سەروتارپێشبڕكێى زانستیی شارستانى​

 

هێرۆ ئیسماعیل عارف

ئەو گەلانەی خاوەنى زانست بن، گەلانی براوە و خودان شارستانیەتن.. ئەم وتەیە لە ئەنجامى ئەزموونی ژیانی مرۆڤایەتی و مێژووی گەلاندا بەوردی سەلمێنراوە. ئەوەتا لە راپۆرتێكى دەزگاى زانستیی نیشتمانیى سەر بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەم راستییە بەرجەستە كراوە، بەپێی راپۆرتی ساڵی 2019ی ئەو دەزگایە، لەو ساڵەدا زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار توێژینەوە و بابەتى زانستیى لە جیهاندا بڵاو كراونەتەوە، شێرەپشكی ئەو بابەتە زانستییانە بەر وڵاتى چین كەوتووە، بەدوای ئەودا ئینجا ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمەریكا دێت. راپۆرت و توێژینەوە زانستی و ئەندازیارییەكانى چین كە لە گوڤارە پیشەیى و زانستییەكاندا لە ساڵى 2019 بڵاویان كردووەتەوە، گەیشتووەتە 528 هەزار و 263 توێژینەوە، لە بەرامبەر 422 هەزار و 808 توێژینەوەى ئەمەریكى لە هەمان ساڵدا. شایانی باسە بەپێی ئەو ئامارە، ئەوە یەكەمین جارە وڵاتى چین پاڵ بە ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمەریكاوە بنێت و ببێتە براوەى یەكەم

هەروەها هندستان پلەى سێیەمى لە ریزبەندیى توێژینەوە زانستییەكاندا لەسەر ئاستى جیهان هێناوە، دواى ئەوان، ئەڵمانیا، یابان، بەریتانیا، رووسیا و ئیتاڵیا دێن

ئەم كێبركێ زانستی و ئەندازیارییەش یەكەمین جارە بگاتە ئەو ئاستە بەرزە، چونكە بەرهەمى توێژینەوە جیهانییەكان لە هەردوو بوارى زانیارى و ئەندازیارىدا و لە ماوەى 10 ساڵى رابردوودا ساڵانە دەگەیشتە رێژەی %4ی توێژینەوەكانی جیهان، لەو نێوەندەشدا رێژەى پێشكەوتنى چین بەراورد بە وڵاتانی تر لە نیوە زیاتر بوو لەسەر ئاستى جیهان

لە دوای دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، كێبركێی زانستی نەخاسمە لە بواری پزیشكی و ڤایرۆسناسی و دەرمانسازیدا زۆر زیاتر پەرەی سەند، ئەوەبوو لە ساڵی 2020 توێژینەوەكان بۆ كۆڤید 19 گەیشتنە ئاستێك كە بە بێهاوتا لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەژمار دەكرێت، چونكە دوای تێپەڕبوونی چوار مانگ لە دەركەوتنی ئەم ڤایرۆسە، توێژەران لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا زیاتر لە 90 هەزار ریزبەندی بۆماوەیی (جینۆم)ی ئەوانەی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووبوون بڵاو كردەوە، بۆ ئەوەی بەئاسانی بگەنە تایبەتمەندییەكانی ڤایرۆسەكە و بە كەمتر لە شەش مانگ توێژەران زیاتر لە 40 هەزار توێژینەوەیان دەربارەی كۆڤید 19 بڵاو كردەوە. لە كاتێكدا پێشتر ئەو توێژینەوانەی سەبارەت بە ڤایرۆسی (سارس) ئەنجام دران نەگەیشتە 1000 توێژینەوە

لە بەرامبەر ئەم ژمارە زۆرانەدا، هیچ ئومێد و هەواڵێكی خۆش پێوەند بە وڵاتانى عەرەبی (كە بەداخەوە هەرێمی كوردستانیش، لەسەر ئەو ناوچەیە حسابە) نە لەپێش ڤایرۆسی كۆرۆنا و نە دوای ڤایرۆسەكەش لەمبارەیەوە لەئارادا نییە، لەكاتێكدا ژمارەی دانیشتوانى دەگاتە پێنج یەكى تێكڕای دانیشتوانى جیهان، توێژەرانی وڵاتانی عەرەبی بە عێراق و هەرێمی كوردستانیشەوە، تەنیا %1.9ى توێژەرانى جیهان پێكدێنن، ئەمەش بەپێى راپۆرتێكى یونسكۆ لە ساڵى 2015، بۆیە پێمان خۆش بێت یان نا، ئەم خەمە هەرێمى كوردستانی خۆشمان دەگرێتەوە

