شایان: زانكۆی نێودەولەتیی تیشك رایگەیاند كە لەگەڵ كۆمپانیای AT Group لقی هەولێر، بوونەتە هاوبەش لەرێی ئیمزاكردنی یاداشتنامەیەكی لێكتێگەیشتن (MoU) لە رێكەوتی 7ی حوزەیرانی 2026. لە رێورەسمی ئیمزاكردنی یاداشتنامەكەدا هەریەك لە نوێنەرانی سەرەكی دوو سازییەكە ئامادەبوون، لەگەڵ بەڕێز عەلی عیسا تەها سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای AT Group و بەڕێز عومەر ئیبراهیم بەڕێوەبەری سەرچاوە مرۆییەكان. بەڕێزان نوێنەران كۆمپانیا چاویان بە تیمی زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك كەوت كە لە پرۆفیسۆر دكتۆر سوڵتان ئەبو عورابی سەرۆكی زانكۆ و پرۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر محەمەد ئۆزدەمیر جێگری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری ئەكادیمی، پرۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر فاتیح جوورا جێگری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری كارگێڕی و دارایی و مامۆستا دانا شەمسەدین بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، پێكهاتبوو.
ئەو یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنە چوارچێوەیەك بۆ هاوكاری دادەنێن كە ئامانج لێی برەودانە بە دەرفەتی زانستی و پیشەیی قوتابیانی زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك. هەر لە چوارچێوەی چاوپێكەوتنەكەدا چەند پێشنیارێك گفتوگۆكران لەوانە، دەرفەتی مەشقدانی كرداری قوتابییانی زانكۆ لەلایەن كۆمپانیای AT Groupەوە بۆ ئەوەی شارەزایی زانستی و پیشەیی وەرگرن. لە بەرامبەردا كۆمپانیای ناوبراو پابەندبوونی خۆی بۆ دۆزینەوەی هەلی كار لەناو لقە جیاوازەكانی كۆمپانیاكەیاندا بۆ قوتابیانی دەرچووی زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك رەخساند، بەمەش رێگە بۆ قوتابیان خۆش دەبێت لە قوناغی خوێندنەوە بچنە ناو بازاڕی كارەوە. هەر لەو چوارچێوەیەدا بڕیار درا كە كۆمپانیای AT Group لە پێشانگاكانی دامەزاندن ئەوانەی لەناو زانكۆدا رێكدەخرێت، بەشدار بێت، بەمەش زیاتر رێگە بۆ قۆتابیان خۆش دەبێت بۆ دۆزینەوەی هەلی كار.
هەروەها یەكێك لە لایەنە گرنگەكانی ئەم هاوبەشییە، پابەندبوونی كۆمپانیای ناوبراوە بە پێشكەشكردنی وۆركشۆپ و كۆنفراس، بۆ ئەوەی قوتابیان زانیاری زیاتر دەربارەی بازاڕی كار وەرگرن، لە هەمان كاتدا كۆمپانیا ئامادەیی خۆی بۆ بەشداریكردن لە چالاكییە ئەكادیمییەكانی زانكۆ نیشاندا.
ئەم هاوبەشییە ستراتیژییە دووپات لەسەر پێگیریبوونی زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك بۆ دروستكردنی لینك لە نێوان ئەكادیمیا و كەرتی كار دەكاتەوە بۆ ئەوەی قوتابیان بە شارەزایی و تواناوە بەردەوامی بە ژیانی پیشەیی داهاتوویان بدەن.




