ئۆکراینا….سەرەتای ساڵێکی ترسناک

 

ژیار یەحیا عەبدولكەریم

قوتابی قۆناغی سێیەم

بەشی ئەندازیاری شارستانی – زانكۆی سەڵاحەدین

سەرەتای ئەم چیرۆکە دەگەرێتەوە بۆ هەشتاکانی سەدەی رابردوو، بەڵام ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ دوای جەنگی جیهانی دووەم كە لەو ماوەیەدا ئەو جەنگە بە تەواوی کۆتایی پێهات، هەموو دەوڵەتەکان هێزی خۆیان بەدەست هێنایەوە و دونیا بوو بە دوو بەشەوە، بەشی سەربازگەی خۆرئاوا كە لە ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، کەنەدا و ئەڵمانیا پێکهات و بەشی سەربازگەی خۆرهەڵاتیش كە لە یەکێتی سۆڤیەت و هاوپەیمانەکانی، كە زۆربەی وڵاتانی ئەورووپای رۆژهەڵاتی تێدابوو، پێكهات. ئاشكرایە لەدوای دروستبوونی ئەو دوو بەشە سەربازگەیە، هاوپەیمانیی ناتۆ کە یەکێکە لە بەهێزترین هاوپەیمانەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەك كە لە دژی وڵاتانی هاوپەیمان بكرێت، دروست بووە، لە بەرامبەردا هاوپەیمانیی وارسۆ بۆ هەمان مەبەست لە نێوان یەکێتی سۆڤیەت و حەوت كۆماری ئیشتیراكیدا لە كاتی جەنگی سارد لە ساڵی 1955 دروست بوو

هەرچەندە ئەو هاوپەیمانییانە لە بنەرەتدا بۆ بەرژەوەندی كەسی (شخصی) دروست بووبوون، بەڵام هاوپەیمانیی سەربازگەی خۆرهەلات لە ساڵی 1991 لە دوای شكانی یەكێتی سۆڤیەت ئەو كاریگەرییەی نەما، چونكە 15 دەوڵەتی جیاوازی لێ دروست بوو کە پێشتر لەژێر ئاڵایەکی سوور کۆبووبوونەوە، یەكێك لەو دەوڵەتانەش ئەو دەوڵەتەیە کە ئێستا هەواڵی گەرمی كەناڵەكان و سۆشیال میدیایە، ئەویش ئۆكراینایە

دوای نەمانی یەكێتی سۆڤییەت، رووسیا لاواز و بێ دەسەڵات دەبێت بەرامبەر بە هاوپەیمانیی ناتۆ، بە تایبەت دوای ئەوەی هەندێک لەو دەوڵەتانەی کە پێشتر لە یەکێتی سۆڤییەت بوون، لە دژی رووسیا چوونە ناو هاوپەیمانیی ناتۆوە، گرنگترینیان ئیستۆنیا، لاتیڤیا و لیتوانیایە، ئەمانە لە رووسیا هەڵگەڕانەوە بوون بە بەشێك لە هاوپەیمانی ناتۆ. لە بەرامبەردا هاوپەیمانیی ناتۆ ئەو هەلەی قۆستەوە بۆ بەهێزکردنی خۆی، بێگومان چوونی ئەو دەوڵەتانەی خۆرهەڵاتی ئەورووپا بۆ ناو ناتۆ، وەكو هەڕەشەیەك بوو بۆ رووسیا، چونكە هەڵکەوتەی شوێنی جوگرافییان دەکەوێتە سەر سنووری رووسیا، هەر بۆیە لە بەرامبەردا رووسیا لەرووی سەربازییەوە دەستیکرد بە بەهێزکردنی سنوورەکەی، بۆ ئەوەی هاوپەیمانی ناتۆ هەوڵی زیاتر نەدات بۆ راكێشانی دەوڵەتانی تر، بەتایبەتی جۆرجیا و ئۆكراینا، چونكە ئەم دوو دەوڵەتەش دەكەونە سەر سنووری رووسیا

لێکترازان و دەسپێكی كێشەكان

 لە ساڵی 2008 جۆرجیا بێدەنگی خۆی شكاند و خواستی خۆی بۆ بەشداریکردن لە   یەکێتی ئەورووپادا دەرخست، ئەمەش ترسێکی بۆ رووسیا دروست کرد و وایکرد کە بە زووترین کات هێزی سەربازی بەرەو جۆرجیا بجوڵێنێ، و توانی لە ماوەی پێنج رۆژدا دوو گرنگترین شوێن لە جۆرجیا داگیر بکات، ئەویش ئەپخازیا و ئۆسیتیای باشوور بوون، ئەم هێرشەی رووسیا جۆرجیای ناچاركرد بچێتەوە ژێر باڵی رووسیا و داواکارییەکانی جێبەجێ بکات. هەڵبەتە ئەم هێرشەی نامەیەك بوو بەوەی كە چیدی رووسیا رێگە نادات یەکێتی ئەورووپا و ناتۆ نزیکی سنوورەكانی ببنەوە. رووسیا تەنها بەمە نەوەستایەوە، بەڵكو لە هەمان ساڵدا چاوی بڕییە سەر بەشی باشووری ئۆكراینا کە دەکەوێتە سەر دەریای  رەش بەناوی کریمیان، هەڵکەوتەی جوگرافی ئەو شوێنە وەكو سەرچاوەیەکی گرنگی ئابووری بۆ رووسیا هەژمار دەكرێت. ساڵی 2014 رووداوەکان روویان لە زیادبوون کرد و خەڵکی ئۆكراینا دەستیان بە خۆپیشاندان و کردەوەی دیکە لە دژی حکومەتی ئۆكراینا کرد، ئەمەش وایکرد سەرۆکی ئەوکاتی ئۆكراینا دەست لەکار بکێشێتەوە و بچێت بۆ مۆسکۆ. داواکاری خۆپیشاندەرانیش ئەوەبوو کە دەبێت ئۆكراینا سەربەخۆ بێت و بە هیچ جۆرێك رووسیا دەست نەخاتە ناو كارووباری وڵاتەكەیانەوە، و هەروەها سەرچاوەکانی کریمیا تەنها بۆ ئۆكراینا بێت و هەموو سەرچاوەكانی غاز کە لە رووسیاوە وەك یارمەتی بۆی دێت، رەت بکاتەوە، لە بەرامبەر ئەو خۆپیشاندان و داواكارییانەی خەڵكی ئۆكراینا، رووسیا هێزی بەرەو كریمیای باشوور بۆ رووبەرووبوونەوەی هێزی سەربازی ئۆكراینا جوڵاند، سەركەوتنی رووسیا لەو شەڕەدا، نامەیەكی تر بوو بۆ وڵاتانی هاوپەیمانیی ناتۆ و یەكێتی ئەورووپا كە ئەوان هەموو قوربانییەك لە پێناو پاراستنی سنووری خۆیان دەدەن

سەرەتای ساڵێکی ترسناک

پاش چەند ساڵێك لە بێدەنگی نێوان هەردوو وڵات، بەتایبەتی بێدەنگی ئەو شارانەی دەكەونە نێوانیان، لە سەرەتای ئەمساڵ 2022 دیسان خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئۆكراینا بۆ چونە ناو یەکێتی ئەورووپا و هاوپەیمانیی ناتۆ دەستی پێکردەوە

بێگومان هاوپەیمانی ناتۆ پێشوازی لەو داواکارییە كرد، ئەوە بوو چەندین هاوکاری سەربازییان پێشکەش بە ئۆكراینا كرد بۆ بەرپەچدانەوەی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆكراینا، بەڵام ئەوە مانای ئەوە ناگەێنێ كە رووسیا ئامادەکاریی بۆ هەر جوڵانەوەیەک کە لە دژی بكرێت، نەكردووە، بۆیە هێزێكی گەورە كە زیاتر لە 130 هەزار سەرباز پێكهاتووە، لە رۆژئاوای رووسیا بە تایبەتی لەسەر سنووری ئۆكراینا جێگیر كرد

بە شێوەیەکی گشتی لەم نێوەندەدا ئەوەی لە رووی ئابوورییەوە تووشی كێشەی گەورەكە دەبێت ئەورووپایە ئەویش بە لەدەستدانی سەرچاوەی غاز، چونکە  نیوەی سەرچاوەی غاز لە رووسیاوە دەگاتە ئەورووپا، پێشبینییەكان دەڵێن، لەوانەیە سەرۆکی رووسیا (ڤلادیمێر پۆتین) وەک وەرەقەیەکی فشار لە دژی ئەورووپا بەکاری بێنێ، چونكە بە بڕینی ئەو سەرچاوەیە، ئەورووپا تووشی كارەساتێكی گەورەی ئابووری دەبێتەوە

رووسیا بەمەش رانەوەستا، بەڵكو لە هەوڵی دروستکردنی پەیوەندییە لەگەڵ وڵاتانی دیکە وەکو تورکیا، بۆ ئەوەی بەهیچ شێوەیەک وڵاتانی ئەورووپا سەرچاوەی غازیان پێنەگات. لەلایەكی دیكەشەوە دروستکردنی هێڵێكی غاز لە رووسیاوە بۆ ئەڵمانیا بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی غاز، هەوڵێكە بۆ راكێشانی ئەڵمانیا بۆ لای خۆی، ئەمە لە كاتێكدا كە هێشتا پەیوەندی نێوان ئەڵمانیا و رووسیا بەشێوەیەکی فەرمی باسی لێوە نەکراوە. هەرچەندە هەڵوێستی ئەڵمانیا بەرامبەر بە پێدانی چەك بە ئۆكراینا پێچەوانەی چەندین وڵاتانی ئەورووپی وەکو فەرەنسا و ئیتاڵیا و هەروەها ئەمریکا و بەریتانیا بوو، چونكە رازی نەبوو چەك پێشكەشی ئۆكراینا بكات، بەڵام ناكرێت ئەو كردارەی ئەڵمانیا بە كارێكی زیرەكانە لە قەڵەم نەدەین، چونكە رازی نەبوو چەك رەوانە بكات، بەڵام  كڵاوی خۆپارێزی رەوانە كرد، ئەوەش ناچێتە چوارچێوەی هاوكاری سەربازی، لێرەدا رووسیای رازی كرد، لەلایەكی دیكەشەوە دڵی ئەو وڵاتانەی رازی كرد كە چەكیان بۆ ئۆكراینا رەوانە كردبوو، بەوەی كە دوور نەبووە لە هاوكاری لەشكری ئۆكراینی

پاش هەموو ئەو گرژی و ئالۆزییانەی نێوان هەردوو وڵات، کۆبونەوەیەک لە ژنێڤ بە بەشداری سەركردەی ئەو دوو وڵاتە بەسترا، لەوێدا ڤلادیمێر پۆتین لیستێک داواکاری پێشکەش بە لایەنەکان دەکات کە ئەگەر ئەم داواکارییانە جێبەجێ نەکەن، ئەوا هێرش دەکاتە سەر ئۆكراینا، داواکاریەکانیش ئەمانەن

– بەهیچ شێوەیەک نابێت ئەو وڵاتانە ببنە ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆ

– هەموو هێزەکانی هاوپەیمانی ناتۆ لە رۆژهەڵاتی ئەورووپا ئەوانەی دەکەونە سەر سنووری رووسیا، دەبێت بکشێنەوە

– رێگە بە رووسیا بدرێت بچێتە ناو دەریای رەش

– ئەمریکا  چەكی ئەتۆمی بۆ پاراستنی ئەورووپا بەکار نەهێنێت

بێگومان هیچ لایەنێکی کۆبوونەوەکە رازی نەبوون لەسەر ئەم داواکارییانە و کۆبوونەوەکەش بێ ئەنجام بوو

بۆیە پێشبینییەكان دەڵێن، ئەگەری شەڕێکی گەورە هەیە كە لە سەرەتای ساڵی 2022دا دروست ببێت

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *