چۆنێتی بیرکردنەوەت كه‌سایه‌تیت دروست ده‌كات

 

چۆنێتی بیرکردنەوەت كه‌سایه‌تیت دروست ده‌كات

تاکە جیاوازییەک كە یەزدانی مەزن بە مرۆڤی بەخشیوە پێدانی هزرە، و بەهۆی ئەم هزرە جیا ئەبێتەوە لە گیان لەبەرەکانی تر، و بەهۆی ئەمەوە بۆتە سەروەری هەموو بونەوەرێک لە ژیانی جیهاندا، و بەهۆی ئەم هزرە بەرپرسیارە لەو کردەوانەی کە لە ژیانی ئەنجامی دەدات، واتە تاکە بوونەوەره کە لەسەر کردەوەکانی حساب و کتابی لەگەڵ دەکرێت، و ئەگەر باش بێت پاداشتی دەدرێتەوە و ئەگەر خراپ بێت سزای خۆی وه‌رده‌گرێت. هزر به‌نرخترین شته كه یه‌زدان به مرۆڤى به‌خشیوه‌ به راده‌یه‌ك زانایه‌كی گه‌وره‌ ده فه‌رموێ: خوایه ئه‌وه‌ی عه قلت داوه تێ له چیت بێ به‌ش كردووه؟ و ئه‌وه‌ ى له عه قل بێ به‌شت كردووه‌ چیت داوه‌تێ؟

لێرەدا دەبێ ئادەمیزاد بیربکاتەوە چۆن لە ژیانی دونیا ئاسووودە دەبێت و لە قیامەت پاداشت دەکرێت، ئەمەش ئاشکرایە کە لە دونیا و لەولا هیچ شتیك سوودت بۆ نادات تەنها کردەوەکانت نەبێت. و لەلای هەموومان دیارە هەرکەسێک بیەوێ کردەوەیەک ئەنجام بدات پێشه‌كى دەبێ بیری لێبکاتەوە چۆن؟ و کەی؟ و بۆ کێ؟ و بۆچى؟ و…؟ ده‌یكات، چونکە مرۆڤی سەرکەوتوو ئەوەیە کە زۆر بیربکاتەوە بەر لەوەی دەست بە ئیشێك بکات، ئینجا دوای بیرکردنەوەیەكی چاك ئیشەکە بکات بۆ ئەوەی دەرئەنجامی باش وەربگرێت. و لەم بابەتە فەیلەسوفی یۆنانی ئەرستۆ(١) دەلێت: (هەموو گوڵەکانی بەیانی دەرئەنجامی تۆوەکانی ئه‌مڕۆن، و هەموو دەرئه‌نجامەکانی بەیانی دەرئەنجامی بیرکردنەوەکانی ئه‌مڕۆن).

کەواتە بیرکردنەوە شتێکی زۆر گرنگە. بۆیه‌ پێویسته‌ بزانین كه‌وا  بیرکردنەوە دوو جۆرە:

١-بیرکردنەوەی ئەرێنی.

٢-بیرکردنەوەی نەرێنی.

و دیارە کە خاوەنی بیرکردنەوەی ئەرێنی سەرکەوتووە لە ژیاندا، و به‌ پێچەوانەوه‌ خاوەنی بیرکردنەوەی نەرێنی زۆر ئەستەمه لە ژیاندا سەربکەوێت. بیركردنه‌وه‌ی ئه‌رێنى ئه‌وه‌یه كه هه‌رده‌م بیر له‌ وزه‌ی خۆت ده‌كه‌یته‌وه‌ و  چی پێ بكه‌ی و چۆن به‌كارى بهێنی، لاسایى كه‌سایه‌تییه‌ سه‌ركه‌وتوه‌كان بكه‌یه‌وه‌ و پاڵ نه‌ده‌یته‌ كیشه‌كانی سه‌رنه‌كه‌وتوو و‌ بیر له‌ رابردوو نه‌كه‌یته‌وه‌ كه‌ تیایدا نسكۆت هێناوه‌ و‌ هه‌میشه‌ له‌ ژیان گه‌شبین بیت.  و به‌ پێچه‌وه‌انه‌وه‌‌ بیرکردنەوەی نەرێنی  ئەوەیە کە هەموو دەم گلەیی لە ده‌وروبەر و بەخت و حوکمەت و مامۆستا و کۆلێژ و ….هتد ده‌كات، واتا هیچ رۆژێك بیر لە خۆی ناکاتەوە و چۆنیەتی بیرکردنەوەی خۆی ناگۆڕێت و هەموو شت بە چاویلکەیەکی رەش دەبینێت، لێرەدا بۆ ئەوەی زیاتر شتەکە بۆ قوتابیان و خوێنەرانی بەرێز روونبێتەوە، ئه‌م چیرۆکەی خوارەوەتان بۆ دەگێڕمەوە تاوه‌كو زیاتر بابەتەکە لاتان روون بێتەوە.

فەیلەسوفی فەرەنسی فیکتۆر هوگۆ(٢) دەڵی : (ناشێ مرۆڤ  زانست بزانێ ئەگەر نەزانێ چۆن بیربکاتەوە) کەواتە ئەرێنی و نەرێنی کەسایەتی هەر کەسێک دەرئەنجامی چۆنیەتی بیرکردنەوەیەتی، و هەڵبژاردنی کەسایەتی هەر مرۆڤێك لەدەست خۆیەتی بە هەڵبژاردنی جۆری بیرکردنەوەی، بۆنموونە یەك لە قوتابییەکانی فەیلەسوفی سینی (زینۆ) (٣) هەمیشە گلەیی هەبوو لە هەموو شتێك و لەهەموو کاتێك هەتا وای لێهات دۆست و کەس و کاری لێی وەرزبوون لێی دوورکەوتنەوە، رۆژێك هاتە لای مامۆستاکەی زینۆ ووتی: مامۆستا ئەو هەموو خەڵکە رقیان لەمنە و ئیرەییم پێ دەبەن…  فەیلەسوف زینۆ داوای لێکرد كه‌ پێکەوە پیاسەیەك بکەن، کە رۆیشتن گەیشتنە رێگایەکی تاریك و ترسناك ئینجا زینۆ داوای لە قوتابییەکەی کرد کە بەتەنیا بەم رێگا تاریك و ترسناکەدا بڕوات و لەدوای رێگاکە بەیەک ئەگەنەوە…

قوتابییەکه‌ وتى: بۆچی بەم رێگا تاریك و ترسناکەدا برۆم؟ و ئەو ڕێگا روناکە بەجێ بهێلم بۆ ئەوەی بگەم بە مەبەستی خۆم؟

 زینۆ وەڵامی قوتابییەکەی نەدایه‌وە و دووبارە داوای لێکرد کە بەو رێگا تاریکەدا بڕوات و لەولاوە بەیەك دەگەنەوە.

 قوتابییەکە ناچاربوو بە رێگاكه‌د بروات.

 رێگاکە زۆر تاریک بوو، هیچی نەده‌بینى  بەئەملاو ئەولادا دەکەت و دەکەوت و هاواری دەکرد و ده‌کەوتەخوارەوە و دەیقیژاند و ده‌یپرسی، ئایا ئەمه كه‌ی‌ تاقیکردنەوەیە کە مامۆستا دەیکات یان خەڵەفاوە نازانێت چی دەلێ؟ هەتا وای لێهات ئەوەندە بەولاو بەولادا کەوت و کەوتە ناو قوڵتێکی قووڵه‌وە، تەنها بیری بۆ ئەو شتە ترسناکانە ده‌رویشت کە ئه‌گه‌‌ره‌ رووبده‌ن و بەردەبۆوە،  لەناکاو له‌ هۆشخۆی چوو و خەوی لێکەوت…. کاتێک هەڵسا لەخەو هەرلەتاریکیە دووبارە نەیزانی چی بکات لەپڕ رۆناکییەك لێی بەدیارکەوت و دڵی خۆش بوو تۆزە تۆزە رۆناکییەکە نزیک دەبۆوە و لێی پرشنگدارتر دەبوو تا گەیشتە لای و بینی مامۆستایەکەیەتی هاتەلای و یارمەتیدا بۆ دەرچوون لە قۆڵتەکە و لەگەڵی رۆیشت هەتا گەیشتە رۆناکی دەرەوە، لێرە قوتابییەکە لە مامۆستاکەی پرسی: بۆ وات لێکردم ؟

مامۆستاکە وەڵامی نەداوە….. قوتابییەکە بەتوورەیی پرسیارەکەی دووبارە کردەوە، لێره‌ مامۆستاكه‌ لەرۆیشتن وەستا و وتی: چی لەم ئەزموونە فێربووی؟

 قوتابییەکە ووتی: ئەوە فێربووم کە گوێرایەلی کەس نەبم و متمانە بەکەس نەکەم .

زینۆ بەردەوام بوو لە رۆیشتن و هیچ قسەی نەکرد… قوتابییەکە هەستی بەشەرمەزاری کرد و وتی: مامۆستا دەزانم ئەمە وانەیەک بوو بۆ من، وە ئەبێ لێم ببوری چونکە زۆر ماندوو بووم وە ترسام بۆیە داوا ئەکەم کە بمبووری وە ئامۆژگاریم بکەی.

لێرەدا مامۆستاکەی ووتی : لەم ئەزموونە ئەمە فێربووی و ئەمە وانەکەیە، وشەکانی دواییت وایکرد کە وەڵامت بدەمەوە، چونکە بەشیوەیەکی جوان و رێک پرسیارت کرد و زانیت بۆیە من وام لە تۆ کرد کە دەرسێک لەژیان فێربی و ئامانجێکت هەبێت کە سوودی لێوەربگریت، و ڕێگا تاریکەکەی داوام لێکردی پێایدا بڕۆی ئەمە بیرکردنەوە نەرێنییەکانتە و ئەو دیوارە کە سەرت بەریکەوت ئه‌وە بیرکردنەوە نەرینییەکانتە، و ئەو قۆڵتەی کەوتیە ناوی ئەویش دەرئەنجامی بیرکردنەوە نەرێنییەکانتە…. ئینجا لە قوتابیەکەی نزیک بۆوە و وتی: ئەمەیە بیرکردنەوەی نەرێنی کەوا دەکات مرۆڤ رێگای رووناک نابینێ، بەڵکو تەنها بەرێگا تاریکەکاندا ده‌روات کە ناتوانێت لێی دەرچێت، بۆیە هەردەم هەست بەئازار و فەشەل و بزربوون دەکەیت، و لە ژیان هەرشتێکی نەرێنیت بۆ بێت دەرئەنجامی بیرکردنەوە نەرێنییەکانتن، وهه‌ر كاتێك زانیت کەی کۆنترۆڵی بیرکردنەوەکانت بکەی وای لێ دەکەیت لە دوژمنێکی دڕندە ببێتە دۆستێکی سوود بەخش.

 خوێنەری بەرێز، قوتاببیە بەڕیزەکان: ئەم چیرۆکە دووهەزار و چوارسەد و پەنجا ساڵە زیاتر روویداوە، بۆیە بۆتان دەنووسم کە دەبێ بزانن هەموو شتیك دێتە رێگات دەرئەنجامی بیرکردنەوەکانى خۆته‌ و بیرکردنەوەکانت خۆت دروستیان دەکەیت، هیچ کەسێک لەسەر گۆی زەوی ناتوانێت بیانگۆرێت، و کەسایەتیتان دەرئەنجامی ئەو بیرکردنەوەیە. بۆیە داواتان لێ دەکەم دوورکەونەوە لە بیرکردنەوەی نەرێنى کە بریتییە لە بیرکردنەوە لەو کێشانەی لەرابردوو هاتۆتە پێشت و لە داهاتوو بردنەسەری ژیانی ئێستا بە هەستی نەرێنی.

_________________________________________

(١)  لە ساڵی ٣٨٤ پ.ز لەدایک بووە و لە ٣٢٢ پ.ز کۆچی دوایی کردووە، فەیلەسوفێکی یۆنانیە قوتابی ئەفلاتون و مامۆستای گەورەی ئەسکەندەر بووە.

(٢) شاعر وئەدیبی فەرەنسی لەدایک بووی ٢٦/٢/١٨٠٢ و لە ٢٢ ماییسی ١٨٨٥ كۆچی دوایی كردووه‌، لە نوسینە بەناوبانگەکانی (احدب نوتردام).

(٣) زینۆ  فەیلەسوفێکی سینیە لە ٤٩٥ پ.ز لەدایک بووە، لەساڵی ٤٣٠ پ.ز كۆچی دوایی کردووە بە فەیلەسووفی ( paradoxes of motion) ناو دەبرێت.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *