دیدارێكی رۆژنامەوانیی لەگەڵ بەڕێوەبەرێکی گەنج

 سوهەیب سابیر قوتابییەكی كۆلێژی پەرستارییە، بەڕێوەبەری ڕێکخراوێكە بەناوی  The-Ed. ئێمە لەرێی ئەم دیدارە رۆژنامەوانییەوە دەمانەوێت گفتوگۆ لەگەڵ ئەم بەڕێوەبەرە گەنجە سەبارەت بە رێكخراوەكەیان بە گشتی و ئامانجی ئەو رێكخراوە بە تایبەتی، بكەین.

شایان: خۆت بە خوێنەرانی گۆڤاری (شایان) بناسێنە

ناوم (سوهەیب سابیر)ە قوتابی قۆناغی دووی فاکەڵتی پەرستاریم لە زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک.

شایان: سەرەتا دەمەوێت بپرسم، ناوی رێكخراوەكەت The-Ed مانای چییە و چۆن دەخوێنرێتەوە؟

سوهەیب: دەمەوێت لە سەرەتادا باس لە چۆنییەتی خوێندنەوەی بكەم ئینجا ماناكەی. سەبارەت بە چۆنییەتی خوێندنەوەی بە فۆنتی عەرەبی دەبێتە (ذە ئید)، ئەوە بۆ خوێندنەوەی ناوی رێكخراوەكە، و سەبارەت بە مانای ئەو ناوە كورتكراوەی (The Education)ە واتا گەیاندنی زانیاری پەروەردەیی.

شایان: زۆر باشە، كەواتە بە پوختی باسێكی ڕێکخراوی The-Edمان بۆ بکە؟

سوهەیب: رێکخراوەکەمان جەخت لەسەر دەنگ و بیروڕای گەنجانی کۆمەڵگە دەکاتەوە، و ئامانجمان گواستنەوە و نیشاندانی بیروڕای گانجانە بۆ ناو کۆمەڵگە، چونکە باوەڕمان بەو وتەیە هەیە كە دەلێت: بیروڕاکان نرخیان لە بڵاوبوونەوەیاندا دەردەكەوێت.

شایان: لەناو زانكۆدا دەنگۆی پڕۆژەی  (My Green Office ) لە چوارچێوەی رێكخراوەكەتاندا بڵاو بۆتەوە، ئەو پرۆژەیە چییە؟

سوهەیب: ئەم پڕۆژەیە بەهاوکاری ستاف و قوتابیانی بەشی پەرستاری قۆناغی دووەم دامەزرا، ئامانجی کەمکردنەوەی ووزەی دەستکرد و سەوزکردنی ڕووبەری کارکردنە بۆ کەمکردنەوەی گۆڕانی کەش و هەوای ناوچەکەمان.

شایان: لەناو خودی زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشكدا، تا چەند توانیوتانە بیرۆكەكەتان بگەێینن؟

سوهەیب: وەك ئاماژەم پێدا، كاری ئەم پرۆژەیە بە هاوكاری ستاف و قوتابیانی بەشی پەرستارییە، لەناو ئەو بەشەدا توانیومانە كارێكی زۆر بۆ بڵاوكردنەوەی ئەو بیرۆكەیە و سەوزكردنی رووبەرێكی باشی ژوورەكانی بەشەكەمان بكەین، بەڵام سەبارەت بە هەموو فاكەڵتییەكانی زانكۆ، ناڵێم كارێكی زۆرمان كردووە، بەڵام تا رادەیەكی باش دەكرێت بڵێم وەكو وشیارییەكی كێبڕكێیانە لە نێوان بەشەكانی زانكۆدا بڵاو بۆتەوە.

شایان: پەیجی تایبەتان بۆ پرۆژەی (My Green Office) داناوە؟

سوهەیب: نەخیر، ئێمە كارەكانمان لەرێی هاشتاگ (#) بڵاو دەكەینەوە، واتا وێنەی ژوورەكان بە #MYGREENOFFICE و پەیجی ئەو بەشە یان ئەو مامۆستایەی كە ژوورەكەی سەوز كردووە لەگەڵ هاشتاگەكە دادەنێیت، هەموو ئەمانەش وەكو وتم لەپێناو كەمكردنەوەی وزەی دەستكرد و سەوزكردنی رووبەری كاركردنە.

شایان: بێجگە لەو پڕۆژەیە، هیچ پرۆژەیەكی دیكەتان هەیە؟

سوهەیب: پرۆژەیەكی دیكەمان هەیە بەناوی (Ed-Help)، ئەو پڕۆژەیەدا پێنج ڕاوێژکاری دەروونی و یەک ڕاهێنەری بواری دەروونی كار بۆ خزمەتکردنی کێشە دەروونییەکان و ئەندامانی کۆمەڵگە لە ڕێگەی وێبسایتی تایبەت بە (Ed-Help) دەكەن، مەبەستمان لەم پرۆژەیە هاوكاریكردنی ئەو كەسانەی كە باری دەروونیان بەهۆی شاردنەوەی نهێنییەكانیان خراپ بووە، ئێمە وا دەكەین كە بتوانن ئەو قورساییە دەروونییەیان بۆ پسپۆرانمان دەربخەن، بۆ ئەوەی وەكو كەسانی ئاسایی ژیانیان بەرێ بكەن، چونكە زۆر جار رێگرییەكان بۆ سەركەوتنی كەسەكان، خودی دەروونی پڕی كەسەكانە.

شایان: وەكو رێكخراوی The-Ed پەیجی تایبەت بە خۆتان لە ئینستگرامدا هەیە، زانیارییەكانتان زیاتر دەربارەی چییە؟

سوهەیب: لە پەڕەی فەرمی ڕێکخراوەکەمان لە ئینستاگرامدا، ئەوەی زانیاریی گشتی بێت دەربارەی نەخۆشییە باوەکانی ناو کۆمەڵگا، بە زمانی ئینگلیزی بڵاوی دەکەینەوە.

شایان: لە زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك بەردەوام چالاكی و كۆنفرانس و فیستڤاڵی ساڵانە دەگێڕدرێت، تا ئێستا ئێوە هیچ بەشدارییەكتان لەوانەدا هەبووە؟

سوهەیب: بەشداریمان لە پێنجەمین فیستیڤاڵی ساڵانەی زانکۆ بۆ زانست و زمان و کلتوور كردووە، تیایدا پڕۆژەی My Green Office مان پێشکەش کرد و توانیمان پلەی سێیەم لەسەر ئاستی زانکۆكەماندا بەدەست بێنین.

شایان: پلانی داهاتووی The – Ed  چییە؟

سوهەیب: پلانمان دروستکردنی podcast  ە بە هاوکاری فاکەڵتی پەرستاری لە زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک، لو پۆدكاستەدا چەند باباتێکی هەمەجۆر بۆ گوێگران بڵاودەكرێتەوە.

شایان: بەو پێیەی كە ئێوە رێكخراوەكەتان و پرۆژەكانتان زیاتر بۆ برەودانە بە توێژی گەنجان، دوا پەیامتان بۆ گەنجان چییە؟

سوهەیب: دوا پەیامان و داواکاریمان لە گەنجان ئەوەیە کە لە دركاندن و بڵاوكردنەوەی بیروڕاكانیان چاونەترس بن، و بەدوای خەونەکانیاندا بڕۆن و هەنگاو بنێن.

لە كۆتاییدا سوپاسی تۆی گەنج دەكەین بۆ ئەم دەرفەتە، بەو هیوایەین نموونەتان زۆر بێت و بەردەوام بن لە كار و چالاكییەكانتان بۆ هاوكاریكردن و برەودان بە توێژی گەنجان.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *