ئەو مامۆستایانەی ژیانیان گۆڕیم

 

 

بەشی یەكەم

 

بەرهەم عەلی*

مامۆستا، لە قۆناغی یەكەمی خوێندنەوە تا دواقۆناغ، كاریگەریی زۆر گرنگی لەسەر بیركردنەوە و رەوتی ژیان و ئایندەی قوتابییەكانی هەیە، جا ئەم كاریگەرییە ئەرێنی دەبێ یان نەرێنی، ئەوەیان سەرەتا دەكەوێتە سەر شێوازی ئەو پەیوەندییەی لەنێوان قوتابی و مامۆستادا هەیە، پاشان توانا و خەسڵەتی كاریزمایی هەر مامۆستایەك و ئاستی بەخشینی، دواتریش توانا و جۆری بیركردنەوەی هەر قوتابییەك و ئاستی لە وەرگرتندا

باشترین و گونجاوترین رەوشی پەروەردە و فێركردن، ئەو دۆخەیە كە تیایدا پەیوەندیی نێوان مامۆستا و قوتابی لە حاڵەتێكی دروستدا بێت، دەمێ كە ئەم پەیوەندییە باش و كارا بێت، ئیدی كەشوهەوای خوێندن و فێربوون و پەروەردە، چ لە زانكۆ و پەیمانگا بێت و چ لە قۆناغەكانی پێش ئەوانیش بێ، لە ئاستێكی باشدا دەبێت، كە ئەو پەیوەندییەش دروست نەبوو، دیوار و دەرگا و پەنجەرە و هۆڵ و گۆڕەپانەكانی شوێنی خوێندن، لە زێڕ و یاقووت و ئەڵماسیش دروست كرابن، پرۆسەكە سەركەوتوو نابێت، نەك هەر ئەمە بەڵكو كاریگەرییەكانی مامۆستا لەسەر قوتابی، ئەرێنی نابن

ئێستا كە ئەم دێڕانە دەنووسم، زۆربەی وێستگەكانی ساڵانی خوێندنی خۆمم بیر دەكەوێتەوە، هەر لەو رۆژەی هاوینی ساڵی ١٩٧٧وە، كە بۆ یەكەمین جار دایكم (یادی بەخێر و رۆحی شاد) منی تەمەن شەش ساڵی پۆشتە كرد و ئنجا خۆیشی بە جلێكی كوردیی ژنانەی سلێمانیەوە و عەبایەكەوە، دەستی گرتم و بردمی بۆ قوتابخانەی سەرەتایی بۆتانی كوڕان لە گەڕەكی سەرچناری شاری سلێمانی، تا ئەو رۆژەی نمرەكانی دواقۆناغی كۆلێژی كارگێڕی و ئابووریی زانكۆم وەرگرت و دەرچووم

بەدرێژایی ئەو ساڵانە، وێڕای رێز و خۆشەویستی و منتەبارییم بۆ هەموو ئەو مامۆستایانەی وانە و موحازەرەیان پێ گوتم و فێریان كردم، چەند مامۆستایەك هەن، وەك چۆن فەرهاد پیرباڵ دەڵی (ئەو كتێبانەی ژیانیان گۆڕیم) ئاوهاش ئەو مامۆستایانە ژیانی منیان گۆڕی، دەمەوێ لێرە یەك یەك بەكورتی باسیان بكەم، ئامانجی ئەم وتارەشم، نە نووسینەوەی بەشێك لە بیرەوەرییەكانمە نە دانەوەی بەشێك لەو قەرزە زۆرەیە كە لەئاست ئەو مامۆستا ئازیزانەم كەوتووەتە ئەستۆم، بەڵكوو بۆ سەلماندنی كاریگەریی گەورەی مامۆستایە لەسەر قوتابی

یەكەمین رۆژ و یەكەمین مامۆستا

تەمەنم شەش ساڵی تەواو كردبوو، دایكم بۆ یەكەمین جار لە ژیانمدا، بردمیە گۆڕەپانی قوتابخانەی سەرەتایی بۆتانەوە، بە ترس و دووڵی و نیگەرانییەكی زۆرەوە تەماشای شەڕە شەق و زرمەزلێ و هاتوهاوار و راكەڕاكی قوتابیانم دەكرد، هەندێكم لێ دەناسین، ئەوانیش وەك تەنێكی عەجایب بە پێكەنینەوە سەیری منیان دەكرد، ئەوان هەر منداڵانی گەڕەكی خۆمان بوون

بە راڕەوێكدا رۆیشتین بەرەو كارگێڕیی قوتابخانەكە، ئا لەوێدا پیاوە خۆشەویستەكەی منداڵان و گەنجانی گەڕەكی سەرچنار (مامۆستا رەووف بێگەرد) بە زەردەخەنەیەكی باوكانەوە هاتە پێشوازیمان، هەر دەمودەست بە بینینی ئارام بوومەوە، ئاخر پێشتر ئەو گەلێ جار دەهاتە دوكانەكەی باوكم لە قەیسەریی سەرچنار شمەكی دەكڕی

مامۆستا رەووف فایلەكەی لە دایكم وەرگرت و پێی گوت: ”باجی خونچە تۆ بڕۆ، بەرهەمیش بۆ من بەجێ بهێڵە و حەقت نەبێ، بێخەم بە خۆم دەیبەمە پۆلەوە، ئیتر خۆی وا بووە بە پیاو و دەخوێنێت“. ئەگەر پێشوەخت مامۆستا رەووف بێگەردم نەبینیایە و ئەو خەندە و ئارامییە لە رووخساریدا نەبوایە، هەرگیز رازی نەدەبووم لەو دەمەدا دەستی دایكی خۆشەویستم بەردەم، ئاخر میهرەبانیی دایكم لای من بێ هاوتا بوو، دەستی دایكم ئەو دەستە بوو كە هەرگیز نەمدەوێرا لە شوێنێكی نامۆ بەری بدەم، لێ رووی خۆشی مامۆستا رەووف بێگەرد و ئەو دڵنیاییەی بە قسەكانی لای دروست كردم، هانی دام زۆر بەئاسانی ئەو دەستە پڕ دڵنیاییەی دایكم بەردەم.

دایكم ماچێكی كردم و بەجێی هێشتم، ئەوە ماچی دەسپێكی قۆناغێكی تازەی ژیانم بوو، مامۆستا رەووف بردمی بۆ نێو پۆلەكە، لە رەحلەی پێشی پێشەوە لە ریزی ناوەڕاست لە تەنیشت (هەوار)ی كچی خۆیەوە داینام، (هەوار خان) كچێكی زۆر بەڕێزی مامۆستا رەووف بێگەردە، نازانم ئێستا لە كوێیە و بە چیەوە سەرقاڵە، بەڵام ئەودەم لە تەمەنی ئێمەدا بوو، گەرچی قوتابخانەی بۆتان تایبەت بوو بە كوڕان، لێ هەفتەیەك زیاتر لەو قوتابخانەیەی ئێمە خوێندی و ئنجا چووە قوتابخانەی كچان

بە هەرحاڵ كە بینیم مامۆستا رەووف لەتەنیشت كچێكەوە منی دانیشاند، وەخت بوو تەریقی و شەرمی كوڕانە و منداڵانەی ئەوكات لەجێی خۆمدا بمتوێنێتەوە، نەمدەزانی چۆن خۆم لەگەڵ كەش و دۆخی ئەو شوێنە تازەیە رابهێنم، باش بوو هەوار كچێكی كراوە و زیتەڵە و زیندوو بوو، گفتوگۆی لەگەڵ مامۆستا دەكرد و بوێرانە رەفتاری دەكرد و هێزی بە منیش دا، دەنا دەمویست درۆیەك بدۆزمەوە و بڕۆمە دەرەوەی پۆل و ئیدی بە راكردن بڕۆمەوە ماڵە و ببڕای ببڕ نەیەمەوە بە قوتابخانەدا

با درێژەی نەدەمێ، تاوەكو پۆلی شەشەمی سەرەتایی ئەوكات، مامۆستا رەووف بێگەرد كە خۆی چیرۆكنووس و وەرگێڕێكی زۆر ناوداری كوردستانە، لە هەموو قۆناغەكاندا وانەی پێ گوتم (زمانی كوردی، سروود، جوگرافیا، مێژوو) هەموو ئەم دەرسانەی پێ گوتووم، لێ كاریگەریی هەرە گەورەی بەسەر من و قوتابیانی تریشەوە، لە سێ بواردا بوو

یەكەم: لە هەڵسوكەوتی مامۆستا رەووف بێگەردەوە، جوانترین پەیوەندیی هاوڕێیانەی نێوان مامۆستا و قوتابیم بینی، بۆم دەركەوت مامۆستا دێوەزمە نیە، بەڵكو دۆستایەتی و میهرەبانیی زۆری تێدایە

دووەم: كاتێ وانەی سروودی پێدەگوتینەوە، بە دەنگی زۆر خۆشی خۆی، سروودە نیشتمانیەكانی كوردستانی بۆ دەگوتینەوە و فێری دەكردین، تا ئێستاش كە زیاتر لە ٤٠ ساڵە ئەو سروودانەی پێ ئەزبەر كردووین، هەرچیەكم بیر چووبێتەوە دێڕێكم لەو سروودانە بیر نەچووەتەوە (ئەی رەقیب، برایینە لە خەو هەستن، نەورۆز، كوردستان نیشتمانی جوان، سەدەی بیستەمە.. هتد)

سێیەم: رۆحی كوردستانپەروەری و خۆشویستنی وڵات و نەتەوەكەت، مامۆستا رەووف یەكێك بوو لەو مامۆستایانەی كە بەردەوام باسی ئەو بابەتانەی بۆ دەكردین، تەنانەت زۆر لەو قوتابیانەی لە داهاتوو و لە گەنجیدا بوونە پێشمەرگە، كاریگەریی ئەویان بەسەرەوە بوو

رێكەوتی زۆر سەیر ئەوە بوو، پاش نزیكەی چل ساڵ لە دابڕان، من بوومە سەرنووسەری رۆژنامەیەك و مامۆستا رەووف بەدرێژایی نزیكەی دوو ساڵ، لەو رۆژنامەیەی من، گۆشەی ئەدەبیی هەفتانەی هەبوو

مامۆستای وێنە

ئەو رۆژەی مامۆستا رەووف منی بردە پۆلەكەوە، پۆلەكە وانەی سروود و وێنەیان هەبوو، (مامۆستا عەلیی وێنە) دووەم مامۆستا بوو دوای مامۆستا رەووف كە ناسیم، مەخابن ئێستا هیچ هەواڵی نازانم، بەڵام هیوادارم لە ژیاندا بێت و لەوپەڕی تەندروستیی باشدا بێت، ئەو هونەرمەندێكی بەتوانای نیگاركێشی بوو، بەدرێژایی چوار ساڵ وانەی هونەری نیگاركێشیی پێدەگوتینەوە، راستیەكەی من لە سەرەتادا هیچ ئارەزوویەكی هونەری نیگاركێشیم نەبوو، بەڵام ئەم مامۆستا عەلیە شێوازی وانەگوتنەوە و فێركردنی، هێندە تایبەت بوو، لەناكاودا خۆمم لە دۆخێكدا بینیەوە كە خۆشترین كات لای من كاتی وێنەكێشان بوو، كە بۆ یەكەمین جار مامۆستا عەلی من و هاوپۆلەكانمی بردە ژووری وێنەكێشان ئەودەم (مەرسەم)یان پێدەگوت، هەستێكی سەیر دایگرتم، بینیم كۆمەڵێك قوتابیی لە ئێمە گەورەتر وێنەی زۆر جوان جوان دەكێشن، لە ناخی خۆمدا دەمگوت: ”ئاییی، تۆ بڵێی رۆژێك منیش بگەمە ئەم ئاستەی ئەو وێنە جوانانە بكێشم!“. ئاخر مامۆستا عەلیی وێنە لەو مامۆستایانە نەبوو كە هەر وا كاتی وانەكە بەسەر بەرێت، بەڵكوو بەردەوام گرنگیی هونەری بۆ دەسەلماندین، گرنگیی ئەوەی ئەگەر تۆ هونەرمەندێكی نیگاركێش بیت چەند بەختەوەر دەبیت، گرنگیی ئەوەی كە قوتابخانە تەنیا شوێنی فێربوونی نووسین و خوێندن نیە، بەڵكوو دەكرێ كارگەیەك بێت بۆ دروستكردنی هونەرمەندانی زۆر مەزن، گرنگیی ئەوەی كە كۆمەڵگە تەنیا پێوستی بە پزیشك و مامۆستا و پارێزەر و ئەندازیار نیە، بەڵكوو هونەرمەندانیش دەتوانن ببنە هۆكاری ئەوەی وڵاتێكی گەورە و گران بەهۆی هونەرەكەی ئەوانەوە بناسرێت، من هەر بە كاریگەریی ئەو مامۆستایە وام لێ هات، ئەگەر رۆژێك وێنەم نەكێشایە رەوشە دەروونیەكەم باش نەدەبوو، وردە وردە گەیشتمە ئەو ئاستەی چەند تابلۆیەكی من و قوتابیانی تری قوتابخانەی بۆتان، برایە پێشانگایەكی گەورەی قوتابخانەكانی هەموو عێراق لە بەغدا، پاش مانگێك ١٠ قوتابیی قوتابخانەكەمان خەڵاتی سەركەوتنیان بۆ هاتەوە كە یەكێك لەوانە من بووم، كارتۆنێكی بچووكی پڕ لە بۆیە و قەڵەمی رەنگاورەنگ و كەرەستەی وێنەكێشان خەڵاتەكە بوو، ئای لەو رۆژەی كارتۆنەكەم هەڵپچڕی و سەیری فڵچە و بۆیە و قەڵەمە رەنگاورەنگەكانم دەكرد و بۆنم دەكردن، بۆنێك كە هەرگیز لەیادم نەچووەوە، ئەگەر بتانەوێ زیاتر كاریگەریی ئەو مامۆستایە بزانن بەسەر منەوە، سەیری حاڵی ئێستام بكەن، نە هونەرمەندی نیگاركێشم و نە هیچ، چونكە لەدوای دابڕانم لە مامۆستا عەلیی وێنە، ئیتر هێدی هێدی من لەو دنیا جوانەی هونەری نیگاركێشی دوور كەوتمەوە، چونكە من هونەری نیگاركێشییم بەهۆی ئەو مامۆستایەوە خۆش ویست، لێ ئێستاش زۆربەی پێشانگا نیگاركێشیەكان دەچم، ژیانی زۆربەی نیگاركێشە جیهانیەكان دەخوێنمەوە، لە دەستبەتاڵیدا بە سەعات و دوو سەعات، تەنیا سەیری تابلۆ گرنگەكانی هونەرمەندانی كورد و جیهان دەكەم، هونەری نیگاركێشی بە یەكێك لە باڵاترین هونەرەكانی مرۆڤایەتی دەبینم، كە دەچمە وڵاتێك زوو سەردانی مۆزەخانەی تابلۆ گرنگەكان دەكەم، دیوارەكانی ئۆفیسی خۆمم بەتەواوی پڕ كردووەتەوە بە تابلۆ جوانەكانی ژیانی كوردەواری، ئێستا زۆر بیری نیگاركێشی دەكەم و ئیرەییم بە هەموو هونەرمەندێكی نیگاركێش دێت، هەموو ئەمانەش بە كاریگەریی مامۆستا عەلیی وێنە، كە فێری كردم چۆن چێژ لە تەماشاكردنی تابلۆیەك وەرگرم

ئایین و هونەر

سێیەم مامۆستای قۆناغی بنەڕەتیی خوێندنم، مامۆستا عەلیی بیركاری بوو، كە لەنێو قوتابیاندا بە (مامۆستا عەلی چەپلەر) ناودێر كرابوو چونكە بە دەستی چەپ دەینووسی و تەباشیری دەگرت، ئەو پسپۆڕی بواری بیركاری بوو و مامۆستای ئەو وانەیەش بوو، تا پۆلی شەشی سەرەتایی ئەو وانەیەی بە من و هاوپۆلەكانم گوتەوە، راستیتان پێ بڵێم بەدرێژایی شەش ساڵی قۆناغی سەرەتایی خوێندنی ئەوكاتم و تا پۆلی دووی ناوەندی (واتە هەشتی بنەڕەتیی ئێستا)، هیچ حەزم لە وانەی بیركاری نەبوو، بەڵام بۆچی دەڵێم مامۆستا عەلیی چەپلەر كە بیركاریی پێدەگوتینەوە، كاریگەریی هەبوو بەسەرمەوە؟ چونكە دوو ساڵی چوارەم و پێنجەمی ئەو قۆناغە، وانەی (ئایین یان پەروەردەی ئیسلامی)ی پێ گوتینەوە، هۆكارەكەشی ئەوە بوو، هەم شوێنی مامۆستای ئایین لەو قوتابخانەیە بەتاڵ بوو، هەم عەرەبیەكی باشی دەزانی، هەمیش زۆر ئایینپەروەر بوو و شارەزاییەكی باشی لە قورئان و فەرموودەدا هەبوو. لە وانەی ئاییندا مامۆستا عەلی بە شێوەیەك فێری ئایینداریی دەكردین، كە تا قۆناغی دواناوەندییش ئەو شێوازەم لە هیچ مامۆستایەكی ئایین نەبینیەوە. ئەو فێری كردم كە ئایین بۆ خزمەت و ئازادیی مرۆڤایەتی دروست بووە نەك بۆ ئەوەی مرۆڤ ببێتە كۆیلە، ئەو فێری كردم خودای گەورە مرۆڤی زۆر خۆش دەوێ و ئەشكەنجەی نادات بۆیە دەبێ مرۆڤیش تەنیا خۆشەویستیی بۆ خودا هەبێت، ئەو فێری كردم ئەگەر بڕوات بە خودای تاك و تەنیا هەبێت و درۆ نەكەیت و دزی نەكەیت و پاكوخاوێن بیت و ئازاری مرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندە و سروشت نەدەیت، ئیدی تۆ لای خودا خۆشەویستیت جا ئیتر لەسەر هەر ئایینێك بیت. مامۆستا عەلی هێندە بە زمانێكی شیرین و بە نەرمی و بە نموونەی جوانەوە ئایەت و فەرموودەكانی شی دەكردەوە، مرۆڤ حەزی دەكرد زوو ئەزبەریان بكات.

(دڵدار فەرمان یاقۆ) تاكە قوتابیی مەسیحیی هاوپۆلم بوو لە هەموو قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتاییدا، جیا لەوەی هاوڕێی نزیك و هاوگەڕەكیش بووین، دڵدار دەنگی بۆ گۆرانیی كوردی زۆر خۆش بوو، هەموو وانەیەكی ئایین كە مامۆستا عەلی چەپلەر خۆی دەكرد بە پۆلدا، دوای رۆژباش دەیگوت: ”كوڕم دڵدار هەستە بڕۆ دەرەوە، بەڵام پێش ئەوەی بڕۆیت دەبێ گۆرانیەكی زۆر خۆشمان بۆ بڵێیت“، دڵدار دەمودەست دەستی بە چڕینی گۆرانی دەكرد، مامۆستا عەلی بەوپەڕی هەستەوە گوێی لێ دەگرت و سەری بۆ با دەدا، دوای گۆرانی، چەپڵیەكمان بۆ دڵداری تاكە قوتابیی مەسیحیی پۆلەكەمان لێدەدا، مامۆستا عەلی سوپاس و دەستخۆشیی لێ دەكرد و ئیدی دڵدار دەچووە دەرەوە، جارێكیان قوتابیەك لە مامۆستا عەلیی پرسی: ”مامۆستا ئەمە دەرسی ئایینە و تۆش هەموو جارێك بە گۆرانیی دڵدار دەست پێدەكەیت! ئەوە دەبێت؟“ مامۆستا عەلی گوتی: ”كوڕم، دەنگخۆشان خۆشەویستی خودان، چونكە دڵی هەموومان خۆش دەكەن“.. ئێستا كە بیر لەو رەفتارەی مامۆستا عەلی و ئەو قسانەی دەكەمەوە، دەڵێم: ”ئای مامۆستا گیان، تۆ چەند مەزن بوویت، ئێستا چەند پێویستمان بەم بیركردنەوە باڵایەی تۆیە“. مامۆستا عەلی كە تووڕەش دەبوو، تووڕەبوونەكەی لە هی فریشتە دەچوو، هەڕەشەكانی لە هەڕەشەی میهرەبانترین باوك دەچوو، یادی بەخێر

هێشتا چەند مامۆستایەكی تر ماون كە ژیان و بیركردنەوەیان گۆڕیم، لەم باسە ناوەستم تا مامۆستاكانی دواقۆناغی زانكۆشم، لە ئەڵقەكانی داهاتوودا باسیان دەكەم

* نووسەر و رۆژنامەوان

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *