د. عەدنان عەبدوڵا رەشید
مرۆڤ هه‌ر مرۆڤه، لێره بێت یان له‌وێ، جا ڕه‌نگى سپى بێت یان ڕه‌ش، پێڕەوكاری هه‌ر ئایینێك بێت، لەگەڵ مرۆڤەكانی تر یه‌كسانه له ماف و ئه‌ركدا، یه‌كسانیشن له به‌رامبه‌ر یاسادا. ئه‌مه ده‌بێ هه‌موو كه‌سێك بیزانێت، ئه‌وه‌ى خۆى لێ لابدات، كه‌واته دژى سروشته
ویستم له‌م پێشه‌كییەوە بچمه ناو ئه‌و بابه‌ته فه‌لسه‌فییه ئه‌زه‌لییه، كه ناونیشانه‌كه‌ى (ئێمه و ئه‌وان) یان (ئه‌وان و ئێمه)یه
گوتمان مرۆڤ هه‌ر مرۆڤه، به‌ڵام ئه‌مه ڕێگر نیه له‌به‌رده‌م ئه‌وه‌ى هه‌ر مرۆڤێك له چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌ك له‌وی تر جیاواز بێت، ئه‌مه‌ش ڕاسته بۆ گرووپ و كۆمه‌ڵ و نه‌ته‌وه. جا بگره له‌ڕووى ڕووخسار و ڕه‌فتاره‌وه بێت، یان له‌ڕووى كولتوور و نه‌ته‌وه و ئایین و.. هتد بێت. به‌ڵام له سروشتى مرۆڤایه‌تى، كه دوو قاچ و دوو ده‌ست و یه‌ك لووت و دوو چاو و یه‌ك ده‌م و.. هتدیان هەیە، هه‌موویان وه‌كو یه‌كن
مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكه، هه‌موو كات به لۆجیك بیر ناكاته‌وه، به‌ڵكو زیاتر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان بەسەریدا زاڵن، جا هه‌ر جۆره به‌رژه‌وه‌ندییه‌ك بێت، كۆمه‌ڵایه‌تى یان سیاسى یان حزبى و یاخود نه‌ته‌وایه‌تى. ئه‌مەش وا ده‌كات زۆر جار مرۆڤ پێچ بكاتەوە به‌ره‌و لاى چاكترین له كاتى به‌راوردكردن له‌نێوان دوو لایه‌ندا و به دیدى ئه‌و، چاكترین لایه‌ن (ئێمه)یه. له‌به‌رامبه‌ردا لایه‌نى (ئه‌وان) خراپن. ئه‌مه كولتوورێكه، كه‌م مرۆڤ هه‌یه توانىبێتی خۆى لێ قوتار بكات، مه‌گه‌ر كه‌سه گه‌وره‌كان ئه‌و توانستەیان هه‌بووبێت، ئه‌ویش به‌ده‌گمه‌ن
به‌ڵام ئه‌م خوو گرتنه به (ئێمه)وە، نابێت ببێته مایه‌ى وه‌ستان و چه‌قبه‌ستنمان، به‌ڵكوو ده‌بێ هانده‌رێك بێت بۆ به‌ره‌و پێشچوون. به‌ڵام، زۆرینه‌ى جاران وا نه‌بووه
ئه‌مه‌ش ته‌نیا له چینى نه‌خوێنده‌واردا ڕه‌نگى نه‌داوه‌ته‌وه، بەڵكو سه‌رى كێشاوه بۆ بڕوانامه‌داره‌كانیش كه خاوه‌ن بڕوانامەن له بوارێكى زانستیی دیاریكراودا، خۆى و چینه‌كه‌ى یان توێژەكەی پێ باشتر بێت له كه‌سانى تر‌ى هه‌ڵگرى بڕوانامه له بواره‌كانى تر‌ى زانستیدا
له‌به‌رامبه‌ردا، به هۆى فاكته‌رى مێژوویى و جوگرافى و سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى و ده‌روونى و هى تره‌وه، هه‌ندێ جار واى لێ دێت كه‌سه‌كه خۆى و چینه‌كه‌ی پێ كه‌متر بێت له‌چاو چینه‌كان و نه‌ته‌وه‌كانى تردا، كه ئه‌م جۆره بیركردنه‌وه‌یه مه‌ترسیدارتره له بۆچوونى یه‌كه‌م، كه له‌سه‌ره‌وه باسمان كرد. چونكه ئه‌مه وا ده‌كات ڕێز له خۆت نه‌گرى، ده‌رئه‌نجام: كه‌سێك ڕێز له خۆى نه‌گرێت، چۆن ده‌توانێت ڕێز له به‌رامبه‌ر بگرێت
كه‌واته، ئه‌وه‌ى مه‌ترسییه له‌سه‌ر مرۆڤه‌كان و ناسنامه‌ى نه‌ته‌وایه‌تیان، كه‌سانى نه‌یارى نه‌ته‌وه‌كانى تر نین، به ڕاده‌ى ترسناك وه‌كو ئه‌وه‌ى مرۆڤ خودى خۆى مه‌ترسیى هه‌یه له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كه‌ى خۆى
چونكه، ئه‌گه‌رچى، هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك هه‌ست ده‌كات (له‌وانه‌یه ڕاستیش بێت) كه‌وا فڵانه نه‌ته‌وه نه‌یار و دوژمنى ئه‌وه، له‌وانه‌یه به‌هێزتر بن، چه‌ندین جار سه‌ركه‌وتنى كاتی‌یان به‌ده‌ست هێنابێت له‌به‌رامبه‌ریان، واته (ئه‌وان) به‌رامبه‌ر (ئێمه)، به‌ڵام له ڕاستیدا (ئه‌وان) مه‌ترسیى هه‌میشه‌یى نین له‌سه‌ر (ئێمه)، بەڵكو تاكێكى نه‌زان له (ئێمه)، یان تاكێكى زاناى خۆفرۆش له (ئێمه)، كه‌وا ده‌زانێت ئه‌مه‌ى ده‌یكات دژى میلله‌ت و خه‌ڵكه‌كه‌یەتى، به‌ڵام هه‌ر ده‌یكات، چونكه ڕه‌چاوى به‌رژه‌وه‌ندیى خۆى ده‌كات و زاڵى ده‌كات به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیى گشتیى (ئێمه)، ئه‌وانه مه‌ترسییان زیاتره، چونكه ده‌ستنیشانكردنى دوژمن ئاسانه و ده‌توانى خۆتى لێ بپارێزیت، به‌ڵام ده‌ستنیشانكردنى ئه‌وەی تر ئه‌سته‌مه، چونكه به زمانى خۆت قسه ده‌كات و دراوسێته و له‌گه‌ڵت له بازاڕه، به‌ڵام دڵى له‌گه‌ڵت نیه
له كوتاییدا، (ئه‌وان) و (ئێمه)، هه‌ر ده‌مێنێت تا وجوود مابێت، هه‌ر سه‌رده‌مه و به شێوازێك ده‌رده‌كه‌وێت، له‌وانه‌یه كۆپیى پێشووتر بێت به ڕه‌نگێكى كه‌مێك جیاوازتر، یان دانه‌یه‌كى نوێ بێت، به‌ڵام ئه‌سڵى مه‌سه‌له‌كه هه‌ر ئه‌وه‌یه: ئێمه و ئه‌وان یان ئه‌وان و ئێمه