
نایف محەمەد ئەحمەد
ماستەر لە زانستیی موزیک
بەکارهێنانی زاراوەی(ئێتنۆموزیکۆلۆجی)وەک چەمک ودیسپلینێکی زانستی بۆ ساغکردنەوەی گشت رەهەندە جیاوازەکانی موزیک،لەسەرەتادا تێگەیشتنێکی هەڵەی بەرامبەر ئەم دیسپلینە هێنایە بەرهەم، بەوەی کەئایە دیسپلێنێکە تەنیا کار لەسەر بەراوردکردن و کۆکردنەوەی موزیکی میللەتان دەکات ؟ یاخود گشت رەهەندەکانی دیکەی موزیک لەناو کۆمەڵگەدا؟
بەر لەبەکارهێنانی زاراوەی ئیتنۆموزیکۆلۆجی،لەچوارچێوەی کۆمەڵێک تیووری کۆمەڵناسیدا وەک زانستەکانی (ئەنترۆپۆلۆجیا)و(ئێتنۆلۆجییە)وە ساڵانێک بوو زاناکانی ئەو بوارانە هەوڵی شیکردنەوەو ساغکردنەوەی کولتووری میللەتانیان داوە،یەکێک لەوبوارانەش کولتوورو موزیکی گەلان بووە.
فرە ڕەهندی بۆتێگەیشتن لەموزیک و پێناسە هەمەجۆرەکانی دوای بەکارهێنان و بڵاوبوونەوەی قوتابخانە وئاراستەکانی دیسپلینی(ئیتنۆموزیکۆلۆجی)وقۆناغەکانی گەشەکردنی دەگەڕێتەوە،کاتێک بۆیەکەمجار ئیتنۆموزیکۆلۆجستی ناوداری هۆلەندی (جاپ کۆنسنت) ساڵی(١٩٥٠)،ئەم زاراوەی بەکارهێناوە. هەربۆیەش لەو قۆناغە بەدواوە لە دید و تێڕوانینی ژمارەیەک لە ئینۆموزیکۆلۆجستە ناودارەکانەوە تاکو ئەمڕو، بەردەوام لەگۆشەنیگا و دید و تێڕوانینی جیاجیاوە پێناسەی زۆر و هەمەچەشن بۆ دیسپلینی ئیتنۆمۆزیکۆلۆجی کراوە و دەکرێت. بەباشی دەزانین لێرەدا ئاماژە بە چەند پێناسەیەک بکەین : “موزیک زادەی بەرهەم و ڕەفتاری گرووپگەلی مرۆڤە و دەنگێکی ڕێکخراوی مرۆڤەکانە. هەرچەندە کۆمەڵگا جیاوازەکان هەر یەکێکیان مەیلیان بۆ بیرۆکەی جیاواز دەچێت سەبارەت بەوەی چی بەموزیک هەژماربکەن، بەڵام هەموو پێناسەکانیش پشت بە هەندێک کۆدەنگی لە بۆچونەکانیان دەبەستن، سەبارەت بەو بنەمایانەی کە پێویستن دەنگە موزیکیەکان بەهۆیانەوە ڕێکبخرێن” ( John 2000 ,p10). بەشی موزیکی زانکوی ئوکسفورد بەم شێوەیە پێناسەی ئیتنوموزیکۆلۆجی دەكات : بريتیە لەوزانستە ئەکادیمیەی گرنگی بەلایەنی سۆسیۆلۆجی وکولتووری موزیک دەدات کەئەمانەش دوو لایەنی سەرەکی و بنچینەین لەئەثنوگرافی .
تیمۆثی رایس سەبارەت بە سروشتی موزیک لە پەیوەندی بەتاک و کۆمەڵگاوە دەڵێت “ئەو بیرۆکەی تا ئێستاش پێی وایە موزیک کۆمەلێک ئەرکێ دەروونی و کۆمەڵایەتی لەخۆ دەگرێت و توانای ئەوەی هەیە شتگەلێک بۆ دۆخی دەروونی تاکەکان و ژیانی کۆمەڵایەتی بکات و وەک سەرچاوەیەکیش خەلکان لەکار و باری هەمەجۆردا پەنای بۆ ببەن. ئەو جۆرە لە بیرکردنەوە تاکو ئێستاش بە تووندی لە ناو بیرکردنەوەی زاناکانی ئیتنۆمۆزیکۆلۆجی جێگیر و چەسپاوە، سەبارەت بە سرووشتی موزیک و گرنگییەکەی بۆ ژیانی مرۆڤگەڵ “( 2010 Rice )
پەیوەندیی ئیتنۆمۆزیکۆلۆجی لەگەڵ زانستەکانی تردا:
ئيتنۆموزیکۆلۆجي زانستێکەکار لەسەر بەشيك له راستيیەكان دەکات کە لەگەڵ زانستەکانی تردا پەیوەندییەکی توندو تۆڵ و بەهیزیان هەیه، ڕەنگە هەندێکجار سنوورى یەكتر ببه زێنن، بەڵام ئەوەی کە بەڕوونی ئەو بوارە جیا دەکاتەوە جۆرو بابەتی تویژینەوەکە و خودی میتۆدەکە و پرسیاری تویژینەوە و بەکارهێنانی خودی تیورەکەیەتی، کە بەیەکێک لەگرنگترین مەرجەزانستییەکانی هەر زانستیك هەژمار دەکرێت کەبۆهەمیشە بەپێی سەردەمەکان لەگۆڕانی بەردەوام دایە.
دیسپلینی تيتنوموزیکۆلۆجی لەبنچینەدا لەئاوێتەی دوو بواری جیاواز پێکدیت،کە موزیکۆلۆجي و تيتنۆلۆجيه. ڕەنگە ئاڵۆزی و کێشە سەرکییەکەش زیاتر لەوە بێت کە ئەو دیسپلینە لەیەک کاتدا تیشک دەخاتە سەر هەردووکیان و بەهەمان ئاست گرنگی بەسروشتی هەردووکیان دەدات. ئەوەش هۆکار بووە كە ئەو دیسپلینە ببێتە خاوەنی سروشتێکی دووانەیی، بۆنموونە لەکاری شرۆڤەی بابەتە تەکنیکییەکاندا تیوورەکانی موزیک تەکنیکەکانی زانستیی موزیک بە وردو چڕی دەخزێنە ناو بابەتەکانەوە، لەپاڵ شرۆڤەی ئەدەبی و پرسگەلی فەرهەنگی و کولتووری بابەتەکانی دیکەی پەیوەست بە ڕێوڕەسمە کۆمەڵایەتییەکان، کە هەردووک بەیەکەوە دەبنە تەواوکاری یەکتر لەتویژینەوە و شرۆڤەکاندا.
بەگشتی کۆمەڵگەی هونەریی و دامەزراوە ئەکادیمییەکان لەکوردستان لەدوو دەیەی دوایی زیاتر بەو زانستە ئاشنابوون و هەوڵی سەرەتایی هەن بۆ شرۆڤەی زیاتر و قووڵبوونەوەو کار کردن بەناوەڕۆکی ئەو زانستە لەسەر هەموو ئاستەکاندا. بەباشی دەبینم لە کۆتایی ئەو کورتە نووسینە ئاماژە بەو چەند خاڵانەی خوارەوە بدەم:
یەک: ئەو زاراوەیە لە سەردەمێکدا درووست بووە کۆمەڵێک تیووری زانستی لەو پەڕی گەشەکردندا بووین، بۆیەش ئاساییە لەژێر کاریگەریی و بەتێکەڵکردن لەگەڵ بەشێک لەو تیۆرانە درووست بووبێت.
دوو: لەبەر ئەوەی کاری کۆکردنەوە و بەئەرشیڤ کردن و پۆلێن کردن و تەنانەت بەراورد کردن بۆگۆرانی ساڵانێکی زۆر پێش دروست بوون وبەکار هێنانی ئێتنۆمۆزیکۆلۆجی لەهەندێک وڵات وناوەندی کولتووری کەوتبووە واری جێبەجێکردنەوە، بۆیە ئەو جۆرە تێگەیشتنە لەهەمبەر زاراوەکە کارێکی ئاسایی بووە.
سێ: بوونی ئەو هەموو ژمارە زۆرەی پێناسە لەلایەن پسپۆران و شارەزایانی ئەو دیسپلینە و هێما، ئاماژەنە بۆ فرە رەهەندی و ئاراستەی کارکردن و تیکەڵاوی ئەو دیسپلینە،لەگەڵ خودی ئەوهەمووبوارانەی کەموزیک وکۆمەڵگە بەیەکەوە دەبەستنەوە.
چوار: یەکێک لەو بنەمایانەی کەئەو دیسپلینە کاری لەسەر دەکات، گونجاندنی ئەو دیسپلینەیە بۆ دیراسەتکردنی هەموو جۆرە موزیکێک لە نێو کۆمەڵگاکاندا، بەتایبەتیش ئەنجامدانی گەڕانی مەیدانی و قووڵبوونەوەو سۆراخکردنی موزیک لەگەڵ خودی ئەو کارەکتەرانەی کەموزیک بەرهەم دێنن و دروستی دەکەن.



