ڕۆڵی بانک لەسەر وەبەرھێنانی ناوخۆیی بۆ بەرزکردنەوەی ژێرخانی ئابووری
بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین پێناسەی بانک بکەین کە پڕۆژەیەکە یان دەزگایەکە بۆ کۆکردنەوەی سپاردەی ماڵی و نەختینە لە ھاوڵاتیان ودانەوەی بە کەسان و لایەنی تر بەشێوەی قەرز، بانک جۆرێکە لە بازرگانی بەشێوەی نەختینە و ئاسانکاری لە ڕێگای پشتگیری ودەستەبەری بانکی، بانک کەسایەتییەکی مەعنەوی ھەیە و له چوارچێوەی یاسادا ڕێکخراوه.
جۆرەکانی بانک دابەشدەبن بۆ دوو شێوەی سەرەکی:
یەکەم: بانکەکانی کەرتی گشتی
ئەویش بانکی ناوەندی و بانکی بازرگانی دهگرێتهوه کە چەندین لقیان لێدەبێتەوە لە شار و شارۆچکەکانی وڵات کە تایبەتن بە قازانج، و بانکی تایبەتیمەندیش جۆرێكی تره، ئهمهیان تایبهته بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەسەر چین و توێژەکان وەک بانکی خانووبەرە و بانکی کشتوکاڵی و بانکی پیشەسازی.
دووەم: بانکی کەرتی تایبەت
پێکھاتووه لە بانکە ئیسلامییەکان و بانکە ڕیبەوەکان .
بانکەکان ھەموویان بەیەک جۆر و کار و فرمان کار ناکەن، ھەر ھەمووشیان لەژێر یەک ڕێسا و یاسادا نین بەڵکو بۆ بەرژەوەندی بەنکەکان ولایەنەکانی بەرامبەر و بەگوێرەی کار و چاڵاکیەکانی بانکەکان پۆلێندەکرێن .
جۆرو چاڵاکیەکانی بانکەکان:
یەکەم/ بانکی ناوەندی بە بانکی بانکەکان دادنرێ و سەرپەرشتی ھەموو بانکەکان دەکات و نەختینەی وڵات ئامادە دەکات، چونکە دەسەڵاتی ئیدارەدانی یەدەگی دەوڵەتی لەژێر دەستە لە نەختینەی وڵات و زێر و دراوی بیانی و بەھێزکردنی دراوی وڵات.
دووەم/ بانکی بازرگانی بریتیە لەو بانکانهی كه ھەڵدەستن بە کۆکردنەوەی یان وەرگرتنی پارەی زیادەی ھاوڵاتی و دەزگاکان و دووبارە بەکارھێنانەوەی ئەم پارانە لە ڕێگای دانەوەی بە شێوەی قەرز بۆ ناوخۆ و دەرەوەی وڵات وەکو وەبەرھێنان لەڕێگای قەرز و پێشینە و پەڕاوی بازرگانی و ھەروەھا کڕین و فرۆشتنی پەڕاوی دارایی و دەرکردنی گەرەنتی بانکی و ھەموو خزمەتگوزاری بانکەکان .
سێیەم/ بانکی پیشەسازی، بەشێوەیەکی سەرەکی ئەم جۆرە بانکانە ھەڵدەستن بە پێشکەشکردنی ئاسانکاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ دەزگا و پێکھاتە پیشەسازیەکان بۆ پڕۆژە بچووک و مامناوەند و گەورەکان بۆ ماوەی کورت و درێژ، ھەروەھا بەوه جیادەکرێنەوە لە بانکە بازرگانییەکان کە زیاتر پشت بە قەرزی کورت خایەن دەبەستن کە ریسکی زیاترە.
چوارەم/ بانکی کشتوکاڵی ئەو بانکانەن كه خزمەتگوزاری پێشکەش بە کەرتی کشتووکاڵ دەکەن، بۆ کڕینی تۆو و پەینی کیمیایی و دەرمانی لەناوبردنی گیانلەبەرە زیانبەخشەکان ھەروەھا بۆ کڕین و بەکرێگرتنی کەرەستە و ئامێری کشتووکاڵی وھەروەھا بۆ پەرەپێدانی سامانی ئاژەڵی کە ئەمەش بریتیە لە ھاوکاریکردنی کەرتی کشتوکاڵی بەشێوەی مامناوەند یان بەگوێرەی کەشی کشتوکاڵی.
پێنجەم/ بانکی خانووبەرە ئەمەش بریتیە لە ھاوکاریکردنی ھاوڵاتیان لە کەرتی خانووبەرە و باڵەخانی نیشتەجێبوون لەبەرامبەر ڕەھنکردنی خانووبەرەکانیان بۆماوەی درێژخایەن لەسەر بنیادی سەرچاوەی دارایی کەسەکە.
شەشەم/ بانک و خەزێنەی پاشەکەوت، بریتیە لەو بانکانەی کە ھەڵدەستن بە کۆکردنەوەی پارەی زیادەی ھاوڵاتییان بەشێوەی بچووک بچووک و بە قەرزدانەوەی بە کەسانی تر بە شێوەی قەرزی بچووک بچووک.
لێرەدا زیاتر تیشك دهخهینه سەر بانکی کشتوکاڵی، لەبەر ئەوەی ھەست بە بەرپرسیاریەتی گەورە دەکەین لە بواری کشتوکاڵدا لە وڵاتەکەمان، چوونکە وڵاتەکەمان وڵاتێکی کشتوکاڵییە و کەرتی کشتوکاڵ لە ئاست داخوازیەکانماندا نییە کە بووەتە ھۆی ئەوەی ھاوڵاتیان لەوەبەرھێنهوە بوونەتە بەکاربەر، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە لەسەر لایەنە بانکییەکان و لایەنە کشتوکاڵییەکان پەیڕەوی یاساکانی وڵات بکەن، لەم دوو بوارەدا بۆ ڕەواندنەوەی ترسی بانکەکان لە ئاسانکاری بۆ جووتیاران و پیشەوەرەکان، و لەھەمانکاتیشدا بۆ مسۆگەرکردنی مافی جووتیاران و پیشەوەران بەگوێرەی یاسا لە بەرامبەر بانکەکان بەشێوەیەک سوود وەربگرن لە یاسای بانک و کشتووکاڵ کە ئەوەی لەبەردەستدایە، ھەروەھا گۆرانکاری و ھەموارکردنی یاسا کۆنەکان و گونجاندنی لەگەل پێشکەوتنەکانی ڕۆژ لە بواری پیشەیی و تەکنەلۆجیای سەردەم، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە لایەنەکانی پەیوەندیدار یاساکان بهپێی بەرژەوەندی گشتی داڕێژنهوه، و ئێمه لێرەدا لە سێ لایەن کۆیدەکەینەوە، بە پلەی یەکەم ھاوڵاتی، ئینجا بانکەکان، و وەبەرھێنەری کشتوکاڵی و ئاژەڵیەکان، ئەوەشیان سوود و قازانجی زۆری دەبێت بۆ کەمکردنەوەی بێکاری و بەھەدەردانی سەروەت و سامانی وڵات.
سیڤهر سهرسپی
قۆناغی پێنجهمی بهشی یاسا