ڕۆبۆت لە پڕۆسەی پەروەردەدا

Author Photo

محەمەد غەفار زاد

قۆناغی چوارەم

بەشی پەروەردەی کۆمپیوتەر

زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك – هەولێر

لە سەردەمی ئەمڕۆی تەکنەلۆجیادا، ڕۆبۆتەکان وەک داهێنانێکی سەرەکیی مرۆڤایەتی، شوێنێکی گرنگیان لە ژیانی ڕۆژانەماندا داگیر کردووە. لە کوردستانیشدا، ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە:  ئایا ڕۆبۆتەکان دەتوانن ڕۆڵێکی کاریگەر لە بواری فێرکردندا ببینن؟ لێرەدا، تیشک دەخەینە سەر چەمکی ڕۆبۆت و چۆنییەتی سوودوەرگرتن لێی لە پڕۆسەی فێربوون و پەروەردەدا لە هەرێمی كوردستان.

 

ڕۆبۆت چییە؟

ڕۆبۆت ئامێرێکی میکانیکی یان ئەلیکترۆنییە کە دەتوانێت بە شێوەی خۆکار یان نیمچە خۆکار کار بکات. ئەم ئامێرە توانای جێبەجێکردنی فەرمان و ئەنجامدانی کاری جۆراوجۆری هەیە. لەوانە: ئەو کارە زەحمەت و ئاڵۆزانەی کە پەیوەندییان بە فێربوون  یاخود یارمەتیدانی مرۆڤەوە هەیە. ڕۆبۆتەکان لە زۆر بواری جیاوازدا بەکاردەهێنرێن،  بۆ نموونە لە پیشەسازی، تەندروستی و بەتایبەتیش لە بواری فێرکردندا.

گرنگیی ڕۆبۆت لە سیستەمی فێرکردنی لە هەرێمی كوردستاندا

١. یارمەتیدانی فێربوونی کەسیی:

كاتێك ژمارەی قوتابییان لە پۆلەکاندا زۆر دەبن، ڕۆبۆتەکان دەتوانن یارمەتیی تاکە کەسیی قوتابییان بدەن. بەم شێوەیە، هەر قوتابییەک بە پێی تواناکانی خۆی فێر دەبێت و کێشەکانی فێربوونی تاکەکەسی چارەسەر دەکرێن. ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ فێربوونێکی کاریگەر.

٢. پەرەپێدانی فێربوونی کرداری لە بوارەکانی زانست، بواری  STEM

لە هەرێمی کوردستان فێرکردنی زانست، تەکنەلۆجیا، ئەندازیاری و بیرکاری گرنگییەکی تایبەتی هەیە. دەكرێت ڕۆبۆتەکان وەک ئامرازێکی کرداریی فێربوون بەکاربێن و قوتابییان لەم بوارانەدا پێش بكەون. ئەمەش یارمەتییان دەدات کە تواناکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و داهێنانیان پەرە پێ بدەن.

٣. پەرەپێدانی توانای هاوکاری و بەهێزکردنی کاری بەکۆمەڵ:

لە پڕۆژەکانی ڕۆبۆتیکدا، قوتابییان فێری کارکردن لەگەڵ یەکتر دەبن و تواناکانی کاری بەکۆمەڵ و شێوازی پەیوەندی و گفتوگۆکردنیان پەرە پێ دەدەن. ئەمە بەتایبەتی لە کۆمەڵگای کوردیدا زۆر بە سوودە، چونکە بایەخێکی زۆر بە هاوکاری و یەکگرتوویی دەدەن.

٤. گەشەپێدانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و هاندانی بیرکردنەوەی داهێنەرانە:

ڕۆبۆتەکان قوتابییان هان دەدەن بۆ دۆزینەوەی بیرۆکەی تازە و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان، ئەمەش وا دەکات قوتابییان فێری بیرکردنەوەی قووڵ و داهێنەرانە ببن، کە بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگای کوردستان زۆر پێویستە.

٥. ئاسانکردنی ئەرکی مامۆستایان:

لە هەرێمی کوردستان ژمارەی مامۆستایان بەراورد بە قوتابییان کەمە، ڕۆبۆتەکان دەتوانن لە چەندین کاردا یارمەتیی مامۆستایان بدەن، بۆ نموونە: پێداچوونەوەی وانەکان، یارمەتیدانی قوتابییان و ڕێکخستنی چالاکی و پڕۆژەکان. بەمەش مامۆستایان کاتی زیاتریان دەبێت بۆ گرنگیدان بە پێداویستییە تایبەتەکانی قوتابییان.

دەرەنجام:

ڕۆبۆتەکان، وەک ئامرازێکی پێشکەوتوو لە بواری پەروەردەدا، دەتوانن گۆڕانکارییەکی گەورە لە شێوازی فێربوون و فێرکردن لە کوردستاندا دروست بکەن. دەتوانن شێوازی فێربوون و فێرکردن لە کوردستان بگۆڕن و پەروەردەیەکی باشتر و کاریگەرتر بۆ هەمووان دابین بکەن. بە بەکارهێنانی ڕۆبۆتەکان لە پڕۆسەی پەروەردەدا،  دەتوانین قوتابییانمان بۆ ئەو جیهانە پێشکەوتووە ئامادە بکەین کە لە دەرەوەی قوتابخانەدا هەیە.

پەروەردە یەکێکە لە گرنگترین بنەماکانی گەشەسەندنی کۆمەڵایەتیی و ئابووری، ڕۆبۆتەکان دەتوانن ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبێت لە بەرەوپێشبردنی ئاستی خوێندن و  پەروەردە لە هەرێمی کوردستاندا.