دایك – د. مستەفا زەنگنە

د. مستەفا زەنگنە

د. مستەفا زەنگنە

كۆمەڵایەتی
دایك و باوك، بەردی بناغەی پێكهاتەی خێزان، كوڕ و كچانی دنیاش بەرهەمی خواپێداوی ئەو دوو مرۆڤە میهرەبانەن. نووسینەكەی من لەسەر دایكە، بۆیە را و روونكردنەوە و نموونەكان لە بازنەی دایكدا دەبن، بەو پێیەی كە زانستی كۆمەڵایەتی و زانستی بایەلۆجی و زانستی ئاینیش، گرنگی تەواو بە رۆڵی دایك دەدەن و، بە بەردی بناغەی كۆمەڵگەی تەندروست هەژماری دەكەن، بۆیە لامان سەیر نەبێت كە نەتەوە و زمانی جوداش، دەربڕینی هاوبەشیان هەبێت بەرامبەر بە دایك، یەكێك لەو نموونانە كە لە زمانی جیاجیادا هاتووە دەڵێ:
زمانی عەرەبی: الجنة تحت أقدام الامهات.
زمانی فارسی: بهشت زیر پای مادر است.
زمانی ئینگلیزی: Paradise is under the foot of mother
زمانی كوردی: بەهەشت لەژێر پێی دایكە.
كاتێك ئەم نموونانە دەبینی، وا هەست دەكەیت، كە وەرگێڕدراون، بەڵام لە راستیدا رستەی خۆرسكن كە بەراستی گوزارشت لە گەورەیی و پیرۆزی دایك دەكەن و ئەوە دەسەلمێنن كە دایك لە هەر وڵات و هەر نەتەوەیەك بێت، ئەوا هەر دایكە و، خاوەنی یەك سۆزی دایكایەتین و خاوەنی یەك ئازاری منداڵ بوون و، هەڵگری نۆ مانگ و نۆ رۆژەی كۆرپەلەكەیانن. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێ كە دایك مناڵدانی مرۆڤایەتییە. ئەوە منداڵدانی دایكە دەبێتە یەكەمین نیشتمانی كۆرپەلە و، ئەوا ئامێزی دایكە دەبێتە یەكەمین نیشتمانی مرۆڤی لەدایكبوو، ئەوە دایكە یەكەمین جۆرە شیر، وەكو خۆراكی درێژەدان بە ژیان دەداتە منداڵەكەی، ئەوە دایكە یەكەم جار ماچی سەر و دەست و پەنجەی مناڵەكەی دەكات. خۆشترین خەوی منداڵ ئەو خەوەیە لە باوەشی دایكیدا بێت، یەكەمین كەس كە منداڵەكە خاوێن دەكاتەوە، دایكێتی، هەر ئەویشە جل و بەرگی بۆ هەڵدەبژێرێ و رۆژانە دەیگۆڕێ و لەبەریانی دەكات. ئەوە دایكە نینۆكەكانی دەست و پێی منداڵ دەكات و، لە كاتی ترسدا ئارامی پێ دەبەخشێ، دایك یەكەمین كەسە كە رۆژانە بە پەنجەكانی هەوڵ دەدات بزە بخاتە سەر لێوی مناڵەكەی، یەكەمین كەسە كە مناڵەكەی فێری داشتن و فێری دارەدارە و رۆیشتنی دەكات، دایك یەكەمین كەس، كە مناڵەكەی دەكەوێ، دەست دەداتە بن باڵەكانی و هەڵیدەستێنێتەوە. هەر دایكە دڵۆپ دڵۆپ خەو دەتكێنێتە نێو چاوی منداڵەكەی و شەوانە بە دیارییەوە ئیشك دەگرێ و، دایدەپۆشێ نەبا سەرمای بێتو، لەكاتی نەخۆشیدا چركە بە چركە لەگەڵیدایە و بەجێی ناهێڵێ. دایك یەكەم كەسە لەگریان ژیرت دەكاتەوە و، بە دەستەكانی فرمێسكەكان دەسڕێ.. ئەوە دایكە بۆ یەكەمینجار پێلاوت لەپێ دەكات و دەستت دەگرێ و، تا بەردەرگای قوتابخانە بەڕێت دەكات. ئەوە دایكە رۆژی هەزار جار خۆی بەقوربانی قەد و باڵات دەكات، حەز دەكات چی جوانە مناڵەكەی هەیبێت و چی خۆشە دەرخواردی منداڵەكەی بدات.
ئەوە دایكە، كە دوور بی، بۆت دەگری و، كە دێیتەوە لە خۆشییا بۆت دەگری. تاكە كەسێك تۆی لە خۆی خۆشتر بوێ ئەوە دایكتە، تاكە كەسێك بیەوێ مەرگی پێشت كەوێ ئەوا هەر دایكتە. بۆیە دایكی هەر یەكێك لە ئێمە، ئەم هەموو ئازارانەی بۆ كێشاوین، ئەم هەموو ماندووبوونەی بۆ كردووین، ئەم هەموو خۆشەویستییەی پێ بەخشیوین. بۆیە دایك چرای ماڵە، بەبێ ئەو ماڵێكی بێ چرا و بێ تام و بۆ و بێگوڵ دەبینی. ئەمانەش وامان لێ دەكات ك رێز لە دایكمان بگرین، لە پیریدا ئاگامان لێی بێت، دڵی نەشكێنین، گوێی لێ بگرین، رێزی لێ بگرین، لە بێتاقەتی ئەو وەڕس نەبین. لە گوێ گرانی ئەو بێزار نەبین، لە سەرزەنشت و حەزەكانی داد و بێداد نەكەین، چونكە گەر وا نەكەین، ئەوا دایكمان لەدەس دەدەین، كە لە دەستیشمان دا ئێدی بە دلشكاوی ئەڕوات و هەتا هەتایە نایەتەوە، ئەوكاتیش پەشیمانی دادی كەس نادات.