
شەیما شەهاب
توێژەری یاریدەدەر
كۆلێژی پەرستاری
زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك – هەولێر
هەتاوەکو ئێستاش نەتوانراوه وەسفێکی جێگیربۆ دەستەواژەی سەرکەوتن بکرێت بۆیه یەکێکه له دەستەواژه هەره گرنگەکانی ژیان سەرجەم مرۆڤەکانیش بەدوای سەرکەوتنەکانیان پەرێشانن و، هەريەك لەو كەسانه ئامانجێکیان هەیە که پێی دەگەن خۆیان بەسەرکەوتوو دەزانن بۆیه پێناسەی دەستەواژەی سەرکەوتن له نێوان تاکەکاندا جیاوازه ئەگەر چی زۆربەى لێكدانەوەكان لێك نزيكن، تەنانەت هەندێکیان هەمان واتاشیان هەیه.
هاندان چییە؟
هاندان (Motivation) بریتییە لە پڕۆسەی داڕشتن و ڕابەری کردن و پارێزگاری کردن لەو ئامانجانەی مرۆڤ خواستی بەدیهێنانیانی لەسەرە و ئەو هۆکارەیە وادەکات مرۆڤ بەردەوام بێت لە بچووکترین بۆ گەورەترین کار لە ژیانیدا، هەر لە خواردنی پەرداخێک ئاوەوە بۆ بەدەست هێنانی زانیاری و ئەو ئامانجە گەورەی هەیەتی.
هاندان لایەنی زیندەیی و هەستی و کۆمەڵایەتی و توانای مێشکی دەگرێتەوە کە دەتوانێت ڕەفتارەکان چالاک بکات، هەروەها وشەی هاندان ئەم پرسیارە ڕوون دەکاتەوە کە “بۆچی کەسێک شتێک ئەنجام دەدات” وەڵامی پشت ئەم پرسیارە دەبێتە ئەو هاندانەی وا لە مرۆڤەکە دەکات کار بۆ ئامانجەکەی بکات.
هاندان تەنیا بریتی نییە لە ئاماژە کردن بەو هۆکارگەلەی دەبنە هۆی ڕەفتارکردن، بەڵکو بریتیشە لە هۆکارەکانی ئاڕاستەکردن و پاراستنی ئەو ئامانجانەی کە هەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم هاندانانە بە دەگمەن دەتوانرێت بە ڕاستەوخۆیی تێبینی بکرێن، لە ئەنجامدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە هۆکارەکانی پشت کردنی هەرکارێک کە مرۆڤ دەیکات بنیادنەری ئەو ڕەفتارانەن کە تێبینی دەکرێن و دەبینرێن.
جۆرەکانی هاندان
– هاندانە دەرەکییەکان: بریتین لەو هاندانانەی کە لە دەرەوەی ناخی مرۆڤدا، پێشکەش بە مرۆڤەکە دەکرێن وەک هۆکارێک بۆ بەرزکردنەوەی خواست و هێز و توانای مرۆڤەکە و بەردەوام بوونی لەسەر ئەو کارەی کردوویەتی، بۆ نموونە وەک خەڵاتەکانی ڕێزلێنان، پێدانی پارە وەک پاداشتێک و هەروەها پیاهەڵدانی مرۆڤەکە.
– هاندانە ناوەکییەکان: بریتین لەو هاندانانەی کە لە ناخی تاکەکاندایە، بۆ نموونە جێبەجێ کردنی ئەرکی قوتابخانە بە هۆی ئەوەی حەزت لە بابەتەکەیە هاندانێکی ناوەکییە چونکە ئارەزووەکەت وا دەکات بخوێنیت، بەڵام جێبەجێ کردنی ئەرکەکانت لەبەر ئەوەی سزا نەدرێیت، هاندانێکی دەرەکییە چونکە بەهۆی هێزێکی
دەرەکییەوە تۆ هانی خۆت دەدەیت.
