سەردەم

لەوەتەی مرۆڤ و مرۆڤایەتی لەسەر زەوی هەیە، هەمیشە لە پێشکەوتندا بووە و ویستوویەتی شتانێک بکات و ژیانی ئاسانتر بێت. هەمیشە بەدوای نوێگەریدا گەڕاوە و کاری کردووە، تا بە ئاوات و ویست و خولیاکانی بگات. لەپاڵ ئەمانەشدا چەندین فاکتەر و هۆکاری تر هەبوون کە بە جۆرێک ڕێگر بوون، لەوانە بیر و باوەڕی دەوروبەر کاریگەریی زۆریان لەسەر هەبووە وەكو ئایین، کلتوور، و بیری ئازادانە. بەشێوەیەکی زەق، کلتوور و بیروباوەڕی مرۆڤەكانی دەوروبەر، كاریگەریی زۆریان لەسەر دواكەوتنی نوێگەری هەبووە. بۆ نموونە کلتووری کوردی هەمیشە لەچاو كلتوورەكانی وڵاتانی دەورووبەرمان زۆر پێشكەوتووتر بووە، نموونەش كاركردنی ئافرەتی كورد بووە لە هەموو سەردەمێكدا شان بەشانی پیاو، كەچی تاكەكانی دەورووبەر دەبنە رێگر لەو ئازادییەی كە لەناو كەلتوورماندا هەبووە.

گەلێ جار كەسانێكی كە خۆیان وەها ناساندووە شارەزای ئایینن، هەر ئەوان دەبنە هۆكاری بە هەڵە گەیاندنی ئایینەكە، لەگەڵ رێزم بۆ هەندێك لە شارەزایان و مامۆستایانی ئایینی، بەڵام هەندێكیان تەفسیرەكان بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان دەكەن و دواتر دەبنە هۆی بڵاوكردنەوەی دۆرێك لە ئاستەنگ.

لەو نێوەندەدا با ئەوەش بلێم كە پێشكەوتنی سەردەمیش هەندێك جار مرۆڤەکان تەسلیمی مۆدەی سەردەم دەكات و دووریان دەخاتەوە لە گرنگترین بابەتەكانی وەكو خوێندن و خوێندنەوە، ئەمەش وا دەكات یاری بە فکری تاکەکان بكرێت، بە تایبەتی گەنجەکان. لەم سەدەی بیست و یەكەمەدا هەست دەكرێت مۆدێلیش بۆتە مێگەلی، ئەو دەردەی كە هەردەم خاوەن قەڵەم و فیكری روون باسی لیوە دەكەن، هەڵبەتە خاوەن فیكری روون كە باس لە دەردی مێگەلی دەكەن دەزانن ئەگەر ئەوە بەردەوام بێت هەرگیز لە كۆیلایەتی و ژێردەستەیی بە مۆدێرنكراو رزگارمان نابێت.

لە كۆتاییدا دەمەوێت بپرسم، ئەوەی ئێستا ئێمە تێیداین، پێشكەوتنە یان دواكەوتوویی؟ ئازادییە یان كۆیلایەتیی؟ پەیڕەوكردنی دابن و نەریتە یان بەخاكسپاردنی داب و نەریت؟

دیارە ئەمانە پرسیارێكن لەوانەیە لە مێشكی زۆربەماندا زرنگابێتنەوە، و بە وەڵامەكەشی نەگەیشتبین، بۆیە پێویست دەكات بە بەردەوامی ئەو جۆرە پرسیارانە بورووژێنرێن!

شنیا محەمەد

قۆناغی دووەم

بەشی شیکاری نەخۆشییەکان – زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك – هەولێر

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *