ناوەوە و دەرەوەی زمان

د. مستەفا زەنگنە

د. مستەفا زەنگنە

بۆ ناولێنانی شتێك، یان دروستكردنی شتێك، دیارە لەلای زانایانی زمان دوو بۆچوون هەیە، راستە هەردوو بۆچوون لە كۆتاییدا بۆ یەك ئامانجن، بەڵام لە دووی ئاراستەكردنەوە بە دوو ئاراستەی جیاوازدا دەڕۆن.

بۆ نموونە دەڵێن: ئایا كە مرۆڤ كورسییەك دروست بكات سەرەتا لە ناوەوەی ئاوزەوە وێنەكەی دەكێشێت و دواتر كەرەستەكانی بۆ دابین دەكات و دواتریش دروستی دەكات، یان ئەوەتا مرۆڤ لە دەورووبەردا كەرەستە دەبینێ و ئیدی لە ئاوازەیدا فۆرم وەردەگرێ و دەتوانێ كورسییەكە دروست بكات؟ بۆ ئەم روونكردنەوە هەردوو بۆچوونە جیاوازەكە وایان كردووە زۆربەی مرۆڤەكانیش بەسەر دوو بۆچوونی جیاوازدا دابەش بكرێن كە:-

  • ئایدیالیستەكان: ئەوانەی سەر بەم قوتابخانەیە و سەر بەم فەلسەفەیەن، زیاتر ئەوانەن بیری ئاینییان هەیە و هەموو شتەكان بۆ خودای تاك و تەنها دەگەڕێننەوە و توانای زمانیش بە بەخشندەی خودا دادەنێن، تەنانەت دیموكرەتس و ئەفڵاتۆنیش دەكەونە ناو ئەم بۆچوونەوە. بەو پێیەی هەردووكیان دەگەڕێنەوە بۆ 4-5 سەدەی پێش زایین و پێناسەی زمان بەو جۆرەی دەكەن كە “زمان بەخشندەی خودایە” ئا لەم سۆنگەیەوە زمان جۆرێكە لە پیرۆزییەكان و بە هیچ شێوەیەك نابێ سووكایەتی بە زمان بكرێت.

خاوەنانی ئەم بۆچوونە بۆ ئەوە دەچن كە تەنانەت كەرەستە بەرجەستەكانیش خودا دروستی كردوون، بۆیە سەرەتا بیرۆكە و فۆڕمەكان لەناو بیردا پەیدا دەبن و ئەوجا روو دەكەنە جیهانی دەرەوەی بیر و دەورووبەر. كەواتە بەپێی بۆچوونی ئایدیالیستەكان سەرەتا لەناو ئاوەزەی مرۆڤدا بیرۆكەی كورسی و فۆرمی كورسی و بەكارهێنانەكانی دروست دەبن و بە ئاراستەی دروستكردن و سوود لێوەرگرتن لە دەرەوەی بیردا بەرجەستە دەكرێن. كەواتە ئایدیالیستەكان بیر دەخەنە پێش بەرجەستەكان.

  • مەتریالیستەكان: ئەو زانایانەی سەر بە ئەم فەلسەفەیە و بۆچوونەن پێیان وایە كە بیری مرۆڤ لاپەڕەیەكی سپییە و ئەوە بەرجەستەكانی دەورووبەرن كە ئاراستەكانیان لە رێگای بینین و دەس لێدان و هەستەكانی ترەوە، مرۆڤ دەورووژێنن و بیری دەخاتە كار بۆ ئەوەی ناویان لێ بنێ و بە مەبەستی جیاكردنەوەشیان بۆ مەبەستی جیا جیا بەكاریان بێنێ. كەواتە مەتریالیستەكان ئیمانیان بە بەرجەستە هەیە، پێیان وایە ئەو بەرجەستانە دەورووبەر بە رێگای هەستەكان ئاراستەكانیان لە دەرەوەی مرۆڤەوە بۆ ناو بیر و ئاوەزەی تاكەكانە، كەواتە ئاراستەكە لە دەرەوە بۆ ناوەوەیە. ئا لەەم خاڵەوە دوو بیری جیاواز و دوو ئایدیا و فەلسەفەی جیاواز دروست دەبێت و ئاین پەرستان ئەم لێكدانەوەیە بۆ جۆرێك لە گوناهــ لە قەڵەم دەدەن بەو پێیە بەرجەستە (مادە) دەخاتە پێش هەموو شتێك و لێرەشەوە جۆرێك لە ململانێ لە نێوان هەردوو بۆچوونە دژە ئاراستەكاندا سەرهەڵدەدات.

هەردوو بۆچوونەكە لە ململانێیەكی سەختدان و تا ئەمرۆش مرۆڤەكانی بەسەر دوو بیری ناكۆكدا دابەش كردووە. لە كاتێكدا بابەتێكی زمان و بیر و لێكدانەوەیەكی زمانی بۆتە رێگای روونكردنەوە بۆ بابەتێكی فەلسەفی، كە بە بڕوای من ئەو دوو بۆچوونە بەیەك ناگەن.