هەرچەندە توێژەرانى زۆر سەركەوتوو و لێهاتوو و شارەزا لەم كوردستانەی ئێمەدا هەن، ئەگەرچی لە زانكۆكانى هەرێمى كوردستاندا توێژینەوەى زۆر بەپێز بڵاو دەكرێنەوە ئەگەر لەناو ریزبەندییەكاندا كێبركێیەكى زانستیى ئەكادیمى بكرێت، كە هەر ئەمەش وا دەكات ئاستى سەركەوتنى زانكۆكان ئاشكرا بێت، بەڵام ئەو ژمارانەی سەرەوە ئەو راستییەمان بۆ دەسەلمێنن كە رێیەكى دوور و درێژ لەبەردەم زانكۆكانى هەرێمى كوردستاندا ماوە تا بیبڕن. خۆ ئەگەر واقعبینانە تەماشاى ئەم بابەتە بكەین، بە هیچ جۆرێك ناكرێت بەراورد لەنێوان هەرێمی كوردستان و تەنانەت وڵاتێكى وەكو سعوودیەش بكەین كە یەكێكە لە وڵاتە عەرەبییەكان و لەسەر ئاستى ئەو وڵاتانە پلەى یەكەمى بەدەست هێناوە، چونكە ئەوەى پێش راپەڕین و دواى راپەرینى خەڵكى كوردستان لە ساڵى 1991 و لە سەروبەندی ئازادیی هەرێمی كوردستانەوە تا ئێستا، بەسەر ئەم هەرێمەدا هاتووە، دەبێ بڵیێن هەر باشیشە گەیشتووینەتە ئەم ئاستەى ئێستامان، كە لە هەموو شارەكانى هەرێمى كوردستاندا خاوەن چەندین زانكۆ و پەیمانگاین و زۆربەى هەرە زۆرى فاكەڵتى و بەشەكانى كە لە جیهاندا دەخوێنرێن لێرەش بە هەمان شێوە هەن، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ناكرێت لەم ئاستەدا بوەستین و پاساو بۆ ئەو وەستانە بهێنینەوە، بەڵكو هەوڵەكان وەك چۆن بۆ سەرخستنى زانكۆكان خراونەتە گەڕ، هەروا پێویستە بەردەوام بن و هەرگیز زانكۆ و توێژینەوەكانی كوردستان لەدەرەوەی پێشبڕكێى زانستیی جیهانیدا نەبن، بەڵكو رۆژ بە رۆژ بەرەو پێشتر بچن

ساڵانە لە هەرێمی كوردستان لەناو هەر زانكۆیەكدا چەندین توێژینەوەى زانستى پێشكەش دەكرێن، لەو نێوەندەدا هەندێكیان لەوانەیە رەتیش بكرێنەوە، كە ئەمە كرۆكی باسەكەمان نییە، بەڵكو باسەكەمان لەبارەی ئەو توێژینەوانەیە كە لەلایەن كەسانى پسپۆڕ و شارەزاى وڵاتەكەمان نەك تەنیا لەناو زانكۆكانى ناوخۆ و لەسەر ئاستى هەرێمى كوردستان پێشكەش دەكرێن، بەڵكو چەند كەسانێكى شارەزا لەناو هەرێمى كوردستاندا هەن توێژینەوەى زۆر بەپێز و سەركەوتوویان هەیە و لە وڵاتانى رۆژئاوا لە ئاستێكى زۆر بەرزدا نرخێنراون، كەچى هەست دەكرێت لێرە گرنگییەكى ئەوتۆیان پێ نەدراوە

ئەوەى راستى بێت گرنگى نەدان بەو شارەزایانە و تویژینەوەكانیان نازانم هۆكارەكەى چییە، بەڵام ناكرێت ئاماژەشى پێ نەدەین، بۆیە وەكو رۆژنامەوانێك بە ئەركى خۆمى دەزانم باس لە كەمتەرخەمییەك بكەم، بێگومان ئەو كەمتەرخەمییە بۆ دوو لایەنى پەیوەندیدار دەگەڕێتەوە، ئیتر ئەو لایەنە خودى زانكۆكان بن یان وەزارەتى خوێندنى باڵا، چونكە پشتیوانیكردن و ئاشكراكردنى ئەو كەسایەتییە شارەزا و پسپۆڕانەى هەرێمی كوردستان كە لە وڵاتانى هەرێمی و رۆژئاوا و عەرەبیدا ناسنامە و بڕوانامەى شارەزاییان دراوەتێ، كارى ئەو دوو لایەنەیە پێش هەر لایەنێكى ترى پەیوەندیدار، چونكە ئاشكرایە كە باشترین و سەركەوتووترین توێژنەوە لە جیهاندا، لە زانكۆ بەناوبانگەكانەوە دەردەچن

نموونەى ئەو مامۆستا شارەزایانەم لەلایە، بەڵام بەداخەوە ناكرێت لێرە ئاماژە بە ناوەكانیان بدەم، بۆیە هیوا دەخوازم هەوڵێك بۆ ئەم لایەنەش بدرێت، چونكە پشتیوانی و بڵاوكردنەوە و بەرزكردنەوەى ناوى ئەو كەسایەتییانە نەك تەنیا بۆ خودى زانكۆكان، بەڵكو سوودى بۆ ناو و ناوبانگ و پێگەی زانستیی كوردستان و قوتابیان و هاووڵاتیانی ئەم هەرێمی كوردستانە بەگشتی دەبێت، نەخاسمە ئەو دەستەبژێرەی بەدواى توێژینەوەى جیاجیادا دەگەڕێن

 سەرنووسەر

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *