پارە چيیە؟

 

ڤیان ئەحمەد محەمەد

قۆناغی دووەم – بەشی بەرێوەبردنی كار

زانكۆی ئەمەریكی/ زاخۆ

 سەرەتا دەمەوێت بە چەند پرسیارێک دەست پێ بکەم، ئایا پارە مروڤ دروست دەکات یان مروڤ پارە دروست دەکات؟ ئایا پارە هەموو شتێکە؟  من هەموو کات دەڵێم مروڤ توانای دروستکردنی هەموو شتێکی هەیە، بەڵام مرۆڤ ناگەێنێ بە هەموو ئەو ئامانجانەی كە مەبەستێتی. كەواتە پارە هەموو شتێك نیە، لەگەڵ ئەوەشدا ناڵێم هیچ نیە، چۆن؟

بڕوا بە خۆبوون، متمانە، راستگۆیی، خوشەویستی، لە دەستدانی کەسە ئازیزەکان….هتد، ئەمانە و زور شتی تریش بە پارە ناتوانی بیانکڕی

پارە دەتوانێ مرۆڤەكان بكاتە کەسیکی دڕندە و لە هەمان کاتیشدا بیانكاتە کەسیکی باش. پارە دەتوانێ دوو کەسی ئازیز جیا بکاتەوە، و لە هەمان کاتیشدا دوو کەسی ئازیز بەیەک بگەێنێت

بیرکردنەوەی مرۆڤەکان دەربارەی پارە زۆر جیاوازن، چون؟

بۆ هەندێك لە مرۆڤەكان بیركردنەوەیان بۆ پارە یاخود دەكرێت بڵێین سایكۆلۆژیای ئەو كەسانە سەبارەت بە پارە وەكو (دەرمان) وایە، بۆ هەندێكیش شتێكی ئاسایییە بۆ بەرێكردنی رۆژانەی ژیانە

ئەو مرۆڤانەی بیركردنەوەیان ئاڵوودەی پارەیە، ئەوانە بەڕای من وەكو كەسێك كە ئاڵوودەی ماددەی هۆشبەر دەبێت هیچ جیاوازییەكی نیە، چونكە خودی ئاڵوودەبوون واتا دەرچوون لە باری ئاسایی و گەیشتن بە بارێكی نارێك و نا تەواوە، بەڵام جیاوازییەك هەیە لە نێوان ئاڵوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر لەگەڵ پارە، ئەویش ئەوەیە بە پێی زانستیی دەروونی و كیمیایی دەكرێت چارەسەرییەك بۆ ئاڵوودەبوون بە مادەی هۆشبەر ببینرێتەوە و چەندین كەسیش توانیویانە لەو رەوشە خراپە بێنە دەرەوە و ببنە كەسی ئاسایی، بەڵام لەو باوەڕەدا نیم كاتێك مرۆڤ ئاڵوودەی پارە ببێت، هیچ چارەسەرییەكی زانستی هەبێت كە بتوانێت لەو حاڵەتە بیهێنێتە دەرەوە

راستە زۆرجار كەسەكان پارە بە ماندووبوونێكی زۆر بەدەستی دەهێنن و هەندێك جاریش كەسانێك بە كەمترین ماندووبوون و بە چانسێكی زۆر بەدەستی دەهێنن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەڕای من پارە وەکو چانسیک وایە، چون؟

کە تۆ بوویت بە خاوەنی پارە، دەبێت بزانی کە چۆن رۆژانە مامەڵەی ژیانت بكەیت بەبێ كاریگەری ئەو پارەیە. مەبەستم لەو قسەیەم بەم نموونەیە روونی دەكەمەوە

ئێمە دوو كەسمان هەیە بە ناوی (كەسی یەكەم و كەسی دووەم). كەسی یەكەم بە ئاسانی پارەی بەدەست هێناوە، واتا چانس لە بەدەستهێننانی ئەو پارەیە رۆڵی گێڕاوە، كەسی دووەمیش پارەی بە رەنج و ماندووبوون بە دەست هێناوە. بیرکردنەوەیان  دەربارەی پارە زۆر جیاواز دەبێ، زۆربەی كاتەكان كەسی یەكەم بیركردنەوەیان وەهای لێ دێت كە بەهۆی پارەوە دەتوانن هەموو شتێك بەدەست بێنن، وەك چۆن پارەكە بە ئاسانی گەیشتۆتە دەستیان، بەهەمان شێوە دەتوانن بە ئاسانی هەموو شتێك، تەنانەت هەست و دەروونی مرۆڤەكانیش بەدەست بێنن، لە بەرامبەردا كەسی دووەم زۆربەیان بە تەواوەتی پێچەوانەی كەسی یەكەم بیر دەكەنەوە. كەواتە لێرەدا چانسەكە ئەوەیە كە چۆن مامەڵە بەو پارەیەوە دەكەیت، چانسێكە ئەگەر مرۆڤەكان دركی پێ ببەن، ئەوا دەتوانن بە باشترین شێوە بەكاری بێنن

ئێمە زۆر جار گوێبیستی ئەوە دەبین كە (پارە چڵکی دەستە) كەچی لە هەمان كاتدا دەبینین ئەگەر پارە نەبێت ژیان بەڕێوە ناچێت! پارە هەردووكێتی، هەردوو قسەكە راست و دروستن، پارە دەبێتە چڵكی دەست كاتێك كە بۆ كاری ناڕەوا و نا دروست بەكاربێت، بەڵام لە راستیدا ئەگەر پارە نەبێت ژیان بەرێوە ناچێت، بۆیە لەگەڵ هەموو ئەو گرنگییەی كە پارە لە ژیاندا هەیەتی، بەڵام دەبێت لەوە تێبگەین كە چۆن و بۆچی بەكاری دێنین، لە چ بوارێك و پێوستییەكی ژیاندا پێویستیمان پێی دەبێ؟ بۆ نموونە بۆ چارەسەركردنی نەخۆشێك پارە پێویستیترین شتە، كەچی بۆ چارەسەركردنی دڵێكی شكاو و دەروونێكی رووخاو هیچ كات پارە ناتوانێت چارەسەری بكات، بەڵكو لەوانەیە هەندێك جار خودی پارەكە بووبێتە هۆكاری دڵشكان و دەروون رووخاندن

لە کوتایی دا دەمەوێت بڵێم

راستە بیركردنەوەی هەر یەكێك لە ئێمە لەوی تر جیاوازە، بەڵام با خەونی گەورەمان نەبێتە پارە و بەدەستهێنانی، بەڵكو خەونی گەورەمان (ئارامی ویژدان) بێت

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *