![]()
هێمن فاتح ابراهیم
دکتۆرا لە ژیری دەستکرد
– زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشك
لە سەردەمی ئێستادا، ژیری دەستکرد بووەتە دیاردەیەکی بەرچاو کە سەرنجی زۆرێک لە خەڵکی راکێشاوە و رۆژ بە رۆژ تایبەتمەندی نوێ دەبەخشێتە بەرنامە و ئامێرە جۆراوجۆرەکان. کە دەتوانێت بە شێوازێکی سەرنجراکێش و بەهێز کارەکانی مرۆڤ ئاسان بکات، تەنانەت ئەم پێشکەوتنە خێرایە وای کردووە هەندێک کەس بە مەترسی بۆ داهاتووی مرۆڤایەتی دایبنێ کە رەنگە ئامێرەکان زۆر لە مرۆڤەکان ژیرتر بن و بتوانن مرۆڤەکان لەناو بەرن.
بۆ ئەوەی ئێمەی کورد ببینە بەشێک لەم پێشکەوتنە، دوا نەکەوین لێی، سەرەتا پێویستە لە چەمکی ژیری دەستکرد جوان تێبگەین. ژیری دەستکرد بوارێکی زانستییە کە تیایدا هەوڵ دەدرێت ئامێرەکان توانای بیرکردنەوە و فێربوونیان هەبێت و بتوانن وەک مرۆڤ کار بکەن. ئەم سیستەمانە دەتوانن بڕیار بدەن، کێشەکان چارەسەر بکەن و یارمەتیدەری مرۆڤ بن لە ئەنجامدانی کارەکانی رۆژانەیاندا. بە تایبەتی، ئەو کارانەی کە دووبارە و رۆتینین کە بە شێوەیەکی کارا دەتوانێت ئەنجامی بدەن.
بۆ ئێمەی کورد زمان، گرنگە هەنگاوی پێویست بنێین تا لەگەڵ ئەم شەپۆلە بەهێزەی تەکنەلۆجیادا بڕۆین و دوا نەکەوین. یەکێک لە گرنگترین پێداویستییەکانی سیستەمەکانی ژیری دەستکرد، جگە لە ئامێری پێشکەوتوو، بوونی داتای پێویستە. بەداخەوە، ئێمە وەک نەتەوەی کورد لە رووی داتای کوردییەوە زۆر لاوازین بە بەراورد بە زمانەکانی تر. بۆیە پێویستە داتا وەک سامانێکی نیشتمانی سەیر بکەین، هەروەک چۆن نەوت سامانێکی سروشتی گرنگە بۆ کوردستان.
یەکەم هەنگاوی گرنگ بۆ دروستکردن و کۆکردنەوەی داتای کوردی، دانانی ستانداردێکی یەکگرتووە بۆ نووسینی کوردی. پێویستە لە ئاستی حکومەتەوە بڕیار لەسەر شێوازێکی یەکگرتووی نووسین و کیبۆرد لەیاوتێکی ستاندارد بدرێت. دوای جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە، دەتوانین هەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ دەوڵەمەندکردنی ویکیپیدیای کوردی دەست پێ بکەین، کە دەبێتە سەرەتایەکی باش بۆ بەرهەمهێنانی داتای کوردی.
گرنگە هەموو هاوڵاتیان و دامەزراوەکان هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن لە پاراستنی داتاکانیان. بۆ نموونە، کاتێک کۆمپانیایەک چاوپێکەوتن لەگەڵ سەد کەس ئەنجام دەدات، پێویستە زانیارییەکانی هەموو ئەو کەسانە بپارێزرێت، نەک تەنها ئەوانەی وەردەگیرێن. هەروەها زانکۆکان پێویستە هەموو داتاکانی خوێندکاران، چالاکییەکان و نووسراوە گشتییەکانیان بە شێوەیەکی رێکخراو هەڵبگرن.
داتا لە هەموو شێوەیەکانیدا گرنگە، چ تێکست بێت، دەنگ بێت، وێنە یان ڤیدیۆ بێت. ئەم ئەرکە نیشتمانییە پێویستی بە هەوڵی بەکۆمەڵ هەیە و بە تەنها حکومەت و تاکە کەس یان گرووپێکی بچووک ناکرێت. ئەگەر بە شێوەیەکی سیستماتیک و بەردەوام کار لەسەر کۆکردنەوە و پاراستنی داتا بکەین، لە ماوەی دە ساڵی داهاتوودا دەتوانین ببینە خاوەنی سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی داتا کە لە بواری ژیری دەستکرددا بۆ خزمەتی هاوڵاتیانی کورد زمان بەکار بهێنرێت.
ئەو بەرنامەو پلاتفۆرمانەی کە پاڵپشتن بە ژیری دەستکردو لە کوردی نوسین زۆر باشن بە پەنجەی دەست دەژمێردرێت و چ جای دەنگ و وێنەو ڤیدیۆ.
بۆیە ئەم هەنگاوانە نەک تەنها بۆ پێشکەوتنی تەکنەلۆجی، بەڵکو بۆ پاراستنی کەلتوور و زمانی کوردیش گرنگن. لە کۆتاییدا، سەرکەوتنی پرۆژەی زیادکردنی داتای کوردی ئەرکێکی نیشتمانییە پێویستی بە هاوکاری و هەماهەنگی نێوان حکومەت، دامەزراوە ئەکادیمییەکان، کەرتی تایبەت و هاوڵاتیان هەیە.

