پ .ی. د. حسێن بالیسانی
ئاده‌میزاد له‌وه‌ته‌ی هاتووەتە سه‌ر زه‌وى، تینووی ئازادییه، بەڵام زۆر جار یاسا ئه‌م ئازادییه سنووردار ده‌كات به‌رامبه‌ر به به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی، رێساكانی یاسا و جێبه‌جێكردنیان هه‌رده‌م ئه‌رك و بارقورسییه له‌سه‌ر شانی مرۆڤ و زاناكانی ئایینیش ناویان له ئه‌ركه شهرعیەكان ناوه (ته‌كالیف) واته (ئه‌ركه‌كان) وه‌كو نوێژ و رۆژوو و زه‌كات… هتد، مرۆڤیش له بنەڕەتدا خولیای بێ ئه‌ركییه و ئه‌ركی لا قورسه، بۆیه من ئه‌م پرسیاره‌م بە خەیاڵدا هات: یاسامان بۆ چیه؟ بۆچی ئازادیی ره‌ها نیه؟
له وه‌ڵامدا ده‌ڵێین: مرۆڤ له هیچ كاتێكدا ئه‌م ئازادییه‌ی بە ڕەهایی بۆ ده‌سته‌به‌ر نه‌بووه، ئازادی كۆتوبه‌ندی بۆ داندراوه، هه‌ندێكیان له‌لایه‌ن سروشته‌وه وه هه‌ندێكیشیان له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگاوه. بۆ روونكردنه‌وه‌ی زیاتر، لێرەدا بایه‌خ به كۆتوبه‌نده‌كانی كۆمه‌ڵگا ده‌ده‌ین لەسەر ئازادی، چونكه په‌یوه‌ندیی به بابەتهكهمانهوه هه‌یه كه یاسایه، به‌ڵام زۆر به‌كورتی باسی كۆتوبه‌نده‌كانی سروشت ده‌كه‌ین كه په‌یوه‌ندیی به هه‌ستی ئاده‌میزاده‌وه هه‌یه به‌رامبه‌ر ده‌وروبه‌ری
كۆتوبه‌نده‌كانی سروشت
لای هه‌موومان ئاشكرایه كه په‌یوه‌ندیی ئاده‌میزاد به دهوروبهرییەوە سنوورداره ئەویش به‌گوێره‌ی سنوورداریی هه‌سته‌كانی، بۆ نموونه ئاده‌میزاد به چاو سه‌یری سروشت و ده‌وروبه‌ری ده‌كات، یان به‌گشتی به هه‌سته‌كانی هه‌ست به ده‌وروبه‌ری ده‌كات، بەڵام هه‌سته‌كانی كە دروست بوون سنووردارن، بۆ نموونه گوێچكه‌ی ئاده‌میزاد توانای بیستنی ده‌نگه‌كان لای سنوورداره به پله‌ی له‌رین (تردد) كه به هێرتز پیوانه ده‌كرێ، له‌نێوان ئاستی سه‌ره‌وه و ئاستی خواره‌وه‌ی، هەروەها پله‌ی ده‌نگ دیاریكراوه بۆ هه‌ردوو ئاسته‌كه‌ی، له ئاستی سه‌ره‌وه یه‌ك هێرتز زیاتر بێت ده‌نگه‌كه نابیستێ، یه‌ك هێرتزیش كه‌متر بێت له ئاستی خواره‌وه‌ی دیسان ده‌نگه‌كه نابیستێ. ئنجا هه‌مان رێسای سروشت له‌سه‌ر چاو جێبه‌جێ ده‌بێ بۆ دیتن، هەروەها له‌سه‌ر لووت بۆ بۆنكردن و له‌سه‌ر زمان بۆ تامكردن و له‌سه‌ر پێست بۆ هه‌ستكردن… كه‌واته له دیتن و بیستن و بۆنكردن و تامكردن و هه‌ستكردندا، ئاده‌میزاد ئازادیی ره‌های له ده‌ستدا نیه به‌ڵكو سنوورداره به سنوورداریی ئامێره‌كانی هه‌ستكردن وه‌كو چاو و گوێچكه و لووت و ده‌م و پێست. ئنجا زیاتریش له‌وه توانای هزری و ماسولكه‌یی و دهستوبازوو و رۆیشتن و غارغارێنێ و بارهەڵگرتن و…. هتد
كۆتوبه‌نده‌كانی كۆمەڵگا
زانایه‌كانی كۆمه‌ڵناسی، ژیانی كۆمه‌ڵگای ئاده‌میزاد دابه‌ش ده‌كه‌نه چه‌ند چه‌رخێك، یه‌كه‌میان ناو ده‌نێن به چه‌رخی كێویبوون (عصر التوحش) كه ته‌نیا له‌م چهرخەدا ئاده‌میزاد ئازادیی ره‌های به‌ده‌ست هێناوه و تێیدا سه‌ربه‌ست بووه له كۆتوبه‌نده‌كانی كۆمه‌ڵگا، دوای ئه‌وه‌ی له‌م چه‌رخه ترازاوه كه‌وته ناو كۆمه‌ڵگای مرۆڤایهتیەوە و گه‌یشته ده‌وری سه‌ره‌تای شارستانیه‌تی و سه‌قامگیری كه هه‌ر كۆمه‌ڵێك شوێنێكی بۆ خۆی دیاری كرد و تیایدا نیشته‌جێ بوو، له‌م قۆناغه‌دا پابه‌ندبوون به هه‌ندێ رێساكانی نیشته‌جێبوون ده‌ستی پێكرد كه ئه‌مه سه‌ره‌تای كۆتوبه‌نده‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی بوون، رێساكانیش تایبه‌ت بوون به فاكته‌ری كات و شوێن، بۆ نموونه كات سنوورداره كه سەعاتێك 60 خوله‌كه و رۆژ 24 سەعاتە و زیاتر نیه، هه‌روه‌ها رووبه‌ری جێگا كه سنوورداره به مه‌تر دووجا و سانتیمه‌تر دووجا، بۆ نموونه به گوێره‌ی پێوانه‌ی ئه‌ندازه‌یی 60% مهترهكی دووجا كه‌مترین رووبه‌ره كه ئاده‌میزادێك تێیدا بتوانێ نیشته‌جێ ببێ، كه‌واته به‌شی یه‌ك نه‌فه‌ر ده‌كات و به‌شی دوو نەفەر ناكات، لێره‌دا به‌رژه‌وه‌ندیی تاك په‌یدا بوو له لایه‌نی كات و شوێنوه، ئه‌م به‌رژه‌وه‌ندییانه ناكۆكییان له‌نێودا په‌یدا بوو، كۆمه‌ڵگا هه‌ستی كرد كه ده‌بێ چاره‌سه‌ری ئه‌م ناكۆكییانه بكات، ئه‌ویش به دانانی چه‌ند رێسایه‌ك بۆ رێكخستنی، بۆ نموونه دانانی سەره چاره‌سه‌رێكه بۆ رێكخستنی كات بۆ رێكخستنی به‌رژه‌وه‌ندیی چه‌ند تاكێك، هه‌روه‌ها ناوبژیكردن له‌نێوان دوو كه‌س كه ناكۆكییان هه‌یه له‌سه‌ر شوێن یان زه‌وی یان شوێنی بازرگانی، ئەویش بوو به چاره‌سه‌رێك بۆ رێكخستنی شوێن و …. هتد
ئنجا ورده ورده بۆ رێكخستنی به‌رژه‌وه‌ندییه جیاجیاكانی، كۆمه‌ڵێك رێسای رێكخستنی دروست كرد ورده ورده بوون به دابونه‌ریت و هه‌ندێكیان له رێی پهیامبهرهكانهوه بڵاو بوونه‌وه و خزانه ناو بیروباوه‌ڕه‌وه، بووشن به هەوێنێك بۆ ورده ورده زیادبوونیان به‌گوێره‌ی زیادبوون و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی، هه‌ر بۆیه زانای ئه‌مریكی (وۆڵ دیۆرانت) له كتێبی (قصه الحضاره) ده‌ڵێ: ئه‌سته‌مه هه‌بوونی كۆمەڵگای مرۆڤایه‌تی به‌بێ سیستم و سیسته‌میش به‌بێ یاسا نابێت
بۆیه ئه‌گه‌ر ته‌ماشای هه‌ر گردبوونه‌وه‌یه‌كی مرۆیی زۆر ساده‌ش بكه‌ین، دەبینین له‌ناو كولتووره‌كه‌ی كه بۆمان به‌جێ ماوه یان زانایانی ئاسه‌وار دەیدۆزنهوه له كۆنترین چه‌رخه‌كانی مێژوو و له هه‌ر ئاستێك بووبێت، دیارده‌یه‌ك هه‌یه كه پێی دەڵێ دیارده‌ی به‌رزه‌فتكردنی كۆمەڵایه‌تی كه بریتییه له‌و فشاره‌ی كه كۆمەڵگا ده‌یخاته سه‌ر هه‌موو تاكه كه‌سانی بۆ پارێزگاریكردن له سیستمی كۆمەڵگا، هەروەها چاودێریكردنی ئه‌و رێسایانه‌ی كه دایناون ئنجا چ وه‌كو شتێكی دیار و ناسراو له دابونه‌ریتی ئه‌و كۆمەڵگایه، یان وه‌كو شتێكی نووسراو و چه‌سپێندراو له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه، بۆ نموونه مهسهللهی حامووڕابی و دۆزراوه‌كانی یاسای لبت عه‌شتار و یاساكانی عێراقی كۆن و…. هتد
سه‌رچاوه‌كانی به‌رزه‌فتكردنی كۆمەڵایهتییش زۆر و جۆراوجۆرن، وه‌كو: ئایین، خووڕه‌وشت، زانست، رای گشتی، دابونه‌ریت و یاسا. هه‌ریه‌ك له‌م سهرچاوانەش رۆڵی تایبه‌تی خۆی هه‌یه – به‌پێی كۆمەڵگا – كه ئه‌وی تریان نیه‌تی، بەڵام یاسا به توندترین و گرنگترین سه‌رچاوه هژمار ده‌كرێت، وه‌كوو زانای كۆمەڵناسی ئه‌مریكی (ئهدواردس) ده‌ڵێ: گومان هه‌یه كه له داهاتوودا هیچ هه‌مواركردنێك یان گۆڕانكارییه‌ك دەركهوێت كه بتوانێ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی یاسا هه‌یه‌تی له‌سه‌ر هه‌موو سه‌رچاوه‌كانی تری به‌رزه‌فتكردنی كۆمەڵایه‌تی لاواز بكات
دوو فاكتەری گرنگبوونی یاسا
یه‌كه‌م: یاسا ته‌نیا چه‌ند رێسایه‌ك نیه كه حوكمی ره‌فتاری تاكهكەس بكات، به‌ڵكوو سیستمێكی په‌یكه‌ری گشتییه كه چه‌ند كۆمەڵێك له رێسا جیاوازەكان ئاوێته ده‌كات كه سیستمێكی ته‌واو و پته‌و به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه و گره‌نتیی جێبه‌جێكردنی ده‌دات
دووه‌م: یاسا جیاوازییەكی هه‌یه زیاتر له سه‌رچاوه‌كانی تری به‌رزه‌فتكردنی كۆمەڵایه‌تی، ئه‌ویش هه‌بوونی باوه‌ڕێكی گشتی لای خه‌ڵك كه پێویسته تاكه‌كه‌س ناچار بكرێت به جێبه‌جێكردنی رێساكانی رێكخستنی، ئه‌م ناچاركردنهش په‌یوه‌سته به‌و سزا بهرجهستهییهی (ماددیه‌ی) كه ده‌سه‌ڵاتی گشتی دەیسهپێنێ به‌سه‌ر سه‌رپێچیكاره‌كانی یاسادا
لێره‌دا وته‌یه‌كی زانای فه‌ره‌نسی (دوركهایم) دەهێنمەوە كه ده‌ڵێ: سیفه‌تی سه‌ره‌كیی دیارده‌ی كۆمەڵایه‌تی بەڕوونی له دیارده‌ی یاسایی (تشریعی) دەردهكهوێت. هەروەها (جۆرج ریبیر) زانای كۆمەڵناسی فه‌ره‌نسی، به رسته‌ی زۆر به‌هێزتر باسی یاسا ده‌كات و ده‌ڵێ: یاسا كۆی ژیانی كۆمەڵگای مرۆڤایه‌تیه به‌گشتی
بۆ زیاتر روونكردنه‌وه‌ی رۆڵی یاسا له‌ناو كۆمەڵگای مرۆڤایه‌تیدا، نموونه‌یه‌كی ساده له فیلمێكی ئینگلیزی كه پاڵه‌وانه‌كه‌ی ئه‌كته‌ری كۆمیدیی ئینگلیزی نۆرمان ویزده‌م 1915 – 2010 ( Norman wisdom ) بوو له شێسته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو له سینه‌مای (سندباد٩ له شه‌قامی سه‌عدوون له به‌غدا نماییش ئه‌كرا كه فیلیمێكی كۆمیدی بوو .. نۆرمان ویزده‌م له به‌شێكی به خۆبه‌خش هه‌ڵده‌ستێ له چواڕیانێكی سه‌ره‌كیی له‌نده‌ن هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و پیاده رێك ده‌خات، له‌كاتێكدا هیچ له رێساكانی هاتوچۆ نازانێ، هه‌ندێ جار بۆ هه‌ر چوار ساید ئیشاره‌تی وه‌ستان ده‌دا كه ئیتر هاتوچۆ دهپنگاوه و كه‌س نەدەڕۆیشت، وات ده‌زانی هاتوچۆ قه‌ده‌غه كراوه، هه‌ندێ جاریش ئیشاره‌تی رۆیشتنی بۆ هه‌ر چوار لا ده‌دا ئیتر ده‌بوو به قەرهباڵغیهكی زۆر، دیسان به شێوه‌یه‌كی ره‌مه‌كی و تێكه‌ڵبوونێك و سه‌رلێشێوانێكی بێ‌سنوور كه هه‌ر چوار لا راده‌وه‌ستا و ده‌بوو به فه‌وزا و ناڕەحهتیهك بۆ هاووڵاتیانی پیاده و سوار، هه‌روه‌ها شه‌قام و خاوه‌ن دوكانه‌كان و هوتێله‌كان و داووده‌زگاكانی تری ئه‌و ناوچه‌یە
به‌كورتی له ژیانی كۆمەڵگادا دوو جۆر هه‌یه كه جۆریكیان (كۆمەڵگای یاساییه) كه یاسا تیایدا سه‌روه‌ره و هه‌ركه‌س خاوه‌نی مافه‌كانی خۆیه‌تی بێ ئه‌وه‌ی كه‌س بتوانێ ده‌ستدرێژی بكاته سه‌ر مافه‌كانی، زۆر به ئاسانییش ئه‌وه‌ی یاسا بۆی داناوه به‌گوێره‌ی پێگه و رۆڵی خۆی له‌ناو كۆمەڵگادا به‌ده‌ستی ده‌هێنی، لێره‌دا هه‌موو تاكه‌كان ئاسووده‌ن و له ژیاندا به‌خته‌وه‌رن و گره‌نتیت هه‌یه بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ئه‌وه‌ی ده‌ته‌وێ به مه‌رجێ یاسا رێگه‌ی پێدابیت
ئه‌وی تریان كۆمەڵگای نایاساییه (كۆمەڵگای فه‌وزا) كه تیایدا یاسا هیچ رۆڵی نیه و كه‌س رێزی لێ ناگرێ و هه‌ركه‌س به ئاره‌زووی خۆی ماف بۆ خۆی داده‌نێ و به ده‌ست و بازووی خۆی به‌رژه‌وه‌ندی و ئارهزووەكانی خۆی ده‌سته‌به‌ر ده‌كات و سته‌م له‌م و له‌و ده‌كات، یان خاوه‌ن ماف بێبه‌ش ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی به‌شی خۆی زیاد بكات، لێره‌دا یاسای دارستان جێبه‌جێ ده‌بێت، له ئه‌نجامدا رێز بۆ گه‌وره و به‌زه‌یی بۆ گچكه نامینێ و تاكه‌كان به‌گشتی ده‌بن به كۆیله و ده‌ستبه‌سه‌ر و مافخوراو، بۆیه فه‌یله‌سووفی فه‌ره‌نسی (بۆسویه) ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر بندهستێك نه‌بوو هه‌مووی گه‌وره‌یه، كه هه‌مووی گه‌وره بوو هه‌موو ده‌بن به كۆیله (حیث لا مسود فالكل سید، وحیث الكل سید فالكل عبید) …..
له كۆتاییدا هیوادارم خوێنه‌رانی به‌ڕێز و قوتابیانی خۆشه‌ویستم، سوود له‌م چه‌ند وشه‌یه‌ی نووسیومه وه‌ربگرن و هه‌موومان هه‌وڵ بده‌ین هۆشیاریی یاسایی بڵاو بكه‌ینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كۆمەڵگایه‌كی نموونه‌یی كوردستانی بنیات بنێین، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كاربه‌ده‌ستن و ده‌نگیان ده‌گاته سه‌نته‌ری بڕیار