مۆڵەتەکانی دەستداری و ‌هەڵگرتنی چەک بە پێی یاسای چەک لە هەرێمی کوردستان

"

مێڤان ئەحمەد

قۆناغی پێنجەم

بەشی یاسا

زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك – هەولێر

لە ساڵی ٢٠٢٢ پەرلەمانی کوردستان یاسای چەکی هەموارکردەوە، ئەم یاسایە لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاو کرایەوە و لە ٢٨ـــی نیسانی ٢٠٢٢ بەرکاربوو، بەمەش چەند گوڕانکارییەک لە جۆری مۆڵەتەکان و مەرجەکانی پێدانی مۆڵەت و ڕێکارەکانی وەرگرتنی مۆڵەت و هەروەها ڕەسمەکانی بەدەست هێنان و نوێکردنەوەی مۆڵەتی چەک، کرا. هۆکاری بەشێک لەم گوڕانکاریانە بۆ پاراستنی گیان و ماڵی ‌هاوڵاتیان بوو بە ڕێکخستنەوەی مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک و  داماڵینی چەکی جەنگی و تۆمارکردنی چەکی ئاگرین، دواتر وەزارەتی ناوخۆ پاڵپشت بەم یاسایە دوو ڕێنمای جودای دەرکرد کە بریتیبوون لە رێنمایی ژمارە(٥) ی ساڵی ٢٠٢٢ رێنمایی جێبەجێکردنی یاسای چەک لە هەرێمی کوردستان، و رێنمایی ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠٢٢ رێنمای داماڵینی چەکی جەنگی و تۆمارکردنی چەکی ئاگرین بە ئامانجی دروستکردنی چوارچێوەیەک کە چەک تەنها لەلایەن ئەو کەسانەوە خاوەندارێتی بکرێت کە پێوەرە یاساییەکانیان تێدابێت، بەمەش مەترسی رووداو و توندوتیژی و تاوانی کوشتن و بەکارهێنانی چەکی نایاسایی کەم بکرێتەوە.

مەرجەکانی بەدەست هێنانی مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک

یاسای چەک پێوەرێکی روونی بۆ ئەو کەسانە خستەڕوو کە داوای مۆڵەتی چەک دەکەن، ئامانج لە دانانی مەرجەکان، فلتەرکردنی ئەو کەسانەیە کە ڕەنگە مەترسی لە ناو کومەڵگەدا دروست بکەن، لە هەمان کاتدا هاوڵاتیانی شایستە بتوانن خۆیان یان موڵک و ماڵی خۆیان بپارێزن بە بەدەست هێنانی مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک، بە پێی بڕگەی یەکەمی ماددە (٥) لەم یاسایە کەسی داواکار پێویستە ئەم مەرجانەی خوارەوەی هەبێت:

١- عێراقی بێت و دانیشتوی هەرێم بێت:

گوڕانکاری لەم مەرجە کراوە بەوەی لە یاسای پێشووی ساڵی ١٩٩٣ پێویست بوو کەسی داواکار (دانیشتوی هەرێم بێت) بەڵام لە یاسای نوێی ساڵی ٢٠٢٢ دەبێت کەسی داواکار (عێراقی بێت و دانیشتوی هەرێم بێت) بەپێی ئەم گوڕانکارییەش کەسی بیانی هەرچەندە دانیشتوی هەرێم بێت مافی پێشکەشکردنی داواکاری نیە.

٢- تەمەنی لە (٢١) ساڵ کەمتر نەبێت:

لە یاسای پێشوی ساڵی ١٩٩٣ کەسی داواکار پێویست بوو تەمەنی ١٨ ساڵی تەواو بێت، ئەوکاتە دەیتوانی داواکاری موڵەت پێشکەش بکات، بەڵام لە یاسای نوێی ساڵی ٢٠٢٢ کەسی داواکار پێویستە لە ٢١ ساڵ کەمتر نەبێت، ئەمەش گوڕانکارییەکی ترە لەگەڵ یاسای پێشوو لە ڕووی تەمەنەوە، هۆکاری پشت ئەم گوڕانکارییەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لایەنی پەیوەندیدار دڵنیابن لەوەی ئەو کەسانەی داوای مۆڵەت دەکەن لە تەمەنێکی پێگەیشتووتردان و توانای تێگەیشتنیان لە بەرپرسیارییەتی هەڵگرتنی چەک زیاترە.

٣- رەوشت چاک و ناوبانگ و ڕەفتار باش بێت:

٤- بە تاوانێكی نا سیاسی یان کەتنێکی ئابڕوبەر حوکم نەدرابێت.

٥- لە ڕووی جەستەیی و عەقڵی و دەروونیەوە شیاوی دەستداریی و هەڵگرتنی چەک بێت، ئەمەش بە ڕاپورتێک لەلایەن لێژنەیەکی پزیشکی فەرمییەوە پشتڕاستکرابێتەوە.

٦- لە ڕووی تەکنیکییەوە بۆ هەڵگرتنی چەکی ئاگرین شیاو بێت، بە پێی تاقیکردنەوەیەک کە دەسەڵاتی مۆڵەتدان دیاری دەکات.

ئەم مەرجە لە یاسای نوێ زیاد کراوە بۆ ئەوەی لایەنی پەیوەندیدار دڵنیابن لەوەی ئەو کەسەی بیەوێت موڵەتی چەک بەدەست بهێنێت لەرووی تەکنیکییەوە شارەزایی تەواوی هەبێت و بتوانێت بە دروستی چەک بەکاربهێنێت.

٧- چەکەکەی بە شێوەیەکی ڕەوا دەستخستبێت و پاساوێکی ڕەوای بۆ دەستداری و هەڵگرتنی چەک هەبێت.

ئەو لایەنانەی دەسەڵاتی پێدانی موڵەتی چەکیان هەیە

بەپێی ماددەی (٢) لە ڕێنمای جێبەجێکردنی یاسای چەک، ئەم لایەنانە تایبەتمەندن بە پێدانی مۆڵەتی چەک:

١- وەزیری ناوخۆ.

٢- پارێزگارەکان.

٣- سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان.

دوای وەرگرتنی رەزامەندی بە پێدانی مۆڵەتی ‌هەڵگرتنی چەک یان دەستداری چەک، بڕی رسومات دەدرێت کە بریتییە لە (١٤٠٠٠٠) سەد و چل هەزار دینار،  و ڕەسمی کارگێڕی بڕی (٢٥٠٠٠) بیست و پێنج هەزار دینار لە بەرامبەر پێشکەشکردنی هەرداواکارییەک دەدرێت.

ئەو کەسانە کێن کە لە مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک بەدەردەکرێن؟

ماددە (٧) بڕگەی یەکەم ئەو کەسانەی دیاریکردووە کە بەدەردەکرێن لە مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک ئەوانیش بریتین لە:

١- سەرۆکی هەرێم و جێگرەکانی.

٢- سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی و سکرتێر و ئەندامانی پەرلەمان.

٣- سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەکەی و وەزیرەکان و ئەوانەی لە پلەی ئەواندان.

٤- سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری و دادوەران و ئەندامانی داواکاری گشتی و لێکولەرە دادوەرییەکان.

٥- ئەندامانی هەردوو نێردەی دیبلۆماسی و كونسوڵگەریی، ئەوانەی کە لە عێراق و هەرێم کاردەکەن، بەپێی ڕێسای مامەڵەی هاوشێوە.

٦- فەرمانبەرانی پلە تایبەت و سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان.

ئەو بارانەی مۆڵەتی چەک بە هەڵوەشاوە دادەنرێت

لە بڕگەی یەکەمی ماددە (٦) هاتووە، مۆڵەتی چەکی ئاگرین لەم بارانەی خوارەوەدا بە هەڵوەشاوە دادەنرێت:

١- مردنی خاوەن مۆڵەت.

٢- لەدەستدانی یەکێک لە مەرجەکان کەلە یاساکەدا هاتوون.

٣- دەرچوونی بڕیارێک لە دادگای تایبەتمەند بە دەستبەسەرداگرتنی چەکە ئاگرینەکە.

٤- دەرچوونی چەکە ئاگرینەکە و تفاقەکەی لە دەستداریی کەسی مۆڵەتدراو بۆ کەسێکی دیکەی مۆڵەتدراو.

سزای دەستداری و کڕین و فروشتنی چەک بەبێ مۆڵەت

بڕگەی یەکەمی ماددە (١٥) دەڵێت: هەر کەسێک بەبێ مۆڵەتی دەسەڵاتی مۆڵەتدان، دەستداری چەکێکی ئاگرین یان تفاقی بکات، هەڵیبگرێت، بیفروشێت، چاکی بکاتەوە یان دەستاودەستی پێوەبکات، ئەوا بە بەندکردن بۆ ماوەیەک کە لە (١) یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە (٣) سێ ساڵ زیاتر نەبێت، و بە پێبژاردنێک کە لە (٢٠٠٠٠٠٠) دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (٥٠٠٠٠٠٠) پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت.