
د.تۆڵە فەرەج
ی.ڕاگری فاکڵتی زانستە کرداریەکان
زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك – هەولێر
ڕووەکی چەوەندەر جۆرێک لە سەوزەواتە ڕەگییەکان، کە بە ناوی زانستی بێتا ڤولگاریس ڕوبرا یان بە چەوەندەری سوور ناسراوە. چەوەندەر لە هەموو شوێنێکدا دەچێندرێت، گەڵا و ڕەگی چەوەندەر پڕە لە ماددە خۆراکییەکان، لەوانەش ئەنتی ئۆکسیدانتەکان کە بەرگری دەکەن لە زیان بەخشین، و لەناوچوونی خانەکان و مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ کەم دەکەنەوە. چەوەندەر یەکێکە لەو سەوزەواتە دەگمەنانە کە بێتالاینی تێدایە، کە وەکو ئەنتی ئۆکسیدانتێکی بەهێز کاردەکات و ڕەنگی سووری پێدەدات. بێتالاینەکان ڕێژەی هەوکردن کەم دەکەنەوە و یارمەتیدەرن لە زیادکردنی بەرگری لەش و بەردەوامی فرمانەکانی دڵ و کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی تر.
- لە چەند خاڵێکدا باس لە سوودە تەندروستییەکانی ڕووەکی چەوەندەر دەکەین، کە بریتین لە:
زیادکردنی توانای بەرگری جەستەیی:
چەوەندەر و شەربەتی چەوەندەر یارمەتی دڵ و سییەکان دەدات و وادەکەن باشتر فرمانەکان ئەنجام بدەن بەتایبەتی لە کاتی وەرزشدا. نایتریک ئۆکساید لە چەوەندەر گەیاندنی خوێن بۆ ماسولکەکان زیاد دەکەن. هەندێک وەرزشکار چەوەندەر دەخۆن یان شەربەتی چەوەندەر دەخۆنەوە لە کاتی وەرزشدا بۆ چالاکردنی زیاتری جەستەیان و پێدانی هێزێکی زیاتر.
خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک
چەوەندەر دەوڵەمەندە بە فۆلیک ئەسید (ڤیتامینی جۆری ب نۆ)، کە یارمەتی گەشەکردن و کارکردنی خانەکان دەدات. فۆلیک ئەسید ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە کۆنتڕۆڵکردنی زیان و تێکچوونی لوولەکانی خوێن، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک.
کەمکردنەوەی پەستانی خوێن
چەوەندەر بە شێوەیەکی سروشتی ڕێژەیەکی زۆر نیتراتی تێدایە، کە لە جەستەدا دەگۆڕێت بۆ ئۆکسیدی نیتریک. ئەم ئاوێتە پەستانی خوێن دادەبەزێنێت بەهۆی ئەوەی دەبێتە هۆی ئارامبوونەوە و فراوانبوونی خوێنبەرەکان.
بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری لەش
چەوەندەر بڕێکی زۆر ڕیشاڵی تێدایە و یارمەتی گەشەکردنی بەکتریا باشەکان دەدات لە ڕیخۆڵەدا. بوونی بڕێکی زۆر بەکتریای تەندروست لە کۆئەندامی هەرسدا یارمەتیدەرە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی و بەرزکردنەوەی سیستەمی بەرگری لەش. هەروەها ڕیشاڵ هەرسکردن باشتر دەکات و ئەگەری قەبزی کەمدەکاتەوە.
چەوەندەر سوودی هەیە بۆ پێست
توێژینەوەکان دەریدەخەن خواردنەوەی ئاوی چەوەندەر دەتوانێت هەوکردن و سوڕی خوێن باشتر بکات، کە هەردووکیان گرنگن بۆ تەندروستی پێست.
- سەبارەت بە کاریگەری لاوەکی و کاردانەوە نەرێنیەکانی چەوەندەر بەرامبەر بە جەستەی مرۆڤ بە شێوەیەکی بەرچاو نیە، کە تەنانەت تەندروستترین خۆراکەکانی جیهان دەتوانن لە هەندێک حاڵەتدا کێشە دروست بکەن و کاریگەرییە لاوەکییەکان هەبێت.
١. گۆڕانی ڕەنگی میزو پاشەڕۆ بۆ پەمەیی یاخود سوور دوای خواردنی چەوەندەر ڕەنگە ڕووبدات، بەڵام هیچ زیانێکی تەندروستی نییە و ڕاستەوخۆ لە ڕەنگەکانی بێتالین وەرگیراون و هەروەها ڕیشاڵ و ڤیتامین سی لەخۆدەگرن، کە پاڵپشتی سیستەمی هەرسێکی تەندروستن.
٢. کاردانەوەی هەستیاری سووک، کە لەوانەیە خوران یان پەڵە لەخۆبگرێت دوای زۆر خواردنی چەوەندەر.
٣. ڕەنگە بوونی ئۆکسالاتەکان لە چەوەندەر ڕێگری لە مژینی کالیسیۆم بکەن، چەوەندەر ئۆکسالاتی تێدایە (ترشی ئۆکسالیک)، ناسراوە بە خاوکردنەوەی مژینی کالیسیۆم. ئۆکسالاتەکان ئەمە بە ئەنجام دەگەیەنن بە بەستنەوەی بە کانزاکە و قورسکردنی جەستە بۆ هەڵمژینی کالیسیۆم.
٤. ماندوێتی یان سەرگێژخواردن لە کاتی دووگیانیدا، پەستانی خوێن کە لە کاتی دووگیانیدا دادەبەزێت و بەهۆی زیادبوونی ئۆکسیدی نیتریکەوە لە ڕێگەی خواردنی چەوەندەری زۆر کە دەبێتە هۆی سەرگێژخواردن یان ماندوێتی.
٥. ئەگەری دروست بوونی بەردی گورچیلە، وەرگرتنی زۆری ئۆکسالات (ترشی ئۆکسالیک) پەیوەندی بە بەردی گورچیلەشەوە هەیە. سەرەڕای ئەم ئەگەرە، چەوەندەر و کێشەکانی گورچیلە بە کێشەی باو و بەرچاو داناندرێن کە کاریگەری نەرێنی بۆ جەستەی مرۆڤ دروست بکەن.
٦. هیچ مەترسییەکی ناسراو و بەڵگەی زانستی نییە بۆ خواردنی چەوەندەرو ئەگەری تووش بوون بە نەخۆشی شەکرە. وە کۆمەڵەی زانستی شەکرەی ئەمریکی هانی هەمووان دەدات کە زیاتر لەم سەوزەیە بخەنە ناو خۆراکی ڕۆژانەی خۆیانەوە.
- بۆ نووسینی ئەم بابەتە زانستیە وەكو سەرچاوە سود لە پەڕەی [وێب مد، نیوتری-گاردنس و هێلس ڵاین] وەرگیراوە.


