وۆرکشۆپی بنیاتنانی توانای توێژینەوەی نێودەوڵەتی

شایان: به سەرپەرشتیی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی – دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری به پاڵپشتی نووسینگەی بەڕێز سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و به هاوکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق و لیژنەی باڵای پەرەپێدانی پەروەرده له ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک لە (١ تا ٣ ی حوزەیرانی ٢٠٢٤) میوانداری وۆرکشۆپێکی نێودەوڵەتی کرد بە ناونیشانی ” بنیاتنانی توانای توێژینەوەی نێودەوڵەتی” بە هاوکاری هەریەک لە زانکۆی سەڵاحەددین و زانکۆی هەولێری پزیشکی و زانکۆی نۆڵج و بە بەشداریكردنی (١٠) زانکۆی بەریتانی (زانکۆی گلاسکۆ، زانکۆی دەندی، کۆلێژی زانکۆی لەندەن، زانکۆی میدلێسێکس، زانکۆی نۆتینگام، زانکۆی لێستەر، زانکۆی ئەستۆن، زانکۆی کامبریج، زانکۆی بۆرنمۆس، زانکۆی ساسێکس، زانکۆی لۆگبۆرۆ، و کۆلێژی پەروەردە و کاری کۆمەڵایەتی،).
بەشداریكردنی ئەم زانکۆیانە لە وۆرکشۆپەکەدا هۆکارە بۆ دامەزراندن و بەهێزکردنی هاوکاریە درێژخایەنەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و زانکۆکانی بەریتانیا. بەشداریکردنی ئەم زانکۆیانەی بەریتانیا ئاستی زانستی و کاریگەری وۆرکشۆپەکە زیاد دەکات، چونکە ئامادەبووان دەرفەتی ئەوەیان دەبێت لەگەڵ کەسانی ئەکادیمی و توێژەرانی بەئەزموون و مامۆستایانی سەر بەم زانکۆیانە
زانیاری ئاڵۆگۆڕ بکەن.
بەڕێز پ. ی. د. ادریس هادی صالح، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک، بە نوێنەرایەتی سەرجەم زانکۆکانی کوردستان وتاری کردنەوەی وۆرکشۆپەکەی پێشکەش کرد و بەخێرهاتنی گشت ئامادەبووان و میوانەکانی کرد. بەڕێزیان تیشکیان خستە سەر ئامانجەکانی ئەم وۆرکشۆپە، کە بریتین لە پەرەپێدانی هاوکاری لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی توێژینەوە، بەرزکردنەوەی کوالێتی توێژینەوە و ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموون و شارەزایی لە نێوان ئەکادیمیسیانی بەریتانیا و داڕێژەرانی سیاسەت لە هەرێمی کوردستان و عێراق، و پێشکەشکردنی تێڕوانینی گونجاو بۆ بڕیاردان لەلایەن بڕیاردە باڵاکانی حکومی و کەرتی تایبەتەوە.
ئامانج لەم دەستپێشخەرییە دامەزراندنی ئەنجوومەنێکی توێژینەوەیە لە کەسانی شارەزا بە هاوبەشی لە نێوان زانکۆکانی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان. یەکێکی تر لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم وۆرکشۆپە بریتییە لە پەرەپێدانی کەلتووری توێژینەوە لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی و دڵنیابوونەوە لە کوالێتی توێژینەوەکان کە لەم ناوچانە ئەنجام دەدرێن. ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ ئامانجی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە بریتییە لە پەرەپێدان و پێشخستنی کەرتی پەروەردە بە جەختکردنەوە و گرنگیدان بە سێ بابەتی سەرەکی: دامەزراندنی دامەزراوەی زانستی، جێبەجێکردنی سیاسەتی داهێنەرانە و پەرەپێدانی پەیوەندی لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان.
ئامادەبوون و بەشداریکردنی شاندی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و زانکۆکانی بەریتانیا لەم وۆرکشۆپەدا ” بنیاتنانی توانای توێژینەوەی نێودەوڵەتی” کە بە پاڵپشتی و پشتگیری دارایی ئەنجومەنی بەریتانیا بووە، دەستکەوتێکی نایاب بوو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. ئەم سەردانە دەرفەتی بۆ شاندەکە ڕەخساند بۆ وەرگرتنی زانیاری و سوودمەند بوون لە ئەزموون و شارەزایی مامۆستایانی زانکۆکانی بەریتانیا لە پەرەپێدانی کەلتووری توێژینەوە.
بەڕێز د. ئارام محمد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جەختی لە ئامانجە سەرەکییەکانی وۆرکشۆپەکە کردەوە لە سوودبینین لە کارامەیی و زانیاری مامۆستایانی ئەکادیمی لە بواری توێژینەوە و بەدەستخستنی سەرچاوەی پێویست بۆ بەهێزکردنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان و دەستەبەرکردنی بودجە بۆ پڕۆژەکانی توێژینەوە و بەشداریکردن لە گەشەکردنی ئابووری لەسەر بنەمای زانیاری لە هەرێمی کوردستان و عێراق.
بەرزکردنەوەی کوالێتی توێژینەوە و تواناکانی زانکۆکانی عێراق و هەرێمی کوردستان یەکێکی تر بوو لە ئامانجەکانی ئەم وۆرکشۆپە بە دامەزراندنی کلتووری توێژینەوەی بەهێز کە ڕێگاخۆشکەرە بۆ توێژینەوەی نایاب و بەدەستهێنانی پشتگیری دارایی و پەرەپێدانی توێژینەوە. ئەمەش بە مەبەستی بەرزکردنەوەی کاریگەری توێژینەوەکان لە پاڵپشتیکردنی گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان و عێراق و هەروەها بەرزکردنەوەی ئاستی ڕیزبەندی نێودەوڵەتی زانکۆکانی عێراق و کوردستان لە ڕێگەی نەخشەڕێگایەکەوە کە لەلایەن ئەنجومەنی توێژینەوە و پەرەپێدانی
کوردستانەوە دادەڕێژدرێت.