پ.ی.د. حسێن بالیسانی
راگری كۆلێژی یاسا
زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك - هەولێر
زۆر جار وا رێککەوتووە کە مرۆڤ چاوی بە شتێک کەوتووە لە گەڵی حەپەساوە و شەیدای بووە، ئینجا هەر شتێک بێت، مرۆڤ، خانوو، ئۆتۆمبێل، جلوبەرگ …هتد، بەڵام دواتر کە لێی نزیک بووبێتەوە یان شتە شاراوەکانی پشتەوەی بەرچاو کەوتبێ، ئینجا لە حەپەسانەکەی پەشیمان بۆتەوە و لە دڵ شەیدابوونەکەی پاشگەز بۆتەوە، بۆیە واباشە ئەگەر شتێک كەوتە دڵەوە، ئەوا یەکسەر بریاری لە سەر نەدرێت تاوەکو پرس بە کەسێکی شارەزا لەم بوارەدا کە ئاگاداری شتە شاراوەکانی پشت روخساریەتی بدرێت، بۆ ئەوەی لە خشتە نەچن و پەشیمان نەبنەوە.، بۆ زیاتر روونکردنەوەی ئەم بابەتە نمونەیەکی زیندوو کە خاوەن روخسارەکە خۆی دان بەم شتەی کە باسمان کرد دەنێ بۆتان دەنوسینەوە، بۆ ئەوەی لە مێشکتاندا بچەسپێت و سوودی لێوەربگرن…
گەنجێکی خەڵکی وڵاتی یەمەن بە ناوی (عومەر عمودی) نامەیەکی ئەوینداری پر لە غەزەلی نارد بۆ بێژەری تەلەفزیۆنی بەناوبانگ (کریستیان بیسری) لوبنانی لە کەناڵی (العربیە -الحدث)، چونکە زۆر هەواداری بوو. ئێوە بڕیار بدەن، کچێکی لوبنانی لە شاشەی تەلفزیۆنیکی نێودەوڵەتیی ئەبێ روخساری چەند ئارایشی بۆ کرابێ و چەند جوان دەرچووبێ بەرامبەر گەنجێکی یەمەنی کە لە ژیانی خۆیدا کچێکی وا جوانی لە یەمەن نەدیوە، بەڵام زۆر بە نا ئومێدی ناردی، چونکە زۆر گومانی هەبوو لەوەی کە کریستیان حیسابی بۆ بکات و وەڵامی بداتەوە. گەنجێکی نەناسراوی داماوی فەقیر لە وڵاتی یەمەن ئەبێ چ بایەخێکی هەبێت لەلای بێژەرێکی زۆر جوان و قەشەنگ لە کەنالێکی زۆر بەربڵاو، بەڵام گەنجەکە دیتی دووەم رۆژ (کریستیان) بە نامەیەکی زۆر درێژتر لە نامەکەی ئەو وەڵامی دایەوە، و لە راستیدا نامەکە لەو پەڕی جوانی و لوتف بوو، و نەرمونیانییەکی زۆری تێدا بوو، بەڵام غەزەل نەبوو، بەڵکو دیارکردنی شتە شاراوەکانی پشت روخسارەکان بوو، چونکە (کریستیان بیسری) ئافرەتێکی زۆر جوانی خەڵکی لوبنانە لە دایکبووی ساڵی ١٩٨٥ بێژەر و رۆژنامەنووسە لە کەناڵی العربية ( الحدث) کە کەناڵێکی نێودەوڵەتیی زۆر بەربڵاوە، خۆی دەرچووی زانکۆی لوبنانییە، دانیشتووی شاری دوبەی ئیماراتی عەرەبییە، کارمەندە لە سێ کەنالی زۆر بەناوبانگی عەرەبی یەکەمیان MTv، دووەمیان العربية و سێیەمیان سکای نیوزی عەرەبی، و ئەوەی زیاتر بەناوبانگی كرد لە ساڵی ٢٠٠٥ دەرچوونی بوو لە کەنالی (تیلی لومیار) بۆ بڵاوکردنەوەی ڕووداوەکانی مردنی ( پاپا یۆحەننا پۆڵسی دووەم) کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا رووداوێكی نێودەوڵەتییە و هەموو وڵاتەکانی جیهان و هەموو دانیشتوانی جیهان بە تایبەتی کریستیانەکان بە شێوەیەکی زۆر بە پەرۆشەوە چاودێری دەکەن. هەروەها لە زۆر کەنالی تر وەکو پەیامنێر کاری کردووە، لە رووسیا، ئۆکرانیا، ئەفغانستان کە لە سەنگەرەکانی پێشەوەی شەر بووە، و لە ١١/١٠ ساڵی ٢٠٢٢ خەڵاتی باشترین پەیامنێری تەلەفزیۆنی لە بەرەکانی جەنگ لە کۆڕبەندی جیهانی کۆمەڵایەتی لە عەممانی پایتەختی شانشینی ئوردن، پێ بەخشراوە، و زیاتر لەوەش ساڵی ٢٠٢٠ وەکو پەیامنێر لە تورکیا بۆ داپۆشینی رووداوەکانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی شارەکانی تورکیا دەست نیشانکرابوو .
ئنجا ئێستا نەك گەنجەکەی وڵاتی یەمەن کە زۆر زەحمەتە لە یەك دوو بازنەی نزیکی کەسوکاری خۆی زیاتر کەس بیناسێ بەرامبەر ئەم کەسایەتییە بەناوبانگەی نێودەوڵەتی و ئافرەتێکی زۆر جوانی لوبنانی، بەڵکو زۆر کەسی تر ئەگەر لە دووتای تەرازوو دابنرێن گەنجەکە وەکو کەمتر لە ژمارە سفری بەرامبەر ژمارەیەکی زۆر گەورە دیار دەکەوێت، بگرە نەک ئەم گەنجە بەڵکو ئەگەر سەرۆکی یەك لە وڵاتەکانی بچووکیش بێت، هەمان شت دەبێت، ئینجا بۆ ئەوەی خوێنەرانی خۆشەویست بزانن راستی و دروستی شتەکانی شاراوە لە پشت شتەکانی لە روخسار دەردەکەون چەند جیاوازییان هەیە، دەقی نامەکەی (کریستیان بیسری) لوبنانی و نامەی (عمر عمودی) یەمەنی پێشکەش دەکەین، بۆ ئەوەی کە روخساری شتێك ئەبینین سەرسام نەبین و زیاتر بە دوای رووداوە شاراوەکانی پشتیان بگەرێین .
نامەی عمر:
(ئایا ئەزانی کە گەنجێکی یەمەنی کە رقی لە سیاسەت و هەواڵەکانییەتی و رقی لە باسکردنی سیاسەتە، بەڵام زۆر بە سەرنج راکێشراوی تەماشای تۆ دەکات، کە بە زەردەخەنەکەت باسی رووداوە ناخۆشەکانی لوبنان دەکەیت کە وڵاتی خۆتە، چ مانایەك دەبەخشێت؟
ئایا دەزانی ئەم گەنجە چەند حەز دەکات کە ئەگەر بۆ یەك جاریش بێت وەکو ئەو زاتانەی کە لە دیمانەیەکی زیندووی تەلەفزیۆنی لەگەڵت دادەنیشن بە قات و قەرەوێتی مل بۆ ئەوەی تەنها پێت رابگەیێنن کە چەند جوان دەردەکەویت و پێت رابگەیێنێت کە سیحرەکەت وا دەکات کە هەواڵی زۆر خراپ، لەلامان خۆشەویست بێت.
و لە شتە پێچەوانەکان کە وادەکات کەڕو لاڵ قسە بکات، باسی چاوە جوانەکانت دەکەم کە بەیەك سات شەڕ و ئاشتی ژیان و مردن دیاری دەکەن.
ئازیزەکەم کریستیان، سیمای شۆخی و پرچە زەردەکەی جەنابت زۆر دلڕفێنە، و رەنگی رەش زۆر لەسەر تۆدا جوانە. و ئەو خاڵەی لەسەر باسکی چەپتە ئەوە ئەسەلمێنێ و هیچ گومانێك ناهێلێ کە زۆر زوڵمە رەنگی رەش بۆ پرسەکانی مردن بەکاردێت، تۆ پێویستت بە بەڵگە و شاهێدی چاودێر و پەیامنێر نیە بۆ سەلماندنی هەموو ئەو شتانەی تۆ لە شاشەی تەلەفزیۆن ئەیلێی کە راست و دروستن.
لە ناکاو لە شاشە دەرچە و هەواڵێکی ناکاو بڵاوبکەوە بڵێ: قودس رزگارکرا! و ئاسایش لە سوودان بەرقەرارە! و سوریا ئاوەدان کراوەتەوە! و شەڕ لە یەمەن راوەستا! باسی سەرۆکی ئەمەریکا بکە و بڵێ دەستی لە کار کیشایەوە! و حکومەتەکانی عەرەبی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا و ئێران پچڕی! و حاکمی خوالێخۆشبووی پێشوومان (عفاش) هەتا ئێستا زیندووە! و سەرۆکی ئێستامان (عبدربە) دووگیانەو لە مانگی حەفتەم دایە! ئەم شتانە بڵێ یەکسەر بڕوات پێ ئەکەین، لەگەڵ تۆ هەموو هەواڵەکان راستن و هەموو کارەساتەکان کە بەسەر لێوەکانتا تێدەپەرێ، جوانن.
لێرەدا نامەی عمر عامودی تەواو بوو، بەڵام ئەمە جێی سەرسورمان نیە، چونکە ئەگەری هەیە هەر گەنجێك لە شاشەی تەلەفزیۆن کریستیان ببینێ و هەمان بۆچوونی هەبێت و هەمان هەست بکات، چونکە وا ئەزانێ کە کریستیان لە ئەو پەڕی خۆشی و سەرفرازیدایە و هیچ کێشەی لە هیچ لایەنێك لە لایەنەکانی ژیان نیە، بەڵام کە تەماشای وەڵامی کریستیان ئەکەیت ئەم ڕامانە پێچەوانەیە.
ئەمەش وەڵامەکەی کریستیان :
عومەر مەرحەبا:
من کریستیانم، نامەکەتم خوێندەوە و جارێکیان زەردەخەنەم بەسەر لێودا هات، و دوو جار خەمناك بووم.
زەردەخەنەم هات وەکو هەر ئافرەتێك کە لە گەنجێک گوێی لە وشەی غەزەل و پیاهەڵچوون بێت، هەتا ئەگەر بشیشاریتەوە، و دوو جار خەمناك بووم، یەکێکیان بۆ تۆ، و دووەمیان بۆ خۆم، چونکە ئەمە لەعنەتی جوانییە کاك عمر، ئەو لەعنەتەی کە گشتمانی کوشتووە، پیاوەکان تووشی عیشق دەکات و ئافرەتەکان تووشی ئیرەیی و رق دەکات، و جوانەکەش تووشی خەمناکی و تەنیایی دەکات، چونکە ئافرەتی جوان هەموویان پیشبرکێی بەدوادا دەکەن، بەڵام هەموویان لە گۆڕەپانی پێشبڕکێ دەمێننەوە و کەس نایگاتێ، و ئەگەر دەستی پێ گەیشت خەمناکی ئەیگرێت لە خەمناکییەکی جوانەکە زیاتر بێت، چونکە ژنێکی خۆشویستووە کە لە دڵی هەموویاندایە هەتا ئەگاتە ئەو پلەی هەست دەکات کە تەنها موڵکی ئەو نیە، بەڵکو موڵکی گشتییانە، جوانەکان کاك عمر ژیانیان لە هەموو کەس ناخۆشترە، دڵی پیاوە سادەکان کە خەیاڵیان لەگەڵیان ئاڵوودە بووە دەشکێنن، و دەوڵەمەندەکان دڵیان دەشکێ، چونکە وەکو شاکارێک (توحفە)ی ناو خانووەکە هەژماریان دەکەن.
ببورە عمر: ئێمەی بێژەر جوان نین، هەتا ئەگەر کەمە جوانییەکیش لە روخسارماندا دیار بێت، چونکە لە ستۆدیۆی تەلەفزیۆن هەمووی فێڵ (خدعة) کردنە، جوانییەکان پڕن لە سیمای دروست کراو و هەڵخەلەتاندنی بە ئەنقەست. یەکێکمان زۆر خەمناك ئەبێ کە برژانگێکی دروستکراومان لە پیڵی چاو ئەکەوێتە خوارەوە زیاتر لە خەمناك بوونمان بەرامبەر بەربوونەوەی قوربانییەکانی شەڕ، و ترسیان لە هەڵە هونەرییەکان زۆر زیاترە لە هەڵەکانی بۆردوومان کردن.
هەڤاڵەکەم ئێمە وەکو بووکەڵەی بەشەری یان وەك ئامێرێکی هونەری میدیایین کە ئەبێ خەبەری خۆش و ناخۆش بە هەمان سیمای رووگەش بخوێنینەوە، هیچ جیاوزییەك نابێ هەبێ لە نێوان بڵاوکردنەوەی هەواڵی کردنەوەی یانەیەکی شەوانە و بڵاوکردنەوەی هەواڵی کەوتنە خوارەوەی دەیان لە مناڵە قووربانییەکانی ئێوە لە شەوێکدا.
ببورە عمر: من هەواڵی تۆم نەپرسی چونکە بە باشی ئاگاداری هەواڵەکانتم، دەزانم ئەحواڵت باش نیە، چونکە تۆ لە وڵاتێكدا دەژیت کە تووشی شەرێکی خۆکوژبووە، چەند دزێکتان هەیە کاك عمر دیار دەکەون لەسەر حیسابی فەقیرەکانتان، بەڵام خۆیان لە ڤێلا هەرە کلاسەکان دەژین، و درۆ و دەلەسەی زۆر دەکەن بە زمان حاڵی چینە چەوساوەکان. قسەکانیان نارێکن، ڕایەکانیان دژ بەیەکن، و زانیارییەکانیان دژی یەکن، رێگەیان داوەتە خۆیان کە لە جیاتی ئێوە قسە دەکەن وەکو تەماعێك بۆ ٢٠٠$ كە پاش هەموو وتارێك یان چاوپێکەوتنێك وەری دەگرن، ئێمە زیاتر لە ئێوە کێشەمان لەگەڵیان هەیە، و زیاتر لە ئێوە لەعنەتیان لێ دەکەین.
بەڵام من پیرۆزبایی دەکەم لەم وڵاتە و بارە ناخۆشەکەی بە هەبوونی تۆ و شاعیرە نقومبووەکانی، و پرسە و سەرەخۆشیتان لێ دەکەم لەم چەنگە باندە دزەی کە وێنەی ئێوەیان شێواند، با وازیان لێ بهێنین، ئەزانم ئێوە بەغیلی بە پیاوەکانمان دەبەن لەبەر جوانی ئێمە، بەڵام ئێمەش بەغیلی بە ئافرەتەکانتان دەبەین کە ئێوەیان هەیە، بەرامبەر بەو هەستە کە پڕە لە ئەوین، بەغیلیان پێ دەبەین بەرامبەر ئەو وشە جوانە و دڵرفێن و راستەقینانەی دەیکەن کە بە دڵی ئافرەتەوە دەنوسێ، بەڵام ئافرەتەکانتان لەمە تیناگەن و بە گرنگ وەریانناگرن، وەکو ئێمە تێدەگەین، ئەشێ خۆ پاراستن تەواو بێت یاخود نازانی ئەشێ دراوسێیەکت لە بەلەکۆن سەر بڵندکات بۆ ئەوەی دڵ و نامەکانت بڕفێنی، ئەمەش هاوپۆلەکەت لە زانکۆ یان فەرمانگە خۆی لە تۆ نزیك بکاتەوە بە تەماعی ئەو خۆشەویستیەی کە لە وشەکانت دەردەکەون، ئەشێ کچە ناسیارەکەت بۆ ئەوەی لە تەنیشتی بڕۆی بە هەنجەتی پرسیارکردن لە دوکانی دیاری فرۆش ئەم فرسەتە بقۆزیتەوە، بەڵام داخم بۆ ئەو گوڵانەیە کە لە پێش چاویان لە دڵتانا دەمرن، داخم بۆ ئەو وشانەیە کە لەسەر زمانتان پیر دەبن بەرامبەر بێ دەنگییان، داخم بۆ دڵە داگیرساوەکانتانە کاتێك دەکوژێتەوە لە خۆشەویستی بەرامبەر کچەکانتان کە زیاتر ئارەزووی مێردکردنیان هەیە لە خۆشەویستی، چونکە گوڵێکی راستگۆ زۆر باشترە لە گەشت کردن لە باخچەکانی ئەندەلوس. کاك عمر دێرێك لە نامەکەی تۆ زۆر لام دڵخۆشکەرترە لە گەشتێك بۆ سان فرانسیسکۆ، یان وەرگرتنی وێنەێك لەگەڵ ترامپ ( ئەو کات سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان بوو ) لە باخچەکەی پێش کۆشکی سپی، چونکە ئەگەر ئەوانەم هەبێت ئیتر وەکو پێویست ناگەرێم لە نێو کیشوەرەکان و وڵاتەکان، بەڵکو ئەسوڕێمەوە لە نێو وشەکان، پیتەکانی نامەکەت، و نووسینی نامەکەت زۆر لام گرنگترە لە ئازادکردنی وڵاتە دەستبەسەرەکان.
لە کۆتاییدا دۆستەکەم رەزیلی مەکە لە ناردنی نامەکانت، چونکە ئەمە تەنها نامە نیە وەکو تۆ گومانی بۆ دەبەی، بەڵکو پلیتێکی بە نرخە کە پێی ئەپەڕمەوە و شارەکان و کەنارەکانی رووبار و دەریاچەکان و دڵم ئەپەرێنێت، و کەسیش ئەم پلیتەمان ناداتێ تەنیا ئێوە نەبن (دەستەی شاعیرەکان).
لێرەدا کۆتایی هات بە هەردوو نامەی عومەری یەمەنی و کریستیانی لوبنانی. و وابزانم نامەکان زۆر روون و ئاشکران و پێویستییان بە کۆمێنتی من و هێچ کەسێک نیە، و من مەبەستم ئەوەیە کە کەستان بە روخسار هەڵنەخەڵەتێ، هەر شتێکی سەرنج راکێشتان دیت بە دوای شتە شارەوەکانی بکەون و بزانن ئەم رووخسارە چی لە دوای پەردەکەیە، و لە راستیدا چۆنە، چونکە زۆر چیرۆکی ترم لەو بابەتە لایە و ئەشێ ئێوەش هەریەك لە خۆی یان لە کەسووکاری زۆر لەم بابەتانەی بیستبێت، کەواتە وانە وەرگرتن لەم رووداوانە و رووداوەکانی مێژوو بەسوودن.
و هەتا ژمارەیەکی تر خواتان لەگەڵ .
