قاوە و گرنگیپێدان

كارۆ كاوە

قۆناغی دووەم

بەشی یاسا

زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك – هەولێر

ئەو بە چاو و برۆ و نیگای سیحراوی، تۆڕی سەوز و سووری بۆ دڵی من هەڵدەدا، هەرچەندم دەكرد نەدەبوومە نێچیری چاوانی، لە بێ وەڵامی و تەنهایی ڕاڕەوەكاندا جێیدەهێشتم

ئەمڕۆ بەدەم خواردنەوەی كوپێك قاوەوە لە كافتریای زانكۆ، بیرم بۆ ئەو قسەیە چوو كە دەڵێت (قاوە كە ئیهمالت كرد سارد دەبێتەوە). ئەم قسەیان كردووە بە دروشمی خۆشەویستی، بەو واتایەی ئەگەر گرنگیپێدان نەمێنێت ئەوا خۆشەویستیش نامێنێت، ئەمە دیوێكی بابەتەكەیە دیوەكەی تری پێمان دەڵێت قاوە ئیهمالی بكەیت یاخو نا هەر سارد دەبێتەوە، كێشەكە گرنگیپێدانی تۆ نیە بەڵكو خودی قاوەكەیە

قاوە تام و وزەیەكی كاتیت ئەداتێ، پاش نەمانی كاریگەریەكەی پێویستت بە كوپێك قاوەی دیكە دەبێت. هەر قاوەیەك كە دەیكڕی و ئامادەی دەكەی لە ژیان، بزانە كە هەرچەنێك بەتام و بۆنەوە ئامادەی بكەی هەر هەر دەڕوات

كێشەی منیش ئەوەبوو وام دەزانی كە دەبێت وەكو قاوە گرنگیان پێبدەم بۆ ئەوەی سارد نەبنەوە، بەڵام كاتێكم زانی یەك لە دوای یەك لە كوپی یەكێكی دیكەدا جێگای خۆیان دەكردەوە، هەندێكیان دەخورانەوە و هەندێكیشیان لەم كوپ بۆ ئەو كوپ پلەی گەرمی خۆیان بەرز دەكردەوە و بە ئارەزووی خاوەنەكانیان تاڵ و شیرین دەكران

دوای ساڵانێكی زۆر تێگەیشتم كە نرخت نەبوو لەلای ئەو، بەبێ خۆماندووكردن پاشەكشێی شەرەفمەندانە بكە و هەوڵی بۆ مەدەرەوە، بە وەهمی ئەوەی بەدەستی بهێنی بەهۆی گرنگیپێدانەوە تەمەنی خۆت مەفەوتێنە

بڕوام پێبكە كە نرخی هەردوولا لە تەرازووەكەدا هاوسەنگ بوو، ئەوكاتە گرنگیپێدان و خۆشەویستیش دروست دەبێت

بەڵام كە نەبوو وەك ئەوە وایە كە ساڵانێكی زۆر خەریكی هەڵكۆڵینی تاشەبەردێك بیت و دوای بتەوێت بە نرخی زێر لە بازاردا بیفرۆشیتەوە

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *