شایان: لە رێورەسمێكی شایستەدا لە رۆژی ۲۹ی تشرینی یەکەمی ۲۰۲۳ بەشی پەروەردەی فیزیا لە زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک یادی ڕۆژی جیهانی ئەستێرەناسی كردەوە.
رێورەسمەكە بە وتەی بەخێرهاتنی راگری كۆلێژی پەروەردە د. دۆغان ئۆزدەمیر دەستیپێكرد، پاش بەخێرهاتنی ئامادەبووان، ئاماژەی بە گرنگی ئەم رۆژە هەر لە سەرەتای ناسینی ئەستێرەكانەوە تا چوونە ناو بۆشایی ئاسمان كرد. هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە ساڵانە دوو جار یادی ئەو رۆژە دەكرێتەوە، یەكێكیان لە وەرزی بەهار، ئەوی دیكە لە وەرزی پاییز بۆ ئاگایبوون لە یەکێک لە گەورەترین زانستە سروشتییەکان کە لە گەردوونناسیدا هەیە.
هەر لەو رێورەسمەدا بەرێزان مامۆستا ئەژی چەتۆ حەسەن و مامۆستا هەرێم لە رێكخراوی (KRO)ی كۆلێژی زانستی زانكۆی سەڵاحەدین بە ئامێری تەلیسكۆپی جۆراوجۆر و بە چالاکی کرداری و پیشاندانی ئەستێرەناسی، بەشدارییان كرد. هەروەها قوتابی بەتوانا محەمەد عەبدولڕەزاق كە لە قۆناغی سێیەمی بەشی فیزیا لە زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك دەخوێنێت، بە تەلیسكۆپی خۆی بەشداری كرد و تیشكی خستە سەر گرنگی بەكارهێنانی تەلیسكۆپ بۆ چالاکی کرداری گەردوونناسی.
لە رێورەسمەكەدا هەموو ئەو بابەتانەی خوارەوە شرۆڤەكران:
1- گرنگی ئەستێرەناسی
2- ئامرازی کۆن و نوێی ئەستێرەناسی
3- زانا و زانا بەناوبانگەکانی ئەستێرەناسی
4- روانگەی كۆڕەك بۆ ئەستێرەناسی لە چیای كۆڕەك
5- جیاوازییەکانی بۆشایی ئاسمان
وێنەی ئەستێرەناسی ڕۆژ (APOD)6-
جل و بەرگی ئەستێرەناسان 7-
8- هۆڵۆگرافی و گەلەری ستێریۆ لەسەر رووداوە ئەستێرەناسییەکان بە ئامێری VR
9- تەمەنی تۆ لەسەر هەسارەكانی تر لە (کۆمەڵەی خۆر)
10- چالاکییە پەروەردەییەکانی ئەستێرەناسی
11- پرسیار و وەڵام دەربارەی گەردوون
12- كۆکراوەی دکتۆر ئیسماعیل موسا لەسەر کاروباری ئەستێرەناسی (پۆستەر و ئامێرەكان لە بواری نانۆ تەكنۆلۆجی و بۆشاییدا)
13- كورتە ڤیدیۆیەك لەسەر قەبارە و ڕەهەندەکانی گەردوون
14- تاقیکردنەوەی بۆشایی ئاسمان
مێژووی رۆژی جیهانی ئەستێرەناسی
ئەم ڕووداوە لە ساڵی ۱۹۷۳ لەلایەن دۆگ بێرگەر سەرۆکی کۆمەڵەی ئەستێرەناسانی باکووری کالیفۆرنیا دەستی پێکرد. ئامانجی ئەو دامەزراندنی تەلیسکۆپێکی جۆراوجۆر بوو لە شوێنە قەرەباڵغەکانی شارەكان بۆ ئەوەی بۆ هەمووان بە ئاسانی ئەستێرەكانی گەردوون ببینن و چێژ لە دیمەنەکانی ئاسمان وەربگرن و سەرنجی خەڵکی لە ئەستێرەناسیدا بەرز بکەنەوە، بە ڕێگەدان بە دەستگەیشتنی ئاسان بە ئامێرە ئەستێرەناسییەکانی وەکو تەلیسکۆپ.
بواری ئەستێرەناسی بۆ ماوەی هەزاران ساڵە سەرچاوەی گرتووە و گەشەی کردووە بەهۆی پێویستی مرۆڤ بۆ تێگەیشتن لە مێژوو و زانستی زەوی و تێگەیشتن لە هۆکارەکانی رووداوە ئاسمانییەکان. ئەستێرەناسی زانستی هەموو شتێکە لە دەرەوەی بەرگەهەوای زەوی. وشەی ئەستێرەناسی بە واتای “لێکۆڵینەوەی ئەستێرەکان” دێت، كه هەسارۆکەکان، هەسارەکان، مانگ و گەردوون دەگرێتەوە.
شایانی باسە، رێورەسمی رۆژی جیهانی ئەستێرەناسی لەلایەن د. ئیسماعیل مووسا موراد مامۆستا لە بەشی پەروەردەی فیزیا رێكخراوە، و لەلایەن د. پشتیوان ئەكرەم سەرۆكی بەشی پەروەردەی فیزیا سەرپەرشتی كراوە.
![]()
