
خەلیل عەبدوڵڵا
بەڕێوەبەری گشتیی دیوان
وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان
لە سەدەی بیست و یەكدا، گۆڕانكاریی خێرا و گەورە لە بوارەكانی جیهانگیری و شۆڕشی زانستی و تەكنەلۆژی و زیرەكی دەستكرد و ئابووریی زانیاری روویاندا، ئەوەش بووە هۆی كە هەندێك لە زانكۆكان لە سنووری دەوڵەتەكانیان قەتیس نەبن، بەڵكو سنووری دەوڵەتیان بڕی و لە زانكۆی لۆكاڵییەوە بوون بە زانكۆی نێودەوڵەتی، ئێستا زانكۆ نێودەوڵەتییەكان گرنگترین دامەزراوەی زانستین كە رۆڵی دیاریان لە بەرهەمهێنانی زانست و زانیاری و گواستنەوە و جێبەجێكردنیدا هەیە.
زانكۆ نێودەوڵەتییەكان تەنها ئەركیان خوێندن و توێژینەوەی زانستی نییە، بەڵكو سەنتەری بەرهەمهێنانی زانست و زانیاری و داهێنان و پێشەنگی كار و گەشەپێدانی سەرمایەی مرۆیی و دروستكردنی پردی پەیوەندیی كولتووری و شارستانیی نێوان گەلان و بەدیهێنانی ئامانجەكانی پەرەپێدانی بەردەوامن.
زانكۆ نێودەوڵەتییەكان لە رێی كرانەوەی نێودەوڵەتی و باشی خوێندن و توێژینەوەی بەرزی زانستی و ڕاكێشانی مامۆستا و خوێندكاری بیانی و هاوبەشیی لەگەڵ زانكۆ و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان، لە پێشبڕكێی بەردەوامدان بۆ بەدەستهێنانی پۆڵێنە جیهانییەكان.
زانكۆی نێودەوڵەتی لەكورترین پێناسەدا، دامەزراوەیەكی خوێندنی باڵایە، پشت بە پێوەرە جیهانییەكان لە خوێندن و توێژینەوەی زانستی و كارگێڕیدا دەبەستێت و مامۆستایان و خوێندكارانی رەگەزە جیاجیاكان لە هەموو كونجێكی جیهانەوە لە ئامێز دەگرێت و بە تۆڕێكی هاوكاریی توێژینەوەی ئەكادیمی بە زانكۆ و دامەزراوە جیهانییەكانەوە بەستراوەتەوە.
زانكۆ نێودەوڵەتییەكان، چەندین تایبمەندییان هەیە كە لە زانكۆ لۆكاڵییەكان جیایان دەكاتەوە، لەوانە: باشی و ئاستی بەرزی خوێندن بەپێی پێوەرە جیهانییەكان و هەمەچەشنی كولتووری و رەگەزی جیاوازی مامۆستایان و خوێندكاران و پەیڕەوكردنی ئەو پڕۆگرامە خوێندنانەی لە رووی نێودەوڵەتییەوە دانیان پێدانراوە و واژووكردنی رێكەوتننامەی ئاڵوگۆڕی ئەكادیمی لەگەڵ دامەزراوە و زانكۆ نێودەوڵەتییەكان و هەوڵدان بۆ داهێنانی زانستی و توێژینەوەی زانستیی نوێ و بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای نوێ و خوێندنی دیجیتاڵی و پاراستنی سەربەخۆیی ئەكادیمی و كارگێڕی و پەیوەست بوون بە پرسەكانی كۆمەڵگەی جیهانی.
زانكۆ نێودەوڵەتییەكان چەند ئەركێكی بنچینەییان هەیە، لەوانە:
– خوێندن و وانەوتنەوە، یەكێكە لە ئەركە زانستییەكان و ئامانج لێی پێگەیاندنی توانا زانستییەكان و گەشەپێدانی بیركردنەوەی ڕەخنەیی و گەشەپێدانی گیانی داهێنان و شارەزایی و پسپۆڕی و ئامادەكردنی سەركردە زانستییەكانی ئایندە. زانكۆ نێودەوڵەتییەكان شێوازی نوێی وەك خوێندنی چالاك و ئەلكترۆنی و تێكەڵاو، بەكاردێنن.
– توێژینەوەی زانستی، زانكۆ نێودەوڵەتییەكان بایەخی زۆر بە توێژینەوەی زانستیی سەردەم دەدەن، ئەوەش بەمەبەستی بەرهەمهێنانی زانیاریی نوێ و چارەسەركردنی كێشە نێودەوڵەتییەكان و گەشەپێدانی تەكنەلۆژیا و پشتگیریی سیاسەتی گشتی و هاندانی داهێنان. زانكۆ نێودەوڵەتییەكان خاوەنی سەنتەری توێژینەوەی تایبەت و تاقیگەی پێشكەوتوو و گۆڤاری زانستی و گەنجینەی داتای جیهانی و هاریكاریی توێژینەوەی نێودەوڵەتین.
