نەخۆشی پاقلە ( Favism)

هۆکاری سەرەکی توشبوون بە نەخۆشی پاقلە ئەگەڕێتەوە بۆ بۆماوەیی، لە باوانەوە ئەگوازرێتەوە بۆ نەوەکان، هۆكارەكەشی ئەوەیە کە بڕی پێویست لە ئەنزیمەکە لە خوێندا بەرھەم ناھێنرێت. نزیکەی ٤٠٠ ملیۆن کەس لە جیھاندا بەدەست کەمی ئەم ئەنزیمەوە دەناڵێنن، بۆیە بە باوترین ئەنزیمە  دادەنرێت کە جەستە دوچاری کەمبوونەوەی دەبێت، و زۆربەی تووشبوانی ئەم نەخۆشییە رەگەزی نێرە و لە رەگەزی مێدا ئەگەری توشبوون کەمترە.

ئەنزیمی G6PD

                     Glucose_6_phosphate dehydrogenase

ئەنزیمێکی گرنگە و ڕۆڵی لە ڕێکخستنی کۆمەڵێک چالاکیی کیمیایی ناو لەش هەیە، ھەروەھا بەرپرسە لە پاراستنی خرۆکە سوورەکانی خوێن، و ھێشتنەوەیان بە چالاکی تا تەمەنی خرۆکەکە تەواو دەبیت (تەمەنی خرۆکەی سووری ئاسایی نزیکەی ١٢٠ ڕۆژە) .ئەو نەخۆشانەی کە ئەنزیمەکەیان لە بڕی ئاسایی زۆر کەمترە لەکاتی هەوكردنەوەدا و خواردنی پاقلەمەنییەکان و چەند دەرمانێک، دەبێتە ھۆی تێکشکانی خرۆکە سوورەکانی خوێن و کەم خوێنی توند.کەم بوونەوەی خڕۆکە سوورەکان دەبێتە ھۆی ئەوەی بڕێکی کەم ئۆکسجین لە سییەکانەوە بگاتە شانە و ئەندامەکانی لەش. بەگشتی دەبێتە هۆی کەمخوێنی و زەردویی.

نیشانەکانی کەمی G6PD

١.زەردوویی (زەرد بوونی پێست و سپێنەی چاو)

٢.کەمخوێنی

٣.ھەناسە توندبوون

٤.دڵەکوتێ

٥.سەرگێژ خواردن

٦.ماندوێتی و بێزاری

٧.تێربوونی ڕەنگی میز (زەردێکی تۆخی پرتەقاڵی باو یان مەیلەو قاوەییە)

دەکرێت نیشانەکانی دوای چەند ھەفتەیەک نەمێنن، بەڵام ھەندێک جار مەترسی گەورە دروست دەکات و بە دووبارە بوونەوەی ھۆکارەکان نیشانەکان سەرھەڵدەدەنەوە.

ھۆکارەکانی تووشبوون بەم نیاشانانە:

لە کاتی هەوکردن بەهۆی بەکتریا یان ڤایرۆس‌، یان خواردنی پاقلەمەنییەکان (فاسۆلیا، لۆبیا، ماش) خواردنی هەندێ جۆری دەرمانی وەک پاراسیتامۆڵ و ئەسپرین. بۆنکردنی پاقلە یاخود بەنزین.

چەندین پشکنین هەن بۆ دەستنیشان کردنی ئەم نەخۆشییە:

  • پشکنینی چالاکیی جگەر
  • پشکنینی ئەنزیمی G6PD
  • بینین و دەستنیشانکردنی جۆری کەمخوێنیەکە لە ڕێگەی (Blood Film Examination)
  • شیکاریی (Reticulocytes Count)
  • شیکاریی (Direct Coombs Test) لەوانەیە پێویست بێت نەوەک ھۆکاری بەرگری لەش بێت و ببێتە ھۆی تێکشکاندنەکە.

 لەسەر ئەو دایک و باوکانەی کە منداڵەکانیان تووشی نەخۆشی پاقلە بوون پێویستە زۆر ئاگاداری منداڵەکانیان بن لە خواردنی ئەو شتانە، و لەکاتی سەردانی نەخۆشخانە بە پزیشکەکە بڵێن کە ئەو نەخۆشییەی هەیە، و بەردەوام ئاگاداری ڕەنگی پێستی لەگەڵ ڕەنگی میزی نەخۆشەکە بن .

هەرکاتێ هەستت کرد منداڵەکەت رەنگی زەردە یان میزەکەی رەنگی وەک چای لێهاتووە یان بێهێزە، یەکسەر سەردانی نەخۆشخانەی منداڵان یاخود پزیشكی منداڵان بکە بۆ پشکنین، چونکە گەر خوێنی منداڵەکە زۆر کەمی کردبوو، ئەبێت بە زووترین کات خوێن وەربگرێ.

گەر باوک و دایک ئەو نەخۆشییەیان هەبوو، یان کەسی نزیکیان هەیبوو، ئەتوانن پشکنینی خوێن بۆ منداڵەکانیان بکەن بۆ ئەوەی پێشوەخت بزانن ئەو ئەخۆشییەیان هەیە یان نا، تاوەكو منداڵەکانیان لە خواردنی ئەو خۆراك و دەرمانانە بپارێزن.

ئەو نەخۆشییە چاک بوونی نیە لەگەڵ تەمەن، بەڵام لەگەڵ گەورەبووندا نیشانەکانی کەمتر دەرئەکەون، ئەوەش لەوانەیە بەهۆی گەورەبوونی قەبارەی خوێنەوە بێت لەگەڵ گەورەبوونی تەمەندا.

ئەڤین عوسمان حەمەد

قۆناغی سێیەم

بەشی شیکاریی نەخۆشییەکان – زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك – هەولێر

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *