كورد لەناو فیلمەكانی ئەنیمەی و هۆلیوود و نێتفلێكسدا

هێرۆ ئیسماعیل

چەند ساڵێكی كەمە، هەم هۆڵی سینەماكان بەتایبەتی لەنێو مۆڵە گەورەكانی باشووری كوردستان بووژاونەتەوە و تازەترین فیلمەكانی هۆلیوود و بۆلیوود و باقیی كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی دیكەی سینەما پەخش دەكەن، هەمیش ماڵێكی زەبەلاحی پر بەرهەمی وەكوو نێتفلێكس و پێگەیەكی وەكو كورد سینەما و… هتد پەیدا بوون و هەر لە تەلەڤزیۆنی ماڵی خۆتانەوە دەتوانیت نوێترین فیلمە سینەماییەكانی دونیا و زنجیرەدرامای زۆر باڵاكانی نێتفلێكس ببینیت. دەبێ باس لەوەش بكەم كە لەسەر ئاستی دونیا پێشەسازیی سینەما و زنجیرەدراماش زۆر پێش كەوتوون، ئەمانە هەمووی بوونەتە هۆكار كە خۆشبەختانە لە باشووری كوردستانیش، نەریت و كولتووری سەیركردنی فیلم و دراما زۆر گەشە بكات و بینەران و چێژوەرگران لە هونەری حەوتەم زۆر بن. ئەمانە وایان لە منیش كرد بیر لەوە بكەمەوە وتاری ئەمجارەم لەم گۆڤارە، لەسەر فیلم و سینەما بێت، ئا لێرەوە رۆژیاری كوڕم بیرۆكەی بابەتێكی لەبارەی (كورد و فیلمی ئەنیمەی و هۆلیوود) پێدام، منیش بڕیارم دا وتارەكەم تایبەت بكەم بەو بابەتە، دڵنیام هەوادارانی ئەم بوارەش پێیان باش دەبێت.

ئەنیمەی یان (فیلمی ئەنیمەیشن) جۆرێكە یاخود دەتوانم بڵێم پێشكەوتنێكی تەكنۆلۆژیی (فیلم كارتون)ی جارانی سەردەمی منداڵیی خۆمانە و لە یابان بەرهەم دەهێنرێت. جیاوازیی ئەم ئەنیمەیە لەگەڵ فیلم كارتۆن، جیا لە جیاوازییە تەكنیكییەكە لە دروستكردن و ماوەی درێژی فیلمەكان، ئەوەیشە كە ئەنیمەی بۆ هەموو تەمەنەكان گونجاوە، لێ فیلم كارتۆن كورت و كۆمیدییە و بۆ منداڵانە، چونكە كاراكتەرەكانی بە شێوەیەك لەناو چیرۆكەكاندا دروست دەكرێن و وێنە دەكرێن، سەرنج و حەزی منداڵ پەلكێش دەكەن.

دروستكەرانی ئەنیمەی، لە سەرەتادا تەنیا خۆیان بە چیرۆك و ئەفسانەكانی یابانەوە بەستبۆوە، بەڵام دواتر چوونە نێو كولتووری گەلانی دیكەشەوە، زۆر جاریش سوودیان لە سەرهات و رووداوی راستەقینە وەرگرتووە. بەشێكی زۆری ناوەڕۆكی چیرۆكی ئەنیمەیەكان، رووداوگەلی پڕ لە ئەكشن، ململانێ، كێبڕكێ، فەنتازیا، رۆمانسییەت، كۆمیدیا، وەرزش و رەخنەلەخۆگرتنیش دەگرێتەوە.

 

كاراكتەری كورد لەناو ئەنیمەیدا

كوڕەكانم بە بەردەوامی تەماشای ئەنیمەی دەكەن، هەریەكەیان زنجیرەدراما و فیلمی تایبەت بە خۆی هەیە، جگە لەوەی كە پێكەوەش تەماشای هەندێكی تر دەكەن، بەتایبەتی ئەو فیلمانەی كە پێشتر تەماشایان كردبێت و خۆیان پەسەندیان كردبێت و بزانن سەرنجی منیش رادەكێشێت، ئەوان بانگهێشتی بینینی ئەو فیلمانەم دەكەن و دەڵێن وەرە با پێكەوە سەیری بكەین، واتە خۆیشیان دووبارە سەیری دەكەنەوە، جا نازانم خۆیان چێژی لی وەردەگرنەوە، یان بۆ ئەوەیانە كە دڵنیا بن لەوەی من بە رژدی و بە وردی تەماشای فیلمەكە دەكەم!

لەم كەینوبەینەدا سەرنجڕاكێشترین زانیاری كە پێی ئاشنا بووم ئەوە بوو كە هەندێ لەو فیلمی (ئەنیمەی)انە، گەرچی لە یابان بەرهەم هێنراون، بەڵام كاراكتەری كوردیان تێدایە، یاخود لە سەرهات و چیرۆكی كوردییەوە هەڵێنجراون. هەروەها چەند فیلمێكی گرنگی دیكەی سینەمایی و چەند زنجیرەدرامایەكیش هەن، باسی كوردیان تێدایە، بە پێویستی دەزانم لێرەدا بەكورتی باس لە هەریەكێك لەوانە بكەم.

1- Mobile Suit Gundam

دیارترین و ئاشكراترینیانە، كاراكتەری سەرەكی و پاڵەوانەكەی كوردە، ناوی راستیی ئەو كاراكتەرە (سۆران ئیبراهیم)ە بە یابانی دەبێتە (سیتسونا ئێف سی)، هەر بۆیە لەناو چیرۆكی ئەنیمەیەكەدا ئەوە ناوەكەیەتی، سەرهاتەكە ئاوهایە: منداڵێكی كوردە، دایك و باوكی لە جەنگدا لەدەست داوە، بەپێی چیرۆكی ئەنیمەیەكە ئەو منداڵە لە دەوڵەتێكی ئەفسووناویی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هاتووە پێی دەگوترێت “كۆماری گرۆجییس” واتا “كۆماری كوردستان“

دەرهێنەری ئەو ئەنیمەیە نهێنیی هەڵبژاردنی (سۆران ئیبراهیم)ی ئاشكرا كردووە و دەڵێت: وەكوو رێزلێنانێكە بۆ پاڵەوانی فیلمی سینەمایی (كیسەڵەكانیش دەفڕن) (Turtles CanFly).

2-  Emma: A Victorian Romance

نووسەری چیرۆكی ئەم كارە هونەرییە، خاتوونێكی یابانییە و بەوە ناسراوە كە ئاشنای كولتوور و كەلەپووری گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەندە. لەم زنجیرەدرامایەدا نووسەر (Kaoru Mori) هەوڵی داوە باسی وردەكاری و وێنەی مێژوویی زۆربەی ئیتنیكەكانی سەردەمی دەسەڵاتداریی عوسمانییەكان بكات، لەو نێوەندەشدا باسی لە جلی كوردی كردووە.

3- The Heroic Legend of Arslan

زنجیرە درامایەكی پڕ فانتازیایە، لە نووسینی (Tanaka Yoshiki– تاناكا یۆشیكی)یە، چیرۆك و سەرهاتەكانی ئەم ئەنیمەیە، بە تەواوی لە مێژووی وڵاتی ئارییان و میزۆپۆتامیا وەرگیراوە، باس لە خێڵە شاخاوییەكان دەكات بە كولتوور و مێژووی هۆزە كوردییەكان و هەرێمە كۆنەكانیشەوە، ناوی كاراكتەری سەرەكیی ئەم درامایەش (ئەرسەلان)ە.

4- Hunter x Hunter

ئەم زنجیرەدرامایە كە لە نووسینی (Yoshihiro Togashi- یۆشیهیرۆ تۆگاشی)یە، یەكێكە لەو درامایانەی كە پێششتر لە كەناڵی (سپەیستوون) دەردەكەوت بە ناوی (الصیاد). بۆ ئەم بابەتە لێكدانەوەیەك لەلایەن هەوادارانییەوە كراوە، ئەوان كاراكتەری سەرەكیی دراماكە (كۆرابیكا) و هۆزە چەوسێنراوەكەی (كورتا) بە چیرۆكی گەلی كورد دەبەستنەوە و دەڵێن: “هەردوو چیرۆكەكە زۆر لە یەك دەچن” بەڵام بەداخەوە تا ئێستا نووسەر هیچ لێدوانێكی بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم بابەتە نەداوە.

5- Master Keaton

ئەم كارە لە دەرهێنانی (Masayuki Kojima- ماسایۆكی كۆجیما) و داهێنانی ئەم زنجیرەدرامایە بۆ (Naoki Urasawa- ناوكی ئۆراساوا) دەگەڕێتەوە. ئەڵقەی 12 بە ناونیشانی (ئەنسۆلین) تایبەتە بە خێزانێكی كوردی پەنابەر لە ئەورووپا كە رووبەڕووی چەوساندنەوەی سیاسی و كێشە و گرفتی لەناكاوی تەندروستی دەبنەوە.

جگە لە ئەنیمەی یابانی، چیرۆكی فنانتازيا و راستەقینەی كە بەسەر كەس و كۆمەڵی كورددا هاتووە، لەناو چەندین فیلم یان زنجیرەدرامای رۆژئاواشدا باس كراون، كە ئەوەی من تا ئێستا پێم زانیون ئەمانەن:

1- 3 Body Problem

زنجیرەدرامایەكی ئەمەریكییە كە لە ساڵی 2024 لەلایەن نێتفلێكسەوە بەرهەم هێنراوە، لە نووسینی (لیو تسينشین)ە كە نووسەرێكی فانتازیای زانستیی چینییە، لە دوایین ئەڵقەی وەرزی یەكەمی ئەم زنجیرەدرامایەدا، كەسێك دەهێننە بەرچاو بەناوی پرۆفیسۆر (لەیلا ئارتیش) گوایە نەتەوەیەكگرتووەكان لەنێوان سێ كەسدا بۆ ئەوەی یەكێكیان ببنە (Wall facers)، واتا ئەوانەی رووبەڕووی دیوار بوونەتەوە، ئەو خاتوونە هەڵدەبژێرێت. لێرەدا نووسەر هەوڵی داوە رۆڵی ئافرەتی كورد لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش بەتایبەتی كچە شەڕڤانانی (رەقە و كۆبانێ) بەرز بنرخێنێت و ئازایەتیی ئافرەتی كورد بە جیهان بگەیەنێت.

2- No Mans land

زنجیرە درامایەكی فەرەنسییە، لە نووسینی (ئیميت كوهين Amit Cohen–،  رون ليشيم Ron Leshem–، ئيتان مەنسووری Eitan Mansuri–،  ماريا فێڵدمان  Maria Feldman)ە، باس لە زۆربوونی هێرشەكانی تیرۆریستانی داعش بۆ رۆژئاوای كوردستان لە ساڵی 2014 دەكات. چیرۆكەكە سەبارەت بە كوڕێكی فەڕەنسییە بە ناوی (ئەنتوان)، دەچێت بۆ سووریا بۆ ئەوەی بەدوای خوشكەكەیدا بگەڕێت، ئیتر دەچێتە ناو كچەشەڕڤانانی (یەپەژە)ەوە، ئەو ئافرەتانەی رووبەڕووی داعش بوونەتەوە، ئیتر لەو نێوەندەدا بینەر لە شێوەی ژیان و ئازایەتی و تەكتیكی شەڕكردنی ئافرەتی كورد ئاشنا دەبێت.

3- Le Bureau des Legendes

زنجێرەدرامایەكی فەڕەنسییە، لە ساڵی 2015 بەرهەم هێنراوە. ئەم زنجیرەدرامایە لە نووسین و دەرهێنانی (Éric Rochant- ئیریك رۆشان)ە، لەسەر ئاستی جیهان بە یەكێك لە كارە هەرە باشەكانی سیخوڕی دادەنرێت. لە وەرزی سێیەم و چوارەمیدا دەچێتە ناو بابەتە جیۆسیاسییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، لەو دوو وەرزەدا هاوپەیمانیی راستەوخۆ و كاری مەیدانیی شان بەشانی هێزەكانی پێشمەرگە و (یەپەگە) نماییش دەكات.

4- Bongen

زنجیرە درامایەكی دانیماركییە لە ساڵی 2010 بەرهەم هێنراوە. زنجیرەی (بۆرگن) چەند نووسەرێك نووسیویانەتەوە و چەند كەسێكیش كاری دەرهێنانیان لەئەستۆ گرتووە، بەڵام داهێنەر و نووسەری سەرەكیی ئەم زنجیرەدرامایە (Adam Price- ئادەم پرایس)ە.

لە ئەڵقەی شەشەمی وەرزی یەكەمدا كە بە ناونیشانی (سەردانی دەوڵەت)ە، سەرۆك وەزیرانی دانیمارك كە خاتوونێكە و تازە هەڵبژێردراوە، تووشی قەیرانێكی دبلۆماسیی گەورە دەبێت، كاتێك سەركردەیەكی دیاری دەوڵەتێكی بیانی داوای گرتن و ڕادەستكردنی شاعیر و بەرهەڵستكارێكی سیاسیی دیاری كورد دەكات كە لە دانیمارك دەژی.

5-  Girls of the Sun – Les Filles du Soleil

فلمێكی فەڕەنسی – بەلجیكییە، لە نووسین و دەرهێنانی (Eva Husson- ئیڤا هۆسون)ە. ئەم فیلمە باس لە كەتیبەیەكی شەڕڤانان دەكات ئەوانەی رووبەڕووی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش بوونەتەوە، ئەویش لەڕێی دەرخستنی كچەشەڕڤانێك بە ناوی (بەهار)، لەو نێوەندەدا خاتوونێكی رۆژژنامەڤانی فەڕەنسیش رووماڵی جەنگەكە دەكات و هەروەها هەوڵ دەدات چیرۆكی ئەو ئافرەتانە وەك بەڵگەنامەیەكی ڤیدیۆیی، هەم بەدیكیۆمێنت بكات و هەم بە جیهان بناسێنێ.

فیلمەكە لە چیرۆكێكی راستەقینەوە وەرگیراوە، بەڵام ژیاننامەی كەسێك یان ئەندامانی كەتیبەكە نییە، تەنیا كارێكی گێڕانەوەیە بۆ نیشاندانی ئازایەتیی ئافرەتی كورد لە جەنگدا.

6- Sisters in Arms

خوشكانی هاوچەك، فیلیمێكی فەڕەنسییە لە ساڵی 2019 بەرهەم هێنراوە، لە نووسین و دەرهێنانی (Caroline Fourest- كارۆلین فۆرێست)ە، باس لە بەشداریكردنی هەندێك ئافرەتی بیانی لە شەڕی دژی داعشدا دەكەن كە بە شێوەیەكی خۆبەخشانە چوونەتە ناو رێزەكانی شەڕڤانانەوە لە رۆژئاوای كوردستان. هەر لەو فیلمەدا رۆشنایی خراوەتە سەر چیرۆكی ئافرەتێكی ئێزدی رزگاربووی دەستی تیرۆستانی داعش.

7- Three Kings

فیلمێكی ئەمریكییە لە ساڵی 1999 بەرهەم هێنراوە، ئەم فیلمە باس لە جەنگی كەنداو لە ساڵی 1991 دەكات، تیشگ دەخاتە سەر ئەوەی كە چۆن ئەم جەنگە بووە هۆكاری راپەڕینی كورد و جەماوەری شارەكانی باشووری عێراق كە زۆرینەیان عەرەبی شیعە بوون لە دژی حكوومەتی سەدام، هەروەها باس لەو چەرمەسەرییانە دەكات كە دوای راپەڕین رووبەڕووی كوردەكان بۆوە. هونەرمەندی ناوداری هۆلیوود جۆرج كلۆنی رۆڵی سەرەكی دەگێڕێت، ئەم فیلمە لە نووسین و دەرهێنانی (David O. Russell- دەیڤد ئۆ راسڵ)ە.