سیسته‌مه‌كانى به‌ڕێوه‌بردنى كاروبارى پزیشكیى تاوانناسى
له‌جیهاندا
د. فه‌یسه‌ڵ عاره‌ب بڵباس
پسپۆڕ له‌پزیشكیى تاوانناسی
سیسته‌مى به‌ڕێوه‌بردنى كاروبارى پزیشكیى تاوانناسى (دادوه‌رى) بریتییه له‌و كۆمه‌ڵه یاسا و رێسا و رێنمایی و په‌یڕه‌وانه‌ى كه ده‌گیرێنه‌به‌ر له‌كاتى جێبه‌جێكردن و به‌ڕێوه‌چوونى كاره‌كانى پزیشكیى تاوانناسى له هه‌ر وڵاتێكدا و شێوازى ئه‌و كارانه رێكده‌خات و رێڕه‌وه‌كه‌ى دیارى ده‌كات، ئه‌ویش بۆ یارمه‌تیدانى ده‌زگاكانى دادگا و لایه‌نه‌كانى لێكۆڵینه‌وه له‌تاوان، بۆ گه‌یشتن به بڕیارى راست و دروست له‌پێناو به‌رقه‌راربوونى دادوه‌رى و دادپه‌روه‌رى له‌ناو كۆمه‌ڵدا.
به‌پێى جیاوازیى یاسایى و نه‌ریته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ئه‌و سیسته‌مه له‌وڵاتێكه‌وه بۆ یه‌كێكى دیكه ده‌گۆڕێ، به‌ڵام به‌گشتى له‌هه‌موو جیهاندا تا ئێستا چوار جۆره سیسته‌مى به‌ڕێوه‌بردنى كارى پزیشكیى تاوانناسى هه‌یه:
1- سیسته‌مى كۆرۆنه‌ر Coroner:
ئه‌و سیسته‌مه له‌و سه‌رده‌مانه‌وه په‌یدا بوو كاتێك كه بریكارى پاشاى (تاجى) به‌ریتانیایى به‌رپرس بووه له‌وه‌رگرتنى به‌شێك (وه‌كو باج و سه‌رانه) له‌میراتى ئه‌وانه‌ى كه ده‌مردن. به‌وكه‌سه ده‌گوترا “كۆرۆنه‌ر – كۆرۆنا واته تاج corona, crown”. ئه‌وڕۆ كۆرۆنه‌ر وه‌كو ده‌زگایه‌ك وایه كه كه‌سێكى شاره‌زا له‌بواره‌كانى یاسا یان پزیشكیى تاوانناسى به‌ڕێوه‌ى ده‌با كه شاره‌زاییه‌كى باشى له‌و بواره‌دا هه‌بێ و ده‌بێته به‌رپرس له‌ناوچه‌یه‌ك یان به‌شێكى شارێكى گه‌وره (كانتۆن یان كاونتى Canton, County) و هه‌موو ئه‌وكه‌سانه‌ى له‌ناوچه‌كه‌دا ده‌مرن، ده‌نێردرێنه لاى ئه‌و كۆرۆنه‌ره، به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ى كه مردنه‌كه‌یان به‌هۆى نه‌خۆشییه‌وه نه‌بووه، به‌ڵكو پتر له‌ئه‌نجامى توندوتیژى و ژه‌هراویكردن و رووداوه‌كانى هاتوچۆوه بوون، به‌گشتى ئه‌و حاڵه‌تانه‌ى كه پۆلیس لێیان ده‌كۆڵێته‌وه و گومانى تاوانیان لێده‌كرێ. بۆ هاوكاریكردنى كۆرۆنه‌ر، ئه‌گه‌ر خۆى پزیشك نه‌بوو، ئه‌وا پزیشكێكى پسپۆڕ له‌پزیشكیى تاوانناسیى Forensic Pathologist بۆ ته‌رخان ده‌كرێ و پێكه‌وه كێشه‌كه یه‌كلایى ده‌كه‌نه‌وه و ده‌یده‌نه دادگا بۆ ده‌ركردنى بڕیارى كۆتایى..
بۆ زیندووه‌كانیش به‌هه‌مان شێوه پزیشكێكى دیكه ته‌رخان ده‌كرێ كه پێى ده‌گوترێ Surgeon Police بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌كێشه‌كانیان ئه‌گه‌ر گومانى تاوانیان لێكرا.
ئه‌و سیسته‌مه سیسته‌مێكى رێك‌وپێك و ته‌واوه، به‌ڵام كه‌مێك دوور و درێژه و پێویستیى به ورده‌كارى و پشوودرێژى هه‌یه و له‌وڵاته‌كانى به‌ریتانیا و نیوزیله‌ندا و ئوستراڵیادا په‌یڕه‌و ده‌كرێ.
2- سیسته‌مى پزیشكى پشكێنه‌ر Medical Examiner
ئه‌و سیسته‌مه زۆرتر پشت به‌كار و زانیارییه‌كانى پزیشكى پسپۆڕى تاوانناسى ده‌به‌ستێ و ده‌سه‌ڵاتى یاساییشى، سه‌ربارى ده‌سه‌ڵاته پزیشكییه‌كه‌ى، پێدراوه. ئه‌وه‌ش واده‌كا كاره‌كه ئاسان و خێراتر بێ. له‌و سیسته‌مه‌دا پزیشكه‌كه خۆى بڕیار ده‌دا كه ئایا مردووه‌كه پێویستیى به‌توێكاریكردن هه‌یه یان نا. له‌و سیسته‌مه‌دا تاكه ئامانج و مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه بزانرێ هۆكارى راسته‌وخۆ و راسته‌قینه‌ى مردنه‌كه چیه، به‌جیا له‌وه‌ى كه ئایا هۆكارێكى تاوانكاریى له‌پشته یان نا. له‌و سیسته‌مه‌شدا ئه‌و پزیشكه‌ى به‌رپرسه له‌پشكنینى مردووه‌كان جیایه له‌و پزیشكه‌ى كه زیندووه‌كان ده‌پشكنێ.
ئه‌و سیسته‌مه له‌زۆربه‌ى ویلایه‌ته‌كانى ئه‌مریكادا په‌یڕه‌و ده‌كرێ.
3- سیسته‌مى كیشوه‌رى (كۆنتینێنتاڵ) Continental
ئه‌و سیسته‌مه پشت به‌كاره‌كانى لایه‌نى لێكۆڵینه‌وه ده‌به‌ستێ، به‌جۆرێك كه لایه‌نه‌كانى وه‌كو پۆلیس و دادگا ده‌بنه خاوه‌نى بڕیار له‌سه‌ر ناردن و توێكاریكردنى مردووان و پشكنینى زیندووان. پزیشكى تاوانناسى و داموده‌زگاى پزیشكى تاوانناسى ته‌نیا لایه‌نێكى جێبه‌جێكار ده‌بن و ناتوانن توێكاریكردنى ئه‌و مردووانه ره‌تبكه‌نه‌وه كه دادگا بۆیانى ره‌وانه ده‌كا.
مه‌به‌ستى سه‌ره‌كیى ئه‌و سیسته‌مه بریتییه له‌گه‌ڕان به‌دواى تاواناندا و ئه‌وجا زانینى هۆكارى مردنه‌كه، بۆیه ژماره‌ى ئه‌و ته‌رمانه‌ى له‌و سیسته‌مه‌دا توێكاریان بۆ ده‌كرێ كه‌متره له‌وانه‌ى سیسته‌مى كۆرۆنه‌ر. به‌زۆریش پزیشكى تاوانناسى سه‌ردانى شوێنى رووداوه‌كه ناكا، بۆیه نازانێ سرووشتى مردنه‌كه چیه (واته چۆنیه‌تى مردنه‌كه نه‌ك هۆكاره پزیشكیه‌كه‌ى). له‌و سیسته‌مه‌دا هه‌مان پزیشكى تاوانناس پشكنین بۆ زیندوو و مردووان ده‌كا. ئه‌و سیسته‌مه به‌خراپترین سیسته‌م داده‌نرێ كه تا ئێستا له‌هه‌ندێك وڵاتى وه‌كو فه‌ڕه‌نسا و وڵاته ئاوڕووپاییه‌كاندا ماوه.
