ساڵى هه‌زار و یه‌ك وانه
هێرۆ ئیسماعیل عارف
پارساڵ (٢٠٢٠) یه‌كێكه له‌و ساڵانه‌ى كه ناوەناتۆرەی زۆر خراپی پێوە لكێنرا و زۆرینەی دانیشتوانی جیهان، بە (خراپترین، ناخۆشترین، بەدترین، شوومترین) ساڵیان ناودێر كرد، هەموو ئەم ناسناوە خراپانەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا (كۆڤید ١٩) بوو، وەك لە زۆر وڵات‌دا باس دەكرێ، ساڵی رابوردوو لە رۆژانی كۆتاییدا (كۆڤید ٢٠)یشی بۆ مرۆڤایەتی هێنا، ئینجا بەجێی هێشتین، رەنگە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو كارەساتە مرۆیی و تەنگژە و قەیرانە ئابووری و تەندروستی و كۆمەڵایەتیانەی لە ساڵی ٢٠٢٠دا روویان دا، خەڵك ناحەقیان نەبێ كە ئەو هەموو ناوەناتۆرەیە بەو ساڵەوە بلكێنن، ئاخر ژیانى خه‌ڵك بە منداڵ و پیر و گەنج و جوانەوە، نێر و مێ، هه‌ژار و زه‌نگین، دەسەڵاتدار و بێده‌سه‌ڵات، هه‌ر هه‌مووى كه‌وته مه‌ترسییه‌وه، مەرگ لە بەردەرگای هەموان بوو، كەس تەماشاڤان نەبوو، هەمووان لەنێو رووداوەكەدا بوون.
ده‌مانبینى لە هەندێ باردا، رۆژانه لەسەر ئاستی جیهان به هەزاران كەس به‌هۆى ئه‌و ڤایرۆسه‌وە گیانیان لەدەست دەدا.
كەم كەس هەیە لە جیهاندا، یه‌كێك له خێزانه‌كه‌ى یان هاوڕێیه‌كى یان خزم و كه‌سێكى دوور یان نزیكی، به‌هۆى ئه‌و ڤایرۆسه‌وه له‌ده‌ست نه‌دابێت، ئینجا وێرای ئه‌و مه‌ترسییه گه‌وره‌یه و زیانە مرۆییەكان و لەدەستانی ئازیزانیش، هه‌ر له‌و ساڵه‌دا به‌هۆى داخستنى زۆربه‌ى شوێنه‌كانى كاركردن و كه‌مبوونه‌وه‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و نه‌مانى جموجۆڵى بازاڕ و ئابوورى و سەرمایە، بە دەیان ملیۆن كەس، كاری خۆیان لەدەست دا، رێژەی بێكاری زۆر بەرز بووەوە و هەموو كەرتەكانیشی گرتەوە، لە كرێكاری و شاگردیی خواردنگەیەكی بچووكەوە تا كۆمپانیا زەبەلاحەكان، بێكار و بێبەرهەم مانەوە و زۆریش مایەپووچییان راگەیاند، دۆخی گوزەران و بژێوی و ئابووریى خێزانه‌كان له زۆربه‌ى شوێنه‌كان گه‌یشتبووه ئاستێكى زۆر خراپ، خەڵك بەزۆر كرا بە ژوورا و هاتوچۆ قەدەغە كرا، ئەمانە كێشەی خێزانی و كۆمەڵایەتیی زۆریشی بەداودا هات و بۆ هه‌ندێك خێزان بووه هۆكارى لێكترازان، بەڵام بۆ هه‌ندێك خێزانیش به‌پێچه‌وانه‌وه بوو به هۆكارى زیاتر لێك تێگه‌یشتن و لێك نزیكبوونه‌وه.
له‌به‌رئه‌وه‌ى هه‌موومان لایه‌نه نێگه‌تیڤ و خراپه‌كانى ئه‌و ساڵه ده‌زانین، بۆیه به پێویستى ده‌زانم لەڕێی گێرانەوەی بەسەرھاتێکەوە، ئاماژە بۆ لایه‌نه پۆزه‌تیڤ و باشه‌كانى ساڵى 2020 بكه‌م.
له‌م رۆژانه‌دا هاوڕێیه‌كم نامه‌یه‌كى بۆ ناردم، له نامه‌كه‌دا باس له نووسه‌رێكى میسرى ده‌كات كه پێناسه‌ى ساڵى 2020ى كردووه و نووسیویه‌تى: ”وه‌ك چۆن كتێبێكمان هه‌یه به ناوى (الف لیله و لیله) واتا (هه‌زار و یه‌ك شه‌و) ساڵى 2020یش هه‌ق وایه ناو بنرێت (سنه الف نیله و نیله) واتا (ساڵى هه‌زار و یەك بەڵا)… “، كه ئه‌مه‌م بینى هه‌ندێك سه‌رم سووڕما، نه‌ك له رای ئەو نووسه‌ره، به‌ڵكوو له هاوڕێكه‌م، چونكه ئەوەندەی من بیناسم ئه‌و كه‌سێكى زۆر گه‌شبینه، بۆیە له‌و باوه‌ڕەدا نه‌بووم هاوڕای ئەو نووسەرە میسرییە بێت، كه‌واته بۆچی بۆ منى ناردووه؟
هه‌ر بۆیه زوو وه‌ڵامم دایه‌وه و بۆم نووسی: ”هاوڕێی ئازیز، پێموایە ئەو نووسەرە بەهەڵەدا چووە، بە پێچەوانەوە ساڵی ٢٠٢٠ ساڵێكی پڕ مانا و پەند بوو، ساڵێك بوو له لایه‌ك كه‌سه‌كانى بۆ یەكدی ئاشكرا كرد هه‌م باشه‌كان و هه‌م خراپه‌كان، ویستی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان ئاشكرا بوون له‌نێوان وڵاته‌كان و تەنانەت مرۆڤه‌كانیشدا، په‌یوه‌ندیى خێزانیى به‌ره‌و قۆناغێكى دیكه برد و بۆ هه‌ندێك بوو به وه‌رچه‌رخان“.
وه‌ڵامى ئه‌م نامه‌یه‌م ته‌نیا كاردانه‌وه‌یه‌ك نه‌بوو لای خۆمەوە، به‌ڵكوو هه‌ر یه‌كێك له ئێمه ئه‌گه‌ر به‌قووڵى بیرى لێ بكاته‌وه، ده‌زانێت كه ٢٠٢٠ چه‌ند ساڵێكى گرنگ بووه، ده‌كرێت بڵێین: ”ساڵى هه‌زار و یه‌ك وانه“.
یه‌كه‌م وانه كه زۆربه‌مان وه‌رمانگرتووه، ئەوە بوو كە له‌وه تێگه‌یشتین كه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان پێش هه‌موو شتێكه، بۆ نموونه له‌سه‌ر ئاستى جیهان، به‌تایبه‌تى وڵاتانى یەكێتیی ئه‌ورووپا، سنووریان به رووى یه‌كتریدا داخست، كە ئەمە جاران لە خەونیشدا بیری لێ نەدەكرایەوە، ئه‌و ئه‌ورووپایه‌ى كه ٢٧ ده‌وڵه‌ت بۆ زیاتر له 30 ساڵ سنووریان نه‌هێشتبوو لەنێوان خۆیاندا، له‌به‌ر ڤایرۆسێك هه‌موو هاوماڵی و هاوپه‌یمانێتییه‌كیان له‌بیر كرد.
له‌سه‌ر ئاستى تاكیش بە هەمان شێوە، نه‌ك ته‌نیا دراوسێ سڵى له دراوسێ ده‌كرده‌وه، نه‌ك ته‌نیا هاوڕێ له هاوڕێ دوور ده‌كه‌وته‌وه، به‌ڵكوو له‌ناو خێزانێكدا ئه‌گه‌ر یه‌ك كه‌س تووشى ئه‌و په‌تایه بوایه، ئه‌وا له ژوورێكدا داده‌نرا و له دووره‌وه خزمه‌ت ده‌كرا، ئه‌م نموونەیە له‌وانه‌یه به نێگه‌تیڤ سه‌یر بكرێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بێ بزانین كه ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه په‌یوه‌ست نه‌بووه به تاكێكه‌وه، به‌ڵكوو له‌سه‌ر ئاستى تاك و یه‌ك ده‌وڵه‌ت به‌رامبه‌ر خێزان و چه‌ند ده‌وڵه‌تێك هه‌موو ئه‌مانه بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیى باڵا و گشتى بووه، بۆیه ده‌بێ له‌وه تێبگه‌ین كه پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندیی گشتى له تاكێكه‌وه ده‌ست پێده‌كات.
له سه‌رده‌مى كۆرۆنادا به‌تایبه‌تى مه‌به‌ستم له كاتى كه‌ره‌نتینه‌یه، له‌و كاته‌دا خه‌ڵكى فێرى ئارامگرتن بوون، بۆ نموونه پێش كۆرۆنا چوونه‌ده‌ره‌وه‌ى رۆژانه بووبوو به نەریت و باو، به‌ڵكوو بووبوو به به‌شێك له رۆژانه‌ى ژیانمان. ئه‌گه‌ر رۆژێك له ماڵه‌وه بۆ پشوو بماینایه‌ته‌وه، ئه‌وا دۆخی ده‌روونییمان وه‌كوو رۆژانى تر ئاسایى نه‌ده‌بوو، به‌ڵام له كاتى كه‌ره‌نتینه‌دا به شێوه‌یه‌كى سه‌یر خه‌ڵكه‌كه ئارامى گرتبوو و له ماڵه‌كانیان نه‌ده‌چوونه ده‌ره‌وه.
وانه‌یه‌كى دیكه كه وه‌رمانگرتووه، چۆنێتیى خۆپاراستنه نه‌ك ته‌نیا له‌و ڤایرۆسه، به‌ڵكوو له هه‌موو جۆره نه‌خۆشییه‌ك، به‌ڕاى من ئاستى هۆشیاری و رۆشنبیریى زۆر له خه‌ڵكی ئه‌م جیهانه به‌رز بووەوه، هه‌موومان به‌رده‌وام عەوداڵی زانینی هه‌واڵ و زانیاریى نوێ بووین، به‌رده‌وام له هه‌وڵى ئه‌وه‌دا بووین زیاتر خۆمان فێرى رێكاره‌كانى خۆپارێزى بكه‌ین كه ئه‌مه‌ش زۆربه‌ى په‌یوه‌ست بوو به پاكوخاوێنییه‌وه.
وانه‌یه‌كى دیكه‌ش ئه‌وه‌یه كه به راى من گرنگترین وانه بوو وه‌رمانگرت، ئه‌ویش گرنگی و بایەخ و بەهاى ئه‌م سروشته‌مانه، بینیتان له كاتى كه‌ره‌نتینه‌دا كه‌شوهه‌وا چه‌ند پاك بووبوو؟ بینیتان له‌و كاته‌دا چۆن سروشت وای كرد ئاژه‌ڵه‌كان بێنه ده‌ره‌وه و به سروشتى خۆیان مامه‌ڵه بكه‌ن؟ بینیتان چۆن ئه‌و ئاژه‌ڵانه ده‌هاتنه ناو شه‌قامه‌كان و نێو ماڵه‌كان له حاڵى خه‌ڵكه‌كه‌یان ده‌پرسى؟ ئه‌وه هه‌مووى نامه‌ى سروشت بوو بۆ ئێمه، پێى گوتین: ”ئێوه‌ى مرۆڤ چه‌ندین ساڵه ئه‌م زەویەتان داگیر كردووه و له ئاژه‌ڵ و له داروبارتان زه‌وت كردووه، ئێستا ببینن ئه‌گه‌ر ئێوه نه‌بن ژینگه چه‌ند پاك ده‌بێت، ئێستا ببینن ئه‌گه‌ر ئێوه مرۆڤ نه‌بن سروشت و ئاژه‌ڵ و بوونەوەرەكانی دی، چۆن به‌یه‌كه‌وه بەجوانی گه‌شه ده‌كه‌ن“. هه‌ر یه‌كێك له‌و ئاژه‌ڵانه، هه‌ر رۆژێك كه ژینگه پاكتر ده‌بۆوه، هه‌ر حاڵه‌تێكى سروشتى كه ده‌مانبینى، پەیام و وانەی سروشت بوون بۆ ئێمه‌ى مرۆڤ، بۆ ئه‌وه‌ى له گرنگیى ئه‌م سروشته جوانه تێبگه‌ین و چیدى له‌وه زیاتر نەیشێوێنین و ژەهراویی نەكەین.
وانه‌كانى سه‌رده‌مى كۆرۆنا و كه‌ره‌نتینه زۆر زۆرن، به‌داخه‌وه ناكرێت و ده‌رفه‌تیش نییه لێرەدا هه‌موویان باس بكرێن، به‌ڵام ده‌مه‌وێت له كۆتاییدا بڵێم:
ئەگەرچی هێشتا كۆرۆناكەی ساڵی 2020 ماوە، بەڵام هه‌موومان كه ده‌چینه ساڵى نوێوه، چاوه‌ڕێى ئه‌وه‌ین ئاواته‌كانمان بێنه دى، بۆ ساڵى 2020یش ئاواتمان خواستبوو، منیش وه‌كوو زۆر له ئێوه نه‌ك ئاواتێك و دوان، هیچ ئاواتێكم نه‌هاتووەته دى. ئه‌وه‌ى له‌و ساڵه‌دا هاته دى ته‌نیا تێگه‌یشتنم بوو له‌وه‌ى كه بایەخ و بەهای هه‌موو شتێك بزانم، زۆر شت له 2020 فێر بووم، سوپاسگوزاریم، شانازى به‌خۆمه‌وه ده‌كه‌م كه توانیومه تێی په‌ڕێنم، ئێوه‌ش شانازى به خۆتانه‌وه بكه‌ن كه توانیوتانه ئه‌م جه‌نگه بێده‌نگه تێپه‌ڕێنن، كه توانیوتانه ساتى زۆر سه‌یر و نامۆ تێپه‌ڕێنن.
هه‌موو كات ده‌ڵێن نابێت ئاوڕ له ڕابردوو بده‌ینه‌وه، به‌ڵام من ئه‌مجاره‌یان ده‌ڵێم: (به‌رده‌وام ئاوڕ له ساڵى 2020 بده‌نه‌وه و پەندی لێ وەربگرن)، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و وانه گرنگانه‌ى كه لەو ساڵەوە فێرى بوون، سوودمەند بێت بۆ داهاتووتان، داهاتوویەكی گەشتر و رۆشنتر و جوانتر…