” پڕۆژەی دەروازەی بابل بۆ سەدەی ٢١ “

سارا رەباتی

دەرچووی بەشی تەكنەلۆژیای زانیارییەكان (ئای تی)

زانكۆی نێودەوڵەتی تیشك / سلێمانی

بابل یەکێکە لە کۆنترین شارەکانی جیهان, مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٢٣٠٠ ساڵ پێش زاین, واتا تەمەنی دەگاتە نزیکەی ٤٣٢٠ ساڵ. شاری بابل دەکەوێتە سەر رووباری فوڕات, ٣٥ کیلۆمەتر لە باشوری بەغداد و ٨ کیلۆمەتر لە باکووری حیللەوە دوورە

بابل بە جێگای هەندێک لە گرنگترین پاشاکانی جیهان دادەنریت وەک (حامورابی و نەبوخەزنەسر ). هەروەها شوێنەواری (باخچە هەڵواسراوەکانی بابل) ە کە بە یەکێک لە حەوت سەیر و سەمەرەکانی جیهان دادەنرێت

گرنگی ئەم پڕۆژەیە بۆ شاری بابل

بابل ماوەی چەندەها ساڵە لەلایەن بەرپرسان و خەڵکەوە پشتگوێ خراوە ، بەردەوام ئاسەوارە مێژوویەکانی بە هۆی گرنگی پێنەدانەوە بەرەو لەناوچوون دەچێت، هەروەها کەمتەرخەمی لەلایەنی خزمەتگوزاری و چالاکیی گەشتیاری بۆ شوێنەکان، بۆتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی رێژەی ئەو گەشتیارانەی ساڵانە رووی تێ دەکەن

پشتگوێ خستنی (بابل) ئاماژەیەکە بۆ نەبوونی هۆشیاری لەلایەن خەڵک و بەرپرسانەوە سەبارەت بە ناوچە مێژوویەکان و گرنگیان بۆ دەوڵەمەندی مێژووی میللەت و وڵاتەکە. ئێستا شاری بابل و شوێنەوارە میژوویەکانی لە مەترسی لەناوچوندایە و ئەگەر بێت و بەم جۆرە پشتگوێ بخرێ، ئەوا شاری بابل تەنها ناوی لە کتێبە میژوویەکاندا بوونی دەمێنیت

ئەکرێت کێشە سەرەکییەکانی بابل بژمیرین کە گرنگترینیان بریتییە لە ( کەمی خزمەتگوزاری، کەمی چالاکی گەشتیاری، بەرزی پلەی گەرمی ناوچەکە و نەبونی شوێنێکی تایبەت بۆ حەسانەوەی گەشتیاران، بەکارهێنانی ناوچەکە وەک سەربازگەیەک لەلایەن هێزی سوپای ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا سالی  ٢٠٠٣ کە ئەمەش بووە هۆی زەرەر و زیانیکی زۆر  بۆ بیناکان، نەبوونی خزمەتگوزاری چاککردنەوە (صیانة)، بەکارهینانی ماددەی نوێ و مۆدێرن  بۆ چاکردنەوەی ئەو زیانانەی بەر بیناکان کەوتوون)

ئامانجی سەرەکی لەم پڕۆژەیە پارێزگاریکردنە لە شاری بابل لە لەناوچوون و هێشتنەوەی مێژووە مەزنەکەی و دووبارە گیڕانەوەی گەشتیارانی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق بۆ سەردانیکردن و گەشتکردن بەناو شارەکەدا، ئەمەش لە رێگای زیادکردنی چەندین چالاکی و خزمەتگوزاری بۆ شوێنەکە دەبێت، هەروەها ببێتە هۆکارێک بۆ کۆکردنەوەی داهات بۆ دەوڵەت هەر وەکو هەڕەمەکانی میسر کە ساڵانە ملیۆنان گەشتیاری بیانی رووی تێ دەکەن

بیرۆکەی سەرەکی دیزاینەکە بریتییە لە، دروستکردن و دیزاینکردنی دەروازەیەکی نوێ بۆ (بابل) بۆ دووبارە بانگهێشت کردنەوەی خەڵک بۆ شارە مێژوویەکە و دروستکردنی ڕێگایەکی نوێ بۆ چوونە ناو شاری بابل کە بگەڕێتەوە و ببەسترێتەوە بە ڕێگای سەرەکی شارەکە کە پێش ٤٣٢٠ سال لەلایەن پاشاکانەوە دروستکراوە و بەکارهاتووە، و خاڵی  بە یەکگەیشتنی رێگا کۆنەە و رێگا نوێیەکە مۆزەخانەکە دەبێت، لەوێوە رێگا نوێیەکە کۆتایی پێ دێت و گەشتیاران ڕێگا کۆنەکە دەگرنە بەر بۆ چوونە ناو پاڵاسەکان، و هەروەها فۆرمی پرۆژەکە لە ئەنجامی دووبارە بەکارهێنانەوەی راستەهێڵ و شێوازە جیۆمەترییەکانی پاڵاسەکان دروست بوو  کە لە (٥) کۆرتیارد پیکهاتووە

یەکێک لە ئامڕازە بەناوبانگەکانی (بابل) بریتییە لە دەروازەکانی کە هەر یەکیکیان ناوی تایبەتی خۆی هەیە و گرنگترینیان دەروازەی (عیشتار)ە ، دیزاینی دەروازەیەکی تازە کە ئاماژە دەکات بۆ سەدەی ٢١ بە شێوەیەکی مۆدێرن، سوود لە دیزاینی بینا کۆنەکان وەرگیراوە و مادەی کۆن و نوێ بەکار هێنراوە و هەروەها بە نووسینی (کوینیفۆرم) رازێنراوەتەوە کە لە کۆندا بەکار هێنراوە، دوابەدوای چوونە ژوورەوە لەم دەروازەیە، چەند بەشێکی تایبەت بە خزماتگوزاریی گەشتیاران هەیە، و بە شێوەیەک دیزاین کراوە کە دەلالەت لە سێ کاتی جیاواز دەکات كە گرنگترین کاتەکانن بەسەر شارەکەدا تێپەریووە. پاشان گەشتیاران  بە دوو مۆزەخانەدا تێپەڕ دەبن کە بریتین لە (١- مۆزەخانەی حاموڕابی  ٢- مۆزەخانەی نەبوخەزنەسر). مۆزەخانەی یەکەم درێژییەکەی نزیکەی سەد و پەنجا مەتر دەبێت و بە شێوەی ریتمی مۆسیقا شوێن بۆ پارچەکانی مۆزەخانەکە دانراوە و زیاتر هەستی نهۆمی زەمینی هەیە کە دەلالەت لە شارەکەی حاموڕابی دەکات کە لەم کاتەدا لە ژێر زەویدایە و شارێکی نوێیان لەسەر بونیاد ناوە،  و لە مۆزەخانەی دووەمەوە ڕێگەیەک گەشتیاران دەباتە ناوچە کۆنەكە، دەتوانن هەموو ناوچە کۆنەکان ببینن و پاشان دووبارە دەگەڕێتەوە ناو مۆزەخانەکە، ئەمەش لە پێناو ئەوەی شارە مێژووییەکە ببێتە بەشێک لە مۆزەخانەکە و بە یەکیان ببەستینەوە، و لەو رێگایەدا لە هەنێ شوێندا دیزاینی شوێنی حەوانەوە کراوە بۆ گەشتیاران بە هۆی دوور و درێژی ريگاکە جگە لەوەش لە زۆرێک لە شوێنەکان دیزاینی تایبەتی کراوە بۆ دروستکردنی سێبەر بۆ گەشتیاران بەهۆی بەرزی پلەی گەرمی ناوچەکە

پاش کۆتایی هاتنی پاڵاسەکان، پردێکی بچووک گەشتیاران دەبات بەرەو بینا داڕووخاوەکان، ئامانج لەم پردە هەم رێ نیشاندەر بێت بۆ گەشتیاران و هەم پارێزگاری بکات لە پاشماوەی بیناکان بۆ ئەوەی گەشتیاران نەتوانن پێی بگەن، چونکە لەلایەن یونیسکۆوە قەدەغە کراوە گەشتیاران بەسەریا بڕۆن یاخود دەستیان پێی بگات

کۆتایی ئەم پردە دەگەڕێتەوە بۆ ناو مۆزەخانەکە و بە درێژایی پردەکەش شوێنی حەسانەوە هەیە، هەروەها لە بەشێکی زۆری سێبەری بۆ دروست کراوە و ئەو وێنانەی کە گەشتیار جەستەی بەری دەکەوێت لە تەختە دروست کراوە بۆ ئەوەی گەرم نەبێت. زۆربەی رووکاری دەرەوەی بیناکانیش بە نوسینی (کوینیفۆرم) دیزاین کراون بۆ ئەوەی رەسەنایەتی شوێنەکەیان پێوە دیار بێت و لە زۆرێک لە لاکانی بیناکە رای بەکار هێنراوە بۆ ئەوەی بە سایتەکەی ببەستەتەوە و هەست بکرێت بەشێکە لە ئەرزەکە و زۆر جیاواز نەبێت لە دەورووبەرەکەی

پاش گەڕانەوە بۆ ناو مۆزەخاناکە و تەواوبوونی مۆزەخانەکە، گەشتیاران بە هەمان رێگادا ناگەڕێنەوە، بەڵکو بە رێگایەکی جیاواز دەگەڕێنەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی بێزار نەبن و بە رێگایەکی دووبارە بڕۆنەوە

 هەروەها پرۆژەکە پێکدێت لە چەند بەشێك  كە وەکو شانۆ بۆ فیستیڤاڵی ساڵانەی (بابل) بەکاردێت کە دەکاتە سەری ساڵی بابلی. پرۆژەکە پێک دێت لە شوێنی پێشانگای کراوە و داخراو بۆ زیادکردنی چالاکی لە شوێنەکە، لەگەڵ بوونی چەند دوکانێکی بچووک و هەروەها بوونی چەند رێستورانتێک بۆ زیاتر خزمەتکردنی گەشتیاران

لە دیزاینی پرۆژەکەدا رەچاوی خاڵەکانی یونیسکۆ کراوە کە لە سالی 2018 دانرا، ئەمەش دوای چوونە ناو شاری بابل وەک یەکێک لە شارە هەرە کۆنەکانی جیهان، و ئەم خاڵانە دەبێت بۆ هەر پرۆژەیەک کە لەوێ دەکرێت، جێبەجێ بکرێن، کە بریتین لە (بەکار نەهێنانی خشت بۆ رووکاری دەرەوەی بیناکان، نابێت بیناکان لە دوو نهۆم زیاتر بێت، نابێت نهۆمەکان بەرزییەکەیان لە پێنج مەتر زیاتر بێت، هەڵنەکۆڵینی زەوی بە مەبەستی دروستکردنی نهۆمی زەمینی، رێژەی کراوە و سەوزایی دەبێت لە رێژەی بیناکان زیاتر بێت…….)

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *