نەوەی داهاتوو و کارەساتی تەندروستی !!

ڕۆژانە دەبینین کە منداڵانی کۆمەڵگاکەمان ئاڵوودەی یان بەکارھێنەری شتانێکن (خواردن یان خواردنەوە …ھتد) کە نازانن لە پاشەڕۆژیاندا دەبێتە ھۆی توشبوونیان بە کێشەی تەندرووستی گەورە، شتگەلێک کە بەراستی شایەنی ئەوەیە پێی بگوترێت کارەساتی تەندروستی !

لە خوارەوە بە روونی باسی ئەم کارەساتە دەکەین کە نەوەی ئێستامان لە داهاتوو دا رووبەرووی دەبنەوە. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم کارەساتە ئێمەین، ئێمە وەک دایک، باوک، برا، خوشک و هتد… کە دەبینین لەبەر چاومان منداڵەکان ئەم شتانە بەکار دەهێنن و ڕێگرییان لێ ناکەین.

ئەو کارەساتانەی کە باسیان دەکەین بریتین لە :

  • بەکارهێنانی  ئامێرە زیرەکەکان و كاریگەرییان لەسەر چاوی منداڵەکان:

پسپۆڕانی بواری تەكنەلۆجیا ئاشكرای ده‌كه‌ن، لەم سەردەمەماندا ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان بەشێوەیەكی بەرفراوان كۆمەڵگایان داگیركردووە، هەروەها شارەزایانی بواری تەندروستی ڕایدەگەیەنن‌ بەكارهێنانی كۆمپیوتەر و تابلێتەكان بە شێوەیەكی زۆر دەبنە هۆی‌ لاوازبوون و هیلاكبوونی چاوی منداڵان، تووشبوون بە سەرئێشە، کزبوونی چاو، بەرچاو ڕەشبوون و هەروەها کەمبوونەوەی تەرکیز لە داهاتوودا،  و هەروەها ئەو تیشکەی لە شاشەی ئامێرە زیرەکەکانەوە دەردەچێ، دەبێتە هۆی تووشبون بەچەندان گرفتی وەکو وشكبوونەوە و كزانەوەی چاو، چاوتروكاندنی زۆر، سووربوونەوەی سپێنەی چاو، هەستیاربوون بە ڕووناكی و هتد..

  • خواردنی زۆری بسکیت و چیپس و هتد…

لەم کاتەی ئێستادا هەموو جۆرە کێک و بسکیتەکان و جۆرەکانی چپس لە هەموو دوکان و مارکێتەکانی دونیادا بە ئاسانی بە دەست دەکەون، و تا ڕادەیەکی زۆریش رێکلامی باشیان لە سۆشیاڵ میدیا و کەناڵە تەلەفزیۆنیەکان بۆ دەکرێت، ئەم بەرهەمانە رێژەیەکی یەکجار زۆر لە کالۆریان تێدایە، لەبەرئەوەی رێژەیەکی زۆری شەکر و خوێیان تێدایە، لەگەڵ ترانس فات (چەوری نا تێر)، ئەمانە ئەگەر بە رێژەیەکی زۆر و بەردەوام بەکاربهێنرێن، بە ئەگەرێکی زۆر ئەو منداڵانە لە داهاتوودا تووشی چەوری خوێن، بەرزە پەستانی خوێن، شەکرە، قەڵەوی و زۆر نەخۆشی تری ترسناک دەبن کە دەکرێت بە تەمەنێکی کەم توشی ببن.

  • خواردنەوەی خواردنەوە گازییەکان بە تایبەت خواردنەوە وزەبەخشەکان :

توێژینەوە پزیشکییەکان دەیسەلمێنن کە خواردنەوە گازییەکان بۆ منداڵ کاریگەری لەسەر لاوازبوونی مێشک و تواناکانیان ھەیە و دەبێتە ھۆی گەشەکردنی رۆحی شەڕەنگێزی تێیاندا، و هەروەها دەبێتەهۆی کلۆربوونی ددانەکانیان و پوکانەوەی ئێسکیان، و تووشی قەڵەویشیان دەکات بەجۆرێک خواردنەوەی یەک شوشە ڕۆژانە دەبێتە هۆی زیادبوونی نیو کیلۆ لە کێش لە مانگێکدا، و چەندان توێژینەوەی جیهانی سەلماندوویانە کە خواردنەوەی گازیی و وزەبەخشەکان دەبنە هۆی زیادکردنی شەکری خوێن، و بەهۆی ماددەی کافاینەوە ڕێژەی ئارەقی لەشی منداڵ تێکدەدات و تووشی دڵەڕاوکێ و نەمانی ئارەزووی خواردنی دەکات، لەبەرئەوەی تەنها شوشەیەکی بچووک بڕی 25-50 ملیگرام ماددەی کافاینی تێدایە، جگەلەوەی ڤیتامینB  لە لەشی منداڵدا ناهێڵێت.

  • زۆرخواردنی خواردنە خێراکان:

خواردنە خێراکان ناوێکە بەکار دێت بۆ هەر خواردنێک کە بڕێکی زۆر وزە و شەکر و خوێ و چەوری تێدایە، و هەروەها برێکی کەم لە ماددە سوودبەخشەکانی، تێدایە وەک پرۆتین و ڤیتامینەکان و ڕیشاڵەکان و کانزاکان کە زۆر بە سوودن بۆ لەش. ئەم جۆرە خواردنانە لە سەردەمی ئێستاماندا بووەنەتە کارەساتێکی زۆر گەورە، نەک تەنها بۆ منداڵەکان، بەڵكو بۆ گەورەکانیش، هەروەها کاریگەریی زۆر ترسناکی بۆ سەر تەندروستی هەیە. لێکۆڵینەوەکان سەلماندوویانە کە خواردنی ئەم جۆرە خواردنانە  3-6 جار لە  هەفتەیەکدا لەلایەن منداڵانەوە، دەبنە هۆی تووشبوون بە هەر یەک لە ئەکزیما و ڕەبۆ، و هەروەها توانا بیرکارییەکانیان و توانای خوێندنەوە لەلایان زۆر خراپ دەبێت بە بەراورد بە منداڵانی تر، هەروەها ئەوەش سەلمێندراوە کە بە خواردنی زۆری ئەم جۆرە خواردنانە بە هۆی ئەو هەموو ماددە خراپانەی کە تێیاندایە، دەبنە هۆی ( قەبزی، ئاڵوودەبوون، وزەیەکی کەمتر، خەمۆکی، فرەجووڵەیی، بەرزە پەستانی خوێن، شەکرە، چەوری خوێن… هتد) .

  • سۆشیال میدیا و کاریگەرییە دەروونییەکانی لەسەر منداڵان:

وەک هەموومان دەزانین سۆشیال میدیا لە سەردەمی ئێستادا بووەتە بەشێکی گرنگ لە ژیانمان، چ بە باشی یان بە خراپی. زۆربەی پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا یاساکانیان وەهایە کە مندالانی خوار 12 یان 13 ساڵ ناتوانن بەکاری بێنن، ئەم یاسایانە دەکرێت لە ژینگەی ڕۆژئاوا بە رێژەیەکی زۆر ئیشی پێ بکرێت، بەڵام لە ڕۆژهەلات و بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان ئەم یاسایە بە دەگمەن کاری پێ دەکرێت، منداڵەکان بە بێ هیچ سانسۆرێک سۆشیال میدیا بەکار دێنن، کە دەکرێت بڵێین ئەمە کارەساتێکی زۆر گەورەی لێ دەكەوێتەوە، چ لە رووی تەندروستی یان لە رووی ئەخلاقی یان داب و نەریت. هەروەها لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە، ئەو منداڵانەی  کە سۆشیال میدیا لە تەمەنێکی بچووکەوە بە کاردەهێنن، دەکرێت تووشی خەمۆکی، باوەر بە خۆنەبوون، کەمی جووڵە  ببێت کە کاریگەریی لەسەر تەندرووستی منداڵەکە هەیە و زۆر شتی تر. بەرنامەیەکی وەک تیکتۆک زۆر جار ترێندی زۆر ترسناکی تێدایە، کە منداڵ هەست بە ترسناکییەکەی ناکات و ترێندەكە ئەنجام دەدات، كە زۆر جار ئەمە زەرەری جەستەیی لێ دەكەوێتەوە، هەروەها بەرنامەیەکی وەک سناپچات کە منداڵ بە کاری دەهێنێت و سەیری خۆی دەکات، کە چەندەها فلتەری جیاوازی تێدایە، شێوازی دەم و چاوی دەگۆڕێت، ئەمە وا لە مندڵەكان دەکات باوەڕیان بە خۆیان نەمێنێت و لە شێوازی دەم و چاویان ڕازی نەبن، ئەمە ئەگەر لە تەمەنێکی بچووکەوە روویدا، کێشەی زۆر گەورەی دەروونی و باوەربەخۆنەبوون لەداهاتوودا بۆ منداڵەکە دروست بکات .

بە گشتی، جگە لەو خاڵانەی کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد، چەندەها خاڵی دیكە هەن کە داهاتووی نەوەکانمان دەخەنە مەترسییەوە، بەڵام ئەم خاڵانەی ئاماژەمان پێکردن، چەند خاڵێکی سەرەکین کە پێویستە ڕێگرییان لێبکرێت و زۆر پێویستە زانیاری تەواومان لەسەرییان هەبێت.

هەر بۆئەم مەبەستەش پێویستە هەموو لایەك، دایک و باوک و خوشک و برا،  مامۆستایانیش بە ھەمان شێوە، بەیەکەوە هاوکار بین بۆ ئەوەی نەوەیەکی تەندروست و بە هێز و داهێنەر بەرهەم بێنین، کە زۆر لەئێمە پێشکەوتووتر بن، نەک ببنە هۆی درووستبوونی کارەساتی تەندروستی، نەوەیەک کە بتوانن سوود لەم هەموو پێشکەوتنەی تەکنەلۆژیا لە رووی ئەرێنییەوە ببینن .

ئەم خاڵانەی باسمان کرد نەک تەنها بۆ منداڵان پێویستن، بەڵکو بۆ خۆمان و گەورەکانیش پێویستە لێی دوور بکەوینەوە، هەر بۆ ئەم مەبەستەش بۆ ئەوەی بتوانین تەندروستی خۆمان و هەروەها نەوەی داهاتوو بپارێزین، پێویستە لە بەکار هێنانی ئەم شتە ناتەندرووستانە بە دوور بین و لە جێگای ئەمانە شتی باشتر و سوودبەخشتر بەکار بێنین، بۆ ئەوەی هەموومان شانازی بکەین بە نەوەی داهاتوو تا بتوانن وڵات بگۆڕن بەرەو ژیانێكی  پێشکەوتووتر و سەلامەتتر و باشتر .

هالە دلێر یاسین

دەرچووی بەشی شیکاری نەخۆشییەکان-زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک – هەولێر

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *