د. حسێن بالیسانی
راگری فاكەڵتی یاسا
زانكۆی نێوده‌وڵه‌تیی تیشك - هەولێر
جارێكیان لەگەڵ گروپێكی ئاست به‌رز دانیشتبووم، یەکێکیان وتی من توركمانم، ئه‌وی تریان وتی من عه‌ره‌بم، سێیه‌میان وتی من لە فڵانە حیزبم چواره‌میان وتی من له حیزبه‌كه‌ی ترم، منیش وتم هه‌مه‌جۆری نه‌ته‌وە شتێكی ئاساییه، چونكه خودا فه‌رموویەتی: (یا أیها الناس انا خلقناكم من ذكر و انثى وجعلناكم شعوبا وقبائل لتعارفوا ان اكرمكم عند الله اتقاكم) هه‌روه‌ها جۆریه‌تی حیزب و گڕوپیش، بەڵام گرنگ ئه‌وه‌یه بۆ ره‌گه‌زه‌كه‌ت یان بۆ حیزبه‌كه‌ت ده‌مارگیر نه‌بیت، چونكه گومان له‌وەدا نیه كه ده‌مارگیری بیروباوه‌ڕێكی مایه پووچ و نا ته‌ندروسته، چونكه مرۆڤی ده‌مارگیر هه‌رچی راستییه‌كان و شته باشه‌كانی كە هه‌یه بۆ خۆی قۆرخ ده‌كات و واده‌زانێت كه ئه‌و راستە و ئەو شتانه‌ی لای ئه‌و هه‌یه لای كه‌سی تر نیه، بۆیه خاوه‌ن ئه‌م رهوشتانە هه‌میشه یان هه‌ڵه ده‌كه‌ن یان تێگه‌یشتنیان بۆ ته‌واوی شته‌كان هه‌ڵه‌یه. لێره‌دا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه ده‌مارگیری زیاد له سنوور په‌رۆشی تیدایه و ته‌نیا ئه‌وه‌ی خودی خۆی ده‌یڵێت پێی راسته یان ته‌نیا ئه‌و بیروباوه‌ڕه‌ی پێ راسته كه شوێنی كه‌وتووه، بۆیه ته‌ماشا ده‌كه‌ین له هه‌ردوو لا تێده‌كه‌وێ:
یەکەم: كه هه‌ڵوێستێكی دیاریكراو له‌سه‌ر كه‌سانی دیكه وه‌رده‌گرێت، یان كاتێ دهمارگیرییهكهی لێ توند ده‌كات، هه‌رچی كاره چاكه‌كانه بۆ لای خۆی ده‌گه‌رێنێته‌وه.
دووەم: هه‌رچی باشیی خه‌ڵكانی ترە، به هه‌ند هه‌ڵناگرێ و نكۆڵییان لێده‌كات و هێریشیان ده‌كاته سه‌ر، بۆیە له كاتی ده‌مارگیریدا مرۆڤ ناتوانێ ڕێنوێنی خۆی بدات، و جیاكارییه‌كانی خۆی نادۆزێته‌وه، ته‌نیا له كاتێكدا نه‌بێت كه نكۆڵی له جیاكارییه‌كانی به‌رامبه‌ر ده‌كات، ئه‌مه ئه‌و جیاوازییەی نێوان ده‌مارگیری و نه‌فس به‌رزیمان بۆ دەردەخات هه‌یه، واتا هه‌ستی ڕەوا ئه‌وه‌یه ئه‌و كه‌سه‌ی په‌لامار ده‌دات له‌سه‌ر نه‌مانی كه‌سانی تر هه‌رگیز خۆی له‌سه‌ر شكۆداریدا بونیات نانێ، بۆیه هه‌ندێ جار دان به‌چاكه‌ی ئه‌واندا ده‌نێ، به‌ڵام هه‌میشه جه‌خت له‌سه‌ر چاكه‌كانی خۆی ده‌كاته‌وه، كه‌چی ته‌ماشا ده‌كه‌ین له ده‌مارگیریدا كاتێ جه‌خت له‌سه‌ر كاره‌كانی ده‌كاته‌وه كه بهارمبهری به‌ره‌و رووخاندن یان نه‌مان دەبات، و لای ئه‌و، ئه‌و پڕۆسانه هیچ جیاوازییه‌كیان نیه، ته‌نیا ئه‌وه‌ی هزر و زاتی خۆی جه‌ختی لێده‌كاته‌وه، ئه‌ویش رووخاندن و له‌ناوبردنی بهرامبهرهكهیەتی، لای ئه‌و هیچ ئامانجێك و شتێك نیه كه به‌های هه‌بێت جگه له داڕووخانی كه‌سانی تر.
باشه گه‌ر بڵێین ده‌مارگیر جه‌خت له‌سه‌ر (خودی) خۆی ده‌كاته‌وه له میانه‌ی داڕووخانی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی، با بزانین وشه‌ی (خود) لێره مانای چی ده‌گه‌ینێت؟ لێره مه‌به‌ستی (خود)ی خۆیه‌تی كه تاكه؟ یان مه‌به‌ستی ئه‌و دهمارگیریهیه كه ده‌یه‌وێت؟ ڕا و بۆچوون یان هه‌ڵوێسته كه‌سایه‌تییه‌كانی له‌سه‌ر حیسابی كه‌سانی دیكه فه‌رز بكات، و به‌ده‌ریان بخات؟.. له راستیدا كرۆكی ده‌مارگیری له‌و جۆره هه‌ڵوێستانه‌دا نیه، به‌ڵكو له‌وه‌دایە ده‌بێ تاكی ده‌مارگیر خۆی له‌گه‌ڵ بۆچوونی ئه‌و كۆمه‌ڵه یان گرووپه كه ئینتیمای بۆ هه‌یه یه‌ك بخات و بۆچوونه‌كه به‌سه‌ر بۆچوونی ته‌واوی گرووپ و كۆمه‌ڵه‌كانی دی به‌رزبكاته‌وه، كه‌سی ده‌مارگیر له واقیعدا كه‌سایه‌تی و تاكیه‌تی خۆی، و ئه‌قڵ و ویژدانی خۆی له ناو ئه‌و كۆمه‌ڵه یان ئه‌و گرووپه ده‌توێنێته‌وه كه ئینتیمای بۆ هه‌یه، بۆ ئه‌و ساته‌ی كه هه‌ست به بوونی خۆی ناكات، ته‌نیا له‌وه‌دا نه‌بێت كه به‌شێكه له‌و كۆمه‌ڵه یان له‌و گرووپه، به‌ڵام گه‌ر بێت‌و جه‌خت له‌سه‌ر خودی خۆی بكاته‌وه وه‌ك تاك كه كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی جیاوازه، ئه‌وا ئه‌وسا به ده‌مارگیر دانانرێت.
با وورد بینه‌وه له نموونه‌یه‌ك له نموونه‌كانی ده‌مارگیری كه له ماوه‌ی نزیكه‌ی ١٥ ساڵ له لوبنان دا بینرا، له ده‌ستپێكی ساڵی 1975 تا نزیكه‌ی ساڵی 1990 روویدا، هەروەها لە کوردستان لە ساڵانی ١٩٩٣ تا ١٩٩٦ ڕوویدا. و ئێستاش لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا روودەدات، ئایا ئه‌و كه‌سانه‌ی تاكه‌كانی هۆزێكی دیكه‌یان ده‌كوشت له‌سه‌ر (ناسنامه) بوو كه وا بیربكاته‌وه كه له‌سه‌ر ناسنامه ده‌كوژرێ، ئنجا ناسنامەی حیزبی یان تاییفی یان ئایینی بێت، یان بووه‌ته قوربانی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه كه‌سێكه و ژیانی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه؟ له راستیدا هه‌رگیز وا بیری له‌خۆی نه‌كردۆته‌وه كه سه‌ر به‌و (هۆزه)یه، به‌هه‌مان شێوه بووه به قوربانیش، هەر هەمان بیركردنه‌وه‌ی نه‌بووه، و له‌وانه‌یه ئه‌و بیركردنه‌وانه له‌سه‌ر ئاستی كهسێیهتی، یان هاوڕێیه‌تی، یان بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك هاوكاری بووه، به‌ڵام كاتێ ده‌مارگیری به‌سه‌ریدا زاڵ ده‌بێت، ئه‌وانه هه‌مووی له‌بیرده‌كات و ئه‌وسا ده‌بێته گرینگ‌ترین سیفاتی من و سیفاتی كه‌سانی دیكه، ئه‌و نموونه‌ی ئه‌و جۆره كۆمه‌ڵه یان گرووپه‌یه كه ئینتیمای بۆ هه‌یه، و له راستیدا ده‌سته‌واژه‌ی (كوشتن له‌سه‌ر ناسنامه) گوزارشت له‌سه‌ر ده‌مارگیری ده‌كات، بێگومان ئه‌وه ته‌نیا كوشتنی (ناسنامه) ناگرێته خۆ كه مرۆڤ هه‌ڵگرییه‌تی، به‌ڵكو كوشتنی خه‌ڵكانی تریش ده‌گرێته خۆ كه ئینتمای هۆزێكی دیكه یان گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه‌یان هه‌یه، هه‌ر دهمارگیرێك خۆی شكۆدار ده‌كا به هۆی (ناسنامه‌كه‌ی) یان به‌هۆی كۆمه‌ڵ یان گرووپه‌كه‌ی له‌به‌رامبه‌ردا كه‌سانی تر ده‌كوژێت به جه‌سته یان به بیر به‌هۆی (ناسنامه)كه‌یان یان به‌هۆی ئینتیمایان بۆ كۆمه‌ڵ یان گرووپی دیكه‌وه.
له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ده‌مارگیر، بیر له ده‌مارگیری خۆی ناكاته‌وه، به‌ڵكو لای ئه‌و، ئه‌و شته دروسته كه ده‌یكات، لێره‌دا ده‌گه‌ینه ئه‌و مه‌ترسییه‌ی كه ده‌مارگیر هه‌یه‌تی و ده‌بێته پهڵپا و به‌رده‌ستی كۆسپ له‌به‌رده‌م بیركردنه‌وه‌ی زانستیدا، ده‌مارگیری هه‌میشه بیری ئازا و پرس و ڕه‌خنه‌ی به‌رامبه‌ر ره‌تده‌كاته‌وه، و هانی به‌های ملكه‌چی و سه‌رشۆڕكردن وخۆگونجاندن ده‌دات، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بوار به بیركردنه‌وه نادات و بۆی ناڕه‌خسێنێت، ئه‌مه‌ش ده‌مانبات بۆ سیفه‌تێكی دیكه‌ی سه‌ره‌كی ده‌مارگیری ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئه‌و هه‌ڵویسته‌ی ناوێت كه تۆ هه‌ڵیده‌بژێری، به‌ڵكو هه‌ڵویسته‌كه‌ی خۆی له (تودا به‌رجه‌سته) ده‌كات، گه‌ر مرۆڤ له‌م باره وردبێته‌وه ده‌ڵێت: ده‌مارگیری خۆی فه‌رز ده‌كات له‌سه‌ر خودی كه‌سانی دیكه، هاوشێوه‌ی ئه‌و هه‌وا خنكێنهرهیه، كه هیچ بوارێك نادا هه‌ر ده‌بێ هه‌واكه‌ی هه‌ڵمژی، ده‌مارگیر به به‌رده‌وامی رقی له‌كه‌سانی تره یان ده‌یانكوژێت، به‌ڵام (من) یان هه‌ر كه‌سێكی دیكه به‌نسبه‌ت ده‌مارگیر هیچ نین ته‌نیا ئامرازێكین و بەكارماندەهێنێت بۆ وه‌دیهینانی ئامانجه گڵاوه‌كانی خۆی، بۆیه كاتێ ده‌كه‌وینه به‌رده‌ستی، هیچ حیسابێكمان بۆ ناكات، و هیچ هه‌وڵێكیشمان بۆ نادا، ته‌نیا ئه‌و نیازه نه‌بێ كه خۆی له ئێمه‌ی ده‌وێ.
باشه با بزانین، گه‌ر وایه بۆچی به‌م شێوه‌یه ده‌مارگیری بڵاو بۆته‌وه، بۆ ئاوا سه‌ری درێژ بووه، هه‌میشه ترس و تۆقاندنمان بیر ده‌خاته‌وه، هه‌تا له ناخی سه‌ده‌ی بیستەمدا؟ له وه‌ڵامدا ده‌ڵێین: ده‌مارگیری حاجهتێكی مرۆڤه، هه‌میشه بۆی ده‌چێ، بیر له‌ژێر سێبه‌ره‌كه‌ی ده‌كاته‌وه، له‌واقیعدا ئه‌و پاراستنه دوو ئاڵوگۆرمان ده‌داتێ، بۆ چوونێك ده‌مارگیری ده‌مانپارێزێت، چونكه جۆرێ له ئارامی و سه‌قامگیری ده‌روونیمان پێ ده‌به‌خشێت، سنوورێك بۆ ئه‌و شه‌ڕه دڵه‌ڕاوكێیه ناخمان داده‌نێت، كاتێ ئه‌قڵمان به ره‌خنه به‌كاری ده‌هێنین، به‌ڵام بۆچوونه‌كه‌ی تر كه خراپه ئه‌وه‌یه ڕا و بۆچوونی خۆی ده‌پارێزی، ته‌واوی بۆچوونی جیاواز ره‌تده‌كاته‌وه و به‌تووندی هێرشیان ده‌كاته سه‌ر و هه‌وڵیش ده‌دات (پاكتاویان) بكات. لێره‌دا ده‌گه‌ینه ئه‌و راستییه كه ده‌مارگیر ڕا و بۆچوون و بیروباوه‌ڕه‌كه‌ی له كه‌سانی تر ده‌پارێزێ، به‌ڵام له واقیعدا ئه‌و پاراستنه گومڕابوون و كتومت رێ بزرکردنە، وه‌كو ئه‌و جۆره پاراستنه وایه كه ئاره‌ق یان مادده‌ی بێهۆشكه‌ر بو كه‌سێك فه‌راهه‌می دەكات، چونكه له بنه‌ڕه‌تدا چڕی ده‌خاته سه‌ر بێهۆشكردنی بیر و سست و پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی، هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دیدگایه‌كی پووچه‌ڵ له واقیعدا به به‌ڵگه یان لۆژیك ده‌خاته به‌رده‌ممان به‌وه‌ی كه هه‌رچی هێزه لێمان بستێنێتەوە و بیرمان په‌ك بخات.
ئه‌م جۆره بیركردنه‌وه‌یه له‌سه‌ر هه‌موو شێوازه‌كانی ده‌مارگیری جێبه‌جێ ده‌بێت، ده‌مارگیری ده‌مارگیر، ده‌مارگیری نه‌تەوه‌یی تووندڕه‌و، ده‌مارگیری ئاینی، ئه‌وانه هه‌موویان به‌شدارن له‌یه‌ك تایبه‌تمه‌ندیدا: (لایەنگیریكردن)ی هه‌ڵوێستی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ی ئینتیمای بۆی هه‌یه، به‌بێ ئه‌وه‌ی مافی هه‌ڵبژاردنی هه‌بێ، به‌بێ ئه‌وه‌ی مافی بیركردنه‌وه‌ی هه‌بێ، هه‌روه‌ها به‌سه‌ر هه‌ڵوێستی كه‌سانی دیكه‌دا فه‌ڕزی ده‌كات و به‌به‌رزتر ده‌ینرخێنێت، و ده‌رگا له‌به‌رده‌م ئه‌قڵی تردا داده‌خات، په‌نجه‌ره‌كان زۆر بهتوكمهیی داده‌خات، تاوەكو كولانكهیهك بۆ هه‌وای ئازادی نه‌مینێته‌وه، چونكه هاتنی هه‌ر هه‌وایه‌ك گه‌ر كه‌میش بێت له‌وانه‌یه هه‌ڕه‌شه له هه‌ڵوێستی ده‌مارگیریان بكات، به‌هه‌مان ئه‌ندازه هه‌ڕه‌شه‌ی بۆ سه‌ر خودی تۆش ده‌بێت كه خۆت ده‌بینییه‌وه بۆ ئه‌و شته‌ی ده‌مارگیریت بۆی هه‌یه.
گه‌ورەترین مه‌ترسی كه ده‌مارگیر بۆ سه‌ر زانست هه‌یه‌تی له‌گه‌ڵ هه‌موو راستییه‌كانی سروشت، زانست به‌ر یه‌ك ده‌كه‌وێت، دژایه‌تی ده‌كات، چونكه هه‌ر دهمارگیرێك باوه‌ڕی به هه‌قیقه‌تی خۆی هه‌یه كه هه‌یه‌تی، وبێ گفتوگۆ- چه‌خت له‌سه‌ر هه‌ڵه‌ی كه‌سانی دیكه ده‌كاته‌وه، كاتێ ده‌مارگیری ده‌گوازرێته‌وه بۆ كه‌سانی دیكه، ده‌بینین جه‌خت له‌سه‌ر هه‌مان (راستییه) تایبه‌تییه‌كه‌ی خۆیان ده‌كه‌نه‌وه و هه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م دووپات ده‌كه‌نه‌وه، ئا به‌م شێوه‌یه راستییه‌كانی ئه‌قڵ و زانست بوونی نامینێ و پچڕ پچڕ ده‌كرێت و دژایه‌تییان ده‌كرێت، جا گه‌ر ئه‌قڵ له نێوان خه‌ڵك دادوه‌ر بێت، ئه‌و هه‌موو جۆره (راستی) و دژانه دروست نه‌ده‌بوون.
سه‌ره‌ڕای روونكردنه‌وه‌ی ئه‌و بیرۆكه‌یه، مرۆڤ له‌سه‌ر ئه‌و (راستییانه) ژیاوه و به‌ده‌مارگیری به‌بێ ئه‌وه‌ی بیری لێبكاته‌وه، و بۆ ماوه‌یه‌كی یه‌ك جار زۆریش راستییه‌كانی بهبابهتیەی خۆی نه‌ك به به‌ڵگه و سه‌لماندن هه‌ڤپه‌یڤینی له‌سه‌ر كردووه، له‌و سه‌رده‌مه‌ی ئێمه‌دا ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی پشت ئه‌ستوورن به‌ڕا و بۆچوونی ده‌مارگیرییان و ره‌خنه و هه‌ڵبژاردن قه‌بووڵ ناكه‌ن، زۆر زیاترن له‌وانه‌ی كه ئه‌و ڕا و بۆچوونانه وه‌رناگرن كه ئه‌قڵ ههڵینهبژێری و قه‌بووڵی نه‌كات، له‌و سونگه‌یه‌وه جه‌نگ به‌رده‌وامه له‌پێناو قه‌بوڵكردن له ئه‌قڵ و له بیروباوه‌ڕ، راسته له رواڵه‌تدا وا دیاره كه قه‌بووڵكردن زاڵه به‌سه‌ر ده‌مارگیریی، و پاش ئه‌وه‌ی زانست له‌م سه‌رده‌مه‌دا سه‌ركه‌وتنی گه‌ورەی به‌خۆوه بینی، به‌ڵام له راستیدا و به‌داخه‌وه وانیه، تا ئیستاشی له‌گه‌ڵدا بێت ده‌مارگیری له ناخهكاندا شاراوهیە، ته‌نانه‌ت بگره له‌و ژینگانه‌ی كه وا نیشان ده‌دات له ڕه‌گ و ریشه‌وه ده‌رهاتووه، بۆ ئه‌و راستییه ئه‌وه‌نده به‌سه كه لەرزینێكی نه‌ته‌وه‌یی یان كۆمه‌ڵایه‌تی توند سه‌رهه‌ڵده‌دات، جارێكی دیكه هێزی دیكتاتۆر سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه، هه‌ر وه‌ك له‌نیوه‌ی سه‌ده‌ی رابڕدوودا له ئه‌ڵمانیای نازی روویدا، ئه‌مه به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه جه‌نگی ئه‌قڵ له دژی ده‌مارگیری هێشتا كۆتایی پینههاتووه، ومرۆڤایهتیش هێشتا پێویستیی به (تێشوودانی) زیاتره به‌ر له‌وه‌ی ده‌ردی ده‌مارگیری به‌ته‌واوه‌تی له ناخی تاكه‌كان ده‌ربهێنرێت.
ئه‌وه جه‌نگێكه وهه‌ر ده‌بێ هه‌ڵایسێ، چونكه ده‌مارگیری له واقیعدا چه‌ندین به‌ربه‌ستی هه‌مه لایه‌نه‌ی هه‌یه و ده‌یه‌وێت زاڵ بێت به‌سه‌ر ته‌واوی جومگه‌كانی بیركردنه‌وه‌ی زانستی و وازی لێبهێندرێت، ئه‌وا وه‌ك په‌نایه‌ك بڵاوده‌بێته‌وه و كۆنتڕۆلی ته‌واوی بواره‌كان ده‌كات، هه‌رچه‌ندە ده‌مارگیری خۆی ناشیرینه، به‌ڵام ده ئه‌وه‌نده زه‌ره‌ره‌ی گه‌وره‌ی بۆ زانست هه‌یه، سه‌رنج ده‌ده‌ین زیانه‌كه‌ی له‌وه كه‌متر نیه كه ده‌مارگیری له خودی خۆی ده‌دات، به‌ڵكو هه‌موو به‌ربه‌سته‌كان له ناخی خۆی كۆ ده‌كاته‌وه كه پێشتر خستمانه ڕوو، كه هه‌یه و تا ئیستاش هه‌وڵ ده‌دات چه‌مكه‌كانی زانست و بیركردنه‌وه له پەل و پۆ بخات. ده‌مارگیری ملكه‌چی ته‌واوی پرێنسیپی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه كه ده‌مارگیره بۆی، و هه‌ر دهمارگیرێك له رێگه‌ی بیركردنه‌وه‌ی تایبه‌تی خۆیه‌وه له ده‌مارگیر ده‌ڕوانێت، یان راستتر ئه‌وه‌یه بڵێین بۆ بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵه یان ئه‌و گرووپه ده‌ڕوانێت كه ئینتیمای بۆ هه‌یه، به‌و پێیه‌ی كه ده‌سەڵات گفتوگۆی ناوێ و ره‌تیده‌كاته‌وه، هه‌ر وه‌ك چۆن ده‌مارگیری به‌سه‌ر بیری ئه‌فسانه‌دا شكایه‌وه: ئه‌وه‌ی كه ئه‌و بابه‌ته‌ی لایەنگیری بۆ ده‌كه‌ین له باری ده‌مارگیریدا هێنامان و گواستمانه‌وه بۆ ئه‌فسانه، به‌وه‌ی كه لایه‌نه راستهقینهییهكهمان بزر كردووه له‌شوێنی ئه‌و ئه‌ندێشه‌ی دروستكراومان دانا، چونكه گرفتی ده‌مارگیر له‌وه‌یه ته‌نیا ده‌ست به ڕا وبۆچوونی خۆیەوە ده‌گرێت كه دووره له هه‌موو لۆژیكێك، ئه‌و به سروشت هانی بیركردنه‌وه‌ی نا ئه‌قڵانییه‌ت ده‌دات، چونكه تاكه كۆمه‌ڵگه‌یه بۆ پشت به‌ستن به هه‌ڵوێسته‌كه‌ی. لێرەدا ئه‌وەمان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه بنه‌مای نازی (داستان) بووه كه ره‌گه‌زی ئاری له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه هه‌ژمارده‌كات، و بنه‌مای جیاوازی توخمه‌كانیش هه‌ر له (داستانەوە)سه‌رچاوه ده‌گرێت، كه ره‌گه‌زی ڕه‌ش پێست به كه‌وتوو ناوزه‌د دەكات، به‌م شێوه‌یه ته‌واوی داستانه‌كانی دیكه‌ش پشتیان به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كانی ده‌مارگیری به‌ستووه.
پووخته‌ی قسه ئه‌وه‌یه، ده‌مارگیری (به‌ربه‌ستێكی ئاوێته كراوه) كۆسپ ده‌خاته به‌رده‌م بیركردنه‌وه‌ی زانستی، بۆیه ده‌بێت جه‌نگێكی گشتگیر له دژی هه‌ڵایسێ، چونكه ئه‌قڵی مرۆڤ ناتوانێ له‌و نێوه‌نده‌دا یەكلاییهكهرهوهیهكی مامناوه‌ند وه‌ربگرێ، بۆیه ده‌بێت یه‌كێك له‌م دووانه وه‌ربگرێ (ده‌مارگیری یان زانست)، هه‌ر بۆیه ده‌بێت به دوو ماهیدا یه‌كێك به‌سه‌ر ئه‌وه‌ی دیكه‌دا زاڵ بێت، تا ئه‌ویتر بمینێته‌وه.
لیره‌دا دا‌و له خوینه‌رانی خوشه‌ویست ده‌كه‌م كه هه‌ر كێشه‌یه‌ك هاته به‌رده‌میان، به رێساكانی زانستی بیری لیبكهنهوه و عه‌قڵ وه‌ك ئامێرێكی سه‌ره‌كی به‌كار بهێنن بۆ شیكردنه‌وه‌ی و چاره‌سه‌ركردنی، نه‌ك سۆز و ده‌مارگیری به‌كار بهێنێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كه راتبكێشێ بۆ به‌دواكه‌وتنی ئه‌فسانه و شتی پڕوپووچ كه ئه‌بنه هۆی شه‌ڕ و پێكدادان وكوشتنی بێ هۆ و تێكدانی سه‌روه‌ت و سامانی وڵات.
ئیتر هه‌تا ژماره‌یه‌كی تری گۆڤاری (شایان)ی خۆشه‌ویست، خوداتان لەگەڵ.
