دکتۆر ئیدریس هادی ، ئەو کەسایەتییەیە
لە هەرکوێ کار بکات ، ئاوەدانی دەکاتەوە
پ . د . شوکرییە رەسوڵ
- ماوەی سی ساڵە دکتۆر ئیدریس هادی دەناسم… بەڵام دوای راپەڕین پتر سەرنجی من و شاری هەولێری بەلای کارە سەرکەوتووەکانی خۆیدا راكێشا… رەنگە بپرسن بۆ؟ ئەم کەسایەتییە کوردە دڵسۆز و خاوێنە لە مێژ بوو دەرکی بە چەوساندنەوەی میللەتەکەی و ئەو زوڵم و زۆرەی دەرحەق بە نەتەوەی کورد کردبوو.. بەشداریکردنی لە شۆڕشی ئەیلولی مەزن و پاشان تەواو کردنی خوێندنی ماستهر و دکتۆرا لە سۆڤیەتی جاران و شارەزایی لە ژیانی میللەتاندا و خۆشگوزەرانیان و گەشتنی ئەو میللەتانە بە قۆناغەکانی سەربەخۆیی و ئارامی و بەختەوەری و پێشکەوتنی شارستانیەتیان… ئەمانە کاریان تێکرد هەر بۆیە بە گەڕانەوەی دکتۆر و بەدەستهێنانی پلەی دکتۆرا وەك رۆشنبیرێک، کارامە کەوتە کارکردن لە پێناو بەرەوپێشچوونی باری رۆشنبیری و پێگەیاندنی کادر و خزمەتکردنی کۆمەڵگا، ئەمانە بە لایەك بەلایەکی دی ئەو نەهامەتییانەی بەسەر گەلی کورددا هات کاریگەری زۆری لەسەر دکتۆری ناوبراو هەبوو بە تایبەتی کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و زۆر شوێنانی تر و پڕۆسەی ئەنفال و جینۆسایدکردنی بارزانییەکان و کوردە فەیلییەکان و پاشان دوای راپەڕین کارەساتی کۆرەوییە ملیۆنیەکەی بەسەر کورددا هات ئەمانە کارێکی زۆریان لە دکتۆر ئیدریس کرد… هەر بۆیە دوای راپەڕین چالاکانە هاتە ناو مەیدان تاکو خزمەت بە گەلی کورد و شاری هەولێر بکات… ئەوەبوو لەگەڵ کۆمەڵێ کەسایەتی شاری هەولێر و سلێمانی و کۆیە توانی رێکخراوێكی تایبەت بە مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان پێك بێنێ و پاشان وەك سەرۆکی رێكخراوی مافی مرۆڤ لە هەولێر هەڵبژێردرا… لەم رێکخراوەدا دڵسۆزانە و چالاکانە و خۆبەخشانە کاری دەکرد، بەشداری کۆنگرەی کرد بۆ ئەو کارانەی پەیوەندییان بە مافی مرۆڤ و مافی ئافرەتان و منداڵانەوە هەبوو… لە یادمە هەوڵێکی زۆری دا بۆئەوەی مەسەلەی ئەنفال بە جینۆسایدی کورد بناسێنێ کە لە سایەی ڕژێمە دیکتاتۆرەکەی سەدام حسێن دا ئەنجام درا بە هەوڵ و کۆششی خۆی و کۆمەڵێ کەسایەتی توانی ئەو کورە کوردە هەرزەکارە (تەیموری گەرمیان) بە رێکخراوێکی بێگانە بناسێنێ و چاوپێکەوتنەکەی رۆژنامە نووسە بیانییەکە و دکتۆر ئیدریس هادی و تەیموری گەرمیان لە ماڵی ئێمەدا سازکرا… بەم کارە هێندەی تر چالاکییەکانی ناوبراو لە پەرەسەندندا بوو…
سەرباری ئەم کارە بە هەوڵ و کۆششی ناوبراو توانرا گەشە بە رێکخراو و پڕۆژەکە بدرێ و بەشداری لەگەڵ رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رێکخراوی نێودەوڵەتی بکات وەك :-
- رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی.
- رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی تری ئەم بوارە.
- رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ.
- سەرباری مامۆستایەتی لە کۆلێژ و بوونی بە سەرۆکی بەشی ئەندازیاری کارەبا لە کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سەلاحەدین… کارەکانی ووردە ووردە، پلە بە پلە لە بەرزبوونەوەدا بوون… وای لێهات کاری ئەکادیمی و خزمەتکردن لە مافەکانی مرۆڤ ببنە گەنجینەیەکی پڕ لە زانست و ئەکادیمی و ئەزموونێکی زۆر سەرکەوتوو لە بورای بەڕێوەبردندا..
ئەرکەکانی دکتۆر ئیدریس هادی تاکو ئێستا
ئەو ئەرکە زۆرانەی کەوتبوونە سەرشانی دکتۆر ئیدریس لە خوارەوە بە چەندین خاڵ کورتی دەکەینەوە، بریتی بوون لە:
یەکەم :٠
سەرۆك )بەشی کارەبا ( لە کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سەلاحەددین ساڵانی 1985- 1990
دووەم :- دووجار بۆتە سەرۆکی زانکۆ:
- سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر 1999-2000
- سەرۆکی زانکۆی نێودەوڵەتی تیشك 2006 – ….. تا ئێستا بەردەوامە
سێیەم :-
- جارێک بۆتە جێگری وەزیر:
- جێگری وەزیری خوێندنی باڵا لە بەغدا 2004-2005
چوارەم :-
- شەش جار لە هەرێمی کوردستان و عێراق بۆتە وەزیر :-
- وەزیری خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان 2006-2009
- وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە یەکەم حوکومەتی عێراقی هەڵبژێردراو لە بەغدا 2005-2006
- وەزیری گواستنەوە و گەیاندن لە یەکەم کابینەی حوکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر 1992 .
- وەزیری گواستنەوە و گەیاندن لە دووەم کابینەی حوکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر 1993 .
- وەزیری پیشەسازی و وزە لە کابینەی سێیەم لە حوکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر 1996
- وەزیری شارەوانی و گەشت وگوزار لە حوکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر 1998
- شایەنی باسە دکتۆر ئیدریس هادی کاتێ وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حوکومەتی عێراق بوو بۆ یەکەمجار توانی یاسا و پەیرەوێکی تایبەت بە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی بە سەرکەوتوویی پراکتیزە بکات کە تاکو ئێستا بەردەوامە… سەرباری ئەمەش توانی یاسای تایبەت بە کرێکار و کاری منداڵان و ئافرەتان و چاکسازی بکات
پێنجەم:-
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بووە – لە خولی یەکەم لە ساڵانی 1992-2005
شەشەم :-
دەستەی دامەزرێنەری رێکخراوی مافی مرۆڤ و سەرۆکی هەڵبژاردەی ئەو رێکخراوە بووە وەك لەسەرەتادا ئاماژەم بۆ کرد
حەوتەم :-
دکتۆر ادریس هادی سەرباری ئەو ئەرکانەی پێی سپێردراون گەلێ چالاکی بەرچاوی هەبووە بەوەی:
- بەشداری گەلێ کۆنگرە و سمیناری نێودەوڵەتی و هەرێمی و ناوخۆیی کردووە
- بەشدارییەکی کارای لە رووی پرۆتۆکۆڵی وەزارەتەکان کردووە، چونکە زمانی ئینگلیزی و رووسی بە باشی دەزانێ بۆ ئەم کارانە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا و عەرەبی و روسیا و ئەمریکا گەڕاوە
- پاش راپەڕین وەك لە نزیکەوە دەمناسی بە خۆبەخش لە کۆلێژی ئەندازیاری و پەروەردە لە ساڵانی 1992-2003 وانەی وتۆتەوە
- مامۆستای قوتابییانی ماجستێر بوو لە کۆلێژی ئەندازیاری و پەروەردە و سەپەرشتی کردوون
- تاوتۆی چەندین نامەی ماستەر و دکتۆرای لە زانکۆکاندا کردووە
- لە بواری سیاسی هەر لە شۆڕشی ئەیلول تاکو ئێستا وەك پێشمەرگە و وەك ئەندامێکی کارای پارتی دیموکراتی کوردستان بەشدار و بەردەوامە
- بەرپرسی ناوچەی فەرمانبەرانی سەر بە لقی دووی پارتی و گەلێ چالاکی بەرچاوی لەو رێکخراوە ئەنجام داوە، کەسانی پسپۆر و شارەزای لە بوارە جۆربەجۆرەکان بانگهێشت دەکرد و سیمیناری ساز دەکرد
هۆکاری سەرکەوتنی لە ئەرك و بوارە زانستییەکان
- گەلۆ دەبێ ئەو هۆکارانە چی بن وای لە دکتۆر ئیدریس هادی کردووە ببێتە کەسایەتییەکی سەرکەوتوو و کاریزمای بواری (وەزیفی) و (زانستی) لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و زانکۆکانی دەرەوە.. ئەوەندەی بیرم کردۆتەوە و تێبینیم کردووە و گەشتوومەتە ئەوەی بڵێم رەنگە چەند هۆکارێك هەبن بوونەتە هۆی سەرکەوتنی ئەم کەسایەتییە لە ئەرشیفی (عیراق) و (هەرێمی کوردستان) کە بۆ شاری هەولێری دەلال بۆتە جێگەی فەخر و شانازی:
- ناوبراو گەلێ زمانی جیهانی و هەرێمی دەزانێ کە یارمەتیدەر بوونە بۆ ئەوەی لە کارەکانی دا سەرکەوتوو بێت وەك (زمانی دایك، عەرەبی، تورکی، ئینگلیزی، رووسی)
- ئەم کەسایەتییە متمانەیەکی تەواوی بەخۆی هەیە، کەسێکی راستگۆ و راست و رەوانە
- باوەرێکی تەواوی بە پیشە و کارەکانی هەیە.. هەمیشە خاوەن پلانە.. بۆ هەر کارێك پلاندارێژەرە، هەر بۆیە لە رێگەی رێکخستنی ئەرک و کارەکانیدا سەرکەوتوو بووە
- کەسایەتیەکی دەگمەنە… هەرکەسێك سەردانی بکات بە پێی یاسا ئەرکەکانی بۆ جێ بە جێ دەکات و چاوی بە هەموو جۆرە میوانێك دەکەوێ و رووخۆش و میوان دۆستە.. خۆم ئاگاداری ئەم لایەنە بووم
- هەر ئەرک و فەرمانێکی پێ سپێردرابێ یاخود لە هەرکوێ کاری کردبێ هەمیشە ئامادەباشی هەیە.. واتە لە کاتی خۆی دەچێتە دەوام و لە کاتی تەواو بوون دەگەرێتەوە… ئەمە هۆکارێکی سەرکەوتنیەتی
- ئەم هەموو هەوڵ و ماندووبوونە، بوونە هۆی ئەوەی کە دکتۆر ئیدریس ببێتە خاوەن ئەرشیفێکی زۆر دەوڵەمەند و ڕیزدار لە لای دەسەڵاتداران و جەماوەر
- لە کارکردندا یەکلاکەرەوەیە و گوێ لە بەرامبەرەکانی دەگرێت لە هەمووشیان دیارتر رێز لە کارمەند دەگرێت و ئەوانەی کار لەگەڵیدا دەکەن هەست بە ئارامی و دڵسۆزی دەکەن، چونکە دڵنیان لەگەڵ کەسێکی شارەزادا کاردەکەن
- لە هەموو پلە و پۆستە جۆر بە جۆرەکانیدا خاوەن پرۆژە و گۆرانکاری بوو… لێزانانە لێژنەی درووست کردووە و مشاوەرەی رێکخستووە… نموونەی ئەمانە ئێستایە کە بۆ ماوەی (٤) ساڵە لە زانکۆی نێودەوڵەتی تیشك وانە دەڵێمەوە یەکێ لە کارە سەرکەوتووەکانی ئەم سەرۆکی بۆردی زانکۆ و زانکۆکە دەکەمە نموونەی ( مشتێ نموونەی خەروارێکە)
زانکۆی نێودەوڵەتی تیشك
دکتۆر ئیدریس هادی کە ئەرکی زانکۆی (ئیشق)ی وەك سەرۆکی زانکۆ گرتە ئەستۆ، توانی ناوەکە بکاتە تیشك و وشە و بابەتی (تیشك)، لە مێژووی کورد و گەلانی رۆژهەڵات واتایەکی میستۆلۆژی و پیرۆزی هەیە… تیشکی رۆژ و مەسەلەی رۆژ لای کورد زۆر کۆنە… سەردەمێك لە سەردەمە دێرینەکانی پێش مێژوو لە رۆژ و تیشکی رۆژ پەرستراوە.. ئەمە لە زەینی کورددا ماوە و سوودمان لێ وەرگرتووە کە ئەو رۆژە رۆژێکی خۆشی کوردە و سەرەتای ساڵی نوێ یە و جەژنی نەورۆز و ئاگرە… ئەو تیشك و رۆژە بووە سومبول و لەسەر ئاڵای کوردستان دانرا.. بۆیە دەست خۆشی لە دکتۆر ئیدریس هادی دەکەم کە ئەم بیرۆکەی چەسپاند، ئەوەندەی تێبینی گەشەی ئەم زانکۆیە ئەوەیە سەرۆکی زانکۆ و ستافەکەی هەمیشە :-
- لە هەوڵی مسۆگەرکردنی کوالێتی و کێبرکێی زانستیدان لەسەر ئاستی هەرێم و نێودەوڵەتی لە ڕێگای ئەنجامدانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی و چالاکی زانستییەوە
- ئەم زانکۆیە هەمیشە لە گۆراندایە بە زیادکردنی بەش و کۆلێژ و کردنەوەی کتێبخانەی ئەلیکترۆنی و دابینکردنی کتێب و سەرچاوەی زانستی و دانانی تاقیگە لە هەندێ کۆلێژەکان، گۆرانکارییەکان وا پەرەی سەندووە رووخسار و دەرەوەی کۆلێژ و ناوەوە هەمیشە لە گۆران و پەرەسەند و بنیاتنانی کۆلێژی ترن.. ئەم گۆران و پێشکەوتنە پەندێکی رووسی یاد خستمەوە کە دەڵێ :
مۆسکۆ خێرا گەشە دەکات
- ئێستا گۆڕان لە سیما و ناوەرۆکی هەندێ لە کۆلێجەکانیش کراوە…
- هەوڵی جوانترکردنی مەیدانی زانکۆ بە کردنەوەی (کۆفی نیت) و لە هەندێ کۆلێژەکان (چێشتخانە)
- لە کۆلێژی ددان هەوڵی چارەسەرکردنی ددانی هاوڵاتی بە نرخێکی زۆر کەم و کوالیتی جوان دەدرێن
- لەم زانکۆیە ساڵانە چەندێن چالاکی هونەری و ئەکادیمی لە ناو زانکۆدا لەگەڵ سیمینار لەسەر ئۆتیزم و کەم ئەندام و گەلێ لایەنی تری نیشتیمانی (جەژنی نەورۆز، راپەرین، هەڵکردنی رۆژی ئاڵا و رۆژی شەهیدان) و بۆنە ئاینییەکان رێك دەخرێت بەمە ڕۆحێکی زیندووی جوان بە قوتابییان و مامۆستایان و فەرمانبەران بەخشیووە و فیستیڤالی کلتور و زمان دیارترینی ئەو چالاکییانەیە
- زۆر جار لە ژوورەکەم گوێم لە تیپی مۆزیکا و ژەنینی ئامێرەکانی مۆزیکا و گۆرانی رەسەنی کوردییه، کە خۆیان بۆ فیستیڤاڵ و چالاکی ئامادە دەکەن بەمە نیشانەی زەوقی بەرزی عەقڵییەتی سەرۆکی زانکۆ و دەستەی بەرێوەبردنن کە بیرێکی شارستانی و گیانێکی سەردەمیانەیان هەیە
- لە ڕووی گرنگی دان بە زانست، هەموو ساڵێک ئەم زانکۆیە کۆمەڵێ پسپۆر و مامۆستا لە هیندستان و دەوڵەتان دێنن لە پێناو بەرزکردنەوە و فێربوونی زانستی قوتابییان و بەردەوام لە پێشەنگ و پەرەسەندندا…
- هەموو وانە سەرەکییەکانی ئەم زانکۆیە بە زمانی ئینگلیزیە تەنها کۆلێژی یاسا نەبێت کە بەزمانی عەرەبییە و تەنیا دوو وانە نەبێ (کوردۆلۆژیا فەرمییە، بەڵام زمانی تورکی ئارەزوومەندانەیە)…. شایەنی باسە سەرۆکی زانکۆ سەرکردایەتی (٨) فاکەڵتی و (٢٣) بەشی زانکۆی لە ئەستۆ دایە پرۆگرامێکی وای داڕشتووە دەبێ زانکۆ بە هەموو بەش و فەرمانبەر و مامۆستاکان تا سەعات (٥) دەوام بکەن …
- هێندەی ئاگادار و سەرنجم داوە قوتابییانی ئەم زانکۆیە لە هەوڵی هەڵمەتی ژینگە پارێزیدان یاخود کارتی خێرخوازی هەرەوەزدا هەموو ساڵێک کۆمەڵێك چالاکی
(خواردن درووست کردن) و (فرۆشتنی) دەکرێت و پارەکە بۆ ئاوارە و کەمپەکان لەگەڵ جل و بەرگ و زەخیرەی پێویست بۆیان دەبرێت
- ئەم زانکۆیە هەموو ساڵێك فیستیڤاڵی زانکۆیی دەکەن.. کار و چالاکی بێ وێنە ئەنجام دەدەن.. ئەوەی سەرنجی راکێشام سازدانی (دادگا) یەکی تایبەت کە قوتابییانی بەشی یاسا رێکیان خستبوو.. ئەوەی سەیری دەکرد وای هەست دەکرد کە لە دادگایە.. ئەم وێنە و پرۆڤە سەرکەوتووە، بووە هەوێنی وتارێکم کە لە (فەیسبووك) دا بڵاوم کردەوە
- ئەم زانکۆیە چوار گۆڤار دەردەکات کە سیانییان بە زمانی ئینگلیزین و بواریان رەخساندووە بۆ بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی مامۆستایان و گۆڤارێکیان بە زمانی کوردی بۆ زانیاری گشتی و قەڵەمی کارمەند و مامۆستا و قوتابی تەرخان کراوە
- سەرباری ئەم کارانە روویەکی گەشی تری ئەم زانکۆیە بە سەرۆکایەتی سەرۆکی زانکۆ دەرکردنی گۆڤاری (شایانە) کە باسی کار و چالاکی زانکۆ و قەلەمی قوتابییان و مامۆستایانە هەریەکە لە بوارێکدا
ئەم هەموو نووسینە دەگاتە ئەوەی سەرکەوتنی سەرۆکی زانکۆ لە کارەکانیدایە کە زەمانە وای لێ کرد هەموو قۆناغ و پلە بەندییەکانی لە بچووکترین وەزیفە تا گەورەترین سەرکەوتوو بێت ڵەگەل هێز و توانا و شارەزابووندا..هەر بۆیە دەڵێم :
لە گوڵیان پرسی بۆ وا جوان و گەشی
ئەویش گوتی :
چونکە باغەوانەکەم مەردە
بەڵێ دکتۆر ئیدریس هادی لە هەر پلە و پاییەکدا بووبێ سەرکەوتوو بووە و ئەو شوێنەشی ئاوەدان کردۆتەوە… بە هیوای تەمەن درێژی و سەرکەوتنی بەردەوام.