ڕۆژی جیهانی شێرپەنجە

شایان: لە ژێر ناونیشانی “پارێزگاری لە خانەکانت بکە: خۆراک وەک خۆپاراستن” زانکۆی  نێودەوڵەتیی تیشک میوانداری وۆرکشۆپی نیشتمانی رۆژی جیهانی شێرپەنجەی كرد كە لەلایەن کۆلێژی زانستە پراکتیکییەکان، بە هاوکاری بەشی خۆراک و ڕێجیم و بەشی تیشکی پزیشکی-تەکنیکی ڕێکخرابوو.

وۆرکشۆپەکە لەلایەن سەرۆکی زانکۆی پرۆفیسۆر دکتۆر سوڵتان ئەبو عورابی کرایەوە و بەگەرمی بەخێرهاتنی هەموو میوانەکانی کرد و جەختی لەسەر پابەندبوونی زانکۆکە بۆ بەرەوپێشبردنی توێژینەوە لە بواری خۆپاراستن لە شێرپەنجە و خۆراک کردەوە. هەروەها پرۆفیسۆر دکتۆر عەبدولقادر نەقشبەندی سەرۆکی زانکۆی لوبنانی فەڕەنسی و ژمارەیەکی زۆر لە میوانانی بەڕێز و ئەندامانی دەستەی وانەبێژی زانکۆی پزیشکی هەولێر ئامادە بوون.

قسەکەری یەکەم  دکتۆر ڕیوان حوسێن حەسەن پسپۆری نەشتەرگەری گشتی لە زانکۆی پزیشکی هەولێر  بابەتێكی چڕوپڕی لەسەر ڕوانگەی پزیشکی بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجە پێشکەش کرد و جەختی لەسەر دۆزینەوەی زوو و گۆڕانکاری لە شێوازی ژیان و کاریگەری خۆراک لەسەر پەرەسەندنی شێرپەنجە کرد. دکتۆر حەسەن تیشکی خستە سەر گرنگی یەکخستنی ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزی تەندروستی بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی شێرپەنجە.

قسەکەری دووەم پرۆفیسۆر دکتۆر جەلال عەلی جەلال لە زانکۆی پزیشکی هەولێر تیشکی خستە سەر لایەنە زانستی و نەخۆشییەکانی پەرەسەندنی شێرپەنجە. ڕوونی کردەوە کە چۆن گۆڕانی خانە، فاکتەرە ژینگەییەکان و کاریگەری خۆراکی، یارمەتیدەرن لە سەرهەڵدانی شێرپەنجە، هەروەها جەختی لەسەر گرنگی دەستێوەردانی خۆراکی کردەوە لە کەمکردنەوەی کاریگەرییە شێرپەنجەییەکانی لەش.

قسەکەری سێیەم و کۆتایی پرۆفیسۆر دکتۆر شێرزاد عەلی پسپۆڕی خۆراک لە زانکۆی پزیشکی هەولێر، جەختی لەسەر ڕۆڵی خۆراک لە خۆپاراستن و چارەسەری لە شێرپەنجە کردەوە. بەرێزیان پێشنیاری خۆراکی کرداری پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر خۆراکی دژە شێرپەنجە، خۆراکی پێویست و پلانی خواردنی هاوسەنگ کە دەتوانێت سیستەمی بەرگری بەهێز بکات و مەترسییەکانی شێرپەنجە کەم بکاتەوە.

ئەندامانی دەستەی وانەبێژی، پسپۆڕانی تەندروستی، و قوتابییان، چالاکانە بەشدارییان لە گفتوگۆكاندا كرد و پرسیار و وەڵامی داینامیکی کرا

وۆركشۆپەكە بە گفتوگۆیەکی کارلێک کۆتایی پێهات لەسەر ئەوەی چۆن تاکەکان دەتوانن خووی خۆراکی بەردەوام پەیڕەو بکەن بۆ باشترکردنی تەندروستی درێژخایەن.