
نیڤین حیدر برادۆستی
قۆناغی پێنجەم
پزیشکی ددان
زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك – هەولێر
هەر کتێبێک دەرگایەکە بۆ بیرکردنەوەیەکی نوێ، بۆ پرسیارێکی تازە و بۆ بینینێکی جیاواز. مرۆڤی خوێنەر بۆ هەمیشە ئامادەی فێربوونە، چونکە لە ڕێگەی کتێبەوە تێگەیشتووە کە زانین و فێربوون سنووریان نییە.
بەڵام پرسیارەکان لێرەوە دەست پێدەکەن: ئایا لەنێوان پەڕەکانی کتێبدا ژیان ئەزموون دەکرێت؟ ئایا مرۆڤ دەتوانێت لە خۆشەویستی، هاوڕێیەتی، ژیان و زانست تێبگات، بەبێ ئەوەی پێیان تێپەڕێت؟ بێگومان زۆرێک لە گەنجانی ئەمڕۆ، کە خوێنی نوێ و هیوای نوێی کۆمەڵگان، بەهۆی خێرایی ژیان و سەرقاڵی تەکنەلۆژیا، کەمتر کات بۆ خوێندنەوە تەرخان دەکەن. بۆیە تەواو لە مانای گەورەی هۆشیاری لە ڕێگەی کتێب ناگەن و نازانن کاتێک کتێب لەگەڵ ئەزمووندا یەک دەگرێتەوە و چ جۆرە مرۆڤێک لێوەی بەرهەم دێت كە بە ئاگان.
هاوڕام، کەسێک دەتوانێت سەدان کتێب لەسەر سەرکەوتن، خۆشەویستی یان ئارامگری بخوێنێتەوە، بەڵام تا ئەو کاتەی خۆی لەم هەستانەدا نەژیابێت، تەنها زانیاری هەیە، نەک دانایی، بەڵام خوێندنەوەی کتێب، خوێندنەوەی ژیانە پێش ژیان. کتێب دەرفەتێکە بۆ ئەوەی هەزاران ژیان لە ڕێگەی ئەزموونی ئەوانی ترەوە بژین. ئامادەمان دەکات بۆ زۆرێک لەو ئاڵنگارییانەی هێشتا پێیاندا تێنەپەڕیوین، و بەر لەوەی ژیان تاقیمان بکاتەوە، تێگەیشتنمان بۆ واقیعی ژیان فراوان دەکات.
هەر کتێبێک، بەلای منەوە، گفتوگۆیەکە لەگەڵ کەسێک کە بەر لە ئێمە ژیاوە، زۆر ئاساییە کاتێک خوێندنەوە ڕێگەمان پێ دەدات لە مێشکی مرۆڤێکی دیکەدا بژین، ئازاد بین پرسیار بکەین، فێر ببین یان تەنانەت دژی بیرۆکەکانی بین. ئەمە بایەخی کتێبە، چونکە مرۆڤ دەهێنێتە ناو بازنەی بیرکردنەوە، هۆشیاری، چاوکراوەیی، و ئازادی لە کۆت و زنجیری فکری.
ئەوکاتەی مرۆڤ لە ڕێگەی کتێبەوە زانین بەدەست دێنێت و ئامادە دەبێت، ئەزموون دەتوانێت زانین بگۆڕێت بۆ ژیری. مرۆڤ لە ڕێگەی ڕۆمانێکەوە خۆشەویستیی دەناسێت و ئامادەی دەکات بۆ ئەو کاتەی خۆی پێیدا تێدەپەڕێت. ئاشنای زانست دەبێت لە ڕێگەی کتێبەوە و لە کاتی فێربووندا بەکاری دەهێنێت. بێگومان ئەزموونکردن هەموو ئەمانە هەست و قوڵایی دەبەخشێت بەو شتانەی کە لە کتێبەکانەوە بەریان کەوتووین.
ئەگەر بێینە ناو ژیانی زانکۆ و گرنگی خوێندنەوە بخەینە ڕوو، دەبینین زۆرێک لە قوتابیان، لەگەڵ ئەوەی زانیاریی تەکنیکیان هەیە، بەڵام لە دەربڕینی بیر و بۆچوونەکانیان و دروستکردنی گفتوگۆیەکی قووڵ کێشەیان هەیە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دابەزینی ئاستی خوێندنەوە، دوورکەوتنەوەیە لە کتێب. کاتێک مرۆڤ ناخوێنێتەوە، زمانی هەژار دەبێت، وشەکانی کەم دەبنەوە و توانای ڕێکخستنی بیرەکانی لاواز دەبێت.
کتێب تەنها سەرچاوەی زانیاری نییە، بەڵكو قوتابخانەی بیرکردنەوەیە. خوێندنەوە فێرمان دەکات چۆن گوێ لە بیرۆکەی جیاواز بگرین، چۆن پرسیار بکەین، چۆن بە بەڵگە قسە بکەین و چۆن ڕێز لە جیاوازی بگرین. لەوانەیە قوتابی لە هەموو وەڵامێک ئاگادار نەبێت، بەڵام باش دەزانێت چۆن بیر بکاتەوە و چۆن قسەی خۆی بە شێوەیەکی ڕێک و دروست بگەیەنێت.
زانکۆ بەتەنها شوێنی وەرگرتنی بڕوانامە نییە، شوێنی دروستبوونی کەسایەتی و ژیریشە. ئەگەر کتێب لە ژیانی قوتابیدا شوێنی خۆی لەدەست بدات، گفتوگۆی قووڵ لەدەست دەدات، بیرکردنەوە سنووردار دەبێت و زمان بەهێزی خۆی لەدەست دەدات. نەتەوەیەک کە ناخوێنێتەوە، هێواش هێواش توانای گفتوگۆ، داهێنان و دروستکردنی بیرۆکە نوێیەکان لەدەست دەدات.
خوێندنەوە تەنها هەڵگرتنی زانیاری نییە، دروستکردنی مرۆڤێکە کە بتوانێت بیر بکاتەوە، هەست بە جیهان بکات و بە زمانێکی پاراو و متمانەبەخش لەگەڵ کۆمەڵگا قسە بکات.
بۆیە ژیان و کتێب دوو ڕێگای جیاوازن، بەڵام ئامانجیان یەکە، دروستکردنی مرۆڤێکی هۆشیار و داناتر. کتێب چاومان پێ دەبەخشێت بۆ بینینی جیهان، ئەزموونیش فێرمان دەکات چۆن لەم جیهانەدا بژین. ئەگەر خوێندنەوە ڕووناکیی ڕێگامان بێت و ئەزموون هەنگاوەکانمان، ئەوا گەشتی ژیان پڕماناتر، داناتر و جوانتر دەبێت.