4- سیسته‌مى فیسكاڵ Fiscal
له‌و سیسته‌مه‌دا هه‌ندێك تایبه‌تمه‌ندیى سیسته‌مى پزیشكى پشكێنه‌ر و سیسته‌مى كۆنتینێنتاڵ تێكه‌ڵ ده‌كرێن، به‌جۆرێك كه پزیشكى مردووان و زیندووان هه‌ر یه‌ك كه‌سه، به‌ڵام هه‌ندێك ده‌سه‌ڵاتى یاسایى سه‌ربارى ده‌سه‌ڵاته پزیشكییه‌كه‌ى پێدراوه. مه‌به‌ستى سه‌ره‌كیى ئه‌و سیسته‌مه ئه‌وه‌یه كه پێشتر روودانى تاوان ده‌ستنیشان بكرێ، پاشان هۆكارى مردنه‌كه دیارى بكرێ. ئه‌و سیسته‌مه ته‌نیا له ئوسكۆتله‌ندا په‌یڕه‌و ده‌كرێ.
سیسته‌مى پزیشكیى تاوانناسى له‌عێراق و كوردستاندا:
ئه‌و سیسته‌مه‌ى له‌عێراق و هه‌رێمى كوردستانیش بۆ پزیشكیى تاوانناسى په‌یڕه‌و ده‌كرێ، زۆر به‌سیسته‌مى “كۆنتینێنتاڵ” ده‌چێ، به‌ڵام هه‌مووى جێبه‌جێ ناكرێ، به‌ڵكو به‌جۆرێك گۆڕدراوه كه له‌گه‌ڵ بارودۆخى وڵات و یاسا و نه‌ریته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیدا بگونجێ.
سیسته‌مى پزیشكیى تاوانناسى له‌عێراق و كوردستان پشت به‌لایه‌نى لێكۆڵه‌ر ده‌به‌ستێ، چونكه ئه‌و لایه‌نه بڕیار له‌سه‌ر ناردنى كێشه‌كان ده‌دا بۆ لایه‌نى پزیشكیى تاوانناسى. به‌و مانایه‌ى كه پزیشكیى تاوانناسى ته‌نیا لایه‌نێكى جێبه‌جێكارى بڕیارى دادگایه. هه‌مان پزیشكى تاوانناسیش مردوو و زیندووه‌كان ده‌بینێ. مه‌به‌ستیش له‌و جۆره سیسته‌مه زانینى روودانى تاوانه، ئه‌وجا ده‌ستنیشانكردنى هۆكارى مردنه‌كه.
له‌هه‌رێمى كوردستان و له‌هه‌ولێرى پایته‌ختدا “په‌یمانگه‌ى پزیشكیى دادوه‌رى” هه‌یه كه به‌شه‌كانى “زیندووان” و “مردووان” و تاقیگه‌ى پشكنینى خوێن و ژه‌هر و شانه‌كان و تیشكگرتنى تێدایه، له‌گه‌ڵ هۆڵێك بۆ پشكنین و توێكاریكردنى مردووان له‌كاتى پێویستدا.
له‌قه‌زاكانى “كۆیه” و “سۆران”یش لقى پزیشكیى دادوه‌رى هه‌یه كه پزیشكێكى راهێنراو له‌گه‌ڵ چه‌ند كارمه‌ندێكى ته‌ندروستى، كێشه و حاڵه‌ته سووكه‌كان به‌ڕێده‌كه‌ن و ئه‌وه‌شى كه ئاڵۆز بێ و پێویستیى به‌توێكاریكردن و پشكنینى تاقیگه هه‌بێ ره‌وانه‌ى هه‌ولێرى ده‌كه‌ن.
پزیشكیى تاوانناسى رۆڵێكى گرنگ ده‌بینێ له‌ده‌ستنیشانكردنى لایه‌نى پزیشكیى تاوانه‌كان. به‌مه‌ش ده‌زانرێ ئامارى رووداو و تاوانه‌كان رۆژانه و ساڵانه چه‌نده و چۆنه، بۆیه ده‌كرێ حكوومه‌ت پشتیان پێ ببه‌ستێ بۆ چاره‌كردن و رێگه‌گرتن و كه‌مكردنه‌وه‌ى ئه‌و رووداو و تاوانانه‌ى كه له‌وڵاتدا رووده‌ده‌ن.
د. فه‌یسه‌ڵ عاره‌ب بڵباس
پسپۆڕ له‌پزیشكیى تاوانناسى
په‌یمانگه‌ى پزیشكیى دادوه‌رى – هه‌ولێر
وانه‌بێژ له‌كۆلیجه‌كانى پزیشكی و یاسا