چەند خاڵێک بۆ دۆزینەوەی هاندان
هەموو کەسێک لە کاتی ئەزموونکردنی هانداندا تووشی شپرزەیی و کەمبوونەوەی هێزی ویستن و خواستنی ئامانجەکەی دەبێتەوە، هەندێک جار ڕەنگە زۆر بە گوڕوتینەوە بیەوێت ئامانجەکەی بەدی بهێنێت و هەندێک کاتی دیکەش هەیە کە تووشی شپرزەیی و نادڵنیایی دەبێت لەوەی کە چی دەوێت و چۆن بەدەستی دەهێنێت، هەرکاتێک هەستت بە کەمبوونەوەی هاندان کرد، ئەوا چەند ڕێگەیەک هەیە بۆ بەردەوام بوون ئەوانیش بریتین لە: ئامانجەکانت ڕێکبخە و سەرنج بخەرە سەر ئەو شتانەی کە بەڕاستی بۆت گرنگن.
مرۆڤ هەركاتێ بیەوێ كارێك ئەنجام بدات و بەرهەمی هەبێت، پێویستە خۆی ڕابهێنێت كەوا دەتوانێ ئەنجامی بدات بەبێ ترس و دوو دڵی و شلەژاوی و وا بیر بكاتەوە كەوا كارەكە قورس نییە و ئاسانە و دەتوانێ ئەنجامی هەبێت. بەڵام پێش هەموو شتێك دەبێت بڕوای تەواوی بەو كارە هەبێت بڕوا بوون بە هەر كارێك، بێگومان بەخشش و كۆشش و نیەت و نیاز لە ناخەوە دروست دەکات و دەبێتە پاڵنەری سەرەكی بۆ ئەنجامدانی كارەكە، گرنگە مرۆڤ هەمیشە خۆی هان بدات و بڕوای بەتوانای خۆی هەبێت و كارەكان قورس نەكات و چاوەڕێ نەكات خەڵكی تر هانی بدەن و داوای لێ بكەن كارەكان بكات، خۆی دەبێت بەردەوام ئامانج و مەبەستی دیاری كراوی هەبێت گەر هیچ ئامانجی نەبوو دەبێت بەردەوام ئامانج بۆ خۆی دروست بكات و بە پەڕۆش بێت بۆ ئەنجامدانی هەمیشە لە ناخەوە هاندان و پاڵنەر هەبێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكان، بێگومان ئەو كەسانەی خۆیان خۆیان هان دەدەن و سوورن لە سەر بەدیهێنانی ئامانجەكانیان لە ڕادە بەدەر لە ناخیانەوە ووزە و پەڕۆشی و بەردەوامی و گوڕو تین وەردەگرن و چاوەڕێ كەس ناكەن هانیان بدات و خۆیان هانی خۆیان دەدەن و لە بیر و هزریان بیرۆكەی ئەرێنی نەخش دەكەن و دەكۆڵن، هەمیشە وا خۆیان ڕادەهێنن كە هەر كارێك دەست پێ بكەن تەواوی دەكەن و هیچ كارێك بە تەواو نەكراوی جێ ناهێلن، بۆیە پێویستە لە بیرو هزرمان هەمیشە ئەو باوەڕ و دڵنیاییە هەڵ كۆڵین كەوا هەر كارێك دەستمان پێ كرد تەواوی دەكەین و ئەنجامی دەدەین، ئەو دڵنیاییە و باوەڕییە لە ناخەوە كۆمەڵێ ئازایەتی و گڕو تین و جۆش و خرۆش و هاندان و متمانە بە خۆبوون پەنگی خواردوە و هەموو کات ئامادەیە بۆ دەرچوون و بەكارهێنان لە ئەنجامداكۆمەڵێ دەستكەوت و بەرهەم و ئامانج دەهێنە دی. بۆیە گرنگە هەمیشە هاندەری خۆمان بین و هەرگیز لە هیچ كارێك نەترسین و خۆمان لەكارەكان بە گەورەتر بزانین، پێشینان گوتوویانە (كار لە ژێر دەستی مرۆڤدایە، نەك مرۆڤ لە ژێر دەستی دایە).

سەرچاوە
https://www.verywellmind.com/what-is-motivation-2795378

