بەرزراگرتنی ساڵوەگەڕی رۆژنامەگەریی كوردی

شایان: لەژێر ناونیشانی (رۆژنامەگەری… ناسنامەی میللەت) ستافی گۆڤاری (شایان) لە زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك رێورەسمێكی شایستەی بەبۆنەی ساڵوەگەڕی رۆژنامەگەریی كوردی سازكرد.

بە ئامادەبوونی پ.ی. د. ئیدریس هادی ساڵح سەرۆكی دەستەی ئەمیندارانی زانكۆ كە هاوكات خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری (شایان)ە، و پ.د. سوڵتان ئەبوعورابی سەرۆكی زانكۆ و جێگرە بەرێزەكانی و راگر و سەرۆك بەش و مامۆستا و قوتابییان و هەروەها میوانانی دەرەوەی زانكۆ، ساڵوەگەڕی رۆژنامەگەریی كوردی بەرز و پیرۆز راگیرا.

سەرەتا خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری (شایان) پ.ی.د. ئیدریس هادی ساڵح وتەیەكی پێشكێشكر، تێدا وێرای بەرزنرخاندنی بواری رۆژنامەگەریی بو بڵاوكردنەوەی وشیاری و پێشكەوتنی میللەتان، هەروەها دەستخۆشیی لە سەرنووسەر و ستافی گۆڤارەكە كرد كە بەردەوام بۆ خزمەتكردنی بواری رۆژنامەگەریی لەرێی بڵاوكردنەوەی بابەتی بەپێزی مامۆستا و قوتابیان و دەیان كەسایەتی دەرەوەی زانكۆ، بێ وچان كار بۆ گۆڤارەكە دەكەن.

لەلایەن خۆیەوە سەرۆكی زانكۆ پ.د. سوڵتان ئەبوعورابی لە وتەكەیدا پیرۆزباییەكی گەرمی ئاراستەی رۆژنامەنووسان بە گشتی و بەشی راگەیاندنی زانكۆ و بەتایبەتی ستافی گۆڤاری (شایان) كرد.

پاشان سەرنووسەری گۆڤاری (شایان) خاتوو هێرۆ ئیسماعیل وتەیەكی پێشكەشكرد. لە وتەكەیدا بە كورتی باسی لە یەكەم رۆژنامەی كوردی بەناونیشانی (كوردستان) و ئەو رۆڵە گرنگەی میر میقداد مدحەت بەدرخان كرد كە لە تاراوگە بیری بە چاپكردنی رۆنامەیەكی كوردی كردۆتەوە وەكو چەكی رۆشەنبیری بۆ رووبەرووبوونەوەی دوژمنانی كورد بە تێگەیشتن لە ماف و ئازادییەكانیان.

لە هەمان كاتدا سەرنووسەری گۆڤاری (شایان) باسی لە چۆنییەتی دامەزراندنی گۆڤارەكە كرد و مێژووی ئەو پرۆژە رۆژنامەوانییە كە لە ساڵی 2017 لە دیوارنامەیەكی چوار لاپەڕەی (A3)یەوە بۆتە گۆڤارێكی وەرزی زیاتر لە (100) لاپەڕە. بۆ ئەم مەبەستەش رۆڵی سەرۆكایەتی زانكۆی بەرزنرخاند بەوەی گرنگییەكی تەواو بە بواری رۆژنامەگەریی دەدات، و هەروەها لەم سەردەمی جیهانگیرییەدا كە هەموو شتێك بۆتە دیجیتاڵی، سەرۆكایەتیی زانكۆ بڕوای بەوە ماوە كە كاغەز سەنگی خۆی لەدەست نەداوە و دەتوانێت هاوشانی تەكنەلۆژیا رۆڵی خۆی بگێڕێت.

لە كۆتاییدا پیرۆزباییەكی گەرمی ئاراستەی هەموو رۆژنامەنووسان بە تایبەتی ستافی گۆڤارەكە كرد كە لەگەڵ هەموو ئەو ئەرك و ماندووبوونیانەی رۆژانە لە زانكۆدا دەیكێشن، بە جۆشەوە رۆڵی خۆیان بۆ سەركەوتنی گۆڤارەكەش دەگێڕن.

هەر لە رێورەسمەكەدا چەند گۆرانییەكی خۆش بە دەنگی گۆرانیبێژ (      ) لەژێر سەرپەرشتی تیپی میوزیكی زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك پێشكەشكرا.

لە كۆتاییدا خەڵات پێشكەشی خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەر و جێگری سەرۆكی زانكۆ و ستافی گۆڤاری (شایان) كرا و هەروەها بڕوانامەی رێزلێنان پێشكەشی نووسەرانی گۆڤارەكە كرا كە لە 105 نووسەر لە ناوەوە و دەرەوەی زانكۆ پێكهاتبوو. ئەمە جگە لەوەی خەڵاتی رێزلێنان پێشكەشی چەند كەناڵێكی كوردیش كرا.