زمانەوانیی دەروونی

د. مستەفا زەنگنە

 

زمانەوانیی دەروونی، زانستێکی نوێیە و لقێکی گرنگی زمانەوانیی گشتییە. تاوەکوو نیوەی سەدەی بیستەم وەکوو زانستێکی سەربەخۆ تەماشا نەدەکرا و ئادگارەکانی رۆشن و ئاشکرا نەبوون. کاتێک زانای گەورەی زمانەوانی (چۆمسکی) رەخنەی لە رێبازی وەسفی گرت و باری سەرنجی نوێی سەبارەت بە زمان و ئەرکی زمان خستە ڕوو، ئیتر لەوە بەدوا ئەم زانستە خۆی رەنگڕێژ کرد

چۆمسکی رەخنەی لە چۆنێتیی ئەو بۆچوونانەی پێش خۆی هەبوو سەبارەت شێواز و فێربوونی زمان و رێگاکانی توێژینەوەی زمان و بونیادی زمان. هەروەها رەخنەی توندی ئاراستەی رێبازی رەفتاری کرد، بەلای چۆمسکییەوە دەبوو بایەخ بە قووڵایی زمان بدرێت نەک بە دیاردەی زمان. ئەمەش بووە هۆی پێناسەکردنێکی نوێی زمان لەلای چۆمسکی کە دەڵێت: ”زمان کلیلی راستەقینەی ناسینی عەقڵ و بیرکردنەوەی مرۆڤە“ هەروەها ئەوە دەخاتە روو کە ناکرێت وا سەیری زمان بکەین کە تەنیا کۆمەڵێک پێکهاتەی لێکدراوی بەرچاوی بن و دوور بن لە واتا یان بێ واتا بن

زمانەوانیی دەروونی، دەشبێتە بەشێک لە زمانەوانیی Applied linguist کە بایەخ بە دیراسەکردنی فێربوونی زمان و بەکارهێنانی زمان دەدات. بۆیە بواری ئەم زانستە رەفتاری زمانی تاکەکانە Language Behaviour

لەم رووەوە (جاک ریشارد) دەڵێ: ئەم زانستە بایەخ بە کردارە عەقڵییەکان دەدات بۆ وەبەرهێنانی زمان و تێگەیشتنی. هەروەها گرنگی دەداتە کردارە دەروونی و مەعریفییەکانیش لە کاتی تێگەیشتن و فێربوونی زمانی دووەمدا

بە درێژایی مێژووی سەرهەڵدانی ئەم زانستە، چەندین جار ناوەکەی گۆڕدراوە، بۆ نموونە پێی گوتراوە (دەروونی زمانەوانی)، (زمانی دەروونی)، (زمانەوانیی دەروونی) هۆکاری ئەم گۆڕانانەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم زانستە بۆچوونی زۆر هەڵدەگرێ، هەروەها ئەو چەمکانەی زمان و دەروون، یان دەروون و زمان، کامیان پاڵنەری ئەوی کەیانە؟ لە راستیدا گەر سەیری داڕشتنەکان بکەین ئاوڕێک لە زانستەکەش بدەینەوە، دەبێ بگەینە ئەو ئەنجامەی کە دەروون پاڵنەری زمانە، کەواتە ئەوە زمانە وەکوو پێداویستییەکی دەروونی بەکار دێت و بەرهەم دەهێنرێت

ئەم زانستە چەند تەوەرێکی گرنگ دەگرێتە خۆی و کاریان لەسەر دەکات

چۆنێتیی تێگەیشتنی زمانی گۆکراو یان نووسراو

بەکارهێنانی زمان

فێربوونی زمان، جا چ ئەو زمانە زمانی دایک بێت یان زمانی دووەم بێت

کێشە و گرفتەکانی زمان، جا چ ئەو گرفتە زگماکی بێت یان بەهۆی بەرکەوتنەوە بێت، یان بە هۆی نەخۆشییەکانی قورگ و گوێ و چاوەوە بێت

فرە زمانی و کاریگەرییەکانیان لەسەر زمانی دایک

زمانی ئاماژە، فێربوونی زمانی ئاماژە، بەکارهێنانی زمانی ئاماژە، گرفت و چارەسەریەکانیان

پێم باشە ئاماژە بەو راستیە بکەم، کە زمان و ئاخاوتن و نووسین، تەنیا گواستنەوەی بیری ئاخێوەر نیە بۆ گوێگر، بەڵکو ئەو ئاخاوتن و نووسینانە هەڵگری سۆز و هەست و لایەنی دەروونیی خاوەنەکەشیەتی، بۆیە مرۆڤ کاتێک گوێی لە قسەی کەسێک دەبێت هەست دەکات ئەو قسەیە لە ناخەوەیە و دڵسۆزی و جدیەتی پێوە دیارە و تەنیا چەند رستەیەکی ریزکراو نیە بۆ مەبەستێکی دیاریکراو ئامادە کرابن

بۆ نموونە گەر سەیری ئەم رستەیە بکەین

ئەی دایکت بمرێ

ئەم رستەیە تەنیا خواستێک نیە کە دایکەکە بمرێت، بەڵکوو هەڵگری سۆزی دایکایەتییە بەرامبەر بە جگەرگۆشەکەی، ئەمەش وامان لێ دەکات کە بڵێین زمان و دەروون دوو رووی پەڕەی کاغەزێکن کە هەر کامێکیان لێ بکەیتەوە ئیدی کاغەزەکە دەدڕێت، بۆیەش زمان و دەروون جمکانەیەکی پێکەوەنووساون و لێک جیا ناکرێنەوە و بەبێ یەک لەدایک نابن

 

 

 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *