نیگه‌رانى یاخود دوودڵى
به‌شى دووه‌م له زنجیره‌ى مرۆڤ بوون چى له‌خۆده‌گرێت؟ پێم باش بوو كه باسى دوودڵى یاخود نیگه‌رانى بكه‌م، چونكه مرۆڤ بوون نیگه‌رانیش له‌خۆ ده‌گرێت. نیگه‌رانى چییه؟ ،ئایا نیگه‌رانى كاریگه‌رى چى ده‌بێت له‌سه‌ر مرۆڤ؟ دواتر ئایا نیگه‌رانى چى له مرۆڤ ده‌كات؟ ئایا نیگه‌رانى یارمه‌تیمان ده‌دات له‌به‌ده‌ست هێنانى ئامانجه‌كانمان یاخود نا! و له كۆتاییدا ئایا نیگه‌ران بین یاخود نا؟
نیگه‌رانى چییه؟ تواناى نه‌بوونى كۆنتڕۆڵكردنى بیركردنه‌وه‌كانه كه دواجار كاریگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر جه‌سته‌ى مرۆڤ به ده‌رئه‌نجامێكى خراپ ئه‌گه‌ر له سنورى نیگه‌رانییه‌كى هاوسه‌نگ تێپه‌ڕێت. باشه تێپه‌ڕبوون له‌و سنوره چ ئه‌نجامێكى ده‌بێت؟ هه‌روه‌ك برایانى ناودارى مایۆ ده‌ڵێن: “نیوه‌ى ته‌خته‌كانى نه‌خۆشخانه به نه‌خۆشییه ده‌روونیه‌كان پڕبوون” زۆرێك له‌و نه‌خۆشانه له ئه‌نجامى دوودڵى و نیگه‌رانى و ترسێكى زۆر له‌خۆیان یان كۆمه‌ڵگا تووشى گرفتى ده‌روونى ده‌بن، كه دواتر كۆنتڕۆڵ له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و پێویستییان به ئامۆژگارى ڕۆژانه‌ى دكتۆره‌كان ده‌بێت، به‌ڵام له كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیدا تا ڕاده‌یه‌كی زۆر هه‌ستیارن به‌رامبه‌ر وشه‌ی (دكتۆرى ده‌روونى)، نازانم په‌یوه‌ندى به كلتوور یاخود په‌روه‌رده‌یانه‌وه هه‌یه یان نه‌ژیانێكى ته‌ندروست!. ئه‌فلاتوون پێى وایه گه‌وره‌ترین هه‌ڵه كه پزیشكه‌كان ده‌یكه‌ن ئه‌وه‌یه كه جه‌سته به‌جیا له مێشك ده‌رمان ده‌كه‌ن، له‌حاڵه‌تێكدا مێشك و جه‌سته یه‌كێكن و ناتوانن به‌جیا چاره‌سه‌ر ببن.
نیگه‌رانى و دوودڵى كاریگه‌رى ڕاسته‌وخۆى له‌سه‌ر ته‌ندروستى و جه‌سته‌ى مرۆڤ، له‌م باره‌یه‌وه ویلیامز جیمز ده‌ڵێت: “خودا له تاوانه‌كانمان ده‌بوورێت، به‌ڵام سیسته‌مى ده‌ماریمان هه‌رگیز لێمان نابوورێت”!.
هه‌روه‌ها د.ویلیا‌م مه‌گه‌نگیل له وتارێكدا له ئه‌نجومه‌نى پزیشكانى ددانى ئه‌مریكا ده‌ڵێت: “هه‌ستى ناخۆش وه‌كو هۆكاره نیگه‌رانكه‌ره‌كانى ترس و نیگه‌رانى و بۆڵه‌بۆڵ، ده‌توانن هاوسه‌نگى كالیسیۆمى له‌ش بشێوێنن و ببنه هۆى خراپ بوونى ددانه‌كان”
و هه‌روه‌ها دكتۆره‌كان هۆشیارى ده‌ده‌ن له‌باره‌ى هۆكارگه‌لێك كه ده‌توانن ڕوخسارى پیاوان و ئافره‌تان پیر بكه‌ن، به‌ڵام هیچ كامیان له بوارى خێراییه‌وه به نیگه‌رانى و دڵه‌ڕاوكێ ناگه‌نه‌وه كه ده‌كرێت ئه‌مانه هه‌ندێك له گاریگه‌رییه‌كان بن :
1- ڕووخسار پڕ له چرچی ده‌كات.
2- ڕه‌نگى قژ ده‌گۆڕێت و ته‌نانه‌ت ده‌بێته هۆى وه‌رینیان .
3- ڕه‌نگى ڕووخسار تێكده‌دات .
و چه‌ندان هۆكارى تر كه ده‌توانین بیانژمێرین. ڕه‌نگه زۆربه‌مان ئه‌م بابه‌ته به‌جدى وه‌رنه‌گرین، به‌ڵام بزانه نیگه‌رانى ته‌نانه‌ت بێ به‌زه‌یىترین مرۆڤه‌كانیش نه‌خۆشده‌خات! كاریگه‌رى نیگه‌رانى و دڵه‌ڕاوكێ زۆر له‌وه زیاتره كاتێك به‌دواى چاره‌سه‌رێكدا نه‌گه‌ڕێیت و به‌بێ چاره‌سه‌ر جێی بهێڵیت! چ قازانجێك ده‌ست مرۆڤ ده‌كه‌وێت، ته‌نانه‌ت ته‌واوى دونیاش به‌ده‌ست بێنیت، به‌ڵام ته‌ندروستى له‌شى له‌ده‌ست بدات؟
– نیگه‌رانى یاخود دڵه‌ڕاوكێ چى به‌سه‌ر مرۆڤ دێنێت؟
له‌سه‌ره‌تادا باسى نیگه‌رانییه‌كى سنووردارمان كرد. نیگه‌رانى تۆ كاتێك سودى ده‌بێت كه‌وا بكات باشترین كاره‌كان ئه‌نجام بده‌یت، به‌ڵام بزانه چۆن نیگه‌ران ده‌بیت ئه‌گینا ده‌زانى چى؟ با به نموونه‌یه‌ك ڕوونترى بكه‌ینه‌وه: ده‌زانن هیتله‌ر ئه‌و سزایه‌ى به‌سه‌ر زیندانیانیدا ده‌یسه‌پاند چى بوو؟ به‌گشتى ئه‌وانیان له ژێر كیسه‌یه‌كى ئاودا داده‌نا كه به‌رده‌وام دڵۆپه‌ى ده‌كرد و ده‌ست و قاچیان ده‌به‌ستنه‌وه، ئه‌و دڵۆپه ئاوانه‌ى به‌سه‌ر سه‌ریاندا ده‌هاته خواره‌وه سه‌ره‌نجام وه‌كو ده‌نگى لیێدانى چه‌كوش ئه‌وانى شێت ده‌كرد. نیگه‌رانى وه‌كو ئه‌ودڵۆپه ئاوانه كار له‌سه‌ر ئه‌عساب و ده‌روونى مرۆڤه‌كان ده‌كات و شێتى ده‌كات تا ئه‌و شوێنه‌ى ده‌ست بداته خۆكوشتن، ده‌توانیت بگه‌ڕێیته‌وه بۆ هۆكاره‌كانى خۆكوشتن؟ نیگه‌رانى وا له هه‌ندێك له مرۆڤه‌كان ده‌كات كه هیچ ئاسۆیه‌ك له‌به‌رده‌میان نه‌بینن، بۆیه وا ده‌زانن ده‌بێت كۆتایى به ژیانى خۆیان بێنن. كه‌واته نیگه‌رانى بۆ خۆت و بۆ چوارده‌ورت به‌كه‌م مه‌زانه. هاوكات ترسیش ده‌بێته هۆى نیگه‌رانى و دڵه‌ڕاوكێ، بۆ نموونه هه‌ندێك جار گوێبیستى ئه‌وه ده‌بین كه فێرخوازێك خۆى كوشت! بۆچى؟ چونكه ترسى له كه‌وتن یان له خێزانه‌كه‌ى وایكردووه به‌ره‌و نیگه‌رانى بچێت كه ئه‌وه ئه‌نجامه‌كه‌ى بێت. لێره‌دا ده‌كرێت ئه‌و پرسیاره بكه‌ین، ئایا خۆكوشتن كارى ترسنۆكه‌كانه؟ وه‌ڵامه‌كه‌ی بۆ تۆى خوێنه‌ر به‌جێ دێڵم .
نیگه‌رانى و دڵه‌ڕاوكێ و ترس مرۆڤه‌كان به‌ره‌و ئاڕاسته‌یه‌ك ده‌بات كه‌وا ده‌كات مرۆڤه‌كان نه‌ك شت به‌ده‌ست نه‌هێنن، به‌ڵكو ئه‌و شتانه‌ى كه هه‌شیانه له‌ده‌ستى بده.ن ئه‌م ڕسته‌یه ڕه‌نگه بازرگانه‌كان باشتر ئه‌زموونیان كردبێت و بزانن، چونكه براوه‌ى خه‌ڵاتى نۆبڵى پزیشكى د.ئالكسیس كارل ده‌ڵێت: “بازرگانێك كه نازانێت چۆن به‌سه‌ر نیگه‌رانى خۆیدا زاڵ‌بێت، ناچاری مه‌رگى پێشوه‌خته ده‌بێت”. پێم وابێت هیچ كه‌س و بازرگانێك ئاواتى شتێكى وا ناخوازێت!.نیگه‌رانى ئه‌گه‌ر مرۆڤ به‌ره‌وپێش نه‌بات بێگومان مرۆڤ به‌ره‌و دواوه‌ده‌بات، كه‌واته نیگه‌رانیه‌كان وه‌لاوه بنێ تاكو باشتر بژیت، چونكه دكتۆره‌كان ده‌ڵێن له %70ى ئه‌و نه‌خۆشانه‌ى سه‌ردانى پزیشك ده‌كه‌ن خۆیان ده‌ره‌قه‌تى ده‌رمانكردنى خۆیان دێن، ته‌نیا ئه‌گه‌ر بتوانن به‌سه‌ر نیگه‌رانییه‌كانیاندا زاڵ بن .
چاره‌سه‌ر چییه؟
كاتێك خراپترین حاڵه‌ت قبوڵ ده‌كه‌یت، چیتر هیچ شتێك بۆ له‌ده‌ستچوون نامێنێته‌وه ئه‌گه‌ر فێرخوازیت ئه‌گه‌ر فه‌رمانبه‌رى ئه‌گه‌ر مامۆستایت یاخود له‌هه‌ر پله‌وپایه و ده‌سه‌ڵاتێكدایت، نیگه‌رانیه‌كانت قبوڵبكه و هه‌وڵى گۆڕینیان بده و له به‌رژه‌وه‌ندى و پێشخستنى خۆت و كاره‌كه‌ت به‌كاریان بهێنه، به‌ڕێژه‌ى بوونی مرۆڤه‌كان ڕێگا هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ر. نیگه‌رانى بۆ فێرخوازێك ئه‌و كاته‌یه كه كورسى و مێزه‌كه‌ى و قاچى پێكه‌وه ده‌له‌رنه‌وه، بۆ مامۆستایه‌ك نه‌بوونى زانیارییه له به‌رامبه‌ر فێرخوازه‌كانى، بۆ فه‌رمانبه‌رێك دواكه‌وتنه له كاره‌كه‌ى، بۆ ده‌سه‌ڵاتدارێك ناڕازى بوونى هاوڵاتییه‌كانیه‌تى، به‌ڵام پێت وانییه ده‌كرێت چاره‌سه‌رى هه‌موو ئه‌وانه هه‌بێت؟ من بێگومانم. هاوڕێكانم ده‌بینم كاتێك هه‌وڵ ناده‌ن، و له‌كاتى تاقیكردنه‌وه‌كاندا زۆر نیگه‌رانن و دڵه‌ڕاوكێیان هه‌یه، ده‌كرێت بۆ ئه‌م فێرخوازه هه‌وڵدان وابكات نیگه‌رانى و دوودڵى نه‌مێنێت و بۆ ته‌واوى هه‌ر كێشه‌یه‌ك چاره‌سه‌رێك هه‌بێت، نیگه‌رانیش كێشه‌یه‌كه له‌و نێوه‌نده‌دا كه چاره‌سه‌رێك هه‌یه بۆى. پڕۆفیسۆر ویلیا‌م جیمز هه‌میشه له‌ئامۆژكارى فێرخوازه‌كانیدا ده‌ڵێت: “كێشه هه‌ر به‌و جۆره‌ى هه‌یه وه‌ربگرن، چونكه وه‌رگرتنى هه‌ر ڕوداوێك یه‌كه‌م هه‌نگاوه له زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌نجامه ناخۆشه‌كانیدا”. ئێستاش ملیۆنه‌ها مرۆڤ ژیانیان له په‌رێشانیدا به‌فیڕۆداوه، چونكه ئاماده نه‌بوون ڕاستى كێشه و نیگه‌رانییه‌كانیان وه‌ربگرن و حه‌زیان له باشتربوونى بارودۆخیان نه‌بووه، تا خۆیان له مه‌ترسى له ناوچوون ڕزگاربكه‌ن . له وه‌ڵامى ئایا نیگه‌رانى زۆر یارمه‌تیت ده‌دات له به‌ده‌ستهینانى ئامانجه‌كه‌تدا یاخود نا؟ بێگومان به‌بێ زاڵبوون به‌سه‌ر نیگه‌رانییه‌كانتدا، هه‌رگیز سه‌ركه‌وتوو نابیت، چونكه یه‌كێك له خراپترین تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى نیگه‌رانى له‌ناوبردنى توانا عه‌قڵییه‌كانه، تاقیبكه‌ره‌وه!. ڕامه‌كه له كێشه‌كانت له چاره‌سه‌ركردنى كێشه و نیگه‌رانییه‌كانت ئه‌گه‌ر واتكرد ڕادێیت له زیندانیكردنى كێشه و نیگه‌رانییه‌كان له به‌ندیخانه‌كه‌تدا و كۆنتڕۆڵى مێشكت به ده‌ستى خۆت ده‌بێت، و ئه‌وه‌ش كاتێك ڕووده‌دات ده‌بێته گه‌وره‌ترین خۆ دۆزینه‌وه. دكتۆر ئالكسیس كامڵ ده‌ڵێت: “ئه‌وانه‌ى ئارامى ده‌رونییان له هه‌ڵا و هوریاى ژیانى مۆدێرن له‌ده‌ست ناده‌ن، له توشبوون به نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌كان پارێزراون”
نیگه‌رانییه‌كان هۆكارێكى خێراتر ده‌بن بۆ بچووكترین بیركردنه‌وه‌ى نه‌رێنى، و ئه‌گه‌ر هۆشیارنه‌بیت له‌م ڕووه‌وه كاریگه‌رى ڕاسته‌وخۆى له‌سه‌رت ده‌بێت.
له‌كۆتاییدا به‌ره‌و ڕووى ڕٍاستى ببه‌ره‌وه، دڵه‌ڕاوكێ به‌رده و پاشان بیرێك بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كه‌ت بكه‌ره‌وه، هه‌رچیه‌ك بیت و له‌هه‌ر باروودۆخێكدا بێت هه‌روه‌ك (مونتیگ) كه وه‌ك سه‌رۆكى شاره‌وانى زێدى خۆى هه‌ڵبژێردرا به‌هاوشارییه‌كانى گوت: “ده‌مه‌وێت ته‌واوى كاروبارى ئێوه‌ی هاوشاریم له ده‌ستمدا هه‌ڵبگرم نه‌ك له سییه‌كان و جه‌رگمدا” ئێوه‌ش ڕێگه به نیگه‌رانى مه‌ده‌ن بچێته دڵ و مێشكتانه‌وه با هه‌ر له ده‌ستتاندا بێت، ئه‌گه‌ر وابكه‌ن كه كۆنتڕۆڵى نیگه‌رانى، ترس، دڵه‌ڕاوكێ بكه‌ن، ژیان ده‌بێت به‌یارییه‌ك كه تۆ تیایدا خۆشحاڵ ده‌بیت، به‌ڵام مرۆڤه‌كان ئه‌و كاته‌ی كه ڕێگه ده‌ده‌ن به شكست، نیگه‌رانى، دوودڵى، دڵه‌ڕاوكێ و نائومێدى بۆ ئه‌وه‌ی زاڵ‌بن به‌سه‌ریاندا، ئه‌وكاته لاوازده‌بن. كاتیش ئه‌وه‌نده كه‌مه كه هیچ كاتێك بۆ لاوازبوونى مرۆڤ گونجاو نییه. ژیانێكى نموونه‌ى ئه‌وه نییه نیگه‌رانى و كێشه‌ى تێدا نه‌بێت، به‌ڵكو بوونى كێشه و چاره‌سه‌ركردنى نیگه‌رانییه‌كان به‌ره‌و ژیانێكى باشترمان ده‌به‌ن. هاوكات هه‌میشه ئه‌وه به‌خۆت بڵێ كه نیگه‌رانییه‌كان به‌شێكن له بوونى ئێمه نه‌ك هه‌موو بوونمان، بۆیه نیگه‌رانییه‌كان شایه‌نى ئه‌وه‌نین ڕێگه له ژیانێكى خۆشى تۆ بگرن، تۆ هه‌ركه‌سێك بیت و له هه‌ركوێیه‌ك بیت له‌وه گه‌وره‌تریت كه هه‌یت .
ڕێبین هه‌ڵه‌بجه‌یی