!مادە هۆشبەرەکان، هەڵدێرێکی بێ کۆتــایی

 

د.تۆڵە فەرەج

سەرۆکی بەشی شیکاری نەخۆشیەکان/فاکڵتی زانست

زانکــــۆی نێودەوڵەتیی تیشک

ئالوودەبوون بە مادە هۆشبەرەكان بە یەكێك لە مەترسیدارترین كێشەی سەردەم هەژمار دەكرێت چ لەسەر ئاستی تاكەكەسی یا لەسەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی، لە رووی زانستی و تەندروستییەوە بە نەخۆشییەكی وێرانكەر و كوشندە دادەنرێت بە جۆرێك ئالوودەبوون بە مادە هۆشبەرەكان كە باوترینیان (كۆكاین و هیرۆین) بە دووبارە و چەندبارە بوونەوەی دەبێت و دەست هەڵگرتن و دووبارە شیانەوە و دژ وەستان لە بەكارهێنانی مادە هۆشبەرەكان دەگاتە ئاستێك كە ئەستەم بێت

بە پێی راپۆرتە تەندروستییەكان، لە بەریتانیا بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوە و هاوكاریكردنی كەسانی ئالوودەبوو بە مادە هۆشبەرەكان، چەندان ڕێگە گیراونەتەبەر بە هەماهەنگی بەردەوامی دەزگأ تەندروستییەكان و دەزگاكانی پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان لە ڕێی بنكەكانی نەهێشتن و بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەكان، هەروەها رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و بنكەی تەندروستی تایبەت بە دووبارە شیانەوە و چارەسەری ئالوودەبوون، تەنانەت لە ڕێی ئاگاداركردن و پێوەندیكردن بە هێڵی تایبەتی تەلەفۆن و پێدانی ئامۆژگاری و گفتوگۆكردن لەگەڵ بەكارهێنەرانی مادە هۆشبەرەكان

لە رووی زانستی پزیشكییەوە گرفت و بەربەستەكانی چارەسەركردنی كێشەی ئالوودەبوون بە مادە هۆشبەرەكان لەوەدا دەبێت كە جەستەی مرۆڤ لەگەڵ بەكارهێنانی ئەو جۆرە مادانه، بەشێوەیەكی بەردەوام جەستەی‌ دەگاتە ئاستی تێربوون لەو بڕەی كە پێشتر بەكارهێنەری مادە هۆشبەرەكان وەریدەگرت، بە شێوازێك كە جەستە تەواو دەكەوێتە ژێر كۆنتڕۆڵی مادە هۆشبەرەكان و مێشك گۆڕانكاری بەسەردێت لە ڕووی پێكهاتە و كردارەوە، هەروەها خوێندنەوە و گۆڕینەوەی زانیارییەكان لە مێشكەوە بۆ جەستە و بە پێچەوانەوە‌ دەكەوێتە بارێكی ناتەندروست، هاوكات جەستەی مرۆڤ بە بەردەوامی زانیاری پێدانی بڕی زیاتر لە مادە هۆشبەرەكان ئاراستەی خانەكانی مێشك دەكات و بەجۆرێك دەگاتە ئاستە مەترسیدارەكانی لە پێدانی بڕی مادە هۆشبەرەكان و زیاتربوونی گرفتی تەندروستیی دەروونی و ئەگەرەكانی مردن

بەپێی ئامارەكان، كەسانی تووشبوو بە كێشەی ئالوودەبوون به مادە هۆشبەرەكان لە بەریتانیا بە ٤٤۰ هەزار كەس دەخەمڵێنرێن كە نزیكەی دوو هەزار تووشبوو لە هەر ساڵێكدا گیان لە دەست دەدەن. بە جۆرێك كە بەكارهێنەرانی مادەی هۆشبەری هیرۆین لە تەمەنی ۱٥ ساڵییەوە تۆمار كراوە و زۆرینەی ئەو كەسانەی كە هەوڵی چارەسەركردنیان دەدرێت خاوەن منداڵان، لە كاتێكدا ڕاپۆرتە پزیشكییەكان ئەوە دەردەخەن كە بە ڕێژەی زیاتر لە ۳۰۰ هەزار منداڵ‌ لە ئەنجامی ئالوودەبوونی باوانیانەوە گرفتی تەندروستیی درێژخایەن و جۆراوجۆریان بۆ دروست بووە، وەك دواكەوتنی گەشەكردن و جووڵە و كێشەی كۆمەڵایەتی و دەروونی و بۆماوەیی. بەڵام لە ئەنجامی دوورخستنەوەی باوان لە كێشەی ئالوودەبوون، ئەوا بە ڕێژەیەكی بەرچاو كاریگەری ئەرێنی هەبووە بۆ تەندروستی منداڵ و كەسانی بە توانا و ژیر و سەركەوتوویان لێ بەرهەم هاتووە لە ژینگەیەكی خێزانی دوور لە مادە هۆشبەرەكان

پرسیارە گرنگەكە ئەوەیە كە ئایا چۆن ئالوودەبوون بە “مادە هۆشبەرەكان” چارەسەر دەكرێت و تا چەند سەركەتوو دەبێت؟

دەزگا تەندروستییەكان لە وڵاتانی پێشكەوتوو دڵنیایی ئەوە دەدەن بە كەسانی تووشبوو كە لە ڕێی پرۆگرامەكانی تایبەت بە لەناوبردنی ئالوودەبوون و ڕێنوێنی پزیشكی و ناوەندەكانی دووبارە شیانەوە و هاوكاری كۆمەڵگە دەكرێت بتوانن زاڵ بن بەسەر كێشەی ئالوودەبووندا كە لە كۆتادا جگە لە داڕمانی جەستەیەكی تەندروست بۆ جەستەیەكی تەواو شەكەت و ناتەندروست، هیچ بەرهەمێكی تری لێ ناكەوێتەوە

دەستپێكی پرۆسەی چارەسەركردن لە ڕێی هەوڵدان دەبێت بە ئاشناكردنی كەسی تووشبوو بە لێكەوتە خراپەكانی مادە هۆشبەرەكان لەسەر جەستە و تەندروستی و خێزان و پێوەندی كۆمەڵایەتی و باری ئابووری و دابڕان لە كار و ژیانی رۆژانە و نەخۆشیی دەروونی درێژخایەن. لە هەنگاوی دووەمدا لە ڕێی دیاریكردنی ناوەندی شیانەوە و دووبارە پێدانی جەستەی تەندروست، ئەویش لە ژێر چاودێری پزیشك و پێدانی چارەسەر دەبێت. هاوكات زۆرینەی كەسانی ئالوودە بە مادە هۆشبەرەكان لە هەمان كات ئالوودەی خواردنەوە كهولییەكانن كە وا پەسەند دەكرێت جۆرێك لە چارەسەری هاوبەش بەكار بێت كە كاریگەری لەسەر مادە هۆشبەرەكان و كهوولییەكان هەبێت. بەكارهێنانی چارەسەرەكانی (Detox) بە مانای ڕزگاربوونی جەستە لە مادە ژەهراوییە كەڵەكەبووەكان كە ئەویش نیشانەی جۆراوجۆری جەستەی لەگەڵ دەبێت وەك ئارەقەكردنی زۆر و دڵەڕاوكێ و پەشۆكان و ئازاری توندی ماسولكەكان و ئاوكردنی چاوەكان و لووت بە بەردەوامی و خەوزڕان  ماوەیەكی درێژ، بە جۆرێك نیشانەی شێتی و توندوتیژی و ئازاردانی جەستە و هەڕەشە لەسەر ژیانی كەسەكە دروست دەبێت و لە هەندێك ئاستی مەترسیداری پرۆسەی چارەسەركردن ڕەنگە بە خۆكوشتن كۆتای پێ بێت

بەو شێوازە زۆرینەی كەسانی ئالوودە به مادە هۆشبەرە كوشندەكانی هاوشێوەی ‌كۆكاین و هیرۆین، جارێكی تر ژیانێكی تەندروست و ئاسایییان بۆ فەراهەم دەكرێت و لە ژێر چاودێریی پزیشك و ناوەندەكانی دووبارە شیانەوە دەبن و چارەسەری درێژخایەنیان بۆ دابین دەكرێت

* سەرچاوە

دەزگای تەندروستی بەریتانی NHS و سەنتەری پزیشكی بەریتانی (Rehab)

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *