شایان: لە 127هەمین ساڵوەگەڕی رۆژنامەگەریی كوردی و 9یەمین ساڵیادی پرۆژەی رۆژنامەوانیی گۆڤاری (شایان)دا، ستافی گۆڤاری (شایان) لە زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك رێوڕەسمێكی شایستەی بەو بۆنەیەوە رێك خست.
بە ئامادەبوونی بەرێز سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پ.ی.د. ئیدریس هادی ساڵح سەرۆكی دەستەی ئەمیندارانی زانكۆ و پ.د. سوڵتان ئەبوعورابی سەرۆكی زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك و ژمارەیەك لە میوانانی حكومی و حزبی و شاندێكی رووسی و راگر و مامۆستایان و ژمارەیەكی زۆر لە بەرێوەبەران و كارمەندانی بەشەكانی سەرۆكایەتیی زانكۆ، دەست بە كردنەوەی رێورەسمەكە كرا.
سەرەتای رێوڕەسمەكە، وتەی بەخێرهێنان لەلایەن پ.ی.د.ئیدریس هادی ساڵح سەرۆكی دەستەی ئەمیندارانی زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك كە هاوكات خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری (شایان)ە، پێشكەش كرا. پاشان پ.د. سوڵتان ئەبو عورابی سەرۆكی زانكۆ لە وتەیەكدا پیرۆزبایی ئەم یادەی لە هەموو رۆژنامەڤانان و میدیاكارانی كوردستان كرد، بە تایبەتی لە ستافی گۆڤاری (شایان). دوایین وتە لەلایەن خاتوو هێرۆ ئیسماعیل عارف دامەزرێنەر و سەرنووسەری گۆڤاری (شایان)ەوە پێشكەش كرا، لە وتەكەیدا ئاماژەی بە ئەرك و ماندوووبوونی هەموو ئەو میدیاكارانەی كە لە هەموو بوارەكانی میدیای ئەلكترۆنی بە گشتی و میدیای بینرا و بیستراو و خوێندراوی كوردی بە تایبەتی، كرد.
هەر لە رێوڕەسمەكەدا، رێز لە دوو رۆژنامەوان و نووسەری گەورە و دێرینی گەلی كورد بەرێز فەرهاد عەونی یەكەمین نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان و خاوەن كتێبخانەی فەرهاد عەونی، هەروەها بەرێز عەبدولرەحمان فەرهادی سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی نووسەرانی كورد بە پێشكەشكردنی پلاكێتی رێزلێنان و كیسەی دیاریی زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك، گرت. لە هەمان كاتدا رۆڵ و هەوڵ و ماندووبوونی چوار كەناڵی تەلەفزیۆنی كوردی وەكو، كەناڵی ئاسمانی كوردستان (كوردستان تی ڤی)، كەناڵی رووداو، كوردستان 24 و كەناڵی NRT بە پێشكەشكردنی پلاكێتی رێزلێنان و كیسەی دیاری، بەرز نرخاند. لەلایەن خۆیەوە بەرێز فەرهاد عەونی 22 پەرتووكی لە بەرهەمەكانی خۆی كردە دیاری بۆ كتێبخانەی زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك.
لە كۆتایی رێوڕەسمەكەدا، خەڵاتی تایبەت پێشكەشی ستافی گۆڤاری (شایان) و بەشدارانی گۆڤارەكە و هاوكاران و رێكخەرانی رێورەسمەكە، كرا.


