
پ.ی.د. حسێن بالیسانی
راگری كۆلێژی یاسا
زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك – هەولێر
ئاده‌میزاد له‌و رۆژه‌ى كه چاوى ده‌كاته‌وه و به ژیانى دونیا شاد ده‌بێت، خۆی له‌ناو خێزانێك ده‌بینێته‌وه، ئه‌م خێزانه‌ى سه‌ر به بنه‌ماڵه‌یه‌كه و بنەماڵهكهى سه‌ر بە عه‌شیره‌تێكه، و عهشیرهتهكهشی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌یه‌كه، و نه‌ته‌وه‌كه‌شی سه‌ر به میلله‌تێكه (أُمة)، چەمکی خێزان و بنەماڵە لای هەموومان ئاشکرایە، بەڵام چەمکی گەل و نەتەوە و میللەت (أُمة) لای زۆر كه‌س دیار نییه, بۆیه به باشم زانى ئه‌م چه‌مكانه، بۆ خوێندكاران و قوتابیيانى ئازيز روونبكه‌مه‌وه, پاشان باسى چه‌مكى (گه‌ل ، نیشتیمان، و وڵات) ده‌كه‌م، چونكه ئه‌م چه‌مكانه گرنگى تایبه‌تى خۆیان لە هەموو دونیادا هه‌یه، بە تایبەتی له دونیای (عولمة) بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ركه‌سێك بزانێ چۆنییه‌تى په‌یوه‌ندى خۆی له‌سه‌ر ئاستى سیاسی، ئابوورى، كۆمه‌ڵایه‌تى و هزری له ژێر سێبه‌رى (عولمة)دا، كه خۆى فه‌ڕز كردووه به‌سه‌ر هه‌موو جیهاندا.
ئوممەت (میللەت)
له‌ماناى (أم) دایك دا، میلله‌ت واتا (أمه) هاتووه، چه‌مكێكه بۆ كه‌سێك یان كه‌سانێك كه یه‌كسانن له ڕه‌فتارى مرۆڤایهتىی هاوبه‌ش، به‌كاردێت، ئینجا ئه‌م ره‌فتاره له میلله‌تێك بۆ میلله‌تێكى تر جیاوازه، بۆ نموونه تاقمێک له قورئانى پیرۆزدا هاتووه(وَلَمَّا وَرَدَ مَاءَ مَدْيَنَ وَجَدَ عَلَيْهِ أُمَّةً مِّنَ النَّاسِ يَسْقُونَ) واتا حه‌زره‌تى مو‌سا هاته شارى (مەدیەن) كه‌سانێكى بینى كه لە ره‌فتارى تاواندا هاوبه‌ش بوون، و بۆ نموونه تاكه كه‌سێك كه له قورئانى پیرۆزدا ئاماژه به باوکی پێغه‌مبه‌ر (ابراهیم) (د.خ)ده‌كات كه خواى گه‌وره ده‌فه‌رمووێت (إِنَّ إِبْرَاهِیمَ كَانَ أُمَّهً قَانِتًا لِّڵّهِ حَنِیفًا ۆڵمْ یكُ مِنَ الْمُشْڕكِینَ) چونكه ئه‌و له ناو ده‌وروو به‌ره‌كه‌ى ره‌فتارى جیاوازى هه‌بوو، ئه‌و تاك په‌رست بوو، بە پێچه‌وانه‌ى میلله‌ته‌كه‌ى كە بت په‌رست بوون.
و یه‌زدانى مه‌زن فه‌رمان به دواكهوتووانى پێغه‌مبه‌ر (محمد) (د.خ) ده‌كات و ناویان ده‌بات و ده‌فه‌رموێت (ولْتَكُن مِّنكُمْ أُمَّهٌ ێدْعُونَ إِڵى الْخَیْڕ ویأْمُرُونَ بِالْمَعْرُوفِ وینْهَوْنَ عَنِ الْمُنكَڕ). واتا به‌كورتى هه‌ر كۆمه‌ڵه‌كه‌سێك هاوبه‌ش بن لە ره‌فتارێك یان چه‌ند ڕه‌فتارى دیاریكراو ( ئه‌سل و زوبان و په‌رستن……هتد) پێی ده‌گوترێت میلله‌ت (ئوممه‌ت) وه‌كو میلله‌تى محمد(د.خ) یان میلله‌تى ابراهیم(د.خ) یان میلله‌تى كورد، عه‌ره‌ب، تورك، فارس،…..هتد، و بۆ زانین، زاراوه‌ى (میلله‌ت) به‌زوبانى عه‌ره‌بیش هه‌مان شته، چونكه له قورئانى پیرۆزدا هاتووه (مَا كَانَ إِبْرَاهِیمُ یهُودِیًّا ۆڵا نَصْرَانِیًّا وڵٰكِن كَانَ حَنِیفًا مُّسْلِمًا ۆمَا كَانَ مِنَ الْمُشْڕكِینَ) كه‌هه‌موویان هاوبەش بوون له خوداپەرستی بەمانای تاك پەرستی (موسڵمان)، بۆیە هەر كەسێك كە تاك پەرست بێت بە موسڵمان ناودەبرێت، بە پێچەوانەوە هەركەسێك هاوتا بۆ خودا دابنێت بە موشریك ناودەبرێت، ئەوە لەوەوە وەردەگیرێ كە هەموو پێغەمبەرانی خودا تاكپەرست بوون، بۆیە هەموویان پێیان دەگوترێ موسڵمان، هەر لە نووحەوە هەتا محەمەد (د.خ) لێبێت موسڵمانن و شوێنكەوتوانیشیان موسڵمانن.
چەمكی نەتەوە (قوم)
بریتییه له‌كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكى نێر و مێ كه له ژینگه‌یه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى دیاریكراو ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن، و به‌یه‌ك زوبان گفتوگۆ ده‌كه‌ن، به به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌ى خودا ده‌فه‌رموێت (ومَا أَرْسَلْنَا مِن رَّسُولٍ إِلَّا بِلِسَانِ قَوْمِهِ لِیُبَیِّنَ لهُمْ) هیچ نێردراوێكمان نه‌ناردووه ته‌نها له‌سه‌ر زوبانى میلله‌ته‌كه‌ى نه‌بێ، واتا مرۆڤایه‌تى له‌سه‌ره‌تاى په‌یدابوونیدا یه‌ك میلله‌ت بوون، به‌ڵام جیاوازییان له‌ناو په‌یدابووه، بۆیه دابه‌ش بوون به‌سه‌ر چه‌ند ئومه‌تێك كه كۆمه‌ڵگایه‌كى ڕه‌وشه‌نبیر و ئاقل بوون، دوای ئه‌وه كه‌لتوور و ڕهوشهنبیرى جیا دروست بوو، بۆیه نه‌ته‌وه درووست بوو تایبه‌ت به‌وكه‌سانه‌ی كه به‌یه‌ك زوبان قسه‌یان ده‌كرد.
هەربۆیه نه‌ته‌وه سیفه‌تێكى چه‌سپێندراوه به كۆمه‌ڵیك خه‌ڵكى عاقڵەوە كه زوبانێكى هاوبه‌شیان هه‌یه. یه‌ك له‌مه‌رجه سه‌ره‌كییه‌كانى جیاكردنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌كان زوبانه، وه‌كو ( نه‌ته‌وه‌ى كورد، عه‌ره‌ب، تورك، فارس…هتد. لە راستیدا تێكەڵاوییەكی زۆر لە نێوان نەتەوە و ئوممەدا هەیە، بەڵام ئەوەی جیایان دەكاتەوە مەرجی زوبانە، چونكە یەك لە مەرجەكانی نەتەوە ئەوەیە یەك زوبان بێت، بەڵام ئوممەت ئەم مەرجەی نیە.
چه‌مكى گه‌ل (شعب)
له‌یاساى ده‌ستووریدا (گه‌ل) ستوونێكه له ستوونهكانى ده‌وڵه‌ت، چونكه ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر سێ ستوون ڕاده‌وه‌ستێ ( گه‌ل، خاك، ده‌سه‌ڵات) ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌مانه نه‌بوو ده‌وڵه‌ت نابێت.
و له زاراوه‌ى زوبان گه‌ل چه‌مكێكى تازه‌یه، پاش دروستبوونى ده‌وڵه‌ت په‌یدا بوو ، و گه‌ل چه‌مكێكه زۆر له میلله‌ت به‌رزتره و له سه‌ره‌وه‌ى نه‌ته‌وه و تاكهكهى هاوڵاتییه.
له‌قورئانى پیرۆز دا پێش هاتنى پێغه‌مبه‌ر باس نه‌كراوه، هه‌تا ڕێككه‌وتى كۆچكردن بۆ شارى مه‌دینه، له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌وێ میلله‌تى ئیمانداران و میلله‌تى جووەكان هه‌بوو، و پێغه‌مبه‌ر (د.خ) بەڵگەنامەیەكی له‌گه‌ڵ بەستن كە وه‌كو په‌یماننامه بوو، به‌م شێوه‌یه گه‌لێك دروست بوو كه له دوو میلله‌تى فه‌رهه‌نگ جیا پێكهاتبوو و پێكه‌وه له‌سه‌ر خاكى مه‌دینه ده‌ژیان، پێغه‌مبه‌ر(د.خ) له‌نێوان هه‌ردوو میللەتدا له بەجێگەیاندنی ماف و ئه‌ركه‌كاندا، یه‌كسان بوو.
كه‌واتە ده‌توانین پێناسه‌ى گه‌ل بكه‌ین كه “له كۆمه‌ڵە میلله‌ت یان چه‌ند میلله‌تێكى جیاواز پێكدێت، یان له نه‌ته‌وەیەك یان چه‌ند نه‌ته‌وه‌یه‌ك پێك دێت كه پێكه‌وه ژیان ده‌به‌نه سه‌ر له‌ناو سیسته‌مێكى یاسایی و ئابوورى و لهسهرخاكێكى سنووردار دا كە ناو ده‌بردرێت به نیشتمان”.
نیشتمان
لێره‌دا خالێكى گرنگ هه‌یه كه ئه‌بێ بزانین ئه‌ویش جیاوازییە له‌نێوان نیشیمان و وڵات، ئه‌وه‌ش به‌م جۆره‌یه، وڵات بەو جێگایه دەگوترێت كه‌شایسته‌ى نیشته‌جێبوون و ژیانكردن بێ، گه‌ر نیشتیمانى خۆشت نه‌بێ، هەر بۆیه كاتێك لە یەكێك دەپرسی له‌كوێی؟ ده‌ڵێت له وو‌ڵاتى غه‌ریبان یان وڵاتى ئه‌وروپی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له زێدی باب و باپیری هاتۆته دونیا و چاوى به‌م خاكه كراوه‌ته‌وه لهنیشتیمانه، بۆخه‌ڵكى سلێمانى له هه‌ر شوێنێك بێت بۆنموونه: چه‌ژنى سه‌ری ساڵ بكرێ ده‌ڵێ: ئه‌چمه‌وه شار چونكه له‌وێ له‌دایك بووه و چاوى به‌دونیا هه‌ڵهێناوه، ئینجا له هه‌ر جێیه‌ك بێت ئه‌مه وه‌ڵامه‌كه‌یه، ئه‌گه‌ر له به‌غداش بێت كه پایته‌ختی عێڕاقه و ڕووبه‌ره‌كه‌ی و دانیشتووانى له سلێمانى زیاترن و شارستانیترن و ئاوه‌دانتره وه‌كو ڕێگا و بان و بازاڕ و ژماره‌ى میلله‌تى جیاجیاكانى كه تێیدا ده‌ژین.
دڵسۆزی بۆ نیشتمان
په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان تاكه‌كان له‌هه‌ر ده‌وڵه‌تێكدا له جیهان له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌هاكانى مرۆڤایه‌تییه كه له‌نێو گشت تاكه‌كان و خه‌ڵكه‌كان و نه‌ته‌وه‌كان و میلله‌ته‌كان چه‌ندە وه‌كو( پاكى، ڕاستگۆیی، دڵسۆزى، ڕێزگرتن، داوێن پاكى… خولاسه كرده‌وه‌ى باش) بۆیه دڵسۆزى یه‌كه‌م بۆ به‌هاكانى مرۆڤایه‌تی بێت بریتییه لهئاینهكهمان، پێچه‌وانه‌ى ئه‌مه‌ش ئه‌بێ نه‌فره‌ت له هه‌موو كار‌و كرده‌وه‌كانى وه‌كو (دزى، سته‌م، داوێن پیسی، هتد) بكه‌ین، لێرەدا یاسا ئه‌بێ سه‌روه‌ر بێ، ئه‌گینا سه‌قامگیری نابێت.
به‌پله‌ى دووه‌م ئه‌بێ دڵسۆزى بۆ نیشتیمان بێ، چونكه زۆربه‌ى كێشه‌كان له هه‌موو ده‌وڵه‌تانى دونیا بەهۆی ئه‌وه‌یه كه تاكه‌كان دڵسۆزییان بۆ شته‌كانى كە پله‌یان نزمترە، بۆ دڵسۆزى بۆ نیشتیمانه، وه‌كو خێڵه‌كه‌ى و نه‌ته‌وه‌یی و میلله‌تى، ئایا به‌بیر ته‌سكى ئایینى (مه‌به‌ست له ئاینه ڕوالهتهییهكهیه وه‌كو نوێژ‌و ڕۆژو و حه‌ج )كه ئه‌مانه تایبه‌تن به په‌یوه‌ندیى نێوان تاك و خودا) و ئه‌مه ئه‌بنە هۆی لێكترازانى خه‌ڵكه‌كه، هه‌ركه‌س بۆچوونى دڵسۆزى خۆی پێ باشتره له‌وى تر، ئینجا لێرەدا به‌رژه‌وه‌ندى جیاواز دروست ئه‌بێت و به‌ره به‌ره په‌ره ده‌سێنێت هه‌تا ده‌بێته شه‌ڕ و ئاژاوه و تێكدانى نێوان دوو خێڵ یان دوو میلله‌ت یان دوو ئوممه‌ت.
بۆیه به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌موو لایه‌ك ئه‌وه‌یه كه گشتی له‌ژێر چه‌ترى دڵسۆزى بۆ وڵات كۆببنه‌وه، ئه‌م دڵسۆزییه بە هیچ جۆرێك نابێتە كۆسپ له‌به‌رده‌م دڵسۆزى خێزان، خێڵ و نه‌ته‌وه.
بۆ نموونه ئەگەر ته‌مه‌شای ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا بكەین، له كۆمه‌ڵگایه‌كى هه‌مه‌چه‌شنی خێزان، نه‌ته‌وه، و ئاینى جیاواز پێكهاتووە، به‌ڵام سه‌روه‌رى یاسا و یه‌كبوونى ده‌سه‌ڵات واى كردووه هه‌موویان دڵسۆزییان بۆ ئه‌م ووڵاته هه‌بێت، و ئه‌مه‌ش بۆته هۆی پێشكه‌وتوویى و سه‌قامگیری و خۆشگوزه‌رانى هاووڵاتییان.
هیوادارم شیكردنهوهكهتان به‌دڵ بێت و سوودمه‌ند بێت تا ژماره‌یه‌كى تر خواتان له‌گه‌ڵ.

