[su_note note_color=”#f4f4f4″ text_color=”#000000″ radius=”3″ class=”” id=””]
سوودەکانی ڕێکخستنی کات
بەبێ رێکخستنی کات، دەستکەوت و بەرهەممان نابێت
نوور فەرھاد*
ئێمەی مرۆڤ پێوستە کاتەکانمان بەفیڕۆ نەدەین و سوودی لێ وەربگرین و بە ڕێکی بە کاری بینین، بەتایبەتی ئێمەی قوتابییان، پێوستە کاتەکانمان بە باشی ڕێک بخەین و بەپێی پێویستییەکانمان دابەشی بکەین. هەرچەندەی کار بکەین و خۆمان ماندوو بکەین، ئەگەر کاتەکانمان ڕێک نەخەین و خۆمان لە هەموو ئەو شتانەی دەبنە هۆی بەفیڕۆچوونی، ڕزگار نەکەین، هەرگیز ئەو دەستکەوت و بەرهەمەمان نابێت، کە هەوڵی بۆ دەدەین. هەندێ جار ڕاستەوخۆ و دەمودەست هەست بە سوودەکانی کات دەکەین، جاری واش هەیە لەداهاتوویەکی دووردا، بۆیە پێوستە لە ڕێکخستنی کاتەکاندا پەلەی ئەنجامەکانمان نەبێت، ئەوەندەی جەخت لەسەر قۆستنەوەی بکەین.
کلێر ئۆستن دەڵێت: “لە واقیعی ژیاندا ئەوەم بۆ دەرکەوتووە، کە زۆربەمان نازانین بە جوانی و کارایی، کات وەکوو هەلێک بقۆزینەوە”.
بەداخەوە خەڵکانێک هەن، کە هەر ئەوەندەی گوترا ڕێکخستنی کات، ئیدی وادەزانن دەبێت هەموو ژیانیان ببێ بە شتی جدیی ودەستبەرداری خۆشی و چێژوەرگرتن ببن.
هەندێک خەڵکی تر هەن، وائەزانن ڕێکخستنی کات شتێکی هیچە و سەنگێکی ئەوتۆی لایان نییە، ئەم دوو چەمکە لە وڵاتی ئێمەدا بە بەربڵاویی هەن.
“من سەرقاڵم و کاتم بۆ ڕێکخستنی کاتەکانم نییە”
دەگێڕنەوە کابرایەکی داربڕ هەوڵی زۆریدا دارێک ببڕێتەوە، بەڵام پێشتر تەورەکەی تیژ نەکردبوو، پیاوێک بەلایدا تێپەڕی و بەو حاڵەوەی بینی، پێی گوت: باشە بۆچی تەورەکەت تیژ ناکەیتەوە؟
داربڕەکە بەدەم ئیشەکەیەوە گوتی: ئەی نابینی ئێستا بەم کارەوە سەرقاڵم؟!
هەرکەس دەڵێت من سەرقاڵم و کاتی ڕێکخستنی کاتەکانم نییە، حاڵی وەکوو حاڵی کابرای داربڕ وایە!
بێ گومان تیژکردنی تەورەکە یارمەتیی کابرای داڕبڕ دەدات و بەئاسانی دارەکە دەبڕێت و دەچێتە سەر دارێکی دیکە و وزەیەکی کەمتریش بەکار دێنێت.
ڕێکخستنی کاتیش هەر وایە، یارمەتیت دەدات کارەکە بەخێراییەکی زۆرتر و هەوڵ و ماندووبوونێکی کەمتر تەواو بکەیت و هەلی وات بۆ دەڕەخسێنێت، کە پێشتر بەخەیاڵیشتدا نەهاتووە. ئێمەی کۆمەڵی مرۆڤایەتی هەموومان بە یەکسانیی لەدایک بووین، کەس لە ئێمە زیاتر دەرفەتی نەبووە و کەس ناتوانێ کات و زەمەن بە میرات ببات، یان بیخاتە بانکێکەوە و لێی سوودمەند بێت. لەکۆتاییدا دەڵێم، خۆتان لە بەفیڕۆدانی کات بەدوور بگرن، چونکە کاتی بەسەرچوو، وەک تیرێک کە لە کەواندا دەرچووبێ، ناگەڕێتەوە.
* قوتابیی قۆناغی چوارەم- بەشی یاسا.
[su_image_carousel source=”media: 2711″ limit=”20″ slides_style=”default” controls_style=”dark” crop=”4:3″ columns=”1″ adaptive=”yes” spacing=”yes” align=”none” max_width=”none” captions=”no” arrows=”yes” dots=”no” link=”none” target=”blank” autoplay=”5″ speed=”medium” image_size=”large” outline=”yes” random=”no” class=””]

