ڕێکارەکانی جێبەجێکردن لە یاسای جێبەجێکردن و دەرئەنجامەکانی لە کاتی کەمتەرخەمی دا

پارێزەر: سیڤەر سەرسپی

 

یاسای جێبەجێکردن، بریتیە لە کۆمەڵە ڕێسا و یاسایەک کە بۆ هێنانەدیی هاوسەنگیی نێوان بەرژەوەندیی خاوەن قەرز و قەرزدارە بۆ ئەوەی کە هیچ لایەنێک و بە هیچ هۆکارێک نەبێتە هۆی ئەوەی لە سامانی یەکتر ببەن و کاریگەریی نەرێنیی کۆمەڵایەتی و ئابووری دروست بکات و ببێتە هۆی ئەوەی کە ناسەقامگیری دروست ببێ، دواجاریش وەها لە هاووڵاتیان بکات کە یاسا جێبەجێ بکەن بە شێوازی ئارەزوومەندانە و ڕێزگرتنی یاسا و پابەندکردنی لایەنەکان بە گەڕاندنەوەی کە لەئەستۆیەتی و دەستدرێژی نەکرێتە سەر ئازادیی کەسەکان و ئاسانکردنی ڕێکارەکانی جێبەجێکردن. هەروەها جێبەجێکردنی ئەم یاسایە دەبێ بە شێوازێکی ورد و خێرا و دادپەروەرانە لە جێبەجێکردن لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی جێبەجێکاری دادی و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان و هاندانیان بۆ ئەوەی پشت بە ڕێکارەکانی جێبەجێکردن ببەستن لە هەبوونی ناکۆکییەکان و ڕێز لە سەروەریی یاسا بگرن

بۆ دانانی نیشانەی گلدانەوە لەسەر موڵکی قەرزار بەپێی یاسای جێبەجێکردن کە لە ماددەی (١٣)ە ئاماژە بەو پەڕاوانە دەکات کە شایستەی جێبەجێکردنە، دەبێ ئەو مافە نووسراو بێ و دیار بێ و شایستەی جێبەجێکردن بێ و لەسەر مەرج هەڵنەپەسێردرابێ و پێچەوانەی ئادابی گشتی نەبێ

هەر لە ماددە (١٤)ی یاسای جێبەجێکردن بڕگەی (ه)دا، ئاماژە بەو دەستەبەریانە دەکات کە لەبەرامبەر بەڕێوبەرایەتیی جێبەجێکاری دادی ڕوو دەدات کە کەسێک بەرامبەر جێبەجێکاری دادی دان بەوەدا دەنێ کە قەرزداری کەسێکە و ئامادەیە دەستەبەری پێشکەش بکات، لێرەدا باشترین ڕێگا بۆ پاراستنی مافە داراییەکانی خاوەن قەرز، بە نووسینی (کۆمپیالە)یەکە و باشترین ڕێگا (کۆمپیالە لەسەر موڵکە) و باشتر وایە کە (موڵکی نەگوێزراوە) بێت، ئەمە دەبێتە دەستەبەریەکی مسۆگەر بۆ خاوەن قەرز، بۆ بەدەستهێنانەوەی ئەو قەرزەی کە لەئەستۆی قەرزار ماوەتەوە، لێرەدا ماوەیەک دیاری دەکرێ بۆ گەڕانەوەی ئەو قەرزەی لەئەستۆی قەرزار ماوەتەوە و ڕەزامەندی دەردەبڕێ لەسەر کۆنووسەکە

ئەگەر قەرزار پابەندیی نەكرد بەرامبەر ئەو بەڵێنەی داویەتی لە بەردەم بەڕێوبەرایەتیی جێبەجێکاری دادی، ئەوا ئاگادار دەکرێتەوە و دوای تەواوبوونی ماوەکەی بە ڕێگای بەڕێوبەرایەتیی جێبەجێکردن بۆ جێبەجێکردنی ئارەزوومەندانە، ئەمەش بە پێشکەشکردنی داوایەک لەلایەن خاوەن قەرزەوە دەبێت کە هەموو زانیارییە کەسییەکانی تێدا دەنووسرێ لەگەڵ ئەو وێنە رەسەنانەی کە هاوپێچی دەکات یان کۆپییەک لە ڕەسەنەکە پێشکەش بە بەڕێوبەرایەتییەکە دەکرێ و ڕەزامەندیی جێبەجێکاری دادیی لەسەر وەردەگیرێ، یان بڕیار لە لایەنێکی تایبەتمەند بە یاسا بۆ جێبەجێکردن، لە دوای ئاگادارکردنەوەی قەرزار بۆ جێبەجێکردنی ئارەزوومەندانە، بەڵام ئەگەر قەرزار ئامادە نەبوو ئەوا بەڕێوبەرایەتیی جێبەجێکردن هەڵدەستێ بە جێبەجێکردنی بەزۆر و دەتوانێ قەرزار ئامادە بکات لە کاتی ئامادەبوونی نووسراوێک ڕێک دەخەن، بۆ ئەم مەبەستە لەسەر داوای خاوەن قەرز لە بەڕێوبەرایەتیی جێبەجێکردن، بەپێی یاسای جێبەجێکردن لە ماددە (٢٣) جێبەجێکردنی بەزۆر لەو کاتانەدا جێبەجێ ناکرێ کە پشووی فەرمییە و ڕۆژانی جەژن و لە کاتژمێر (٩)ی شەو تاوەکوو (٦) بەیانی، تەنیا بە بڕیاری جێبەجێکاری داد نەبێ

کە ئەمەش بۆ ئاسانکردنی ڕێکارەکان و خێراکردن و پاراستنی مافی خاوەن قەرزە و قەرزارەکە و ڕێگریکردن لەو دەرئەنجامە نەرێنیانەی کە ڕوو دەدەن، لەم بارەدا بەڕێوبەرایەتیی جێبەجێکاری دادی هەڵدەستێ بە ئاگادارکردنەوەی قەرزار بۆ جێبەجێکردنی نووسراوەکانی جێبەجێکردن و بە یاداشتێک کە هەموو زانیارییە کەسییەکانی هەردوو لایەنەکان و پێشکەشکردنی بە جێبەجێکاری دادی، دەتوانێ قەرزار تانە لە بڕیاری جێبەجێکاری دادی بدات لە بەرامبەر بەڕێوبەرایەتیی جێبەجێکردن و پێشکەشکردنی ئەو بەڵگانەی کە ئەستۆپاکیی قەرزار دەسەلمێنن و پێشکەشی بکات و بڕیار لە دەست جێبەجێکاری دادییە کە پێی وەربگرێ،  یان ڕەتی بکاتەوە

ئەگەر داوای قەرزار ڕەت کرایەوە و نەیتوانی ئەستۆپاکیی خۆی بسەلمێنێ، ئەوا بەڕێوبەرایەتیی جێبەجێکردن هەڵدەستێ بە فرۆشتنی ئەو موڵکەی کە وەک دەستەبەرییەک بەرامبەر وەفا نەکردن بەو کۆمپیالەیەی کە پێشکەشی کردووە بە ڕێگای فرۆشتنی بەزۆری (بیع الجبري) و لە ڕێگای بەڕێوبەرایەتیی جێبەجێکردن بە شێوەی فرۆشتنی ئاشکرا (المزایده‌ العلنیه‌) و ئەمەش دەبێتە گەڕاندنەوەی مافە داراییەکانی خاوەن قەرز و دەتوانێ خاوەن قەرزیش بەشداریی فرۆشتن بە شێوازی ئاشکرا بکات و موڵکەکە بکڕێتەوە، ئەگەر لە فرۆشتنەکە هەر بڕێک ماوە ئەوا لە ڕێگای هەمان بەڕێوبەرایەتی جێبەجێکردن دەگەڕێندرێتەوە بۆ قەرزار، ئەگەر قەرزەکەی لە نرخی موڵکەکە زیاتر بێ، ئەوا دەچێتە سەر سامانی تری قەرزار لە سامانی گواستراوە و نەگواستراوە و هەژماری بانکی و هەر سامانێکی تر کە دەتوانێت قەرزار قەرزەکەی پێ بداتەوە

یاسای جێبەجێکردن وەک هەموو یاسا بەرکارەکانی تر، بۆ پاراستنی مافی هاووڵاتییانە و دەبێ بە شێوەی خۆی کە بە (دەق) هاتووە جێبەجێ بکرێ و ئەمە بە شتێکی گرنگ دادەنرێ بۆ بەرەو پێشچوونی وڵات و سەقامگیریی دارایی و کۆمەڵایەتی، یاسای جێبەجێکردن بە دڵی یاساکان دادەنرێ لەبەر ئەوەی شایستەی جێبەجێکردنە و بە هیچ جۆرێک ناتوانرێ لە ڕێکارەکانی ڕاوەستێنرێ، تەنیا بە هۆکارێکی باوەڕپێکراو یان بە بڕیاری دادگا نەبێ، دەبێ یاسایەکە لەلایەن فەرمانبەری بەڕێوبەرایەتیەکە و لایەنی تایبەتمەندا جێبەبەجێ بکرێ و دەبێ هەموو بڕیارەکانی جێبەجێکاری دادی لە چوارچێوەی یاساکەدا بێت و لێی لانەدا لەبەر ئەوەی زۆربەی یاساکانی جێبەجێکردن بەشێوەی کۆت هاتووە (على سبیل حصر) و هەموو بڕیارێک کە پێچەوانەی یاساکە بێ، ئەوا بە پێشێلکاری دادەنرێ بۆ یاسا و ترس و دڵەڕاوکێ لەناو کۆمەڵگەدا دروست دەکات، زەنگێکی مەترسیدار دەبێت بۆ سەر جێبەجێکردنی یاسا و دامەزراوە یاساییەکان، ئەمە جگە لەو زەرەر و زیانانەی بە بەرژەوەندیی لایەنەکانی دەكەوێ بە پێشێلکردنی یاسا (خرق للقانون) دادەنرێ و لێپرسینەوەی بەرامبەری دەکرێ، چونکە نابێ بڕیارێک بە ڕێکارە یاساییەکاندا بڕوات كە پێچەوانەی یاسا بەرکارەکان بێ و دەرئەنجامەکەی بە گەندەڵی هەژمار دەکرێ

 

 

 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *