا بن بەڵکو بیرمەندی ڕەخنەگروچارەسەرکەری کێشەکان و ئەندامێکی بەرپرسیاربن لە کۆمەڵگادا.

پێویستە هەموو پەروەردەکارێک یەک پرسیاری سادە لە خۆی بکات: “ئەگەر من فێرخواز بوومایە لە پۆلەکەی خۆمدا، ئایا چێژم لە فێربوون دەبینی؟ ” ئەگەر وەڵامەکە نەخێر بێت”، ئەوا ڕەنگە کاتی ئەوە هاتبێت بگۆڕدرێت، نەک فێرخوازەکان، بەڵکو شێوازی وانەوتنەوەمان. وانەی بە کوالیتی و باش بە ژمارەی سلایدەکان ناپێورێت کە پێشکەشی دەکەین یان ئەو کاتژمێرانەی کە وانە دەڵێینەوە، بەڵکو بەو”زانین و کارامەیی و رەفتار و متمانە”ی فێرخوازەکانمان بەدەستی دەهێنن دەپێورێت.

بەبێ گوێدانە نازناوی ئەکادیمیت جا تۆ پرۆفیسۆر، یاریدەدەری پرۆفیسۆر، مامۆستا، یان یاریدەدەری مامۆستا بیت، ئامادەیی تۆ بۆ گونجاندن و باشترکردنی وانەوتنەوەکەت ڕەنگدانەوەی پیشەیی ڕاستەقینەی تۆیە وەک پەروەردەکارێک. پێویستە هەموو پەروەردەکارێک بنەماکانی پێداگۆجیای مۆدێرن لە وانە و کۆرسەکانیدا بەکاری بهێنێت بۆ دروستکردنی پرۆسەیەکی فێربوونی بەرهەمدار و باشتر ئامادەکردنی فێرخوازان بۆ داهاتوو.

پەروەردە بناغەی هەموو کۆمەڵگایەکی سەرکەوتووە و پەروەردەکارانیش بنیاتنەری ئەو بناغەیەن. بە وەرگرتنی پێداگۆجیای مۆدێرن، ئێمە نەک هەر پۆلەکانمان باشتر دەکەین بەڵکو نەوەیەک ئامادە دەکەین کە بتوانێت بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە بیربکاتەوە، داهێنان بکات، کێشەکان چارەسەر بکات و داهاتوویەکی باشتر دروست بکات. “داهاتووی پەروەردە لە پەروەردەکارانەوە دەست پێدەکات کە هەرگیز لە فێربوون و باشتربوون و گەشەکردن ناوەستن.”

سەرچاوە:

1- Biggs, J., & Tang, C. (2011). Teaching for Quality Learning at University (4th ed.). Open University Press.

Excellent for student-centered learning, constructive alignment, learning outcomes, assessment, and effective university teaching.

2- Lebanese French University (LFU) (2026). Pedagogical Training Programme: Applied Modern Pedagogy in Higher Education. Centre for Pedagogical Training and Academic Development.

Link of Images

https://www.magnific.com/premium-ai-image/3d-flat-icon-as-art-teacher-with-digital-canvas-students-high-tech-art-room-concept-as-wide-s_251389270.htm#fromView=search&page=1&position=48&uuid=a0149f55-f003-4986-a4b0-fe525dffb120&query=modern+pedagogy

https://www.magnific.com/premium-ai-image/building-blocks-education-knowledge-development_424188138.htm#fromView=search&page=1&position=37&uuid=2c668c0a-cefe-49e3-afe8-f7c386760484&query=pedagogy

https://www.magnific.com/premium-ai-image/quottechintegrated-classroom-with-advanced-learning-toolsquot_348163005.htm#fromView=search&page=1&position=20&uuid=22d3263e-e96e-4649-93a7-dacf951a70cb&query=modern+education