– خزمەتی كۆمەڵگە، خزمەتی كۆمەڵگە ئەركێكی گرنگی زانكۆ نێودەوڵەتییەكانە، ئەوەش لەڕێی راوێژی زانستی و راهێنانی پیشەیی و بڵاوكردنەوەی بەرهەمی كولتووری و گەشەپێدانی ناوخۆیی و پاراستنی ژینگە و هۆشیاریی تەندروستی و پشتیوانی دامەزراوەكانی حكومی و تایبەتی.
– بەنێودەوڵەتیكردنی خوێندن، ئەوەش لەرێی پێشوازیكردن لە خوێندكارانی دەرەوەی وڵات و ئاڵوگۆڕی زانستی و داننانی هاوبەش بە بڕوانامەكان و جێبەجێكردنی بەرنامەی هاوبەش و سەرپەرشتیی هاوبەشی نامەكانی ماستەر و دكتۆرا و دانانی پلەی زانستیی هاوبەش.
– گفتوگۆی بەردەوامی نێوان كولتوورەكان، زانكۆ نێودەوڵەتییەكان رۆڵی دیاریان هەیە لە بڵاوكردنەوەی رۆشنبیریی لێبوردەیی و رێزگرتنی هەمەچەشنیی رۆشنبیری و نەتەوەیی و ئایینی و بڵاوكردنەوەی رۆشنبیریی ئاشتی و رووبەرووبوونەوەی توندڕەویی ئایینی و نەتەوەیی.
– داهێنان و پێشەنگیی كارەكان، زانكۆكان تەنها بڕوانامە نادەن، بەڵكو دەرچووەكانیان رۆڵی دیاریان دەبێ لە كۆمپانیاكان و سەنتەری داهێنان دەبن و پشتیوانیی ئابووری زانیاری دەبن.
– ئامانجەكانی گەشەپێدانی بەردەوام، زانكۆ نێودەوڵەتییەكان بەشداری كارایان هەیە لە جێبەجێكردنی ئامانجەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ گەشەپێدانی بەردەوام، ئەوەش لەرێی نەهێشتنی هەژاری و باشكردنی خوێندن و راگرتنی هاوسەنگی نێوان هەردوو رەگەزی نێر و مێ و بەرهەمهێنانی وزەی خاوێن و پاراستنی ژینگە و رێگرتن لە گۆڕانی كەش و هەوا و بنیاتنانی شاری زیرەك.
– ئامادەكردنی سەركردەی جیهانیی، زانكۆ نێودەوڵەتییەكان دەتوانن لە رێی پڕۆگرامی خوێندنەوە سەركردەی جیهانی شارەزا و لێهاتوو و خاوەن بیری ستراتیجی دروست بكەن.
رەهەندەكانی بە نێودەوڵەتیكردنی زانكۆكان، لەچەند رەهەندو گۆشەنیگای جیاوازەوە، سەیری ئەم بابەتە دەكرێت، لەوانە:
-رەهەندی ئەكادیمی، ئەوەش خۆی لە گەشەپێدانی پڕۆگرامەكانی خوێندن و بەرنامەی هاوبەشی ناوخۆیی و جیهانی دەبینێتەوە.
-رەهەندی توێژینەوە، لەرێی تیمی هاوبەشی توێژینەوەی نێودەوڵەتی و ئەنجامدانی پرۆژەی زانستی بە هاوكاری دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان.
-رەهەندی كولتووری، لەرێی سازدانی چالاكی رۆشنبیری و هونەری لە وڵاتانی دەرەوە و گۆڕینەوەی شارەزایی لەو بوارانەدا.
-رەهەندی ئابووری، لەرێی راكێشانی قوتابیانی بیانی و وەبەرهێنان لە بوارە جیاجیاكانی خوێندن و توێژینەوەی زانستیدا.
چەند ئاماژەیەك نیشانەی سەركەوتنی هەر زانكۆیەكی نێودەوڵەتییە، لەوانە:
باشی كوالیتی خوێندن و توێژینەوەی زانستیی سەردەم، رێژەی بەرزی مامۆستایان و خوێندكارانی بیانی و بوونی توێژینەوەی زانستیی جیهانی و رەخساندنی دەرفەتی دامەزراندنی دەرچووان لە كەرتەكانی گشتی و تایبەتی.
زانكۆكانی (هارڤارد، ئۆكسفۆرد، كامبریدج، ستانفۆرد و سەنگافۆرە) بە هەرە زانكۆ باش و سەركەوتووەكان لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێن.
زانكۆ نێودەوڵەتییەكان رووبەڕووی چەند ئالەنگارییەك دەبنەوە، لەوانە:
پێشبڕكێی جیهانی و كەمی بودجە و كۆچكردنی تواناكان بۆ وڵاتانی دیكە و پێشكەوتنی خێرای تەكنەلۆژیا و ئاسایشی سیبرانی و قەیرانە تەندروستییە جیهانییەكان و گۆرانكاریی دیمۆگرافی و پاراستنی كوالیتیی بەرزی زانكۆكان.
زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشكی هەولێر بە نموونە
ساڵی 2008 ئەو زانكۆیە بە ناوی زانكۆی ئیشك لە هەولێر دامەزرا، ساڵی 2019 ناوەكەی بۆ زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك گۆڕا، سەرەتا بە پێنج كۆلیج و نۆ بەشی زانستی دەستی پێكرد، ئێدی ساڵ بە ساڵ گەشەی كرد و ئێستا بۆتە هەشت كۆلیج و سی و پێنج بەشی زانستی.
زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك، دیدێكی رۆشن و كراوەی هەیە و لە هەوڵی ئەوەدایە وەك دامەزراوەیەكی خوێندنی باڵا پێگەی زانستیی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی بەهێزتر بكات، ئەوەش لەرێی پێشكەشكردنی خوێندنێكی كوالیتی بەرز و پشتیوانی توێژینەوەی زانستیی سەردەم و هاندانی داهێنان و پێگەیاندنی دەرچوانی بە توانا كە بتوانن پێشبڕكێی جیهانی بكەن و سوود بە كۆمەڵگە بگەیەنن.
پەیامی زانستیی زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك روونە، كە ئەمانەن:
فەراهامكردنی خوێندنی نوێ بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان و بەرهەمهێنانی مەعریفەی زانستی و گەشەپێدانی توانا و شارەزایی قوتابییان و خزمەتكردنی كۆمەڵگە و فراوانكردنی پەیوەندییە زانستییە نێودەوڵەتییەكان.
ئەركەكانی زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك خۆیان لە چەند بوارێكدا دەبیننەوە، كە ئەمانەن:
– خوێندن: لەم زانكۆیە خوێندن بەزمانی ئینگلیزییە، جگە لە بەشی یاسا كە بە زمانی عەرەبییە و سیستمی خوێندنی نوێ بەكار دێت و پڕۆگرامەكانی خوێندن بەشێوەیەك نوێكراوەتە كە لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەكاندا گونجاوە و پرنسیپە زانستییەكانی بۆلۆنیا جێبەجێ دەكەن.
– توێژینەوەی زانستی: زانكۆ بایەخی زۆری بە توێژینەوەی زانستی داوە لەرێی دامەزراندنی سەنتەری توێژینەوە و رێكخستنی كۆنگرەی زانستیی نێودەوڵەتی و دەركردنی گۆڤاری زانستی و هاندانی بڵاوكردنەوەی توێژینەكان لە گۆڤارە زانستییە جیهانییەكاندا.
– باشی و پشتیوانیی ئەكادیمی: باشیی كوالیتیی خوێندن لە دیارترین خاڵەكانی هێزی زانكۆكەیە و ژمارەیەك بەرنامەی زانكۆكە لەلایەن دامەزراوە زانستییە ئەوروپییەكانەوە متمانەیان پێدراوە.
– هاوكاریی نێودەوڵەتی: زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك دەیان یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ زانكۆ و دامەزراوە ئەكادیمییەكان لەسەرانسەری جیهاندا واژوو كردووە و هانی ئاڵوگۆڕی مامۆستایان و قوتابییان و ئەنجامدانی پڕۆژەی توێژینەوەی زانستیی هاوبەش دەدات.
– خزمەتی كۆمەڵگە: زانكۆ بەشێوازی جیا جیا لە خزمەتی كۆمەڵگەدایە، لەوانە: كردنەوەی خولەكانی راهێنان و بەستنی كۆنفرانسی زانستی و بەستنی سیمینار و كۆڕ و كۆبوونەوەی زانستی و بەخشینی راوێژكاری زانستی و ئەنجامدانی چالاكی خۆبەخشانە.
واتە زانكۆ تەنها دامەزراوەیەكی خوێندن نییە، بەڵكو بۆتە هاوبەشی گەشەپێدانی ئابووری و كولتووری و كۆمەڵایەتی.
-گۆڕینی دیجیتاڵی و ئەلكترۆنی: لە سەردەمی پەتای كۆرۆنادا، زانكۆ شێوازی خوێندنی كردە ئەلكترۆنی و تاقیگەكان و ژێرخانی دیجیتاڵی گەشە پێداو لەكاتی قەیرانی نەخوازراودا دەتوانێت ئەو شێوازە خوێندنە پەیڕەو بكات.
-پۆلێنكردنی نێودەوڵەتی: زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك لە ناو زانكۆ ئەهلییەكانی هەرێمی كوردستان و عیراقدا لەریزبەندی زانكۆ هەرە باشەكان بووە، ئەوەش نیشانەی پێگەی بەهێزی ئەو زانكۆیەیە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی.
زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك نموونەیەكی پێشكەوتووی زانكۆ تایبەت و ئەهلییەكانە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عیراق، خوێندن بە زمانی ئینگلیزی و كرانەوە بە رووی هاوبەشیی نێودەوڵەتیی پێكەوە كۆكردۆتەوە و لە هەوڵی بەدەستهێنانی متمانەی زانستیی زیاتری نێودەوڵەتییە، بۆ پاراستنی پێگەی نێودەوڵەتی و زیاتر بەهێزكردنی ئەو پێگەیە پێویستی بەهەوڵ و تێكۆشانی زانستیی زیاترە.
