قەڵەم

 

مێژووی بەدیهاتنی قەڵەم

ئایا لە خۆت پرسیوە ئاخۆچی شتێك لە پێش ئێمەی مرۆڤ دروستکراوە؟تەنانەت بەرلەدروستبوونی زەوی و ئاسمانیش؟

بە پێی ئەو سەرچاوانەی کەخوێندوومەتەوە و بۆیان گەڕاوم، بەهێزترین و روونترین بەڵگەیەك کە دۆزیبێتمەوە لەسەرمێژووی بەدیهاتنی قەڵەم، بریتی بووە لەسەرچاوەکانی ئاینی ئیسلام. سەرچاوەکانیش بریتی بوون لە قورئانی پیرۆز و فەرمودەی پێغەمبەر(د.خ). دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد دەركەوت کە خوای گەورە سەرەتا ئاوی دروستکردووە و دواترعەڕشی خۆی دروستکردووە، لەدوای ئەم دووانە راستەوخۆ قەڵەمی دروستکردووە. (وَهُوَ الَّذِي خَلَق السَّمَاوَاتِ وَالأَرْضَ فِي سِتَّةِ أَيَّامٍ وَكَانَ عَرْشُهُ عَلَى الْمَاء لِيَبْلُوَكُمْ أَيُّكُمْ أَحْسَنُ عَمَلاً وَلَئِن قُلْتَ إِنَّكُم مَّبْعُوثُونَ مِن بَعْدِ الْمَوْتِ لَيَقُولَنَّ الَّذِينَ كَفَرُواْ إِنْ هَذَا إِلاَّ سِحْرٌ مُّبِين. هەندێك لە زانایان پێیان وایە کە یەکەمین دروستکراو قەڵەم بووە بە پشت بەستن بەم فەرموودەیە کە ئیمامی ئەحمەد وئەبوداوود و تورمزی گێڕاویانەتەوە، کە پێغەمبەر (د.خ) فەرموویەتی (إن أول ما خلق الله القلم، ثم قال له اكتب، فجرى في تلك الساعة بما هو كائن إلى يوم القيامة)

مێژووی بەدیهاتنی قەلەم لەلایەن مرۆڤەوە

لە توێژینەوەیەكدا کە لەماڵپەری (دریم بۆکس)دا هاتووە ئاماژه بەوە دەکات کە مێژووی بەدیهاتنی قەڵەم لەلایەن مرۆڤەوە میژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆسەردەمی سۆمەرییەکان واتا ٣٥٠٠ پێش زایین. کە لەسەر پارچەدارێك لەسەر قوڕی تەڕ نووسیویانە، دواتر وشك دەکرایەوە. لەدوای ئەوان میسرییەکان دێن وئەوان پەڕەی باڵندەیان بۆ نووسین بەكاردەهێنا

(١) سورەتی هود ئایەتی (٧)

قەڵەم پیرۆزە

یەکێك لەو شتە پیرۆزانەی کە خوای گەورە سوێندی پێخواردووە (قەڵەم)ە.( ن وَالْقَلَمِ وَمَا يَسْطُرُونَ)٢

واتە سوێند بەقەڵەم و ئەوەیشی قەڵەم بەرهەمی دێنێت. ئینجا سورەتێکیش لەقورئاندا هەیە هەربەناوی قەڵەم. کەواتە ئەرکی سەرشانمانە ئێمەش بە پیرۆزییەوە لەقەڵەم بڕوانین و پیرۆز ڕایبگرین. هەموو ئەو شارستانییەتەی کە ئەمڕۆ مرۆڤ پێی گەیشتووە چاکەکەی دەگەڕێتەوە بۆئەو قەڵەمەی کە هەر لەسەرەتای دەست بەکاربوونییەوە تائێستا بەبێ دابڕان، نەوە لەدوای نەوە مێژووی هەمووشتێك و داهاتووی پێش بینیکراومان بۆ پەڕنووس دەکات. بەداخەوە لەم ڕۆژگارەدا نەوەیەك پەروەردە بووە (هەندێكیان نەك هەموویان) کە بەهای قەڵەم لەبەرچاوناگرێت، بەسووکی لەقەڵەم دەڕوانێت. مایەی نیگەرانییە کە زۆربەی فێرخوازان لە ناوەندەکانی خوێندن وفێربووندا بێ قەڵەمن. ئەوانەشی کە هەڵیدەگرن زۆربەیان وەكو پێویست ڕێزی لێناگرن. لەکوێدا کاریان پێ تەواوبوو، لەوێدا بەبێ نازی جێیدەهێڵن

(٢)  سورەتی (القلم) ئایەتی ١

بەهای قەڵەم چەندە؟

نیگەرانم بۆجۆرێك لە مرۆڤی ئەم سەردەمە کاتێك بەهای شتێك دیاریدەکات بەهاکەی دەبەستێتەوە بەپارەوە. واتا ئەگەر شتێك بەپارە نرخەکەی هەرزان بێت ئەوا بەهای کەمە و زۆر گرنگی بە پاراستنی نادات، بەڵام ئەگەرشتێك بەهاکەی بەپارە گران بێت ئەوا بێ دوودڵی بەهاکەشی زۆرە و بەپەرۆشەوە دەیپارێزێت. بێئاگا لەوەی کەخوای گەورە زۆربەی شتە گران بەهاکانی بەبێ بەرامبەر بە ئێمەی بەخشیوە

قەڵەمێك چونکە نرخەکەی کەمە و بەئاسانی بەدەست دێت، زۆربەی فێرخوازان لەدوای تەواوبوونی وانەکانیان یاخود لە رۆژانی تاقیکردنەوەکان قەڵەمەکانیان لەشوێنی خۆیان جێدەهێڵن، بەڵام ئەگەر کاتژمێرێکی ئەپڵ ون بکات دونیا هەڵدەستێ وئەو دانانیشێت ئۆقرەی نامێنێت تا نەیدۆزێتەوە

قەڵەم وەك پێناسی کەسایەتی

مامۆستای ئازیز، نووسەری بەڕێز، ڕۆشنبیر و ڕووناکبیری کۆمەڵگا، فێرخوازی خۆشەویست و هەموو ئەوانەی کە توانای نووسین و خوێندنەوەتان هەیە، بەتێڕوانینی خۆم ناكرێ هەڵگری قەڵەم نەبین، چونکە پێویستیەکی ڕۆژانەیە و شەرمە کە پێویستت پێی بوو لەلات نەبێت و لەکەسانی تر داوای بکەیت. خوێنەری بەڕێز من پێموایە کە هەڵگرتنی قەڵەم بە بەردەوامی یەکێکە لەتایبەتمەندییەکان کە تۆ لەکەسانی تر جیادەکاتەوە، بە پێچەوانەشەوە هەڵنەگرتنی بەمانای لەدەستدانی ئەوتایبەتمەندییە دێت. زۆر بە گرینگی دەزانم هەموومان کار لەسەر ئەوە بکەین کە بەهای قەڵەم لەچاوی تاکەکاندا بەرزبکەینەوە و بە پیرۆزییەوە لێی بڕوانین. بالەخۆمانەوە دەست پێبکەین، بە بەردەوامی هەڵگری قەڵەم بین و پاشان کەسانی چواردەورمان هان بدەین کەهیچ کات بێ قەڵەم نەبن. کاتێك دیاری دەبەخشین بە ئازیزانمان با قەڵەم یەکێك بێت لەهەڵبژاردە لەپێشینەکانمان. بۆیە دەربارەی قەڵەم وتراوە

هۆخامەکەم

هۆپێنووسی پەیامەکەم

بەتەنها ئەو ڕێزەت درا

کەوا ببیت بەیەکەمین دروستکراو

کە لەجیهانی ماددەدا بەدیهێنرا

پاشان داهاتووی نەزانراو

تاڕەس تاخێس بەنووکی پاکی تۆ نووسرا

تۆ بۆ منداڵ بوکە شوشەیت

لەدەست چەکدار چەکی وشەیت

بۆخزمەتی عیلم وئەدەب

هەرتۆ نووسەری بوێری

خوێنت دەکەی بەمەرەکەب

لەسەنگەری بەرگریدا

کاتێ

کەدەنەخشێنی دێڕ

کاریگەری

هێندەی چەکی دەست شۆڕشگێڕ

بۆسەندنەوەی مافی خوراو

خوێنت دەڕژیتە سەرپەڕاو

بۆیە من بڕیارم وایە

 لەگەڵ ئەوانەی هاوڕێمدا

گیرفانی سەرپەڕەی دڵم

کە لەمرۆڤدا بەرزترین جێگایە

هەتا ماوم دەتنەخشێنم بەیەخەمدا

سەرچاوەی هۆنراوەكە نەزانراوە

گران سیروان

توێژەری یاریدەر- کۆلێژی کارگێری وئابووری

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *