تێگەیشتن لە جوانی

د. مستەفا زەنگنە

زۆرن ئەوانەی قسەیان لە جوانی و فەلسەفەی جوانی كردووە، بۆ ئەوەی نهێنیی جوانی كە لە شتەكان و دەوروبەردا دەبینرێن بزانین چین و چییە؟… ئەوا
بەپێی بۆچوونەكان جوانی شتێكی رێژەییە و بە هیچ جۆرێك ناكرێ بە شێوەیەكی رەها بێت، ئەمەش وامان پێ دەڵێ كە زۆر ئاساییە شتێك بەلای منەوە جوان بێت، بەڵام بەلای تۆ یان كەسێكی ترەوە جوان نەبێت. ئەمەش وامان لێ دەكات كە بڵێین، ئایا جوانی بوون بەشێكە لە پێكهاتەی شتەكان یان ئەو سیفەت پێ بەخشینە لەلای بینەر یان بیسەری ئەو شتەوەیە؟
كەواتە ئایا جوانی بەشێكە لە پێكهاتەی دروستبوون و لە خۆیدا شتێك هەیە پێی بڵێین جوانی یان ئەوە ئێمەین ئەو شتە وا دەبینین؟
دیارە هەردوو بۆچوونەكە بوونیان هەیە، خەڵكانێك هەن لەگەڵ بۆچوونی یەكەمدان و خەڵكانێكیش هەن لەگەڵ بۆچوونی دووەمدان. كەواتە لە رووی پێكهاتە و بەرێژەكردنی دەستنیشانكردنی جوانی لە شتێكدا رای جیاواز دێتە ئاراوە. كەواتە ئایا ئەم جیاوازییانە لە چییەوە سەرچاوەیان گرتووە؟ ئایا پەیوەستە بە خودی بوونی شتەكە، یان پەیوەستە بەرادەی تێگەیشتنی كەسەكان لە جوانی؟
یان ئەم جیاوازییانە هۆكاری جودایان هەیە؟ ئایا ئەو هۆكارانە خودین؟ ژینگەیین؟ پەروەردەیین؟ جۆری چێژ و تێڕوانینی كەسەكانە سەبارەت بە یەك شت؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە من دەتانبەمەوە بۆ ئاراستەكردنێكی زانستییانە، نەك خۆ خڵافاندن بە وەڵامی فرە رەهەند و بەربڵاوەوە. دیارە ئەو شتانەی ئاوەزە (عەقڵ) هەلیان دەسەنگێنێ، پێوەریان بۆ دادەنێ و بەپێی ئەو پێوەرانە گونجاو و نەگونجاو، باش و خراپ، رێك و نارێك دەستنیشان دەكرێن. كەواتە پێوەر بۆ جوانیی خەمڵاندانی عەقڵ پێوەرەكانن، كە خاوەنی پێوەرەكانیش خودی مرۆڤەكانن، نەك خودی شتەكان. كەواتە لە پێوەری ئاوەزەییدا چۆن یەك بوونی هەیە و لە هەموو جێگا و رێگا و لای هەموو كەسەكان تا رادەیەكی زۆر بوونی ئەو پێوەرانە وا دەكات ئەو شتە گونجاو و باش و جوان بێت. بەرای من هەر یەكە لەمانەش جێی قسەلەسەركردنن.
جا بۆ ئەوەی ئێمە بزانین تێگەیشتن لە جوانی چییە، ئەوا دەخوازێ بڵێین جوانی پێوەری هەیە؟ گەر هەیەتی، ئایا پێوەرەكان لە خۆیدایە یان ئەو پێوەرانەش ئێمە خۆمان بۆ ئەو شتەمان داناوە؟
بۆ گەیشتن بە راستیی وەڵامی ئەم دوو پرسیارە، من دوو نموونە لەسەر یەك شت دەهێنمەوە كە تەنها شێوەكانیان جیاوازن، بۆ نزیككردنەوەی تێگەیشتن نموونەكان روونتر بن باشترە.
دەبا سەیری پێوەری جوانی بكەین، لای خانمێكی ئەفریقایی و جوانی ژنێك لە وڵاتی ئەسكەندەناڤیا. لە وڵاتی ئەفریقای رەش پێشت بەزۆری جوانی لای ئەوان ئەوەیە:
ئەو ژنە چەند پێستی رەش بێت
ئەو ژنە چەندە پێستی لەشی ئەستوور بێت
ئەو ژنە چەندە پرچی بە گرواز و لوول بێت
ئەو ژنە چەندە لووت و كونە لووتی گەورە بێت
ئەو ژنە چەندە لێوەكانی ئەستوور بن
ئەو ژنە چەندە قەڵەو بێت
ئەوا زیادبوونی رێژەی ئەم چەندانە زۆرتربێت، ئەوا ئەو ژنە جوانتر و پەسەندترە.
بەڵام لە وڵاتێكی وەكو ئەسكەندەناڤیادا پێوەری جوانیی خانمان ئەوەیە چەندە ئەو خانمە:
پێستی تەنك بێت
پێستی سپی بێت
پرچی سپی و خاو بێت

لووتی باریك و كورت و بچووك بێت
لێوەكانی تەنك و سوور بن
چەندە باڵای رێك و لاواز بێت
ئەوا ئەو ژنانە بە جوانتر هەژمار دەكرێن.
لە مییانەی خستنە رووی ئەم دوو نموونەیەوە، بۆمان دەردەكەوێت كە پێوەرەكانی جوانی بەپێی كۆمەڵگە و ژینگە دەگۆڕێن. كەواتە ئەوە بۆچوونی خەڵكەكە پێوەر دادەنێت بۆ جوانی، نەك خودی شتەكان، بەڵام ئەوەی لای ئێمە گرنگە خودی بوونی جوانییە لە شتەكاندا، نەك یاری سەرنجی تاك و كۆمەڵگە لەسەر جوانیی لە شتەكاندا. كەواتە ئایا شتەكان بەخۆیان لە خۆیاندا جوانن یان ئێمە بە جوان دەیانبینین؟
بەبۆچوونی من دەستنیشانكردنی جوانی شتێكی عەقڵی نییە، تاوەكو عەقڵی مرۆڤ پێوەریان بۆ دابنێ، چون جوانی ئەو ورووژێنەرە دەرەكییە كە سۆز و هەست و ناخی مرۆڤ دەجووڵێنێ، ئەوجا عەقڵ رادەچەنێ و دەڵێ منیش هەم، ئەگینا عەقڵ قۆناغێك لە جوانی دوورە و راستەوخۆ ناتوانێ جوانی بناسێتەوە، ئەگەر هەست و سۆز و ناخ فەرمانی پێ نەدەن.
كەواتە جوانی مامەڵە لەگەڵ هەستی مرۆڤدا دەكات، دیارە هەست و سۆز و ناخیش بوونێكی مادییان نیە، كەواتە پێوەرێك نیە هەست و سۆز و ناخ بپێوێ. بۆیە كە ئەمانە خۆیان رێژەیی بن، دیارە پێوەر و كاردانەوەكانیشیان بۆ جوانی رێژەیی دەبن. بە واتایەكی تر بە ژمارەی مرۆڤەكان قسە و بۆچوونی جودا سەرهەڵدەدەن. سەبارەت بە دەستنیشانكردنی جوانیی شتێك یان كەسێك، ئەمەش وای كردووە جوانی رێژەیی بێت، چونكە كاردانەوەی هەستی لای مرۆڤ بۆ دەستنیشانكردنی جوانی، پشت بە چەندین رەهەند و لایەنی جودا دەبەستن، لەوانە توانا، كە توانای هەر كەسێكیش لەوی تر جودایە، هەروەها جۆری تێڕوانین، دیارە هەر كەسە و تێڕوانینی جودای هەیە، هەروەها پاڵنەر، دیارە هەر پاڵنەرێك لەوێ كە جیاوازە. ژینگە و پاش خانی تاك و بەرژەوەندی و رادەی رۆشنبیری و دەیان فاكتەری كە هەن و كاریگەرییان لەسەر كاردانەوەكان هەیە، كە سەرجەم وا دەكەن جوانی رێژەیی بێت و بە شێوەی جیاجیا لێی تێبگەین. خۆ گەر وانەیا ئەوكات خودی مرۆڤ دەبوو وەكو گوڵی نایلۆن یەك جۆر و یەك ستایل و یەك شت بوونایە، بۆیە كاتێك كە جوانی رێژەیی دەبێت، ژیان زیاتر بەردەوام دەبێت، و شێوە و رەنگ و بۆنە جیاوازەكان ژیان جوانتر دەكەن و كەس رەت ناكرێتەوە و جۆرە قبوڵكردنێك دێنە ئاراوە كە رەنگە لای تۆ نەبێ بەڵام دەیان كەسی كە هەیە پێیان جوانە.. خۆ ئەگەر جوانی پێوەری هەبایە ئەوا ئەوكات كارەسات رووی دەدا و بەپێی نەبوونی ئەو پێوەرانە ئەوا شتەكە بە ناشرین دادەنرا و رەت دەكرایەوە. بۆ نموونە ئافرەتێك لای تۆ ناشرین بوایە، كەواتە دەبوو لای هەموو پیاوێك و ژنێكیش ناشیرین بوایە و رەت بكرایەتەوە، بەڵام لە راستیدا وا نیە، ئەو ئافرەتە لای دەیان كەس جوانە و شەیداشی دەبن. ئەمەش وای كردووە ژیان جوانتر بێت و هەموو كەسێك جۆرێك لە جوانییان تێدابێ، تەنانەت جوانیی رۆح و ئاكاریش هەمان شتن.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *